حوسێن سابیری بەنزین فڕۆش، شەهیدی ئاڵای کوردستان

Sunday, 03/09/2023, 22:20

3783 بینراوە


لە ساڵی ١٩٩١دا بوو لە شەڕی ڕزگار کردنی شاری کەرکودا، پۆلە پێشمەرگەیەکی هاورێم بەشدار بوون، کە بۆ چەند ساڵێک بوو چەکی شەرەفیان لە شان کردبوو، لەنێو شاخ و کێواندا گوزەریان دەکرد، لە تەمەنی گوڵدا بوون، کاتێک کە بەخوێنی ئاڵی ئەوان، زۆربەیان لە قەبرستانەکەی نێو ڕەحیماوە شەهید بوون، هەر ئەوێش بوو بە دوا مەنزڵیان، کەرکوک ئازاد کرا، ئەو خەونەی کە سەدان ساڵ بوو کورد خەونی پێوە دەدیت، هاتە دی.
 ئەو کات کوڕانی جەلال و مستەفا لەودیوی سنوور بوون، یان نزیک لە سنوور ڕێگەی هەڵاتنیان گرتبووە بەر. سەد مەخابن بۆ ئەو پێشمەرگانە، کە مرۆڤی نمونەیی بوون، وەک ئاوی شەو پاک و بێگەرد بوون. لەنێو شاخ و کێواندا بەسەخترین دۆخ گوزەریان دەکرد، بە گیرفان بەتاڵی هێڕشیان بۆ سەر بنکە و بارەگەی دوژمن دەبرد، گوندە تەعریبکراوەکانیان بە ئامانج دەگرت، بەرەنگاریان لە ماف و پرسێکی ڕەوا دەکرد، خاوەن دەیان چالاکی پڕ لە نەبەردیی بوون، جێگەی شانازیی میللەتەکەیان بوون. 
ئاخ هەزاران ئاخ، کە ئەوان پێیان وابوو بەرهەمی خوێنیان، ڕزگار کردنی وڵات دەبێت، خوێنی ئەوان دەبێتە نەوتی نێو قوتیلکەی بەردەمی ماڵە هەژارەکان و تا هەتاێی بۆیان دەسوتێن، ئا ئەمە هیواو و ئاواتی ئەو شەهیدانە بوو، کە لەو قۆناغەدا بەبێ باکی گیانیان فیدا کرد، بێ ئاگا لەوەی کە بەرهەمی خوێنی ئەوان، ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی ئابرووچونی پێوە دیار دەبێت!

ئەو شەهیدانە هەڵاتنی ڕۆژی ڕزگاریان لە خەبات و تێکۆشان و ماندوو بوون دەدی، نەک لە پارە و پۆست و خۆفڕۆشتن و خۆدەرخستن. ئێستا ئەگەر سروشت لە یاسای خۆی یاخی بێت و لەو ناهەقیە هەڵگەڕێتەوە، ئەو شەهیدانە لە قەبرستانەکەی ڕەحیماوە، قەبرەکانیان هەڵتەکێن و بێنە دەرەوە، خەڵک بە گریان و بەسۆزەوە باوەشیان پێدا بکات، هەواڵی ئەنفال کراوەکان و کاسوکارە شەهیدەکانیان و شەهیدی کیمیابارانەکانیان لێ بپرسن، گلەیی و ڕاز و نیازی دڵی خۆیانیان بۆ هەڵڕێژن، بەسەرهاتی چارەکە سەدەیەکیان ورد ورد بۆ بگێرنەوە، تێیان بگەیەنن کە دوای ڕۆیشتنی ئەوان چی دۆزەخێکیان بۆ بەجێهێشتن، لەگەڵ ئەواندا خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکان، هیوا و متمانە نێژران.  دڵنییام ناڕوخێن و هەر بە ورەی جاران پێشڕەوی و ڕێبەرایەتی بەرەنگاری بوونەوەی ئەو زوڵمە دەکەن، کە ئەمڕۆ لەسەر دەستی سوپای عیراقی و حەشدی شەعبی لە کەرکوک، لەو خەڵکە دەکرێت و سەرانی کوردیش مەستی خیانەت و بەدڕەوشتین و لەسەر للوتکە بەرزەکاندا ژیانی شاهانە دەگوزەرێنن. 
خۆزگە سەد خۆزگە، سروشت لە یاسای خۆی هەڵگەڕێتەوە، ئەو شەهیدانە گۆڕیان هەڵتەکێنن و بێنەوە نێو ڕەحیماوە،  گوێیان لە ناڵە و ئازاری خەڵک بێت، بەڕێککەوتیش ئەو ڤیدیۆیەی شەهید کردنی حوسێن سابیری بەنزین فڕۆش، ببینن، گەنجێکی خێر لەخۆ نەدیت، بۆ دابین کردنی قوتی ڕۆژانەی خێزانی، بوتڵی کۆکای بەتاڵ پڕ لە بەنزین دەکات، بە دوو هەزار دەیفڕۆشێت، بێ باکانە ئاڵای کوردستان لەنێو جەرگەی حەشدی شەعبی بەرز دەکاتەوە و ئەوانیش شەهیدی دەکەن، دڵنییام دوای گوێگرتنیان، ئەوان تەگبیر دەکەن و  هەموویان یەکدەگرن، بەهەمان نەفەسی هەشتاکان و ساڵی ١٩٩١ کە کەرکوکیان ئازاد کرد،  بە دروشمی، "تۆڵە بەسەبرە ئەما زەبرە" ، خۆیان بۆ تٶڵە کردنەوەی خوێنی کاکە حوسێنی بەنزین فڕۆشی هەژار، ئامادە دەکەن و هەڵمەت دەبەن.  ئینجا ڕوو لە ئێوە دەکەن و دەڵێن:
ڕوو ڕەشی زەمانە بن، هەر ڕۆژێکتان ئابروچوونێک بێت، ئێوەی عەوداڵی پارە، ملکەچی، سەرشۆری و جاشی دوژمنان، ئێوە خیانەتان لە خەبات و ماندووبوون و تێکۆشانی ئێمە و هاورێکانمان کرد. چارەکە سەدەیەکە، ئێوەی ناپیاو و ترسنۆک، هیچ نەماوە بەو میللەتە و بەو وڵاتە نەکەن، وەریسی سیاسی، دزی، بەدڕەوشتی، جاشایەتی، براکوژی، نیشتمان فڕۆشتن پیشەی بەردەوامیی ئێوە بووە. ئێمە ڕۆیشتین وڵاتمان ئامانەتی ئێوە دا، پێمان وابوو، کوردستان لە دەستێکی پاک بەجێدەهێڵێن، ئێوە پارێزگاری لە شەرەف و کەرامەتی ئەو میللەتە دەکەن، بست بە بستی ئەو وڵاتە دەکەن بە گوڵوگوڵزار، منداڵە بێ باوکەکەنمان پەروەردە دەکەن، فێریان دەکەن، کە چۆن مەشخەڵی ئازادی هەڵگرن. داخ هەزار داخ، کە نەمان زانی دوای ئێمە، کوردستان دەکەن بە مەڵبەند و مەئوای لەشفڕۆشانی نێر و مێ. نەمان زانی دوا مەنزڵمان کە کەرکوک بوو، بەو ڕۆژەی دەگەیەنن و ئەتکی دەکەن،  ئەوەی بەسەر ئەو شارە دێت، بەرهەمی خیانەت و ناپاکیی ئێوەیە، نەبوونی و هەژاری و بێ دەرامەتی خەڵک، لە ئەنجامی دزیەکانی ئێوەیە. نەبوونی هێزی چەکدار لەنێو کەرکوک بۆ بەرەنگاری لە خەڵکی هەژار، لە ئەستۆێ ئێوەی دز و لەشفرۆشچیە، گەردەنتان ئازاد نەبێت و ڕووڕەشی دنیا و قیامەت بن. ئەوجا بەهەموویان حوسێن دەکەنە باوەش و دەڵێن، بەخێر بێ بۆ کاروانەکەمان، ئێمە پەپولەیەکی وەک تۆمان نوقستان بوو.   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە