بۆچی وڵاکردنی سێکسی ژنان دەمانترسێنێت ؟

Friday, 01/12/2023, 20:20

3467 بینراوە


ئەو بۆیەکارییە (وێنەی 01)، ساڵی ١٦٠٠ بەرجەستەکراوە لەلایەن هونەرمەند (Frans Francken the Younger)، بە ناوی ( ئازایەتی ژنانی فارس). چیرۆکی ڕووداوی لەشکری فارسەکان دەگێڕێتەوە بە سەرۆکایەتی سیروسی گەورە،  کاتێک تیكشکاون و هەڵهاتوون و گەشتونەتە بەر دەرگای شار و دوژمن بە دوایانەوەیە. ژنانی شار دێن بەدەمیانەوە و ڕۆبەکانیان هەڵدەدەنەوە و کوزیان پیشانی مێرد (سەرباز) ەکان دەدەن، دەرەنجام سەربازەکان شەرمەزار دەبن، دەگەڕێنەوە و ڕووبەڕووی دوژمن دەبنەوە و وسەرکەوتن بەدەست دێنن. ئەم ڕووداوە بە شێوازێکی تر ڕوداوی جەبەل تاریقمان وەبیر دەهێنێتەوە؛ کاتێک لەشکری ئیسلام بە سەرۆکایەتی تاریقی کوڕی زیاد، پاپۆڕەکان بە ویست دەسوتێنێت و بە سەربازەکان دەڵێت:  دەریا لە پشتانەوەیە و دوژمن لە پێشەوە، ئەگەر ڕوبەڕووی دوژمن ببنەوە ئەوا شانسێکتان هەیە ئەگەر نا لە دەریادا دەخنکێن.
(وێنەی 01) ئازایەتی ژنانی فارس، بۆیەکاری هونەرمەند (Frans Francken the Younger) ساڵی 1600
وەک سەرنج دەدەین لە تابلۆکەدا پیاوان چاویان دادەپۆشن و بە بینینی کوزی ژنەکانیان شەرم دایاندەگرێ، وەک ئەوەی لە دەریادا بخنکێن. بەڵام بۆچی شەرمەزار دەبن ئەگەر ژنەکانیان کوزیان واڵابکەن، یان ئابڕویان دەچێت ؟ چ نەهێنیەک لە ژێر چەمکی ئابڕوچوونەوە خۆی مەڵاس داوە، یان چی ئاىروچوون و واڵاکردنی ناوگەڵی ئافرەتان گرە دەدات پێکەوە ؟ چونکا مەبەس لێڕەدا ئەوە نییە کە تێیان بگەیەنن گوایە ئەوان لاقە دەکرێن لەلایەن دوژمنانەوە، هەرچەندە ڕاستیەکی تێدایە؛ لە دوای هەموو جەنگێکی دۆڕاو، ژنانی بەرەی دۆڕاو لاقە دەکرێن.
ڕەپبوونی چووک  بە مانای هەوەس و ئارەزوو دێت بە ژیان، سەرکەوتن ڕەپبوون دەوروژێنێت بەو پێێەی کە جینەکانی منی مرۆڤ جینی بەهێزن و شەرعەیەتیان هەیە بەردەوامی بەخۆیان بدەن وەک جینێکی بەتوانا، بە پێچەوانەوە دۆڕاندن پێچەوانەی ڕەپ بوون و سەرکەوتنە کەواتە شەرعیەتی مانەوە و بەردەوامیی نیە. خەباتی هەموو بونێکیش برتییە لە خەباتی بەردەوام بوون بەژیان، بەردوامدان بە جینەکانی خود وەک جینێکی بەتوانا. بۆیەکا مرۆڤی ساپیان هێندە بە دوای سەرکەوتندا وێڵە. سەرکەوتن بە مانای مانەوە دێت لە ژیان کە جەوهەری هەموو بونێکە. کردەی ڕەپبوون چەمکی سەرکەوتن دەوروژێنێت بۆیەکا باشترین ئافرەت ئافرەتێکی کۆیلەیە بۆ چێژی سێکسوێلی پیاوان، لەبەر ئەوەی کردەی سێکوێل بۆ پیاوان جۆرێکە لە ڕاوکردن و هەڵمەتبردن، جۆرێکە لە لاقەکردن، هەرکاتێک خانم هەڵگەڕایەوە و توانای ڕووبەڕووبونەوەی پێ درا، چێژی سێکسوێلی هەڵمەتبەر دەداتە بەر پرسیار و مەترسی، هەوەسی سێکسوێلی پەلاماردەر دادەکشێ، دنیا سەرەونوخوون دەبێتەوە، ئۆردەرەکان وەردەچەرخێن. بۆیەکا ئەو ئافرەتانەی کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگ و خاوەنی ئابوورییەکی گرنگ ( خاوەن شەریکە و بەرپرسیارییەت)ن، بە تەنیا دەمێننەوە لە کاتێکدا پیاوان بە پێچەوانەوە لە تەمەنێکی گەورەساڵاندا دەبنە خاوەنی کیژۆڵەی ناسک و نازدار. کەواتە کاتێک ئافرەتانی فارس کوزیان پیشانی مێردەکنیان دەدەن، تێیان دەگەیەنن کە ئیدی یاسا کۆمەڵایەتییەکان سەرەونوخون دەبنەوە، ئەو کوزەی هەتا ئەو ساتە شاراوە بوو، کۆیلە بوو، ببووە نێجیری تۆ، ئیدی لەمەودوا دەسەڵات دەگرێتە دەست جگە لەوەی کە وەرچەرخانی ئۆردەرەکانە، واتە زاڵبونیەتی و هەرکاتێکیش کوز دەسەلاتی گرتە دەست ئیدی ئەوە کۆتایی چوکی ڕەپ و دەسەلاتی پیاوانە، کۆتایی باوکسالاریە. 
بەڵام بۆچی پیشاندانی کوزی ژنەکانیان ئەو دەورە دەگێڕێت کە پیاوان ناچارببن ڕووبەرووی دوژمن ببنەوە ؟
ئەگەر ئۆرگانی ژنان شاراوەیە و لە ناوەوەی جەستەیە ( شکڵێل نییە بە دەست بگیرێت) ئەوا کولتوور ئەو دیاردەیەیەی هێندەی تر زەقترکردۆتەوە بۆیەکا وەک ئۆرگانێکی شەرمەزاریی ڕەچاوی لێ کراوە لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی ژیانە. لە دەرونشیکاریدا بە نەبوون یان بڕاوە و بێبەشبوون لە شتێک باسی لێوەکراوە، بەجۆرێک کە بۆتە جێگای شەرم و لە زۆر کولتووردا و ناوێکی دیاریکراوی نییە. لە زمانە لاتینییەکاندا ناوەکان ئەگەر ڕەمزیی نەبن وەک پشیلە و کولیچە و...تاد، ئەوا زانستین، بە جۆرێک کە مێینە خۆی شارەزایی لە ئەناتۆمی کوزی خۆی نییە و شەرم دەکات باسی بکات و شانازی پێوە بکات، بەڵام لە ڕاستیدا کوزی ئافرەت شکڵێکی پێچەوانەی نێرتکە بە مەبەسی چوونە ناو یەکتری. 
وێنەی (02) کلیتۆریس
چاوەڕوانی سەدەی بیست و یەکمان کرد هەتا فەرەنسییەکان توانییان شکڵێک بدەن بە کلیتۆریسس (وێنەی 02). ئیدی لێرەوە ژنە فەمینیستەکان و هونەرمەندان دەستیان کرد بە نیشاندان و باسکردنی ئۆرگانی سێکسوێلی خۆیان بە ئاشکرا و بەرزکردنەوەی دوو پەنجە بەلکاوی پێکەوە وەک هێمای کوز (وێنەی03)، وەک چۆن پیاوان بە پەنجەیەک گوزارشت لە چوکیان دەکەن.
(وێنەی03)بەرزکردنەوەی دوو پەنجە وەک هێمای کوز لەسەر شانۆ لەلایەن هونەرمەندێکی فەمینیستەوە
لە دینەکاندا بە تایبەتی لە دینی ئیسلامدا ژنان هەمیشە بە جلک و بە کردار دەوری ملکەچییان پێ سپێردراوە، بە خۆداپۆشین و قبوڵکردنی داوای پیاوان. بەم شێوەیە ئاوێک دەکەین بەو ئاگرەدا و کۆمەڵگەیەک و ژیانێکی ( بێ کێشە) دەژیێین کە ئاغا و کۆیلە دەخاتە پەیوەندیەوە، لە چوارچیوەیان دەگرێت. سەرەتای هەموو ئەم لۆژیکانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کشتوکاڵی. ئەو دەمەی کە پیاوان دەستیان کرد بە کشتوکاڵ و ئەو کارەیان لە دەست ژنان دەرهێنا. ئیدی بە هەموو شێواز و سیاسەتێک هەوڵدراوە ئەو کۆیلایەتیە بخەنە ڕوو، بیسەپێنن بەسەر ژناندا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. دەبینین چلۆن دینەکان هەردەم بە جلک پۆشین ئافرەتان بە کۆیلە دەکەن. دینەکان کە بەرهەمی سەردەم کشتوکاڵین. خۆ ئێمە باش دەزانین کە قژی ژنان هەوەس ناوروژێنن، بەڵام قژ بە دەم باوە چەمکی ئازادی دەوروژێنێت، بۆیەکا سەرنج دەدەین لەسەر دەریاکانی فەرەنسا کچانی موسڵمان سمتیان بە دەرەوەیە بەڵام لەچکێکیان بەسەرەوەیە، ئافرەتان بەم ڕوکەشە باری کۆیلایەتی خۆیانمان بۆ نمایش دەکەن بە مەبەسی وروژاندنی هەوەسی نێرینە. دەبێت ئەوە بوترێت کە کولتووری مرۆڤایەتی و شارستانی لەسەردەمی کشتوکاڵییەوە لەسەر ئەم سیاسەتە بەندە. ئەگەر لە چیرۆکی ئادەم و حەوادا، حەوا تاوانبار کراوە، بە مەبەسی پتەواندنی زیاتری ئەم سیاسەتە بووە. 

هێزی سیحراوی کوز چی گەرەکە ؟

ئەگەر نیچە کە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ هەقیقەت ئەوا کاتێک ئاشنایی بە بەسەرهاتی بۆبۆ دەبێت، دەڵێت پێدەچێت کە هەقیقەت لە ژێر ڕۆبەکەی بۆبۆدا بێت. کاتێک خواوەند و لەهەمان کاتا خزمەتکار بۆبۆ (Baubo)ی یۆنانای (وێنەی04)، ڕۆبەکەی هەڵدەداتەوە بۆ ژنەخواوەند دێمێتێر(Démétér) لەبەر ئەوەی ناوبراو سەری خۆی هەڵگرتووە و بێزارە لە ژییان و نانی پێ ناخورێت، دەرئەنجام  بە بینینی ناوگەڵی بۆبۆ دەداتە قاقای پێکەنین و ڕۆحی دەێتەوە بە بەردا و دەست دەکاتەوە بە نان خواردان و دەژیێتەوە. نیچە لەو ڕوەوە دەڵێت : پێدەچێت کە هەقیقەت لەژێر ڕۆبەکەی بۆبۆدا بێت.ئیدی نیچە لەوە زیاتر ڕونکردنەوە نادات. خۆ ئەگەر  جارێکی تر نیچە بژیێتەوە پێ دەچێت ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ ژێر ڕۆبەکەی بۆبۆ. هەرچەندە پاشای هەقیقەت دەبوا بیزانیایە کە سنوردارکردنی ئازادی لە سێکسوالیتێدا بە داپۆشینی ناوگەڵی ئافرەت جۆرێکە لە دەروازەیەک بەرەو ئازادیەکی تر کە فرۆیدا ناوی ناوە سوبلیمیناسیۆن واتە شاگەشی و بەرزبوونەوە بەرەو ئاگایی و هەقیقەتی ڕەها.
(وێنەی04) خواوەندی بۆبۆ (Beaubo)
بێ شک ئەم ئەفسانەیە وەک واڵاکردنی بەشێکی شاراوەی جەستەیە کە کۆمەڵگە و یاسا کۆمەڵایەتیەکان پێداگری لەسەر دەکەن لە سیستەمی باوکسالاریدا، بە مەبەسی بە گژداچونەوەی یاسا کۆمەڵاییەکانە، تێپەڕاندنی سنورە. ئیدی کولتووری واڵاکردنی ئەو بەشەی شاراوەیە بەردەوامی بەخۆی داوە؛ لە هونەردا واڵاکردنی ئەو بەشە وەک واڵاکردنی هەقیقەت ناسراوە. مێژووی ئەم شاردنەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ داپۆشینی خواوەندی ئینانا (ئیشتار) لەسەردەمی شارستانیەتی بابلدا.
(وێنەی 5) ئاناسیرما (Anasyrma)
کردەی هەڵدانەوەی ڕۆب و نیشاندانی ناوگەڵ یان پاشەڵ وەک خواوەندی بۆبۆ و ئاناسیرما Anasyrma (وێنەی 5)، وەک هێزێکی کۆمیک و لەهەمان کاتا سیحراوی ڕەچاوی لێکراوە، لەلاین فرۆید و لاکانەوە بە تیۆری کراوە وەک ترس لە برینەوە. ئانا سیرما پیاو دەترسێنێت. ئەم هێزە سیحراویە هێندە بەکارە هەنێ جار لە ترس و دڵڕاوەکێ و بڕینەوە دەرباز دەبێت و خۆی دەبینێتەوە لە چەمکی پێکەوە ژیان و دژی شەڕوئاژاوە دەوەستێتەوە چونکا وەک ئاماژەم پێدا لەسەرەوە وەرچەرخانی ئۆردەری لە خۆیدا حەشارداوە. 
پاشان دیاردەی شاردنەوەی کوز چەمکی ترسناکیی و دژواری و لەهەمان کاتا هێزی سیحراوی لێ کەوتۆتەوە، بەجۆرێک کە لەسەدەکانی ناوەڕاستا وەک هێزێکی خراپە ڕەچاوی لێکراوە، هێزی جادوگەریی بە ختابارکردنی حەوا. ئیدی کوزی ئافرەتان وەک تەنێکی خراپەکار و لەهەمان کاتا سیحراوی دەبینرا  کە توانای وەرچەراخندنی ئۆردەرەکانی هەیە. بۆ نمونە کەسایەتی (پەیکەر)ی شێلا نا جیجی(Sheela na gig) (وێنەی 06).
وێنەی (06) پەیکەری ئاناسیما Sheela-Na-Gigs
هەرچەندە مێژووی ئەم پەیکەرە و ناوەکەی ناڕوونە بەڵام بە گوێرەی تیۆرییەک گوایە شێوەیەکی قێزەون و ناشیرینی شەیتانە و خەڵکی دەپارێزێت لە مردن و لە شەیتان. لە کەنیسەکانی  ئنگلتەرا  بە تایبەتی لە ئێکۆسدا زۆر دەبینرێت. لە سەدەی یانزە لە ئسپانیا و لە فەرەنسا وەدەرکەوت و  پاشان گواسترایەوە بۆ ئنگلتەرا، مەبەسی ئیدانەکردنی هەوەس و  هەڵگەڕانەوەی هەوەسی سێکسوێلی ژنانە. تێۆرییەکی تر گوایە شکڵێکی پێش کریستینایزمە و خۆی گونجاندووە لەگەڵ بیرۆکەی کریستانیزمدا. ئێتیمۆلۆژی وشەی  شێلا نا جیجی ( Sheela-Na-Gigs ) دەچێتەوە سەر وشەی Unravelling an Enigma »  ئێۆکۆسی کە بە مانای جادووگەرە پیرەکە دێت.
ئەم پەیکەرە وەک گارگووی (Gargouilles) کراوە، گارگوی ئەو شکڵانەن کە وەک پەیکەرۆکە بۆ ئاوەڕۆ دروست دەکرێن لەسەر دیواری دەرەوەی کەنیسەکان، بە پێی ئەوەی کە لە دەمیانەوە ئاوی باران ڕۆدەکەنە دەرەوەی کەنیسە یان وەک شیلا ناجیجی لە کوزیەوە. ئەم گارگوانە وەک شکڵی شەیتانی و قەبیح هەمیشە لەدەرەوەی کەنیسەن و بۆیان نیە بچنە ناوەوەی کەنیسە. بەڵام لەهەمان کاتا خەسڵەتی باشەیان هەیە بە سیمایەکی ئێجگار شەیتانیەوە گوایە کەنیسە دەپارێزن.
پاشان میتۆلۆژی ڤاژینە دانتا (Vagina dentata) مان هەیە لە مێژوودا، بە واتای کوزی بەکەڵبە دێت (وێنەی 07). وەک تەنێکی ترسناک و شەیتانی خاوەنی ددان و دەموچاوێکی ترسناکە و توانای خواردنی تەنەکانی هەیە. بێ شک ئەو تەنەش نێرتکە و بەواتای خەستەکردنی پیاوان دێت. 
(وێنەی 07) کوزی بەکەڵبە Vagina dentata
ئیدی لێرەوە، بیرۆکەی بە شەیتانیکردنی کوز لە کولتووردا گەشتە ئەو ئاستەی کە ئافرەتان خۆشیان باوەڕ بەو تیۆریانە بهێنن و خۆیان بە بونەوەرێکی خراپە و کوزیان وەک تەنێکی خراپە و پیس بینن وەک چۆن مرۆڤی ژێر دەستەی کۆلۆیالیزم خۆی بە کەم و بە بێ مێژوو دەبینێت لە بەردەم داهریکەرەکەیدا.
 دایکم هەردەم بە خەمگینیەوە باسی چیرۆکی ژنێکی بۆ دەگێراینەوە لە پێنجوێن، ژنێکی خواپەرست و نوێژکەر، لەبە ئەوەی خۆی بە پیس و کوزی وەک جێگایەکی پیس دەبینی، پێش نویژ کردن، لە زستاناندا بەو سەرمایە بە مەبەسی خۆخاوێنکردنی بە ئاوی سارد دەستنوێژی دەگرت، ناوەوەی کوزی پاک دەکردەوە بە ئاوی بەستەڵەک، هەتاوەکو خاوێن بێت و شایەنی بەردەم خودای پەروەردگاردار بێت وسەرشۆڕ نەبێت، دواجار بوە نەخۆشیەکی کوشندە و سەری بەو نەخۆشیەوە نایەوە.
ئەم خەسڵەتە، خەسڵەتی توانای وەرچەرخانی ئۆردەرەکان وەک ژنانی فارس، وەک هێزێکی جادوگەر بۆ بەشۆککردنی ئەوی بەرامبەر گەشتە لوتکەی، کوز و واڵاکردنی کوز توانای ڕوبەروبونەوەی هێزی خراپەشی گرتە خۆی، بە جۆرێک کە شەیتانیش نەتوانێت خۆی پێ ڕاگیرێت لە بەردەم هێزی بەتوانای کوزدا لەبەر ئەوەی کە کوز توانای وەرچەرخانی هەیە. لە زۆر کولتوردا هەنێ بەروبوم پارێزراوە لە بونی ئافرەت بە تەنیشتیەوە، لە کوردەواریدا وتراوە گوایە ئەو ئافرەتەی سوڕی مانگانەی هەیە ئەگەر بەتەنیشت کوپە شەرابەوە تێپەڕێت وەری دەچەرخێنێت بۆ سرکە. لەسەردەمی ئاسندا کاتێک ئاسنیان دەتواندەوە ژنان بۆیان نەبوو وەدەرکەون لەو جێگایەدا.
وەرچەرخانی ئۆردەرەکان وەک خەسڵەتێکی خراپە و ڕوبەروبونەوەی بەرامبەر بە شەیتان وەک خەسڵەتێکی باشە و پارێزەر بوە بنەمای خەسڵەتێکی دیوالیتێ، خەسڵەتی دوو ڕەهەندیی. ئەم دیاردەیە، دیاردەی توانای جادوگەری و ڕوبەروبونەوەی خراپە لە ژیانی مۆدێرندا بەکارهێنراوە لەلایەن زۆر لە ئافرەتانەوە بە مەبەسی خەباتی سیاسی یان خەباتی فەمینیستی. 
لیما گبۆ Leymah Gbowee (وێنەی 08) ژنە چالاکونێكی ئاشتی بوو خەڵکی لیبێریا بوو لە ئەفریقا، کوزی خۆی واڵاکرد لە پناوی ئاشتیدا و خەلاتی ئاشتی وەرگرتووە.
(وێنەی 08)Leymah Gbowee
هەروەها ماری نیانجیرو   Marry Nyanjiru، ساڵی 1922کوزی واڵاکرد دژی داگیرکەرە ئنگلیزەکان. (وێنەی 09)
(وێنەی 09) Marry Nyanjiru
لە سەردەمئ مۆدێرندا، کچە فەمینیستێکی ئەمەریک کە نازناوی Naked Athena یە بە مانای ئەسینا بە ڕووتی دێت، لە خۆپیشاندانێکدا بەرامبەر بە پۆلیسەکان دژی ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی پۆلیس لە ئەمەریکا، ساڵی 2022 خۆی ڕووت دەکاتەوە بەرامبەر بە پۆلیسەکان وەک کردەیەکی بەگژداچوونەوە و ناڕازی بوون (وێنەی 09)، بە وێنای کچانی فارس.
(وێنەی 10) نیک ئەسینا Naked Athena بەرامبەر بە پۆلیسەکان
ئەگەر ئۆرگانی ژنان وەک دەموچاوێک ڕەچاوی لێک راوە ئەوا لە فیلمە پۆرنۆکاندا لە کاتێکدا کچێک نێرتکێک لە کوزیا دێت و دەچێت، دەرهێنەرەکە هەردەم داوا لە کچەکە دەکات بڕوانێتە کامێراکە، وەک ئەوەی دەموچاوێکی دی بدات بە کوز، وادیارە کە ئەو دەمووچاوە زیاتر هەوەسی پیاوان دەورووژێنێت، دەتوانین ئەم خەسڵەتە گرە بدەین بە شامپانزیاکانەوە کاتێک سێکس دەکەن بەرامبەر بە یەکتری، مێینەکە مۆڕە لە نێرەکە دەکات بە مەبەسی ورووژاننی هەوەسی. بۆیەکا کچە فەمینیستی فەرەنسی دبۆرا ڕۆبێرتیس (Déborah de Robertis) دەلێت کاتیک تابلۆکەی گوستاڤ کوربێی بینیوە بە ناوی سەرچاوەی ژیان، وای هەست کردووە کە خۆی بینیوەتەوە لە بەردەم دەرگایەکی داخراودا؛ نە لێوەکانی دەبینین نە ناوەوەی نە سەری ژنەکە لە تابلۆکەدا، دبۆرا کوزی خۆی نیشان دا ( وێنەی10) لەبەردەم تابلۆکەدا و دەڵێت، لێرەوە دەمووچاوێکم دا بەو فیگورە کە هونەرمەند پیشانی نەدابوو، کە لە مێژوودا هەمیشە شاراوە بووە.
دبۆرا ڕۆبێرتییس Déborah de Robertis (وێنەی 11) لەبەردەم تابلۆکەی گوستاڤ کوربێدا لە مۆزەخانەی ئۆرسای لە پاریس
****
سەرنج دەدەین لە ژیانی هاوچەرخدا خەباتی فەمینیستی ڕۆژبەڕۆژ بەکاراترە، ئەمڕۆ لە ئەوروپا پیاوان دەبێت ئاگاداری خۆیان بن چلۆن دەدوێن، ئەو سەردەمەمان تێ پەڕاند کە ئەکتەر و پیاوای سیاسی بە هاسانی لەسەر تەلەفزوێن بە پێکەنین و شۆخیەوە دەیان گووت ئەگەر کارت دەستناکەوێت بڕۆ لەگەڵ پرۆدەکتەرەکەدا سێکس بکە. دەبێت ئاگادار بیت چلۆن لەگەڵ کچێکدا دەدوێیت. خەباتی فەمینیستی کە لە ساڵانی حەفتاوە دەستی پێ کرد لە ئەوروپا ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەی ناوە، کە هێشتا لە سەرەتایداین. ئەگەر ئێمە هێندە لە دەسەڵاتی کوز دەترسین لەبەر ئەوەی ئاغایەتی خۆمان لە کیسس دەدەین. ئۆردەرەکان پێچەوانە دەبنەوە و نازانین چلۆن لەگەڵ ئەو دیاردە نوێیەدا هەڵسوکەوت بکەین.
خۆ ئەگەر ئەو فۆتۆگرافیەی  نیکۆلا کانڤان  Nocola Canvan  بە ناوی هەڵدانەوەی ڕۆب Raising the Skirt ( وێنەی11)کۆمەڵە ژنێک پیشان دەدات بە شێوەیەکی ترسناک وەک ژنانی فارس بەرەوڕومان دێن و دەمان ترسێنن، دەستیان خستۆتە سەر کوزیان و هاواردەکەن بەرامبەرمان، فیلەمکانی زۆمبیمان دێنێتەوە یاد، لەبەر ئەوەی کە هەموو دیاردەیەکی نوێ وەرچەرخانی ئۆردەرەکانە بۆیەکا فۆتۆگرافەر شێوازێکی ترسناکی پێ داون وەک ئەوەی کە هێرش بکەنە سەرمان.
(وێنەی 12) فۆتۆگرافی نیکۆلا کەنەڤان بە ناوی هەڵدانەوەی ڕۆب
ئەگەر خەباتی فەمینیستی لە ئەوروپا و ئەمەریکا بەتینە ئەوا بە شێویەکی دامرکاوتر لە جیهاندا بەردەوامە، وەک سەرج دەدەین بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بە شێویەکی بەرچاو شانبەشانی خەباتی فەمینیستی ئەوروپا لە ڕۆژاڤای کوردستان خەباتی فەمینیستی وەدەردەکەوێت بە بێ ئەوەی مۆدێلی ئەوروپایی دووبارە بکەنەوە، شکڵێکی زیاتر سۆسیالیستی لە خۆی گرتووە کە تێیدا ژنان دەوری سەرەکی و کارا دەبینن. سەرنجیش دراوە لەو کۆمەڵگەیەدا بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین دژواریی و توند و تیژی لە نێو خێزاندا بەشێوەیەکی بەرچاو لە داکشاندایە. بەڵام شێوازی ئەو خەباتەی کە دەیبینین لە ئەوروپا زیاتر خەسڵەت هونەری لە خۆی گرتووە کە پابەندە بە مێژووی شکڵەکانەوە. دەبێت ئەو ڕاستیەش بدرکێنین کە ژنانی فارس پێش ئیسلام ڕۆبەکانیان هەڵداوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەموومان یەک مێژوومان هەیەو لەگەڵ زەمەندا کولتووری جیاواز مۆدێلی جیاوازی سەپاندووە.
پێدەچێت خوێنەر ناڕازیبوونی خۆی دەربڕێت، سەری سوڕمێت بە بینینی ئافرەتان چلۆن نمایشی کوزی خۆیان دەکەن بە ناوی ئازادی و مافەوە، بڵێن چ پێویست بەوە دەکات و زیادەڕۆیی دەکەن، کە پیاوان لە مێژوودا و لە سەردەمی هاوچەرخدا بەو شێوەیە نمایشی سێکسی خۆیانیان نەکرددووە و شانازیان پێوە نەکردوە ! بەڵام هەڵەن، چونکا دید و هزری ئێمە بەو وێنانە ڕانەهاتوون؛ کاتێک مایکڵ جاکسن دەستە دەخاتە ناوگەڵی و گۆرانی دەڵێت بە هیچ جۆرێک ئێمە توشی شۆک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەڵام کاتێک مادۆنا دەست دەبات بۆ ناوگەڵی و لە کلیپەکانیدا بەسەر پیاوێکەوەیە ڕوبەروی دادگا دەبێتەوە. گاشەبەردە ستونیەکان و زۆر شکڵی تر لە مێژودا لەسەردەمی میزۆلیتیکەوە هەتا ئەمڕۆ شایەتی نێرتکی پیاوانن، بەڵام ئێمە لە مێژەوە بەو وێنانە ڕاهاتوین، وێنەی ژنان بە هەمان ڕەفتارەوە توشی شۆکمان دەکەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە