قەندیلی باڵام

Monday, 27/11/2023, 13:54

3190 بینراوە


• خۆتی خۆت
لەم زەمانی
پڕ ئاشووبەی ناو سەرمدا
تۆ چی دەکەی 
لەناو دڵدا؟!
لێم ببوورە
لەبیرم چوو
ئاشووبەکەی ناو سەری من
بوونی تۆیە
لە ناو دڵدا!!.

گوڵزاری دڵ
کاتێ هاتی
لێت نەپرسیم: دەتوانم بێم
کە لێم پرسیت
بۆ لە دەرگای دڵت نەدا؟!
جارێکی تر
لێم ببوورە
لەبیرم چوو، خۆ دڵی من
دەرگای نەبوو
گۆڵزارێ بوو
لەو گۆڕەدا!!.

لەبیرمە من
زۆر کەسم دی
گوڵێکیان دەکردەوە و
دەیانکرد بە بەرۆکی
دڵبەریاندا
من لە بیرمە
هەر ئەو کاتەش
تۆ دەستەکانت دەکردن بە چنگ و
لە کازیوەی بەیانەوە
تا بولێڵی ئێوارانێک
گوڵەکانی ناو دڵی منت 
ئاو دەدا!!.
سەرم ١
ئێستا سەرم
ئاشووباخەی دڵی خۆمە
کە تۆ پاشای لە ناو دڵدا
بە بێزەحمەت 
بەدڵ بڵێ
بیر ئاوارە و 
ڕوانین لێڵ و
ڕۆح وەیلانە
لێم ببوورە
دیسان بیرم چوو
کە تۆ خۆت پاشای
ئاشووبی سەر و
لێڵیی ڕوانین و
وەیلانیی ڕۆحی!!.

سەرم ٢
سەرم وتی: ئاشووبم ناوێ
بەزمەکە بەرەوە بۆ ناو
ماڵی خۆت
دڵ پێکەنی: یاسای پاشاییم
هەر  ئاوایە
لە هەر کوێ بم
دەبێتە ئاشووب
ئەو جێگایە!!.
گەوجە گەوج بەسە
تۆ بڕوانە
ئەو ئاشووبەت 
چەند 
لێ جوانە!!.

ئێستا
ئێستا دەڕوانم
کە تۆ ڕاست دەکەی
بەر لەوەی 
تۆ بێیت، سەرم “ زرکە تاڵ”
دڵم بێ خەیاڵ
نە کەسێکم بوو
بۆم ببێ بە کەس
نە خۆم ئەوە بووم
خۆم ببم بە کەس

قەندیلی باڵام
شتەکانم بوو
پەرش و بڵاو بوون
نە 
ئاشووبێکی
ڕێخراوم بوو
نە 
دەنگێکی، هەڵبڕاوم بوو
لە ناو دەستمدا
دەفێکی کۆنی لێدراوم بوو
ئێستا لە سایەی
جوانییەکەی تۆوە
ناوێکم هەیە
ئەزرنگێتەوە
دارێکم هەیە
ئەشنێتەوە
ئەلفەکەی باڵام
لە ناو (بێ) کاندا
خەرامانێکە
هەر لە دوورەوە
دەناسرێتەوە…. .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە