لە کۆمادا و بە سەرچۆپی کوردایەتی ناکرێ!

Sunday, 17/12/2023, 15:06

1585 بینراوە


گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بەو پەڕی لەخۆ بردوویی و بە رۆحێکی فیدایانە دوای ساڵیانێکی زۆر لە بێدەنگی و ددان بە سەر جەرگداگرتن بە تەوژمەوە ھاتە مەیدان و خواستی رەوای خۆی  ھێنایە سەر زمان و قوربانی و بەدەلی زۆر گرانبەھای بۆ دا! گەلێک کە مێژوویەکەی لێوانلێوە لە شۆرشگێریەتی، تێکۆشان و لە خۆبردووی و ھەر ئان و سات ئامادە بووە لە پێناو ئازادی ، دادپەروەری، کیانێکی دیموکراتیک و بەرابەر قوربانی و بەھای گران پێشکەش بکات. لەبەرامبەردا دوژمنان لە ھیچ دەسیسە ، فیتنەگەری، تەفرەقە، و ناکۆکی خستنە نێو بیرووڕای خەڵک و ئەحزاب  ، ھەروەھا تێرۆر ، ئەشکەنجە ، سێدارە، کوشتن ، ئاسمیلاسیۆن و قڕکردن خۆی نەبواردووە و بە شێوازی سیستماتیک  حەوڵی بۆ ئاڵۆز کردنی کەش و ھەوای سیاسی نێو گۆمەڵگای کوردی داوەو و پلانەکانی بۆ لەباربردنی دەستکەوتی کورد چ لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوری  خستۆبە بواری جێبەجێکرندەوە! ئەوەی جێگای پرسیارە و بەردەوام لەم ساڵەی رابوارد دووپات دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا بۆ شۆرشی رۆژھەڵات لە ناخی سەرھەڵدانی ژینا کپ کرا؟ ئایا فاکتۆرەکانی ناوەکی و دەرەکی ھۆکار بوون بۆ ئەوەی دەنگی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژھەڵات نەبیسترێ!؟ وەڵام بەڵێیە ! ھەم فاکتۆری نێوخۆیی و ھەم فاکتۆری دەرەکی ھۆکار بوون بۆ لەباربردنی ئەو دەرفەتە  بەنرخە! ئەحزابی ئۆپۆزیزیۆنی کوردی بۆ ئەم گۆرانکاریە ئامادە نەبوون و ماوەیەکی زۆرە خانەنشین بوون و ھێز و توانایان بۆ ھەڵگرنی ئەو بەرپرسیارەتیە مێژوویە نەماوە! لە راستەوە بگرە تا چەپ نێوی زل و شاری وێران! پێوانی ئەوان بۆ کوردایەتی  لەبەرکردنی لیباسی کوردی لە بۆنەو مەراسمەکاندا و ھەڵسورانی پەرۆی سەرچۆپی بووە! چەندە سەرچۆپیەکەت بە توندی بابدەی ئەوەندە کوردایەتیەکەت بەھێزەو و ئەوەندە دیموکرات! ھەلومەرجی ھەرێمیش بۆ دەربازبوون و ھاتنە نێو قۆناخێکی نوێ، و ئەم ئاڵوگۆرە ئامادە نەبوو، و رێگر بوو بۆ ھەر جۆرە گۆرانکاریەک لە ھەرێمەکەدا! بەرژەوەندی تەسکی  بنەماڵەیی، پاوانخوازی،  بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی لایەنەکانی کوردی  لە ناوچەکەش ھۆکارێکی گرینگ و سەرەکی بوون بۆ دامرکانەوەی ئەو ئاگرە بەھێزەی گەلی کورد لە رۆژھەڵات ھەڵی کردبوو ! لە چوارچێوەی ماکرۆپۆلیتیکیش بە ھەمان شێواز زلھێزەکان نەیاندەویست ئەو شۆرشە سەربگرێ و  بەرژەوەندی ئەوان لەنێوببرێ و بسوتێندرێ! دەنا کۆماری ئیسلامی ئێران  ئەوەندە بەھیز نەبوو  و لە نێو خۆیدا رزیوەو و تەنیا ھەیکەلەیەکی بێ ناوەرۆک و بووچە! ھەربۆیەش  لە ئاستی ناودەوڵەتیدا دەستکەوتی شۆرشی ژینا دزرا و بە فارسی کرا و بە داینی چەند خەڵاتێکی سیمبولیک  ویستیان کۆتایی بەو دەنگە ئازادیخوازیە بھێنن و لە کەسایەتیەکدا خولاسەی بکەنەوە و ئەوەی روویدا وەکوو رووداوێک  دەیانەوێ بیخەنە نێو ئارشیڤەوە! لێرە بەڵامێک ھەیە! ئەگەر کورد بە ھەموو ھێزی خۆی لە مەیداندابایە و بێتەوە مەیدان ،کۆڵی نەدابایە و نەدات،  تۆکمەتر و بە رێکخستن بووتر لە مەیداندا بێ! لە ھەمانکاتدا شۆرشی چەکداری وەکوو ھێزی جەوھەری بپاراستبایە و بپارێزرێ! و داکۆکبایە و  داکۆکی بکات و سەنگەری لە دوژمن ھەم دیسان بگرتبایە و بیگری، ئاکامی ئەو شۆرشە و دەستکەوتەی بەرەو ئاقارێکی دیکەو  ستاتۆیەکی پتەوتر نەدەبرد؟ بەڵام بە ئەگەر و ئەما سیاسەت ناکرێ ئەوەی ھەیە ئەوەیە وا ئێستا لە خوانە! ئەویش ئەوەیە  شۆرشگێران و ئەوانەی وا ئیدعایان ھەبوو ئێستا لە کۆمادان! تەواو نەمردوون ، بەڵام زیندوش نین! ئێستا  تەنیا ھیوا، دەنگی سەر شەقام و ھێزی گەنجە لەنێوخۆی رۆژھەڵاتی کوردستان. ھێزێک کە دەستەمۆ نەکراوەو و یاغیە! ئەوەش ھیوابەخشە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە