کوردستان بە خاک و سروشت و دانیشتوانی دەربڕی بونی نەتەوەیەکە لەسەر زەوی.

Saturday, 11/11/2023, 20:57

3085 بینراوە


کاوان

کورد و کوردستان ڕاستی ژیانە، بونی نەتەوەیەکە،ژمارەیەکی بەرجەستەیە لەناو دانیشتوانی سەرزەوی،سەربەرزی و جوانی ناو گەلانە،مرۆڤە،خۆشی و ناخۆشیە.
بەم خاسێتانەوە ئەم بەشەی مرۆڤ لە سەر زەوی جگە لەیەک شت تەنھا یەک مافی دەوێت،پێویستە وەک تەواوی ھاوڵاتیانی سەرزەوی لە ھەر جێگەیەک ھەن کە کیانێکی سەربەخۆی خۆی ھەبێت و ھیچی تر،نە زیاد نە کەم.چاوی تەماحی لە ھیچ وڵات و دانیشتوانی وڵاتی دی نیە بەڵکو بەپێچەوانەوە بە گەشەکردن و ژیانی ئارام و ئاشتیانەیان دڵخۆشە.
کورد وەک نەتەوە و خاک خاوەنی ھەموو خاسێتەکانی مرۆڤایەتیە بۆ گەیشتن بەم داوایەی کە وەک خەونیان لێکردووە بۆی بە دەست دەسەڵاتێکی میلشیای دیکتاتۆری مافیای مشەخۆری ناوخۆیی لە لایەک و ناوچەی تێی ھەڵکەوتووە لە لایەکی تر ئەمە جگە لە نادۆستی وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەگشتی
کە تەنھا کوردستان بەکاردەھێنن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و ڕوی ڕاستەقینەی درۆیان لە پشت پەردەیەکی  ڕەشی خەڵوزی یان خەندەیەکی درۆینەی ئاشکرا حەشار داوەو ختوکەی ھەستی ھاوڵاتی کورد ئەدەن وە لەم کاتە تەنھا وریایی نەتەوەی کورد خۆی ڕۆڵ دەگێڕێت کە ڕەش و سپی چۆن لێک جیا بکاتەوە،کێ دۆستی ڕاستەقینەیەو کێ ھاوڕێی بەرژەوەندی خوازە.
وەلێ لەم بەینەدا سیستمی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بنەماڵەی و خێزانی سی و دوو ساڵەی کوردوستانی باشوور لە ھەرە گەورەترین لێدانەکانی مێژووی کوردە بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێک ئەم دوو خێزانە میلشیایە بونەتە ھۆی دواکەوتنی ئەم ویستەو بەرەو پێش چوونی و لەدەست دانی ئەو ماف و ھەلە بەتایبەت لەسەرو وەختی نەمانی دەسەڵاتی حوکمی سەدام حسێن لە ناوچەکە.
کوردوستان لەناو زەبرو زەنگی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی لۆکاڵی زوو یان درەنگ دەبێت بێتە دەرەوە و بەدەستی بێنێت،چۆن و بە چ شێوەیەک ئەوە تەنھا لە خودی ھاوڵاتیانی ناوچەکەوە ھەڵدەقوڵێت و تەنھا ئەوانن دەتوانن خۆری بەیانی ئازادی لە شەوە زەنگی تاریکی بنەماڵە ئاوا بکەن.
مێژووی کورد پڕیەتی لە قوربانیدان و بەرخۆدان،بۆیە ئەم ڕێڕەوەی لە خەبات دڵنیای دەدات کە دەگاتە مەقسەدی خۆی،وە سەرچاوەی گەیشتن بە مافی خوود تەنھا ھەوڵ و خەبات و درێژەدانی نوخبەی دەنگی ناڕازیە بەرامبەر ھێزی چەوسێنەری ناوخۆو دەرەکی.
یەکبوون و تەبای ھاوڵاتیان لەسەر یەک ڕێگەو بیروباوەڕ کە دور لە بەرژەوەندخوازی تاک و کۆمەڵ و خۆخۆری بەم شێوەیە دەستە دەرەکی و ناوخۆیەکان ناتوانن فیت بھاوێژنە ناویان و بتوێنەوە ھەر وەک شاعیری گەورە پیرەمێرد سەدەیەک پێش ئێستا لە ڕۆژنامەی ژیان دووپاتی کردۆتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە