دیاردەی ماسولکە و خۆڕاوەشاندن لە هونەری شیوەکاریدا لە کن ڕۆژهەڵاتیەکان

Sunday, 15/10/2023, 19:42

2184 بینراوە


ئافراندنی زمان (زمانی قسەکردن) بە مەبەسی دەربڕینی پێویستی، ئەگەریش غەریزەیەک بێت ئەوا بەندە بە ئاگاییەوە. بەڵام هونەر ئاگاییەکی باڵاترە لە سەروی ئەو ئاگاییەوە. لە سەرەتاوە زمانی قسەکردن کە بریتیە لە وشە و ڕستە، پاشان لەگەڵ زەمەندا بۆ باشتر گونجاندنی زمان لەگەڵ پەرەسەندنی هزردا گەشەی کردوە و هەتا ئەمڕۆش لە هەوڵی دەوڵەمەندکردنیداین لەبەر ئەوەی هزر پەرەدەسێنێت و وشە لە ئاستی ئەودا نییە. ئەگەر هونەرمان ئافراند؛ هونەری شێوەکاری و مۆسیقا و هۆنراوە و ...تاد. وەک پێویستیەک بە مەبەسی دەربڕینی زیاتری ئەوەی لە ناخ ( نەست) ماندا پەنگی خواردوە. هەرچەندە هونەر خۆی غەریزەیەکە وەک زمان یان تەواوکەری زمانە بە ئامانجی پەیوەندی کردن، لەبەر ئەوەی ئێمە بونەوەری کۆمەڵایەتین. 
چەندەها بەرهەمی هونەریی دەبینین لە کوردستان بە تایبەتی لە هونەری پەیکەرتاشیدا، هێزی ماسولکە و خۆڕاوەشاندن بە شێوەیەکی ئێجگار زەق خراونەتە ڕوو بۆ گوزارشتکردن لە بابەتێک کە پەیوەندییان بە ماسولکەوە نییە، لە خوارەوە هەندێکیان ڕووندەکەینەوە. ئێمە دەتوانین گوزارشت لە ماسولکە بکەین وەک بابەت بەڵام ناتوانین بە ماسولکە گوزارشت لە بابەتێک بکەین کە پەیوەندی بە ماسولکەوە نیە، چونکا ئێمە مرۆڤی بە ئاگاین و خاوەنی زمانێکین ؛ زوانی هونەر. ( دەستەواژەی "زوان" بەکار دەهێنم بۆ هونەر، بە مەبەسی جیاکردنەوەی لە "زمان"ی قسەکردن).  
 لە ژیانی ڕۆژانەدا کاتێک ئێمە توانای گوازرشتمان نییە لە بابەتێک، لە ناڕازیبوونیك لە شتێک لە کاتێکدا خاوەنی زمانێکی دەوڵەمەندی دیالۆگ نین، بەو پێیەش بێ بەشین لە هزرێکی دەوڵەمەند و دانایی، پەنا دەبەینە بەر هێزی ماسولکە و خۆ ڕاوەشاندن و چاو سورکردنەوە و مۆڕەمۆڕ بەرامبەر بە کەسی نەیار، یان بەکارهێنانی دەست و پەنجە و کەللە سەر وەک کەسانی کەڕولاڵ. بۆیەکا ئەو کەسانەی کە خاوەنی زمانێکی ئاخاوتنی دەوڵەمەند نین، زیاتر هەڵدەچن و توڕە دەبن، لەبەر ئەوەی هەست و سۆز، شێوازێک و دەروازیەک نادۆزنەوە بۆ دەربازبوون بە ووشە و ڕستە، ناچار کەسەکە دەتەقێتەوە، توانای دەرنەبڕین دەبێتە هۆکاری توڕەبوون لەوەی کە نازانم چۆن گوزارشتی لێ بکەم. بێگومان ئاگایی و دانایش دەوریان هەیە، خۆ ئەگەر ئاگایی و دانایی پێویستیان بە زمانێکە لە ئاستی ژیریاندا، ئەوا هەر خۆیان ئافرێنەری ئەو زمانەن.
پێنج ملوێن ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی هێشتا مرۆڤ خاوەنی زمانێکی ئاخاوتن نەبووە، وەک شامپانزیا و ئاژەڵە پریماتەکان گوزارشتیان لە خۆیان کردووە؛ بە مستەکۆڵە کێشاویانە بە سنگیاندا و خۆیان ڕاوەشاندوە،  بە هاوار و قیژەی ترسێنەر گوزارشتیان لە پێویست و ئارەزوەکانیان کردووە. وەک چۆن پشیلە خۆی گیڤ دەکاتەوە بە مەبەسی دژایەتی کردن یان زەنگی مەترسیەک، یان کەڵەشێر و هەموو ئاژەڵان بە گشتی  لەکاتی بەگژدا چونەوەدا خۆیان گیڤ دەکەنەوە بە مەبەسی گەورەکردنی قەبارەیانم بە ئامانجی ترساندنی نەیارەکانیان. خۆ ئەم خەسڵەتانە لای ئێمەی مرۆڤی ساپیانیش وەک بونەوەری پریمات بە شێوەیەکی دامرکاوی هێشتا ماون؛ دەبنین مووەکانمان گرژدەبنەوە لەکاتێکدا کە هەستوسۆزمان دەوروژێت و چەندەها خەسلەتی ئاژەڵیی تریش. هەروەها سەرنج دەدەین لە ژیانی مۆدێرندا جۆری ڕۆشتن و ڕاوەشاندنی باڵ و نیگا، بە مەبەسی دەربڕینی هەستێکە لە ناخدا؛ شەقاوەکانی سلێمانی کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیشتن هەمیشە باڵێکیان فش بوو، بەجۆرێک خویان پێوە گرتبوو کە نەیان دەتوانی بە شێوازێکی تر بە ڕێگادا بڕۆن. لەبەرئەوەی کە هەموو هەڵس و کەوتمان تەنانەت جۆری ڕۆشتنمان بەستراونەتەوە بە یاسا و نەریتی کۆمەڵگەوە؛ ژنێک وەک پیاوێک ناڕوات بەرێوە، ڕاستە کە کەمەریان جیاوازە بەڵام ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت، چونکا هاوڕەگەزخوازێکی کوڕ وەک کچێک سمتی بادەدا. کەواتە ئێمە خاوەنی بڕیاردانی خۆمان نین ڕەفتار و بیرکردنەوەشمان هەتا ئاستێک بەرهەمی یاسا کۆمەڵایەتیەکانن.
خۆ ئەگەر ئۆسترالۆپیتێکەکان خاوەنی هۆشمەندییەکی زێدەتر بووبن لە پریامتەکانی تر، ئەوا بەرد و داریان بەکار هێناوە لە کاتی توڕەبوون و ناڕازی بونیان. بۆ دەربڕینی هەست و سۆزیشیان هەر بە ئیشارەت و خۆ ڕاوەشاندن و دەنگ و هاواری جۆراوجۆر بووە. لەگەڵ بە ئاگایی هاتنەوەی مرۆڤدا، زمان بەشێکی زۆری لەم هەست و سۆزانە گرتە خۆ، زمانیش بە ڕۆژێک نەهاتە کایەوە؛ پرۆسەیەکی دورودرێژە و هەتا ئەمڕۆ لە پەرەسەندندایە. وشە بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان، ئینجا ڕستە و پاشان دەربڕینی هەست و سۆز. بەڵام زمانیش ( زمانی ئاخاوتن)، سنوردارە، چونکا وشە لە ئاستی ئەوەدا نییە بتوانێت هەست و سۆزی مرۆڤ وەک ئەوەی لە ناخی مرۆڤی بە ئاگادایە بخاتە روو. دەوڵەمندکردنی زمان هەتا ئەم ساتە بەو مەبەستەیە. بۆیەکا هەنێ لە ڕستەی فەیلەسوفەکان هەتا ئەم ساتە ناڕوونن، یان خوێنەر ناتوانێت لێیان تێبگات، لەبەر ئەوەی هزر ئاڵۆزە و زمانی قسەکردن لە ئاستیدا نییە، بۆیەکا خەڵکی بێزارن لەم فەیلەسوف یان لەوی تریان لەبەر ئەوەی زمانێکی گونجاوی نەدۆزیوەتەوە بۆ دەرىڕینی بابەتێکی ئاڵۆز کە زمانی قسەکردن لە ئاستیدا نیە. میشێل فوکۆ دانی پێدا دەنا کە شێوازی زمانی فەیلەسوفان میراتی شێوازی یۆنانیە.
 ئیدی لێرەوە هۆنراوە و دانس و هونەری شیوەکاری و گۆرانی و مۆسیقا هاتنە کایەوە بۆ دەربینی ئەوەی کە ناتوانین بە زمانێکی سادەی وشە گوزارشتی لێ بکەین. ئەم زوانانە بونە دەوڵەمندکردنی دەربڕینی هەست و سۆز، توڕەبون و خۆ ڕاوەشاندن وەرچەرخان بۆ زوانی هونەری، هونەری قسەکردنیش بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ دەروروبەردا.  خۆ مەبەستم ئەوە نییە کە بڵیم ئیدی مرۆڤ دەستبەرداری توڕەبون و خۆڕاوەشاندن بووە، نا، هەموو مرۆڤێک لە حاڵەتێکدا بە هۆکاری هەندێک فاکتەری ناوەکی و دەرەکی پەنا دەباتە بەر توڕەبوون. کاتێک توانای زاڵبونمان نییە بەسەر ئەو فاکتەرانەدا. بودیسم و سوفیزم جۆرێکن لە کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوتی ئاژەڵی، بەڵام لە لە زوانی هونەرییدا، توڕەبوون بەرگێکی تر دەپۆشێت، وەک چۆن هەست و سۆز دەبنە وشە، ئاواش دەبنە مۆسیقا و هۆنراوە و هونەری شیوەکاری بەهەموو شێوازەکانییەوە. ماسولکە دەبێتە شتێکی تر، وەردەچەرخێت. چونکا هێزی ماسولکە و توڕەبوون لە بنەڕەتا ئامانج و ویستێکی تریان گەرەکە، دەوری هونەر هەڵماڵینی ئەو هەقیقەتەیە، هەقیقەتی شاراوە لە نەستا. هەرچۆنێک بێت ناتوری ئەو هەست و سۆزەی کە لە ناخ (هزر)ی مرۆڤدایە کاتێک دیواری جەستە تێ دەپەڕێنێت، شکڵێکی تر دەگرێتە خۆی. وەختەکی لە پانتاییەکەوە دەچێتە پانتاییەکی تر، وەردەچەرخێت.
 هونەر بەهەموو شێوازێکییەوە بەرهەمی ئاگاییە. خۆ ئەگەر ئێمەی مرۆڤی ساپییان چەندەها شێوازی هونەریمان بەکار هێناوە بۆ دەربڕینی ئەوەی کە لەوەوبەر نەمان توانیوە گوزارشتی لێ بکەین بە زمانی ئاخاوتن، بە واتای ئەوە دێت کە ئاگایی بە ژیان، ئاگایی بە هەوەس و هەست و سۆزی مرۆڤی ساپییان بوارێکی ئێجگار فراوان و ئاڵۆزن وەک ئەم گەردونە.
بەڵام وەک چۆن ئەمڕۆ لەسەردەمی هاوچەرخدا کۆمەڵگە دەدەۆزینەوە لە ئەمازۆن لەسەر مۆدێلی ڕاوچی میوەچن دەژیێن یان هەنێ کۆمەڵگە هێشتا مۆدێلی کشتوکاڵیان جێ نەهێشتووە هەر ئاواش ئێمەی مرۆڤی ساپیان زۆر لە کارەکتەری ئاژەڵیمان تێدا ماوە و دەمێنێت بە شێوەیەکی دامرکاوی، چونکا مێژووی شارستانیەت تەنها دوازدە هەزار ساڵە. بەڵام چەندە بەئاگا بین، چەندە هزر لە پەرەسەندندا بێت هێندەش ئێمە دووردەکەوینەوە لە کارەکتەری ئاژەڵی. بۆ نمونە سەرنج دەدەین کە لە بواری سیاسەتدا لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا پیاوانی سیاسی جەستە و ڕەفتاری سەرەتایی وەک سیاسەتێک بەکار ناهێنن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوی بەرامبەردا، (مەبەستم لە پۆشینی جۆرێک لە جلوبەرگ یان هەڵس و کەوت نیە). ڕاستە هونەری سیاسەتی ڕەفتار هەنە، بۆ شکاندن و زاڵبوون بەسەر ئەوی تردا بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زیاتر بەندە لەسەر جۆری قسەکردن و ئارگیومەنت، لەسەر ژیریی، ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک وەک هیتلەر دەستی ڕاوەشێنێت یان وەک مۆسۆلینی سەری بابدات دەبێتە بابەتێکی کۆمیک، لە کاتێکدا پیاوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵات هێشتا بە خۆ ڕاوەشاندن و پۆزلێدان ئەوی تر دەترسێنن، بۆ نمونە پوتین ئەو یاریە کلاسیکە زۆر بەکار دەهێنێت، بەڵام ئاسیایەکان لەبەر ئەوەی لەسەرێکەوە پەیڕەوی فەلسەفەی بودیستن و لەهەمان کاتا شێوازی دەموچاویان زیاتر نەهێنیە، ئەو یاریە کەمتر دەکەن. لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا سیاسەتی پۆزلێدان زۆر کەمبۆتەوە مەگەر جارەجارە کەسانێکی وەک ترەمپ و سارکۆزی ئەو مۆدێلە بهێننەوە ئاراوە لەبەرئەوەی ئاستی ئاگایی و ڕۆشنبیریان نزمە بۆیەکا پەنا دەبەنە بەر خۆڕاوەشاندن و پۆزلێدان. سەرنج دەدەین کاتێک پاڤێڵ تاڵەبانی دەڕوات بە ڕێوە وەک شەقاوەکانی سلێمانی باڵی ڕادەوەشێنێت و هەندێک جار وەک شێتۆکەکان سەری بادەدا بۆ گوزارشکردن لە هێزی خۆی، لەبەر ئەوەی خاوەنی هزرێکی زەنگین نییە و بەو پێیەش بێ بەشە لە زمانێکی بەتوانا، بۆیەکا پەنا دەباتە بەر ڕەفتاری ئاژەڵی، بەڵام لاهور شێخ جەنگی خۆی ڕاناوەشێنێت لەبەر ئەوەی کەسێکی ژیرترە، کاتێک دەدوێت بە زمانێکی پاراو دەدوێت و ڕستە و وشەکانی گوزارشت لە ناخی هەستی ئەو دەکەن و دەزانێت چۆن بابەتەکانی ڕوونبکاتەوە (بێشک لێرەدا خوێنەر دەبێت لێم تێ بگات کە مەبەسی من لایەنگریی سیاسی نییە). چونکا ئەگەر پەنا دەبەینە بەر کارەکتەری ئاژەڵی لەبەر ئەوەی خاوەنی زمانێکی دەوڵەمەند نین لەهەمان کاتا خاوەنی ئاگایی نین، دەتوانین بڵێین کە ئاگایی و زمانێکی دەوڵەمەند پێکەوە گرە دروان؛ ئەمیان ناتوانێت بە بێ ئەوی تریان بوونی هەبێت. 
 هەرچۆنێک بێت هەڵس و کەوتمان، جۆری باری جەستەمان، ئاوێنەی ناخمانە؛ مەسعود بارزانی کاتێک بە تەنیشت کۆمەڵە پێشمەرگەیەکەوە دەوەستێت بۆ ڕەسمگرتن، دەبنین کە باری جەستەی ناگونجێت دەگەڵیاندا، نالەبارە، جەستەی غەریبە بەوان، جگە لەوەی کە سەری لە سەر جەستەی بە ستونی نەوەستاوە، ئەم خەسڵەتانە ئاستی توانای ژیری ئەو نیشاندەدەن.
کەواتە هەڵس و کەوتەکانمان ئاوێنەی هزرمانن، ناتوانین بەجۆرێکی تر خۆمان نمایش بکەین لەوەی کە هەین. کاتێکیش پەیکەرێک دەکین بەهەر نیازێک و بۆ هەر بابەتێک بێت دەبێتە ئاوێنەی هزری ئێمە. بۆ گوزارشتکردنیش لە بابەتێک کاتێک ئاستی ڕۆشنبیریمان نزمە پەنا دەبەینە بەر کارەکتەری ئاژەڵی؛ ڕابوردو هەردەم دڵنیاکەرەوەیە لەبەر ئەوەی کە هیچ ڕیسکێک ناگرینە بەر. بۆیەکا هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کوردستان پەنا دەبەنە بەر ماسولکە و خۆڕاوەشاندن بە کارە هونەریەکانیان ئیدی هەرچیەک بێت. نازانن و توانایان نیە بەجۆرێکی تر گوزارشت لە هەستی خۆیان بکەن، چونکا ئاستی ئاگایی و ڕۆشنبیریان نزمە و زانیاریان کەمە. ئیدی کاتێک ئەو فەکتەرانە کاریگەریان لەسەر تاک نییە بە خۆڕسکانە دەگەڕێنەوە بۆ ناتووری ئاژەڵیی و هەقیقەتی ناخی ئەوان خۆیان بە ئێمە دەناسێنن لە شکڵێکی سەرەتاییدا ئەگەریش هونەرمەند کارەکەی بە مەبسێکی تر کردبێت لەوەی کە بەرجەستەی کردووە. 
کورد وتەنی : دوعا بکە دوژمنەکەت ژیر بێت. چونکە لەگەڵ ژیریدا ئێمە دەتوانین بدوێین و چارەسەر بدۆزینەوە بۆیەکا ناگەین بە شەڕ و کوشتار، ئەگەر نا هەموو ئەم پێکدادان و جەنگانەی لە جیهاندا ڕودەدەن بەرهەمی بێ ئاگایین، پەنا دەبەینە بەر جەنگ لە بری دیالۆگ. دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە سەرکردەکان زۆربەیان کەسانێکن لە ئاستێکی نزمی ئاگاییدان، نوسەر و هونەرمەند و فەیلەسوفان ناتوانن سوڵتە بگرنە دەست، چونکا ئاستی ئاگایی زۆرینە نزمە و پێوستمان بە ئاستێکی نزمی ئاگاییە بۆ حوکمڕانی. ڕۆشنبیران و هونەرمەندان فاکتەری بەئاگاهاتنەوەن لەباری ژیانی کۆمەڵگە و دەوریان گرنگ و بەرپرسیاریەتیان هەیە.
لەهەمان کاتا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە هونەر بوونی نیە بە بێ ئازادیەکی تەواو، لەبەرئەوەی کە بچوکترین بەربەست هونەرمەند دەکاتە کەسێکی کەمئەندام. هزر لە دیموکراسیدا دەتوانێت هەموو توانای خۆی بخاتە گەڕ. بۆ نمونە ئەگەر تۆ نەتوانیت لە کارێکی هونەریدا پیاوێکی سیاسی کورد نیشان بدەیت ( ئەمەش وەک نمونەیەکی زەق بێگومان) بەبێ ئەوەی  پرسیار لەخۆت بکەیت کە پێدەچێت ئەم کارەت کێشەت بۆ بنێتەوە، ئەوە دەبێتە بەربەستێک، ئەگەریش هەرگیز هونەرمەند ئارەزوی ئەوەی نەبێت پیاوێکی سیاسی بکات بە بەرهەمی کارێکی هونەری. بەڵام تەنها بوونی ئەو بەربەستە لە هزری هونەرمەنددا کێشە دەنێتەوە بۆ خستنەگەڕی ئەوپەڕی توانای هزری خۆی واتە نیشاندانی هەقیقەت. بۆیەکا لە وڵاتانی نادیموکراسیدا هونەری ڕەسەن بوونی نیە چونکا هزر سنوردار کراوە، (پێدەچیت) کە منیش بەم وتارەم هیچی وەهام پێ نەکرێت و ئاسنی سارد بکوتم.
کیژۆڵە و تۆپ ، پیکاسۆ 1995
جارێکی تر دەیڵێمەوە کە ئێمەی مرۆڤی شارستانی دوای ملوێنەها ساڵ لە پەرەسەندن و وەرچەرخاندنی سروستی خۆمان، بۆمان هەیە لە هونەری شێوەکاریدا گوزارشت لە بابەتی موسولکە بکەین، بەڵام ناتوانین بە ماسولکە گوزارشت لە بابەتێک بکەین. ئەو تابلۆیەی پیکاسۆ (وێنەی 01) کە هی سەردەمێکی لاویەتی (1905)، واتە سەد و هەژدە ساڵ لەمەوبەر بەرجەستە کراوە بە ناوی (کیژۆڵە و تۆپ)،  تەواو دەگونجێت لەگەڵ باسەکەمان؛ بابەتی ماسولکە هەوێنی بیرۆکەی تابلۆکەیە. پیاوێکی کەتەو چوارشانە دەبینین لە پێشەوەی تابلۆکەدا دانیشتووە لەسەر شکڵێکی چوارگۆشە (شەش پاڵو)، سەرنجی کیژۆڵەیەک دەدات کە بە هاوسەنگی وەک هونەرمەندێکی سیرک لەسەر تۆپێک (بازنە)  وەستاوە. پیاوەکە بێهیوایە و سەری سوڕماوە لە ئەدای کیژۆڵەکە، چونکا کیژۆڵەکە هەرچەندە خاوەنی هێزی ماسولکەی پیاوەکەی نییە بەڵام خاوەنی هونەرێکە؛ بە هاوسەنگیەوە لە شاگەشیدایە و خاوەنی توانایەکە کە پیاوە ماسولکەدارەکە نییەتی. بە ڕێکەوتیش نییە کە کیژۆڵەکە گەنجترە لە پیاوەکە. 
لێرەدا مەسجەکە ڕوونە؛ پیکاسۆ دەوری هونەر دەوروژێنێت کە چۆن لە توانای جەستەیی ( ماسولکە) دا نییە. ئەگەر پیاوەکە لەسەر سندوقێک دانیشتووە لە شێوەی چوارگۆشەیەکدایە و کچەکە لەسەر تۆپێکی بازنەیی، ئەوا بێ هۆکار نییە و پەیوەستە بە بابەتەکەوە؛ بازنە شکڵێکی پەرەسەندوترە  لە چوارگۆشە. بەڵام بابەتی سەرەکی تابلۆکە ماسولکەیە و دەوری ماسولکە و هێزێ ماوسولکەی بێبەها کراوە لە کارە هونەریەکەدا. 
کەچی سەدەیەک دوای تابلۆکەی پیکاسۆ، هونەرمەندێکی کورد (شوان کەمال) بۆ بابەتێکی گرنگی مێژوویی کە بۆتە سەمبۆلێکی دیار بۆ کوردان، ( فۆتۆگرافی عومەری خاوەر و کۆرپەلەکەی لە کیمابارانی هەڵەبجە)، جارێکی تر بە پەیکەر بە شێوازێکی چیاوازتر دروست دەکاتەوە (وێنەی 02)؛ جلکەکانیان لەبەر دادەکەنێت و وەریان دەچەرخێنێت بۆ دوو تۆپەڵ ماسولکەی گرژ و هەموو سۆز و خۆشەویستی نێوان باوک و کۆرپەلەکەمان بە ماسولکە پیشان دەداتەوە، دوو تۆپەڵ ماسولکەی بێ گیان. بێگومان ئێمەی کورد ئاشنایما  بەو فۆتۆگرافیە هەیە و دەزانین کە مەبەسی لە فۆتۆگرافیەکەی کیمابارانی هەڵەبجەیە. بەڵام مەبەسی چیە لە کردنەوەی جارێکی تری ئەو فۆتۆگرافیە بە جەستەی ماسولکەدارەوە ؟ 
کاری هونەری (شوان کەمال)
ڕاستە کە عومەری خاوەر بە هێزی ماسولکەی باڵی کۆرپەلەکەی لە باوەشگرتووە و پاراستووە، بەڵام تێ ناگەین بۆچی هونەرمەند عومەری خاوەر و کۆرپەلەکەی وەرچەرخاندون بۆ تۆپەڵێک ماسولکەی گرژ و بەخۆیاندا چوونەتەوە ! چونکا بابەتەکەمان لێرەدا هەست و سۆزی باوکێکە، ئازار و ئەشکەنجەی باوکێکە کە هەتا دواهەناسەی کۆرپەلەکەی پاراستووە و سەری خستۆتە سەر پلیکانەیەک هەتا نەکەوێت بەسەر کۆرپەلەکەیدا و بیپارێزێت. لێرەدا بابەتەکەمان ئەشکەنجەیە، ئەنفالە، سۆزی باوکێکە، ئازار و مێژووی گەلێکە. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، لەبەر ئەوەی کاکە شوان خاوەنی زوانێکی هونەریی نییە. کاتیك خاوەنی زوان نین پەنا دەبەینە بەر هێزی موسولکە بۆ گوزارشتکردن لە بابەت، پەنا دەبەینە بەر توانای تەکنیکیی نەک توانای ژیریی و زوانی هونەر. چونکا ئەم کارە هونەریە جۆرێکە لە پیشاندانی توانای تەکنیکی نەک توانایەکی ژیری بۆ بابەتێکی هاستیار کە وشە و دەستەواژە لە ئەستیدا نین.

فۆتۆگرافی عومەری خاوەر و کۆرپەلەکەی
 ئەگەر ئەو فۆتۆگرافییە (03) هەست و سۆزی هەموومان دەهەژێنێت، کەواتە نەهێنیەک هەیە کە لە پێکدادانی چەند ئێلێمەنتێکەوە پێکهاتوون و پەیوەندیمان پێوە دەکەن و لەگەڵماندا دەدوێن، هەستمان دەووووژێنێت. ئەو ئەلیمەنتانە بە چاوماندا تێپەڕدەبەن و لە نەستماندا مانا دەبەخشن. خۆ ئەگەر لە کەسێک بپرسین بۆچی ئەو فۆتۆگرافیە هێندە سەرسامی دەکات و دەیهەژێنێت، پێ دەچێت نەتوانێت بە وشە وەڵاممان بداتەوە، بەڵام هەستی پێ دەکات. هەرچەندە ئەو ئێلێمەنتانەش خۆیان لە شکڵی سادەدا دەبیننەوە، بەڵام گرەدانیان پێکەوە، دەبنە بابەتێکی بەهێزی خۆشەویستی و ئازاری باوکێک بۆ کۆرپەلەکەی لەبەر ئەوەی لە ئێلێمەنتەکان لە پەیوەندیدان. ئێلێمەنتەکان بریتین لە پلیکانەیەک، دەرگایەک، دیوارێک بە بلۆک لە پشتیانەوە، باوکێک لە گیانەڵادا و ئەوپەڕی ئازاردا دەستەبەرداری کۆرپەلەکەی نەبووە؛ سەری خستۆتە سەر پلیکانەیەک بە مەبەسی پاراستنی کۆرپەلەکەی هەتا دواهەناسەی، بە مەرجێک سەلمێندراوە کە هەموو مرۆڤێک لە ئازارێکی بەتیندا ئامادەیە دەستبەرداری خۆشەیسترین کەسی ببێت. لەگەڵ هەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە بە هزرماندا تێپەڕ دەبێت بە بینینی ئەو دیمەنە، لە هەمان کاتا ئارامییەک و خامۆشیەکی نامۆ بەدی دەکەین بە پێچەوانەی موسولکە و گرژبوونەوە.
ئەرکی هونەرمەند نیشاندانی هەموو ئەمانەن بۆ بینەر بەو شێوازەی کە خۆی دەیەوێت بە پێی ئەوەی کە ئەو زوانێکی هونەریی دەستەمۆ کردووە و کەسێکی بە ئاگایە. ئەمەیە ڕۆڵی هونەرمەند ؛ هەڵهێنجاندنی هەست و سۆزی بینەرە، کردنی بەرگە بە بیرۆکەدا، پێدانی شکڵە بە هەست و سۆز. ئەوەی لە نەستدایە هونەرمەند ئازادی دەکات بە پێدانی شکڵێک پێی. ئەگەر ئەو پیشانمان بدات ئەوا ئێمەش دەیناسێنەوە. مەبەستیش لە زوانێکی هونەریی تەنها شێوازێکی هونەری نییە بەڵکو  جۆری دەربڕینی بابەتە.
هەموو هونەرمەندێک خاوەنی شێوازێکی هونەرییە کە لەگەڵ زەمەن و ئەزموندا ڕامی کردووە پەرەی پێدەسێنێت، ئەمەیە کە پێی دەڵێین تەکنیک، بەڵام تەکنیک بریتی نییە تەنها لە شێوازێکی نەخشکردن و سەپاندنی بەسەر هەموو باباتێکدا بە ئۆتۆماتیکی، هەرچەندە کاک شوان پەیکەرتاشە و کارەکانی زیاتر کاری پەیکەرسازی سەر شەقامەکانن، چەندەها پرۆژەی پەیکەری بەرجەستەکردووە کە هیچ پەیوەندیەک نابینین لە نێوان کارە (بازرگان) یەکانی کە لەسەر شەقامەکان دادەنرێن و ئەم کارە هونەریەی بۆ ئەنفال.
سەرنج دەدەین کە دیاردەی خۆڕاوەشاندن و ماسولکە زیاتر لەو وڵاتانەدا باوە کە دیموکراسیان تێدا نیە، کوردستانی باشوریش بەشێکە لێێ، ئەمەش ئاستی ئاگایی و ڕۆشنبیری ئەو ناوچەیەمان بۆ دەسەلمێنێت، کاریگەری ئەقڵی سیستەمی خێڵەکی بەسەر هونەرمەندانەوە، هەوڵیش دەدەن ئەم ئەقڵە بگوێزنەوە بۆ بەشەکانی تری کوردستان. وەک چۆن بینیمان کاک میرەش پەیکەرێکی زەبەلاحی وەک دیاریەکی ژەهراوی گەیاندە شاری کۆبانێ (وێنەی 04).
کاکە میرە دەڵێت هەر کە باسی ئەو پرۆژەیە کرا خێرا بیرم چوو بۆ خواوەندی نایک. خواوەندی نایک (Nike)، خواوەندی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە لە میتۆلۆژ یۆنانید (وێنەی 05). ئەمڕۆ بۆتە مارکەی کەوشی وەرزش. 
پرۆژەی میرە بۆ کۆبانێ
بەڵام ئایا چی خواوەندی نایک دەبەستێتەوە بە شەرەڤانانەوە ؟  چۆن ئێمە خواوەندی نایک بناسەینەوە لەو فیگورەدا ؟ چونکا هیچ شتێک ئەو پەیکەرە نابەستێتەوە بە خواوەندی نایک جگە لە دوو باڵ نەبێت بەسەر پشتیەوە.
پێش ئەوەی باسی خۆڕاوەشاندن بکەین لەم پەیکەرەدا بۆ شەرەڤانانی ڕۆژاڤا، جگە لەوەی کاکە میرە سەری خۆی نەیەشاندووە و بە دوای بیرۆکەیەکدا نەگەڕاوە بۆ گوزارشتکردن لە ئایدیۆلۆژی و بوێری و بەتوانایی شەرەڤانان کە سەردەمانێک جیهانیان سەرسام کردبوو، وادیارە ئەوەی گرنگ بووە بۆ کاکە میرە بەرجەستەکردنی مێێنەیەک وەک فریشتەیەک بە دوو باڵەوە. چونکا خواوەندی نایک مێینەیە و خاوەنی دوو باڵە، دوو باڵیش بەرگی فریشتە دەبەخشن بە شەرەڤانانی مێینە. چونکا لە هزری ڕۆژهەڵاتیدا ئافرەت هەردەم حۆری و فریشتەیە، یان پەتیارەیە و ناتوانێت ببێتە شەرەڤان و تێکۆشەر لە تەک پیاواندا، خۆ ئەگەر ئەو پەیکەرە بۆ شەرەڤانێکی پیاوی بکردایە ئەوا بێ شک باڵی پێ نەدەدا و دەیچواندن بە هەرقل. جگە لەوەی کە ئەم پەیکەرە زەبەلاحەش لە خۆ ڕاوەشاندن و خۆ نواندندایە ؛ دەستێکی خستۆتە سەر سنگی و بە دەستەکەی تری بانگی کەسێک دەکات. بابەتەکەی هێندە بێ مانا و ساویلکەیە کە نامەوێت لێرەدا ڕاڤەی بۆ بکەم. 
خواوەندی نایک
ئاوا ئەم ماسولکە و خۆڕاوەشاندنانە بەردەوامی بەخۆیان دەدەن لە نەبوونی هزرێکی ژیر و ئاگاییەکی پێویستدا، وەک دەبینین لە پەیکەرێکی تردا لە بەغداد (وێنەی 06)  کە هونەرمەندەکەی ناناسم بەڵام روونە کە ڕۆژهەڵاتیە. لەو پەیکەرەدا جەستەیەک دەبینین کە دەیەوێت پارچەیەک شوێنەواری شارستانی دێرین کە بریتیە لە ستونێکی پڕ لە نوسین و زانست،  بخاتەوە جێگای خۆی، لەبەر ئەوەی ستونەکە شکاوە. بەڵام جەستەکە بەجۆرێک بووە بە ماسولکە کە سەری گوم بوە و لە بری دوو دەست  پێنج دەستی لێ ڕواوە هەتاوەکو زیاتر پێداگری بکات لە هێزی ماسولکەی فیگورەکە، بە دوو پای جێگیری پڕ لە ماسولکەوە ستونکە دەخاتەوە جێگەی خۆی.
بێرۆکەیەکی سادە و ڕوونە بەڵام بێ مانایە، لەبەر ئەوەی کە ڕیی تێ ناچیت ئێمە شارستانیەتی کۆن نوێ بکەینەوە وەک خۆی، لە هەمان کاتا ناتوانین شارستانیەتی ڕابوردوو بسەپێنینەوە. بەڵام ئەوەی کارەساتە سەپاندنی شارستانیەت و زانستە بە هێزی ماسولکە. ئەمەش ماڵوێرانی و هەژاری هزری هونەرمەندمان بۆ دەخاتە ڕوو. وەک چۆن ئەنوەر سادات ڕۆژێک وتبووی : من کەسێکی دیموکراسیم و ئەوەی دژی دیموکراسیە سەری دەپەڕێنم.
پەیکەرێک لە بەغداد
دەزانین کە ئەم پرۆژانە بریتین لە هونەری سەر شەقام نەک هونەری مۆزەخانەکان، بەو پێیەش دەبێت جەماوەرێكی فراوان بگرنە خۆیان و سادە بن لە گوزارشتا، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێت بۆش بن لە ژیری و تێڕامان، چونکا کاریگەری نەرێنیان لەسەر هزری جەماوەر هەنە و کاتێک مێرد منداڵێک بە تەنیشتیەوە تێ دەپەڕێت ئارەزوی ئەوە دەکات ئەویش هێزی ماسولکەی خۆی تاقی بکاتەوە بە تەنیشت خوشکەکەیەوە. جەگە لەوەی هزری بینەر ناوروژێنێت بە ژیری و بەدەرە لە بیرکردنەوە و تێڕامان، هانی دژواری دەدات.
پرۆژەی شۆڕش ئەمین بۆ ڕەشەبای سلێمانی

وەک دەبینین لە پرۆژەی کاک شۆڕش ئەمیندا بۆ ڕەشەبای سلێمان (وێنەی07). کاکی هونەرمەند فیگورێکی بۆ کردوین بە وێنای عەفریتێکی پڕ لە ماسولکە ڕوبەڕوی ڕەشەبا دەبێتەوە. هێندە پێداگری لە هێزی ماسولکەی فیگورەکە کردووە کە بۆتە تۆپەڵێک ماسولکەی دژوار، وەک خێوێک یان ئاژەڵێکی مەترسیدار بەرامبەر بە ڕەشەبا وەک هێز و هێمای سروشت. کاکە شوان بە بێ ئەوەی بیر لە چەمکی ڕەشەبا بکاتەوە وەک هێزی سروشت بەرامبەر بە مرۆڤ، ڕەشەبای کردووە بە بیانویەک بۆ پیشاندانی هێزی موسولکەی مرۆڤێک کە گەشتۆتە ئەوپەڕی توانای جەستەیی بۆ ڕوبوروبونەوە بەرامبەر بە ڕەشەبا. نازانین کاکە شۆڕش مەبەسی چیە و بۆچی ئاوەها بەگژ ڕەشەبادا دەچێتەوە ؟ لە کاتێکدا هەنێ لەم هونەرمەندانە لە تاراوگە دەژین و دەبوا ئەوان ببونایەتە پێشڕەو لە بیرۆکەی مۆدێرندا.
 بە وتارێک لەم لینکەی خوارەوە ئەم بابەتەم ڕونکردۆتەوە کە چەندە کارێکی گەوجانەیە 
هەنێ جار ئەگەر ڕاستەوخۆ ماسولکە و خۆڕاوەشاندنیش نەبینین ئەوا بە ژیرانە ئەو هێزە فیزیکیە پیشاندراوە وەک لە پرۆژەی پەیکەری موفتی پێنجوێنیدا (وێنەی 08) کە لە لایەن کاک چنار نزارەوە بەرجەستە کراوە.
پەیکەری موفتی پێنجوێنی. کاری هونەرمەند (چنار نزار)
وەک دەبینین لەم پەیکەرەدا موفتی پینجوێنی کتێبێکی لەبەر باخەڵدایە و دەستی خستۆتە سەری وەک چۆن عەسابەیەک دەست دەخاتە سەر دەمانچەکەی کەمەری بەرامبەر بە دوژمن و ئامادەیە بە فیشەک ڕوبەڕوویان ببێتەوە (وێنەی 08)، لە کاتێکدا موفتی پێنجوێنی کەسێکی ئاشتی خواز بوە و ڕوبەڕووی ئیسلامی ڕادیکال بۆتەوە بە ژیری؛ کچەکەی وەک دوکاندار و لەهەمان کات یەکەم کچ خستۆتە خوێندنگا لەگەڵ کوڕاندا لە پێنجوێن، جگە لەوەی موفتی بە هۆنراوەکانی بە ژیرانە ئەو بابەتانەی ڕوونکردۆتەوە. هەڵسوکەوتی موفتی دوربووە لە ڕوبەروبونەوەی فیزیکی و خۆ ڕاوەشاندن. بەڵام هونەرمەند نەیتوانیوە لەو باسە دەوڵەمندەدا شتێکی تر بدۆزێتەوە جگە لە نیشاندانی هێز و توانای فیزیکی. ژیانی موفتی باسێکی دەوڵەمەند بوو، بە سەرنجدان لە ژیانی، سەدەها بیرۆکە هەبوون، بۆ نمونە دەیتوانی دەستی کیژۆڵەیەک بگرێت و بەرەو ئاسۆیەکی دوور هانگاوی لەگەڵ بنێت. بەڵام ئەفسوس ئەمانە بیرۆکەی خۆڕاوەشاندن نین بۆیەکا بەبیریاندا نایەت. 
ئەم کارە هونەریەشم بە وتارێک رونکردۆتەوە لە ڕابوردودا لەم لینکەی خوارەوەدا :

رونکردنەوەی پەیکەرەکەی موفتی بە وێنە (سەردار حەمەڕەش)

یان ئەوەیە دەچین بەدوای خواوەندێکدا دەگەڕێین کە پەیوەندی بە باسەکامنەوە نییە بۆ گوزارشتکردن لە بابەتێک، یان ئەوەیە دەچین ڕستەیەک وەردەگێڕین بۆ وێنە؛ کاتێک دەڵێین شێرە کچانی کۆبانێ. کاک هادی زیائەدین پەیکەری شێرێکمان بۆ دەکات و کچێکی لەسەر دادەنێت وەک بوکەڵەیەک، بە فیزەوە لەسەری دانیشتووە و خۆی نمایش دەکات بەرامبەر بە بینەر. دانانی کچێک لەسەر شیرێک زمانێک و گوزارشتێکی سەردەمی کۆنە، چواندنی ئازایەتی و بوێری بە دانانی کچێک لەسەر شێرێک یەکناگرێتەوە لەگەڵ زمانی هونەری سەردەم و بۆشە لە ژیری. جگە لەوەی لێرەشدا سەرنج دەدەین کە کچە شەرەڤانەکە چەکی بەدەستەوە نییە، لە کاتێکدا ئەگەر کوڕێکی شەڕەڤان بوایە بە چەکەوە دەمانبینی، وەک چۆن بەهەمان شێوە دەیبینینەوە لە پەیکەرەکەی کاکە میرە بۆ کۆبانێ؛ کچە شەرەڤانەکە بە بێ چەکە.
شێرە کچانی کۆبانێ (هادی زیائەدین)

ئەمانە چەند نمونەیەکی زەق بوون لە هونەری پەیکەرتاشیدا کە چۆن ماسولکە و هێزی فیزیکی و خۆنمایشکردن جێگای هزر و ژیری گرتۆتەوە. بەڵام پێدەچێت خوێندەر پرسیارم لێ بکات کە ئایا چی بکرێت و بە چ شێوازێک پەیکەر بکرێت ؟
 وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەو پەیکەرانەی کە لە سەرجادەکاندا دادەنرێن بۆ جمهوری فراوانن، تەنانەت کاتێک کاری هونەرمەندێکی بەناوبانگ لەسەر شەقامێک دادەنێین، کارێکی هونەرمەند هەڵدەبژێرین کە بۆ جمهورێکی فراوان بشێت. گرنگ ئەوەیە کە کارە هونەریەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر هزری کۆمەڵگە نەبێت، پاڵنەر بێت لە ورووژاندنی هزر و جۆرێک لە ئێستاتیکا بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر، بە خۆڕاوەشاندن و ماسولکە ناتوانین گوزارشت لە بابەتێک بکەین، دەتوانین تەنها بە کارێکی سادە و ساکار بەبێ کردەی شانۆگەری هەڵخەڵەتێنەر سەرنجی بینەر ڕابکێشین. بۆ نمونە ئەو پەیکەرەی بۆ پێشمەرگە کراوە لە کەرکوک لەلایەن هونەرمەند (سامان) ناوێکەوە (وێنەی 10). پێشمەرگەیەک دەبینین بە جلکی پێشەمەرگایەتیەوە چەکەکەی بەسەر شانیەوە، سەیری ئاسۆیەکی دوور دەکەت و پایەکی بەرزکردۆتەوە و بەدەستەکەی تری ئاڵایەکی کوردستانی لە زەوی چەقاندووە، وەک ئەوەی بەبێ کۆمێدی و خۆڕاوەشاندن، لەسەرەخۆ و بە پێداگریەوە پێمان بڵێت ئەم خاکە خاکی ئەوە. ئەمە پەیکەرێکی گونجاوە، کارێکی هونەری نایابە و هیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر بینەر نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە یارمەتی بینەر دەدات هەناسەی هێمنی بدات و بیر بکاتەوە لە سیمای ئەو پێشمەرگەیە. هونەرمەند کات دەدات بە بیەنەر بۆ بیرکردنەوە بە بێ خۆڕاوەشاندن و کۆمێدیا. ئەو هێزەی لەو پەیکەرەدایە بەبێ خۆڕاوەشاندن و ماسولکە و خۆ نمایش کردن زۆر کاریگەرترە لەوە کە پیشاندراوە بە کۆمیکی و زیادەڕۆیەوە لە پەیکەرەکانی تردا.
پەیکەری پێشمەرگە لە شاری کەرکوک
سەرنج دەدەین کە ئەمڕۆ لە کوردستان بەتایبەتی لە شاری سلێمانی، سەدەها پەیکەری نوسەر و ڕۆشنبیران وەک کارتۆنی بێ گیان دەکرێن و دانراون لە باخچە و شەقامەکاندا. ئەوەی ڕۆژێك دوو دێڕی نوسیبێت پەیکەرێکی بۆ کراوە و زۆربەشیان نێرینەن.  زۆربەی ئەم پەیکەرانەش بە سپۆنسەری کاک تەها ڕەسوڵ کراون، بەڵام ئەویش وەک هونەرمەندان پێشنیارێکی ژیرانەی نییە بۆ  کارێکی هونەری سەر شەقام کە بتوانێت ئاستی هزری جەماوەر بوروژێنێت بەرەو ئاستێکی باڵاتر. خۆ ئەگەر هونەرمەندان بە نائاگاییەوە ئەو کارانە دەکەن و ئاستی ڕۆشنبیرییان نزمە، ئەوا کاکە تەها بە ئاگاییەوە تەنها مەبەسی ناوهێنانیەتی لە میدیاکاندا وەک کەسێک گوایە خزمەت بە شارەکە و بە کولتوور و هونەر دەکات، کە لە ڕاستیدا وەها نیە. ئەویش بە وێنای پەیکەرەکان مەبەسی تەنها پۆزلێدان و خۆڕاوەشاندنە و لە ناوەڕۆکدا بۆشە، دەنا کاتێک ئێمە دەبینە سپۆنسەری پرۆژەیەک کە بتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، بەڵام بەداخەوە ئەم پرۆژانە سودێکی ئەوتۆیان نیە و وەک شیرە بەرفیرینە دەتوێنەوە. خۆ مەبەستم ئەوە نیە کە نابێت پەیکەر بۆ هەنێک لە ڕۆشنبیرانی وەک پیرەمێرد و گۆران و ...تاد بکرێت، بەڵام دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆحی کەسایەتیەکان بن، لەهەمان کاتا دەبێت بیر لە کاری هونەری بکەینەوە وەک شانۆیەک بە چەند فیگورێک لە پەیوەندیدا کە ئاماژە بە باسێک بکەن، بە بیرۆکەیەک، یان وەک یاریەکی سەرنج ڕاکێش و ژیرانە بۆ مندالان و گەورەساڵان، یان هەر بۆ ڕازاندنەوەی شوێنێک بە شکڵێکی ژیر و دڵگیر و مێژوویی و کولتتوریی. هەروەها بوونی ئەو هەموو پەیکەرە نێرینانە کێشە دەنێتەوە لەڕووی ڕێژەوە چۆن مێینە پشتگوێ خراوە. هەرچۆنێک بێت ئەو پەیکەرانە بەڕای من هیچ سودێکی ئەوتۆ نابینن لە بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگەدا و شار جەنجاڵ دەکەن.. 

کۆتایی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە