ئایا مرۆڤ لە پەرەسەندن وەستاوە؟

Friday, 15/09/2023, 23:22

3060 بینراوە


کۆمەڵەی مرۆکانی پێشینەمان هاوشێوەی ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ، لە هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی جیهاندا بڵاو بوونەوە و جێنشین بوون، خاوەن چەندان داهێنان و گەلەک جۆرە شارستانییەتی بەرز و باڵاین، پێشکەوتنێکی یەکجار مەزنمان لە زانست و تەکنەلۆژیا بەدەست هێنا کە بوونە بنچینە بۆ پێکهاتنی ئەم جیهانەی ئەمڕۆکەمان. هەڵبژاردنی سروشتی (Natural Selection)، یاخۆ مانەوە بۆ گونجاوترین بیرۆکەیەکی لۆژیکی بوو لە چاخی بەردین، ئەو دەمانەی مرۆڤەکان شەڕیان لەگەڵ یەکدیدا دەکرد لە پێناو پارچە گۆشتێک، بەڵام ئایا ئەم کردارە ئێستەش بەو شێوازە بەڕێوە دەچێت؟
پاش پرسیارکردن لە دوازدە پسپۆڕ لەو بوارەدا: ئایا مرۆڤ لە پەرەسەندن بەردەوامە؟ زۆربەیان وەڵامیان بە «بەڵێ» دایەوە، لەگەڵ ئەوەش بەڕای زاناکان دەشێ ئێمە تێگەیشتنێکی هەڵەمان هەبێت دەربارەی چییەتی پەرەسەندن.

پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتی هەمان شت نین

زۆر جار وشەی پەرەسەندن لەبری زاراوەی (مانەوە بۆ گونجاوترین)، یان (هەڵبژاردنی سروشتی) بەکار دەهێندرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم دوو چەمکە یەک شت نین.
بەکورتی و بەسادەیی، پەرەسەندن واتە گۆڕانێکی بەرەبەرەیی لەلای کۆمەڵە زیندەوەرێک بە تێپەڕبوونی کات. هەڵبژاردنی سروشتیش میکانیزمێکە دەبێتە هۆکاری ڕوودانی پەرەسەندن.
پێشینەکانمان ئەوانەی لە چاخی بەردینییدا لە ڕاکردن خێرا بوون و دەیان توانی خۆیان ڕزگار بکەن لە پلیشانەوەیان لەژێر پێی مامووسەکان، گونجاوتر بوون لەوانەی دیکە و ئەگەری نەوەنانەوەیان پتر بوو، ئەمەیە هەڵبژاردنی سروشتی. بە ماوەیەکی دوورودرێژ کۆمەڵە مرۆڤەکان وایان لێ هات باشتر و خێراتر بن لە ڕاکردن، ئەمەشە پەرەسەندن.

دەشێ پەرەسەندن ڕوو بدات بەبێ هەڵبژاردنی سروشتی

ئەمە شتێکی لۆژیکییە بۆ چاخە بەردینییەکان، ئەی بۆ ئێستە؟ ئێمە ئەمڕۆکە پێویستمان بە ڕاکردن نییە بۆ خۆلادان لە پلیشانەوە، خاوەنی داو و دەرمانین ئەو دەمەی نەخۆش دەکەوین، برسی دەبین دەچینە بازاڕەکان بۆ بەدەستهێنانی خۆراک.
هەڵبژاردنی سروشتی پێویستی بە ڕوودانی (فشارەکانە کە دەبنە هۆی هەڵبژاردن)، وەک مامووسەکان کە لەوانەیە بمان شێلن، بەڵام ئایا نەبوونی ئەو هۆکارەکانە، واتاکەی ئەوەیە ئێمە لە پەرەسەندن وەستاوین؟
نەخێر! لەگەڵ نەبوونی فشارەکانی هاندەری هەڵبژاردنەکان، پسپۆڕەکان دەڵێن، پەرەسەندن هەتا ئێستە بە چەندان میکانیزمی دیکەی جیاجیاوە بەردەوامە. 
پڕۆفیسۆر ستانلی ئەمبرۆز (Stanley Ambrose)، شارەزا و پسپۆڕی زانستی مرۆناسی (Anthropology)، لە زانکۆی ئیلینۆی، ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە دەدات و دەبێژێت: "هەر گۆڕانێک لە ڕێژەی جینەکان، یان لە گۆڕانە جینەکییەکانی کە بە تێپەڕبوونی کات دێنە کایەوە بە پەرەسەندن هەژمار دەکرێن، دەشێ گۆڕانکارییەکان هاوتا بن لە کار و فەرمانەکانیاندا، بۆیە پەرەسەندن ڕاستەوخۆ یەکسان نییە بە باشتربوون."
هەندێ جار جینەکان دەکەونە بەر کارتێکردنی هەڵبژاردنی سروشتی، وەک ئەو جینانەی یارمەتیدەرن بۆ ڕاکردنی خێرا، یانیش چەند گۆڕانکارییەک لە ترشە ناوکەیییەکەمان (DNA)، ڕوو دەدات بەبێ بەدیار کەوتنی کاریگەرییان. یاخۆ جۆراوجۆرییەکی بێلایەنانە بڵاو دەبێتە لە کۆمەڵەیەکدا بەهۆی میکانیزمێکی دیکەی ناو نراو بە ڕاماڵینی جینەکی، یان لادانی بۆماوە‌یی (Genetic drift).
ڕاماڵینی جینەکی بە ڕێکەوت سەرهەڵ دەدات، بەوەی هەندێ لە تاکەکان دەمرن بە هۆکارێک کە پێوەندییان بە جینەکانەوە نییە، بەمەش جینەکانیان ناگوێزرێنەوە بۆ نەوەی داهاتوو، پاشان کۆمەڵەکەیان گۆڕانیان بەسەردا دێت. کەواتە ڕاماڵینی جینەکی پێویستی بە فشاری هەڵبژاردن نییە، هەتا ئەمڕۆکەش ڕوو دەدات.

 هەتا ئێستە هەڵبژاردنی سروشتی لەلای مرۆڤدا ڕوو دەدات

هەرچەندە بارودۆخ و هەلومەرجی ژیانمان ئاسانتر ببێت، هەندێ لە فشارەکان لە دەوروبەرماندا دەمێنن، کەواتە هەڵبژاردنی سروشتی بەردەوام دەبێت.
مرۆڤ هاوشێوەی شیردەرەکانی دی توانای هەرسکردنی شیری نامێنێت، پاش ئەوەی لەشیر دەبڕدرێت، لەبەرئەوەی وەستاوین لە دروستکردنی ئەنزیمی لکتاز (Lactase). لە چەند وڵاتێکدا کەسانێک هەن بەدرێژایی ژیان لەشیان ئەو ئەنزیمە بەبەرهەم دەهێنن، ئەوانەی دەناسرێن بە (بەردەوامبوونی لکتاز).
چاکەی مانەوەی توانا بۆ دروستکردنی ئەنزیمی لکتاز لەلای نیشتەجێیانی وڵاتە ئەوروپایییەکان، بۆ جۆراوجۆری جینەکی یەک جین دەگەڕێتەوە پێی دەگوترێت (-13910*T). کاتێک زاناکان تۆژینەوەیان لەسەر ئەو جینە تایبەتە ئەنجام دا لە ژمارەیەک لە ترشی ناوکەیی مرۆڤانی کۆن و نوێ، بۆیان بەدەر دەکەوێت ئەم هەمەجۆرییە بەسوودە دوای ئەوە پەیدا بوو کە مرۆڤ دەستی بە بەخێوکردنی ئاژەڵی بەرهەمهێنەری شیر کرد.
ئەمەیان نموونەیەکی زەقە بۆ میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتی کە خۆمان هەوڵمان بۆی دا، خۆشمان هێز و فشارمان دروست کرد و پەنامان بردە بەر خواردنەوەی شیر، بەمەش کرداری هەڵبژاردن ئەنجام درا و لەشمان پەرەی سەند بۆ توانای هەرسکردنی.
گەلی باجاو (Bajau)، نموونەیەکی دیکەیە بۆ ملکەچبوون بەرانبەر بە هەڵبژاردنی سروشتی بۆ خۆگونجان لەگەڵ شێوازی ژیانکردنیان. ئەم گەلەی باجاو لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەژین و نیشتەجێی بەلەمەکانی سەرئاون، زۆربەی کاتیان تەرخان کردووە بۆ گەڕانی ژێراو بە مەبەستی ماسیگرتن و کۆکردنەوەی گوێچکەماسی.
بە بەکارهێنانی ئامێری وێنەگرتنی سەروو دەنگیی، لێکۆڵەرەکان دەگەنە دەرەنجامێک کە ئەوەی لە گەلی باجاو بێت، ئەوا سپڵی لە مرۆکانی گەلانی دیکەی نێزیک خۆیان گەورەترە، ئەم خۆگونجاندنە بووەتە هۆکاری ئەوەی بتوانن پتر لەژێر ئاودا بمێننەوە. ئەو جۆرە فشار و پەستانانە بەبەردەوامی بوونیان هەیە و دەبنە هۆی کرداری هەڵبژاردن، هەندێک لەو فشارانە خۆمان دروستیان دەکەین.
دکتۆر بنجامین هەنت (Benjamin Hunt)، لە زانکۆی بێرمینگهام دەڵێت: "ڕاستە گۆڕانکارییە تەکنەلۆژیایی و فەرهەنگییەکان وا دەکەن تووندی و ڕێژەی فشارەکانی هۆکاری هەڵبژاردن و پێکهاتەکەی لەناو ژینگەکەماندا بگۆڕدرێن، بەڵام فشارەکان هەر دەمێنن."

 ناکرێ پەرەسەندن بووەستێندرێت

پەرەسەندن بە چەندان میکانیزمی جیاجیای هاوشێوەی هەڵبژاردنی سروشتی و ڕاماڵینی جینەکی ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوەش ژینگەکەمان هەمیشە لە گۆڕاندایە، بۆیە هەڵبژاردنی سروشتی بەبەردەوامی ڕوو دەدات. واتە هەرچەندە ژینگەکەمان بەتەواوی ساز و گونجاویش بێت بۆمان، هەر دەبێ پەرە بسێنین. 
دەربارەی ئەمە دکتۆر ئەیلوین سکالی (Aylwyn Scally)، پسپۆڕ لە پەرەسەندن و بۆماوەزانی لە زانکۆی کامبریج دەبێژێت: "لەبەرئەوەی زاوزێ و زۆربوونی مرۆڤ بەندە بە هەڕەمەکیی و بازدانە جینەکییەکان (یاسا و ڕێساکانی گەردوونیش تا ڕادەیەکی زۆر ئەم بارودۆخە لە ئاستێدا لەخۆ دەگرن)، ئەوا جیاوازی لە نێوان نەوەیەک و یەکێکی دیکەدا هەردەم بوونی دەبێت، ئەمەش واتاکەی ئەوەیە کرداری پەرەسەندن هەرگیز ناوەستێندرێت."
...............................

سەرچاوە؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە