ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

Thursday, 02/11/2023, 0:09

2517 بینراوە


بەشی پێنجەم: شێوەی زەوی و سەلماندنی چەمانەوەکەی

شێوەی ڕاستەقینەی زەوی

زاناکان زۆر بەچاکی دەزانن هەندێ تایبەتمەندی سەرەکی هەن گشت هەسارەکان تێیدا بەشدارن، ئەگەرچی لە پێکهاتەیاندا جیاوازیش بن، بۆیە ئاسایییە هەسارەکەمان یەکێک بێت لەو کۆمەڵەیە و خاوەنی هەمان تایبەتمەندی بێت. تۆژینەوە زانستییەکان پێمان دەڵێن تێکڕای هەسارەکان شێوەکەیان گۆیییە، لەبەرئەوەی ئەو دەمەی هەلومەرجی پێکەوەنان و دروستبوونیان وەک یەک بێت، ئەوا ئەگەری گۆیی زەوی یەکجار پترە لە تەختیی.
لە ساڵی 1610دا زانای ناودار گالیلێیۆ بە تەلسکۆپەکەی بینی مانگەکانی هەسارەی هورمز (Jupiter) کە بەدەوریدا دەسووڕێنەوە، هەموویان هەسارەی بچووکی گۆیین و لە دەوری هەسارەیەکی گەورەتری گۆیی، بەمە دەبێ مانگی زەویش بەهەمان شێوە گۆیی بێت و بەدەوری زەوی گۆییدا.
ئەگەر زەوی تەخت بێت ناتوانێت وەک هەسارەکان جووڵە بکات، هیچ شتێکیس لەسەریدا نامێنێت. پسپۆڕی زانستی هەسارەکان لە ئامۆژگەی کالیفۆرنیا دێیڤید ستیڤنسن (David Stevenson) دەبێژێت: "بۆ ئەوەی تەنێکی گەردوونی بێتە چی بوون بە شێوەی پەپکەیەک (لەبری گۆیی)، پێویستە بە خێراییەکی لەڕادەبەدەر بخوولێتەوە، ئەم شتەش هەسارەکە پارچە پارچە دەکات". دەربارەی ئەمەیان زانای بەناوبانگ ماکسویل لەڕێی ماتماتیکەوە دەیسەلمێنێت تەنە ڕەقە پەپکەیییەکانی بە قەبارەی هەسارەکان، شێوەیەکی جێگیر و چەسپاو نین لە گەردووندا، بۆیە ئەستەمە بوونیان هەبێ. ئەو کاتەی ماکسویل خەریکی تۆژینەوە بوو لە ئەڵقەکانی هەسارەی کەیوان (Saturn)، پێشبینی کرد دەبێ لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەشی ورد و بچووکی ناڕێک و پەرت و بڵاو پێک هاتبێ، پاشان بەدەر دەکەوێ کە پێشبینییەکەی زۆر ڕاستە.
تایبەتمەندییەکی ناوازەی دیکەی زەوی ناوکەکەیەتی، ناخی زەوی پێک هاتووە لە کانزا تواوەکانی کە بەردەوام لە جووڵەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەزووی کارەبایی بۆ بەبەرهەم هێنانی کایەیەکی موگناتیسی بۆ زەوی. نەبوونی ئەو کایە موگناتیسییە وا دەکات بکەوینە بەر لێشاوی بڕێکی زۆر لە تیشکە هەرە زیانبەخشەکانی خۆر کە دووچاری نەخۆشی کووشندەمان دەکەن، هاوکات بەرگە هەواکەمان دەفڕێت و ئۆکسیجنمان نامێنێت بۆ هەڵمژین. بەبێ ئەو کایەیە ئاوی دەریا و ڕووبارەکانی سەر زەویش بە بۆشایی ئاسماندا بڵاو دەبنەوە، وەک ئەوەی بەسەر بەرگەی هەوای هەسارەی بارامدا (Mars) هاتووە، لەبەر بێهێزی کایە موگناتیسییەکەی کە وای لێکردووە شوێنی ژیانی تێدا نەبێت.

سەلماندنی چەمانەوەی زەوی

لەبەر گرینگیی بەڵگەکانی چەمانەوەی زەوی، بە چەند خاڵێک بابەتەکان ڕوون دەکەینەوە؛

- ئەزموونی ڕۆوبۆسم:

هەتا ئەمڕۆکەش لاینەگرانی زەوی تەخت بەهێزترین بەڵگەیان بۆ سەلماندی نەبوونی چەمانەوەی زەوی، ئەزموونەکەی ڕۆوبۆسمە (1838)، ئەوەی لەبەشی یەکەمدا لێی دواین، بۆیە پێمان باشە بەر لە هەموو بابەتەکان وەڵامی ئەمەیان بدەینەوە.
ڕۆوبۆسم گوتی، بەلەمەکەم بەدرێژایی نێزیکەی 10 کیلۆمەتر لە کەناڵی بێدفۆرد ڕێی کرد، کەچی بە تەلسکۆپەکەم هیچ چەمانەوەیەکی زەویم بەدی نەکرد. پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونە، باوەڕدارانی زەوی تەخت جارێکی دیکە ئەزموونەکەیان هێنایەوە ناو مشتومڕی دژی بیردۆزی زەوی گۆیی. کاتێکیش یەکێک لە لایەنگرە توندڕەوەکانیان بەناوی جۆن هامپدن (John Hampden)، خەڵاتێکی ڕاگەیاند بە بڕی 500 پاوەند بۆ ئەو کەسەی بسەلمێنێت زەوی گۆیییە، ئەوا ئەو ئەزموونە پتر ناوبانگی دەرکرد.
زانای سروشتی فرە ناودار ئە‌لفرێد ڕەسل وەڵەس (Alfred Russel Wallace)، ئەو گرەوەی قەبووڵ کرد و لە ساڵی 1870دا ئەزموونەکە دووبارە دەکاتەوە لەهەمان شوێندا، بەڵام بە وردەکاری و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵانەی ڕوۆبۆسم تێی کەوت. شارەزابوونی وەڵەس بە تایبەتمەندی و کاریگەرییەکانی دانەوەی تیشک، خاڵێکی گەلەک گرینگ بوو بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەکە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست. وەڵەس دەیزانی تیشک بە بەرکەوتنی بە گەردیلەکانەوە دەشکێتەوە، بۆیە ئاستی ڕوانینی لە سەرووی ئاوەوە لە 20 سانتیمەتر بەرز کردەوە بۆ 4 مەتر بۆ کەمکردنەوەی هۆکاری شکاندنەوەی تیشک و دروستبوونی تارمایی لەبەر گەرمی و شێداری و پەستان، چونکە چەندەی لە ڕووی زەوی و ئاستی ئاو نزیک ببیتەوە کاریگەرییان پتر دەبێت. ئەم شتەشە دەبێتە هۆی پەیدابوونی تارمایی (سەراب) لە ئاسۆدا، ئەوەی وا لە بینەر دەکات لە بیاباندا گۆم و دەریاچە ببینێت، بەڵام چەندەی لێی نزیک دەبێتەوە بوونی نامێنێت، ئاشکرایە ئەوە شکانەوەی تیشکی ئاوێکی زۆر دوورە.
دوای ئەوەی بە ئامادەبوونی کەسانێکی زۆری بێلایەن بەچاکی چەمانەوەی زەوی سەلمێندرا، کەچی هەر هامپدن دانی بە دەرەنجامەکە نەهێنا و دەیگوت دووربینەکە ساختە بووە و وەڵەس فڕوفێڵی کردووە. ئەوە بوو جارێکی دیکە ئەنجام درایەوە و بە دووربینێکی دیکە، هەمان بڕ لە چەمانەوە نیشان درا، بەڵام دیسانەوە هامپدن پێی وابوو فڵیان لێ کردووە، تا گەیشتە ئاستی هەرەشەکردن لە وەڵەس و هاوەڵەکانی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هامپدن بدرێتە دادگە و بەند بکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە وەک گوتمان هەر هەموو لایەنگرانی زەوی تەخت، بۆ بەڵگە باسی ئەزموونەکەی ڕۆوبۆسم دەکەن، بەڵام هیچ یەکیکیان بە یەک وشەش ناوی وەڵەس و بەهەڵەخستنەوەی ئەو ئەزموونەیان ناهێنێت.
ئەوەی لە ئەزموونەکەی ڕۆوبۆسم ڕووی دا، لە گەلەک دیاردە و بارودۆخی جۆراوجۆر بینراوە، وەک وێنە بەناوبانگەکەی شاری شیکاگۆ کە لە دەریاچەی مەشیگان گیرا بوو بە دووری 80 کیلۆمەتر، ئاشکرایە ئەم شارە نەدەبووایە دەرکەوێ ئەگەر زەوی گۆیی بێت. پاشان زانرا هەر دەمێک وێنەی شاری شیکاگۆ بگرین لە کاتی جیاوازدا، ئەوا دەرەنجامی زۆر جیاجیامان پێ دەدات، لە هەندێکیان شارەکە بە هەڵگەراوی دەبیندرا، لە هی دیکە تەنیا بەشێکی بەدەر دەکەوت، باڵەخانەکانیش هەر جارەی بە قەبارەیەک. ئەمەش بەوە ڕاڤە دەکرێت، ئەوەی دەیبینین تەنیا وێنەیەکی پێچەوانەبووەوەی تەنێکی ڕاستەقینەیە، هۆکارەکەی بۆ جیاوازی چڕی و پلەی گەرمی هەوای نێزیک بە ڕووی ئاوی دەریاچەکە و ئەوانەی دوورتر کە وا دەکات دیاردەی شکانەوەی تیشک ڕوو بدات.
دەکارین ئەمڕۆکە ئەم ئەزموونەی ڕۆوبۆسم زۆر بەئاسانی بە لایتێکی تیشکی لەیزەری ئەنجامی بدەین، لەسەر دەریاچەیەک باشترە نەک دەریایەک کە شەپۆل هەبێت و شتەکانی سەری بەرز و نزم بکاتەوە. بەلەمێک دەهێنین و لەوحێکی پێوە دەلکێنین با دوو سێ مەتر بەرز بێت، ئینجا با بەلەمەکە دوور بکەوێتەوە، دەبینین چۆن شوێنی لەیزەرەکە بەرەبەرە هەر بەرز دەبێتەوە.

- ستوونی پردە درێژەکان:

لە باری ئاساییدا زۆربەی پڕۆژە ئەندازەیییەکان لە ڕووبەرێکی تەسک ئەنجام دەدرێن، بۆیە کاریگەریی گۆیی زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو بەدەر ناکەوێت، بەڵام لە هەندێ پڕۆژەی گەورە و بەرفرەوانی هاوشێوەی پردی ڤیرازانۆ نارۆس (Verrazzano-Narrows Bridge)، ئەوەی درێژترین پردی هەڵواسراوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، درێژی نێوان ستوونەکانی خۆی لە 1300 مەتر دەدات، ئەمەش وا دەکات دووری نێوان لووتکە و بنکەی ستوونەکان لەگەڵ یەکدیدا 4 سانتیمەتریان جیاواز بێت، هەمووشیان بە ئامێری وردی تیۆدۆلیت (Theodolite)‏ دەپێورێن.

- ئاسۆی بەرانبەرمان:

هەموومان دەزانین لەپێشماندا ئاسۆیەک هەیە، ئەمەش واتاکەی ئەوەیە ئەو ئاستەی لێی دەڕوانین ڕووتەختێکی بێکۆتا نییە، لە کەشێکی زۆر خۆش و ڕوونیشدا، دوورترین شوێن ئاسۆیە و ڕووبەری دوای ئەو ناتوانین ببینین. بۆ ئەمە تەنیا دوو ڕاڤەمان لەبەردەستە، یەکیان لە قۆناغێکدا زەوی دەوستێت و تەواو دەبێت وەک ئەوەی سەیری لێواری مێزێک بکەین، دووەمیش زەوی گۆیییە. 
ڕووبەری بینین پێوەندی هەیە بە ئاستی بەرزی، بەوەی چەندەی بەرزتر ببینەوە بواری بینینمان فرەوانتر دەبێت، کاتێک لە دەشتاییەکی تەختی بێ بەرزی و نزمییەکی زۆر دەڕوانییە بەردەمی خۆت، دیمەنێک تا دەگاتە دوورییەکی دیارکراو دەبینیت. بەڵام ئەو دەمەی دەچیتە سەر بەرزاییەک، یان دارێک لە تەنیشت خۆتەوە، ئەوا سنووری بینینت پتر دەبێ بە بەراورد بەوەی لەسەر زەوی بوویت، بێگومان چاوت هەمان توانای بینینی هەیە و گۆڕانی بەسەردا نایەت و تەنیا ڕووبەری دیمەنی پێشت فرەوانتر دەبێت.

- بینینی لوتکەی چیاکان:

باشترین بەڵگەی گۆیەتی زەوی بینینی لوتکەی چیاکانە لە ئاسۆوە. بۆ نموونە، ناتوانین لە زنجیرە چیاکانی دوورگەکانی هاوای لوتکەی چیای کاواکینی (Kawaikini) ببینین لەسەر لوتکەی مونا كيا (Mauna Kea)، هەرچەندە چیایەکی گەلەک بەرزە لە هاوای. ئەگەر زەوی تەخت بووایە، ئەوا بەئاسانی لەسەر یەکێکیان ئەوەی دیکەمان دەبینی، بەڵام لەبەر گۆیی زەوی ناتوانین بیان بینین. دەشێ لێرەدا بپرسین بۆ چیای ئەفەرست نابینین هەتا بە تەلسکۆپیش؟ کەچی مانگ بەچاو دەیبینین لەو دورییەوە، خۆ ئەگەر بە تەلسکۆپ بێت ئەوا زۆر بەوردیی ڕووەکەی دەبینین. لەسەر زەوی تەخت دەتوانی بە دووربینێکی بەهێز چیا هەرە بەرزەکان و تاوەری خەلیفە لە دوبەی لە هەموو ناوچەکانی جیهان ببینیت، بەڵام لەبەر چەمانەوەی زەوی ئەو شتە ناکرێت لە زەوی گۆییدا.

- دەرکەوتن و ونبوونی کەشتییەکان:

بڕۆ لێواری دەریایەک لە ڕۆژێکدا خۆش و ڕوون، دەبینیت چۆن کەشتییەکان لەناکاو لە هیچەوە پەیدا دەبن، واتە زۆر بەچاکی دێنە پێش وەک ئەوەی لەژێر ڕووی دەریاوە دەربچن، بەرەبەرە وایان لێ دێت بەتەواوی دەر دەکەون، هۆکاری ئەمەش بێگومان گۆیییەتی زەوییە. ئەو دەمەی لە ئاستی ڕووانینمان سەرنج بدەینە مێروولەیەک کە لەسەر ڕووی سێوێک ڕێ بکات، دەبینین لەسەرەخۆ و بەرەبەرە لە دیوی پشتەوە بەدەر دەکەوێت، هۆکاری ئەمە چەمانەوەی سێوەکەیە، چونکە ئەگەر تۆزێک چاوەڕێ بکەین، ئەوا مێروولەکە بەتەواوی دیار دەبێت، بەو شێوەیەی لە هیچەوە بێتە بەردەممان.
بۆ بابەتی کەشتییەکانیش بەهەمان شێوە ئەگەر لە قەراخ دەریاوە لێیان بڕوانین، تا دوور دەکەنەوە پتر قەبارەیان بچووکتر دەبێتەوە و هەتا بەیەکجاری وون دەبن، وەک ئەوەی نقووم بن لە ئاوی دەریا. لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کەشتییەکان لەسەر هێڵێکی ڕاست بەرەبەرە لەبەرچاومان بزر دەبن، ئەوەی دوا شتە دەبیندرێ ستوون و بەرزترین بەشی کەشتییەکانە، پێش ئەوەی وون ببن.
نەمانی کەشتییەکان لەژێر هێڵی ئاسۆدا، بەڵگەیەکی زۆر بەهێز و یەکلاییکەرەوەیە بۆ چەمانەوەیەکی بەیەکەوە بەستراو، تەنیا و تەنیاش شێوە گۆیی و هێلکەییەکان ئەو مەرجەیان تێدا هەیە بەبێ کێشە، لێرەدا هەر ڕاڤەیەکی دی بۆ شێوەی زەوی جگە لە ئەندێشەیەک زیاتر هیچی دیکە نییە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە