خێرایی گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتوانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لەژێر سایەی شەڕی غەززەدا...

Wednesday, 29/11/2023, 22:18

1023 بینراوە


خێرایی گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتوانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لەژێر سایەی شەڕی غەززەدا...
لە کاتێکدا ڕای گشتی جیھان لەسەر شەڕی کەرتی غەززەیە، تورکیا بەردەوامە لە تاوان و پێشێلکارییەکانی لە عەفرین و گۆڕانکاریی پێکھاتەی دیمۆگرافی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا خێراتر دەکات.
لە کاتێکدا ھەموو چاوەکانی جیھان لەسەر شەڕی کەرتی غەززەیە، حکومەتی تورکیا لە عەفرین بەردەوامە لە تاوان و پێشێلکارییەکانی و بە کەڵک وەرگرتن لە چەند ڕێکخراوێکی فەلەستینی گۆڕانکاریی پێکھاتەی دانیشتوانی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا خێراتر دەکات .
 بەگوێرەی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی شارپەرز، ھەزاران ھاووڵاتیی کورد لە ناوچەی کوردنشینی عەفرین کە لە ساڵی (٢٠١٨) لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە گیرا، ئاوارە بوون و کەمێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی عەفرین لەم ناوچەیەدا ماونەتەوە و ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ، عەفرین ئێستا زیاتر لە ھەمیشە مەترسی گۆڕینی پێکھاتەی دیمۆگرافی لەسەر جێبەجێ دەکرێت..
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست میدیاکان کەوتوون،حکومەتی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە مانگی ئەیلولدا(٥٩) کەسیان لە عەفرینەوە ڕفاندووە و چارەنووسی ئەو کەسە ڕفێندراوانەش نادیارە.
 جگە لەوەش حکومەتی تورکیا لەم مانگەدا جارێکی دیکە سەدان نەمامی بڕییەوە و دارستانەکانی عەفرینی سووتاند، لەکاتێکدا تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی گوندی نوێ بۆ عەرەب و تورکمانەکان لە جەرگەی عەفرین.لەو چوارچێوەیەدا دوو دامەزراوەی ئەمریکی بەشدارییان کرد لە دروستکردنی گوندی نوێ لە عەفرین.  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون ناوی دامەزراوە ئەمریکییە بەشداربووەکان بریتین لە: "ڕێکخراوی ھاوکاری و گەشەپێدان و ڕێکخراوی خێرخوازی سواسیا".
جگە لەوەش لە ناوچەی شەرەوا، ڕێکخراوی ھاوکاری و گەشەپێدانی جیھانی زیاتر لە( ١٠٠)بینای ھاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی ھەیکەلی دیمۆگرافی عەفرین دروستکردووە.
 ھەروەھا ئەم ئاژانسە ھەواڵییە لە مانگی تشرینی یەکەمدا زانیاری گرنگی لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە عەفرین دەستکەوتووە.  بە گوێرەی ئەم زانیاریانە، حکومەتی تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا (٤٨) ھاووڵاتیی کوردی خەڵکی عەفرین ڕفاندووە کە چوار ژن و پێنج منداڵیان تێدایە و ھیچ ھەواڵێک لە چارەنووسیان نییە.
 جگە لەوەش حکومەتی تورکیا جارێکی دیکە سەدان نەمامی لە سەرجەم گوندەکانی عەفرین بڕیوەتەوە و لە بازاڕەکاندا فرۆشتوویەتی.ھاوکات ناوچەی عەفرین بە دار زەیتون ناوبانگی دەرکردبوو و ئەم مانگە مانگی زەیتون بوو، بەڵام حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی میلیشیاکانی سەر بە خۆیەوە دەستی بەسەر زۆربەی بەرھەمی زەیتونی خەڵکی عەفرین گرت.
ھەروەھا لە درێژەی گۆڕانکاری دیمۆگرافیای عەفرین، لە مانگی تشرینی یەکەمدا چەند گوندێک لە عەفرین لە چوارچێوەی بەرنامەی گۆڕانی دیمۆگرافی دروستکراون.لەو چوارچێوەیەدا گوندێک بە ناوی "ئەشبێل بەیت پیرۆز" لە جەرگەی جەندەرس بە سەرپەرشتی ڕێکخراوێکی تورکی دروستکرا.
 لە کاتێکدا شەڕێکی وێرانکەر لە شاری غەززەی فەلەستینی ھەیە، ڕێکخراوێکی فەلەستینی بە ناوی ژیانی مەزن ھەوڵی گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتوانی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێردەستی تورکیا لە سوریا دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە