شانۆی لەیەکچووی ململانێکانی زلهێزەکان لە دنیادا، زنجیرەی (٢)

Thursday, 19/10/2023, 19:01

2300 بینراوە


دووەم: وڵاتانی باشووری ئاسیا، هیند، بەنگلادیش، پاکستان، مالدیڤیس، ئەفغانستان، سیرلانکا، نیپال، بهولتان

هەوڵدان  و ستراتیژیەتی گەیشتن بە دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ کردنی گۆی زەوی  لەلایەن
زلهێزەکانەوە، ئاگرێکە لە چوار مشقی دنیادا داگیرساوە و بەربۆتە نێو ماڵی زۆرینەی سادە و خەڵکی هەژاری جیهان.  وڵاتانی باشووری ئاسیاش لەو ململانێیە بەدەر نین، وەک هەموو وڵاتانی دنیا کێشەی سنور، ئاو، سەپاندنی هەژموونیان لەنێوان خۆیاندا هەیە و لە نەخشەی ئەو ستراتیژیەتە بوون و ڕۆڵیان دیاری کراوە. زلهێزەکانی دنیا بەبێ وچان لەو ناوچەیەدا کار دەکەن بۆ سوود وەرگرتن لە جیاوازی گرفتی نێوان وڵاتان و نەتەوەی ئەو ناوچەیە، بۆ دروست کردنی بەرەی دژ بە یەکدی و خۆ ساغکردنەوە لە سەنگەرێکی دیاری کراودا، واتە کەس بۆی نالوێت سەری سەلامەت بێت ئەگەر بێلایەن بێت.
گرنگترین وڵات لەو ناوچەیەدا هیندستانە، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە جێگە سەرنجی ئەمریکا بووە. ئەمریکا لە جەنگی ساڵی ١٩٦٢دا بەبێ مەرج پشتیوانی لە هیند کرد، ئەو کات کەنەدی لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە ئەوان ئامادەن چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنن دژی چینی شەعبی، واتە لەیکچوونێک هەیە لەنێوان پشتیوانی کردنی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە کێشەی لەگەڵ فەلەستینیەکان و پشتیوانی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ هیند. ئەمریکا لەو ناوچەیە بەدوای هاورێیەک دەگەڕا کە پشتیوانی لێ بکات لە دەڕپەڕاندنی ڕوسیا لە ئەفغانستان، دواتر هەوڵی داگیرکردنی ئەفغانستان بدات.  وڵاتێک کە دژی تاڵەبانیەکان بێت کە پاکستان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی بزوتنەوەی تاڵیبان، هەروها هیند هەمیشە کێشەی هەبووە لەگەڵ پاکستان. زەبەلاح بوونی چینیش مەترسی لەسەر هەژموونی ئەمریکا دروست کرد لە ئۆقیانووسی هێمن و ئۆقیانووسی هیندی، بۆیە کۆمەڵێک فاکتەر هەبوون کە ئەمریکا و هیند لێک نزیک ببنەوە.
 ئەمریکا بۆ پێکانی ئامانجە ئابووریی و سەربازییەکانی لە ئۆقیانووسی هیندی و ئۆقیانووسی هێمن، دەزانێت لەبەرابەردا هیند چی لێ دەوێت کە ئەویش پارە، تەکنەلۆژیا، چەک و تەقەمەنی، هەڵخستنی بوار بۆ هند بۆ بازرگانی کردن. ئەمریکا زۆر سەخیە بۆ دابین کردنی ئەو داواکاریە مادیانە بۆ هیند، بە مەرجی ئەوەی دوژمنێک لەبن لوتی چین بەهێز بێت، دژی چین  خزمەت بە ئەجێندای ئەمریکا بکات، بۆیە  لە ساڵی ٢٠٠٨دا کۆتا  ڕێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەنێوانیاندا واژۆ کرا، کە لە سەرەتایی ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەردووک لایەن لە مشتومڕ بوون دەربارەی ئەو بڕیارە. لەو بەروارەوە هیندستان بوو بە خاوەن دەسەڵات و هێزی ئەتۆمی، کە بەگوێرەی ئەو بڕیارە چووە ڕیزی وڵاتانی خاوەن ئەو چەکە، کە مافی ئەوەی پێ دارا، کە ئۆتۆمیک تەکنەلۆژیا و سوتەمەنی پێویست بکڕێت بۆ ئەو پڕۆژەیە.
هیند دوای جەنگی دووەمی جیهانی سەربەخۆ بوو، لەو ماوە کەمەدا توانی بەبێ دەنگی ببێت بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی دنیا، بێ گومان ئەوەش تەنیا بە دەستگرتنی دەرەکیی نەبووە، بەڵکو ئەقڵ و فکر و هۆشی نوخبەی بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتە، ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، توانیویانە سوودمەند بن لە جیاوازی و کێشەی نێوان ڕوسیا/چین و ئەمریکا/ئەوروپا.
هیند چەندێک لە ئەمریکا سوودمەند بووە دە ئەوەندە لە ڕوسیا. پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانی نێوان هیند و ڕوسیا هەمیشە بەردەوام بووە، لە دۆخی ئێستای ڕوسیا کە گرفتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا هەیە و مەسەلەی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی بازاری یەکدی بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی کاڵایان نەماوە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، کە هیند ببێت بە پردی پەڕینەوەی بازرگانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و ڕووسیا، ببێت بە بازاڕێکی گەرم بۆ ساغ کردنەوی کاڵای هەموو لایەکیان، لەهەمان کاتدا پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی بکات، بەگوێرەی ئەجێندایەک کار بکات کە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی نیشتمانیی هیندە، واتە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا سزای ئابووریی بەسەر ڕووسیادا سەپاند، بەڵام هیند پابەند نەبوو بەو بڕیارە، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠٢١دا هاوردە کردنی نەوتی خاو لە ڕوسیاوە ٢% بوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەکەی بۆ لە ٢٠% زیادی کرد، دەبێت ئەوە بگوترێت ک لەبەر بوونی سزای ئابووریی لەسەر ڕوسیا، ئەو ڕێژەیە بە نرخێکی هەرزان فڕۆشراوە بە هیند. لەبەر هەمان هۆ، ڕوسیا ناتوانێت بازارێکی کارا پەیدا بکات بۆ فڕۆشتنی ئۆتۆموبیل، جۆرەها مەکینە و مەوادی کارەبایی جگە لە چین و هیند. ڕوسیا سەرچاوەیەکی بەهێزە بۆ دابین کردن و فڕۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە هیند. بە پیادە کردنی ئەو جۆرە سیاسەتە لەلایەن نوخبەی 
سەڕۆک وەزیرانی هیند لەگەڵ پوتین و بایدن
بەڕێوەبەری دەسەڵاتی سیاسیی هیندەوە، کارێگەری پۆزەتیڤی هەبووە لەسەر بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە، کە لە ئەنجامدا، هند قازانجێکی ئێجگار مەزنی کردووە و دەکات، لە هەموو بوارەکاندا، زێتر بەرەو بەهێز بوون دەچێت. هیند ئەوەندە خۆی بەهێز کردووە لەو ناوچەیەدا، ڕوسیا و ئەمریکا وڵاتانی نێو ئوقیانووسەکان هاڤڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامیان بتوانێت هاورێیەتی هیند مسۆگەر بکات.
لە دوای ساڵی ١٩٤٧ دا، دوای جەنگی دووەمی جیهانی، وڵاتانی براوە لەو جەنگەدا بڕیاری چارەنووسی ئەو ناوچانەیان کەوتە ژێر دەست. پاکستان و هیند کە لەژێر دەستی ئیمپریالیزمی بریتانی بوون دابەش کران، دوو وڵاتی زۆر جیاواز لە هەڵگری ناسنامەی ئاینیی بوون بە هاوسێی یەک، هیندی هەڵگری ئاینی هیندۆسی و پاکستانی هەڵگری ئاینی ئیسلام. وڵاتانی براوە بەمەبەست سنووری دوو وڵاتی ناتەبایان لە تەنیشت یەک کێشا، بۆ ئەوەی وەک دوو هێڵی تەریب قەت نەگەن بەیەک، هەمیشە گرفت و کێشەی بیروباوەری ئاینیان لەنێواندا هەبێت، تا ئەوان بتوانن لە کاتی پێویستدا ئەو ناتەباییە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان زەق بکەنەوە.   لەو کاتەوە بە دەیان جار جەنگ و پێکدادان لەنێوانیاندا دروست بووە، تا ئەمڕۆ سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە تەنراوە بە هێزی سەربازیی و چەک و تەقەمەنی هیندی و پاکستانی بەرامبەر بە یەک.
پاکستان سوودمەند بوووە لە جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا/ئەوروپا، ڕوسیا/چین بەتایبەتی لە بواری بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئابووریدا. بەگوێرەی ئەوەی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ئەمریکا گەورەترین بەرهەم هێنەرە لە پاکستان، هەروها ئەو وڵاتە بازارێکی گەرمی ساغ کردنەوەی کاڵای ئەمریکییە، بەتایبەتی چەک و تەقەمەنی.
چین دەستەوەستان ڕانەوەستاوە بەرامبەر بە بەهێز بوونی هیند، بوونی بە خاوەن چەکی ئەتۆمی لە پاڵیەوە و گەشە کردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکادا. بێ گومان ئەویش پاکستانی وەک داشێک و کەرتی فشار لە ناوچەکەدا زەبەلاح کرد.  چین نیگەرانی گەشە کردنی گروپی ئیسلامی توندڕەوە لە پاکستان، بەڵام بوژانەوەی هیند لە پاڵیەوە بۆ ئەو، ئەوە دەهێنێت کە چاوپۆشی لە هەندێک فاکتەر بکات و  پەیوەندیی لەگەڵ پاکستاندا ببەستێت، لە ساڵی ١٩٧٠دا پاڵپشتێکی سەرسەختی پاکستان بوو لە بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی. پەیوەندیەکی پتەوی سەربازیی لە نێوان چین و پاکستاندا هەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی چین لە ساڵی ٢٠٠١دا چین، پێویستیەکانی گەشە پێدانی چەکی ئەتۆمی داوە بە پاکستان، هەروها بەچڕی یارمەتی تەکنیکی ئەو وڵاتەی داوە بۆ گەشە پێدانی زێتری ئەو پڕۆژەیە.  مەبەستی چین لێدانی هاوپەیمانەتیەکانی ئەمریکایە لەو ناوچەیەدا، ئاماژەکان دەریدەخەن کە چین سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی پاکستان بۆ نێو هاوپەیمانیەتی ڕوسیا، چین، ئیران و سوریا، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوونەتە سەرئێشەیەکی هەرەمەزن بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و مەترسیان لەسەر بەرژەوەندیەکانی واشینگتۆن لەو ناوچەیەدا دروست کردوە. 
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی ئەمریکی بۆ ناوچەی باشووری ئاسیا، ڕەخنە لە وڵاتەکەیان دەگرن و دەڵێن، کە لە سەرەتادا ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە یارمەتیدانی پاکستان بۆ بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠-١٩٧٠، بەوەی کە چاوی نووقاندوە لە هەوڵەکانی پاکستان بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی، بەرامبەر بە گەیاندنی بەبەهای میلیۆنان دۆلار چەک، لە ڕێگەی (سی، ئای، ئەی) بۆ پاکستان و لەوێوە بە قاچاغ گەیاندنی بە یاخیەکانی ئەفغانستان بۆ دەرپەڕاندنی ڕوسیا لە وڵاتەکەیان. 
ڕوسیا چین ئاسا خوێندنەوەی خۆی هەیە لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات لە شکۆ و هەژموونی ئەمریکا بدات بۆیە ڕاهێنان و مەشق پێ کردنی سەربازیی بۆ پاکستان دابین کردووە و هەوڵدەدات لە دەزگەی سوپا سەربازیی ڕوسیی نزیکیان بکات. بەو مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەندی لەسەر کڕینی جۆرە چەکێک لابرد، ئەمە ڕێگەی خۆشکرد بۆ پاکستان کە هیلکۆپتەری هێڕش بەر ئیم ئای-٣٥ بکڕێت بۆ بەهێز کردنی هێزی بەرگری وڵاتەکەی.  هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە کۆنتڕۆڵ کردنی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر. لە ساڵی ٢٠٢٠دا پاکستان ٩٣.٥ میلیۆن دۆلاری ڕوسیای داوە کە لە کاتی یەکێتی سۆڤیەت دەست بەکار بوو قەرزی لەسەر بوو، بۆیە ڕوسیا باندی خستبووە سەر پڕۆژە ئابوورییەکانی پاکستان و ڕوسیا دوای ئەوە باندەکەی لابرد، کە ئەمەش هێمای نزیک بوونەوەی زێتری پاکستان و ڕوسیای پێشان دا.  پڕۆژەی لولەی گواستنەوەی گاز لەنێوان پاکستان و ڕوسیا بەردەوامە، کە پڕۆژەیەکی بە بەهای ٢.٥ بیلیۆن دۆلار، بەدرێژایی ١١٠٠کم،  بەڵام بەهۆی جەنگی ڕوسیا و یۆکرانیا ئەو پڕۆژەیە بەرەو پێشەوە نەچووە، بۆیە وەک هیند ئەو بۆی نەلواوە نەوتی خاو بە هەرزان لە ڕوسیا بکڕێت. 
پاکستان لەگەڵ ئیرانیش هەمان پڕۆژەی لەبەردەستدایە. لە گەرمەی جەنگی نێوان یۆکرانیا و ڕوسیا، سەڕۆکی ئەو وڵاتە سەردانی ڕوسیای کرد، بۆ ئەمریکا ئەوە هێمایەک بوو کە پاکستان لەبەرەی ڕوسیاو چیندا خۆی ساغ کردۆتەوە، بەڵام پاکستان ڕەتی کردەوە کە سەردانی ئەو بۆ ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانی کردنی ڕوسیا بێت لە جەنگی دژی ئەمریکا/ئەوروپا لە یۆکرانیا.  کاتێک کە ئەمریکا و ئەوروپا، داوایان لە پاکستان کرد، کە سەرکۆنەی جەنگی ڕوسیا دژی یۆکرانیا بکات، کاهان وەڵامی دایەوە و گوتی،

 "ئیمە کۆیلەی کەس نین تا فەرمانمان پێ بکرێت، هەروها ئەوان هەڵوێستیان نییە بەرامبەر ئەو سیاسەتە دژی مڕۆڤایەتیەی کە هیند لە بەشێک لە کشمیر پەیڕەوی دەکات".

ئەمریکا دەرکیی بەوە کردووە کە چین و ڕوسیا، لەو ناوچەیە هەوڵ دەدەن پاکستان بکەوێتە بەرەی ئەوانەوە، ئەوەش دەزانێت کە پاکستان مەیلی بەرەی ئەوانی هەیە، بۆیە ترامپ پێنج ساڵ پێش ئێستا لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە:

 وڵاتانی باشووری ئاسیا "دڕۆزن و فێڵبازن"، ئەمریکا ٣٣ بیلیۆن دۆلاری داوە بە پاکستان، بەڵام ئەو بەگوێرەی پێویست پشتیوانی لە ئەمریکا نەکردوە لە جەنگی دژی تاڵیبان".

کێشمە کێشمی نێوان هیند و پاکستان لە ناوچەکەدا لە بنەڕەتدا گرفتی دەسەڵات و ئابوورییە، بەڵام فتیلەی تەقاندنەوەی ئەو ناکۆییە و بەجەماوەرکردنی لەهەردوو وڵاتدا، مەشروعیەت دان بە جەنگێکی خوێناوی، بەکارهێنانی بیروباوەڕی ئاینی هیندۆسی هیند و ئاینی ئیسلامی پاکستان دەبێت لە ئایندەدا، بۆ ئەوەش وڵاتانی زلهێز و بەرژەوەندییپەرستانی هەردوو وڵات، ژێربەژێر لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری کەی بیانەوێت، فیتنەی دووبەرەکیی دەنێنەوە، لە ئەنجامدا زۆرینەی سادەی گەلانی ئەو ناوچەیە، دەکەنە قوربانی، هەر وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە  کوردستان، سوریا، عیراق، ئیسرائیل و فەلەستین ئەنجامیان داوە. 

ئەم باسە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە