وێنەی دیکتاتۆر لەسەر شەقامەکان

Thursday, 28/09/2023, 20:12

2398 بینراوە


بەپێی ئەزموونی هەزاران ساڵی رابردوو هەر دەسەڵاتدارێک ببێت بە دیکتاتۆر عەقڵو هۆشی خۆی لەدەستدەدات . سروشتی هەموو دیکتاتۆرەکان لەکۆن و لەئێستادا وەکو یەکن . مەغروری و زوڵمو زۆرداری پێشێلی هەموو بنەما ئەخلاقی وئینسانییەکان ، خودپەرستی و خۆ بە رزگارکەرو فریادەڕەس زانین ، لەکۆتاییشدا هەموویان تووشی دەردە شێتی ( داء العظمة ) دەبن و خۆیان بەخوای سەر عەرز دەزانن .
ئێمە دوو نموونەی مێژوویی نزیکمان بینیوە ، یەکیان صەدام حوسێنی دیکتاتورو خوێنرێژە ، دووهەمیشان مەسعود بارزانی حاکمی خۆسەپێنی هەرێمی کوردستانە .
صەدام وەکو دیکتاتۆرێکی ملهووڕو کەم عەقل ، سەرتاسەری عیراقی کردبووە پیشانگای وێنەو دیواربەندەکانی خۆی . لە بێ عەقڵی خۆی وایدەزانی خەڵکی ئەوەندە پەرۆشی بینینی سەروسیمای ئەون ، ئیدی بە بێ بینینی ئەو خەویان ناچێتە چاوەوە . ئەمە جگە لە دەرکەوتنی رۆژانەی سەر تەلەفزیۆن کە ئەویش ببووە مایەی گاڵتەجاڕی وبێزاری خەڵکی عیراق .
صەدام وەکو هەر دیکتاتۆرێکی خۆ بە کەمزان ، زۆر کەیفی بە ماستاوو پیاهەڵدان دەهات ، بۆیە کەسانی بوودەڵەو مشەخۆرو هیچوپووچ و بەرژەوەندخوازی لەدەوری خۆی کۆ دەکردەوە ، ئێستا مەسعود بارزانیش بە هەمانشێوە هەوڵ ئەدات لاسایی صەدام بکات . ئەوەتا ئەویش وێنەکانی خۆی بە گەورەیی لەسەر لقو ناوچە حزبیەکانی هەڵدەواسێ و لەهەموو دامودەزگایەکی حکومیش وێنەی هەڵدەواسری لەکاتێکدا هیچ پێگەیەکی حکومی و فەرمی نەماوەو بە شەقی ئەمریکا لەسەرۆکایەتی هەرێم بە ملکەچی و سەرشۆڕی دەرکراوە! . 
لەویش سەیرتر بەمدواییانە کۆیلەو ماستاوچییەکانی پارتی تەنانەت وێنەی گەورەی مەسروری کوڕیشی لەناو بازاڕو شەقامەکاندا هەڵدەواسن بە پیتی گەورەی کوردیش وەکو ( سەرۆکی خۆڕاگر ) وەسفی دەکەن ، کەسیش نازانێ خۆڕاگرییەکەی ئەم فشە قارەمانە لەکوێدایە و لە چ داستانێکدا خۆ ڕاگر بووە !!!.
دەسەڵاتێک لەسایەی سەری باوک و کوڕو برازا پەرلەمانەکەی هەڵوەشابێتەوە ، ئەنجومەنی پارێزگاکانی فنیش کرابێ ، حکومەتەکەشی کاربەڕێکەر بێت و دوو دیناریش لەقاسەکەیدا نەبێت ، بۆ مووچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی حکومەت دەیان وەفد بنێرێتە بەغدا بۆ دەست ماچکردنی ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی بەغدا ، وەزیرەکانیان لەبەردەم ژنێکی عارەب بچەمێنەوە بەڵکو بڕیک بەشە بودجەیان بۆ بنێری تا حەیایان نەچێ ، تێناگەم خۆڕاگرییەکەی سەرۆکی ئەم حکومەتە لەکوێدایەو ئەو وێنانەشی هەلیدەواسن چەندی بەچەندی !!!.
هیچ بە دووری نازانم ئەگەر ئەم دەسەڵاتەی پارتی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا نەروخێنرێ ، دەستی دیکتاتۆرییەتی بارزانی تووندتر دەبێ ، گومانم لەوەدا نیە سەرتاپای شارو شەقام وکوچەو کۆڵانەکانیشمان پڕ بکەن لەم جۆرە وێنە نەشازانەو ، دوور نیە وەکو سەردەمی صەدام خەڵک ئیجبار بکەن تەنانەت وێنەی پیاوە (خۆڕاگرە ) لەناو دوکانو ماڵەکانیش هەڵواسرێ . وەک لەسەرەتادا وتم ، سروشتی هەموو دیکتاتۆرەکان یەکە و نابێ  بە دوو .
پەیکەرو وێنەکانی صەدام لەسەر شەقامەکانی عیراق ببونە رەمزی دیکتاتۆرییەتی سەرۆکەکەی ، بۆیە کاتێک وێنەکانی درانە بەر نەعلی هاوڵاتیەکی بەغدایی و پەتیان کردە ملی پەیکەرەکەی لە گۆڕەپانی فیردەوسی ناو بەغدا ، ئەوسا رژێمەکەی بە بێ تەقەی جەماوەر رووخا و تەفروتوونا بوو. رۆژێک دی وێنەی سەرۆکە فشەکەرەکانی ئێرەش بدرێتە بەر نەعلی هاوڵایانی بەشمەینەتی کوردستان و کۆتایی بەم جەهەننەمە بێت کە بنەماڵەی بارزانی بۆ خەڵکی ئەم کوردستانەیان ناوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە