جەنگ و هۆکارەکانی لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Friday, 22/12/2023, 12:33

3377 بینراوە


"لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و جەنگەکان، پیاوسالارییە" ڕۆبێرت ڕایت


دەروونناسی پەرەسەندنەکی لە شێوازی بیرکردنەوە و سەرچاوە و هۆکاری ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. دەروونناسانی بواری پەرەسەندن پێیان وایە، ئەو ئارەزوو و ویست و پاڵنەرە دەروونی و لەشییانەی یارمەتی پێشینەکانمانی داوە بەرەوڕووی ئاستەنگەکانی مانەوە و زاوزێ ببنەوە، ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانیانە.
سەبارەت بە جەنگەکانیش، شیکردنەوەی پەرەسەندن بە یەکێک لە کۆنترین ڕاڤەکان دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە بوونی ئامادەیی هەمیشەیی و سروشتی مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی شەڕەکان، مرۆڤ خاوەنی جینە (خۆپەرستەکان)ە کە لەڕێی زاوزێیەوە نەوە لەدوای نەوە دەگوێزرێنەوە. هەر ئەو جینانەن دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ جەنگەکان وەک ئامرازێک بەکار بهێنێت، بۆ بەدەستهێنانی مانەوە و زاڵبوون بەسەر ترسی لەناوچوون.
لە کۆی پتر لە دە ملیۆن ئاژەڵ و لەناو چوار هەزار جۆر لە شیردەرەکان، هیچ کاتێک تێبینی نەکراوە جگە لە دوو جۆریان کە تاکەکانیان لەگەڵ یەکدی و بەپێکەوەیی هێرش بکەنە سەر ئەندامانی هەمان جۆریان و بیان کوژن، ئەوانیش: شیمپانزی و مرۆڤن.
پێویستە لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە بدەین کە جەنگی مرۆڤی هاوچەرخ و ئەم دواییانەی جیهانی نوێ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هۆکاری جیاجیایان هەن و کۆمەڵێک لە بەرژەوەندی جۆراوجۆر و تێکهەڵکێش ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. بەڵام ئەوەی لەم بابەتەدا لێی دەدوێین، زیاتر پێوەندی بە پێشینە مرۆییەکانەوە هەیە، بۆ دەستنیشان کردنی سەرچاوە و هۆکارە سەرەکی و بنچینەییەکانی جەنگەکان و ڕەنگدانەوەیان لە ڕەفتار و دەروونی مرۆڤانی ئەمڕۆکەدا.

دەروونناسی پەرەسەندنەکی تایبەت بە جەنگ 

مێژووی نووسراوی مرۆڤ، بە بوونی سەدان تۆماری بواری مرۆناسی لەبارەی هۆزە سەرەتاییە کۆنەکان و شارستانییەتەکانی سەرتاپای جیهان پێمان دەڵێن، شەڕ و هێرشی پێکەوەیی و بەکۆمەڵی نێرینەکان کردارگەلەکی زۆر باو و ناسراون.
جەنگ چالاکییەکی تەواو نێرانەیە لەلایەن کۆمەڵێک لە پیاوان، گەلەک جاریش قوربانییەکان پیاوانی بەرەی دیکەن، هەرچەندە ژنانیش تێیدا زیانیان پێ دەگات. لەگەڵ ئەوەی تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو جەنگانە بە مەبەستی بەدیل گرتنی ژنانە، بەڵام پتربوونی هەلی سێکسکردن هەردەم دەستکەوتێکی پڕبایەخە و هاندانێکی بەهێزە بۆ سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر دوژمنان.
لە شیکردنەوەیەکی ژیرانە بۆ لۆژیکی جەنگ، چەند زانایەکی بواری دەروونناسی پەرەسەندنەکی سەرنجمان بۆ دیاردەیەک ڕادەکێشن کە زۆربەمان لێی بێئاگاین، بەوەی جەنگ کردارێکی تەواو گەلەکۆیی و هاریکارییە و هەرگیز بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەکی پتەوی نێوان پیاوانی هەردوو بەرەکاندا نایەتە دی.
هاوکات پێویستە جەنگەکان بەسەر بەربەستێکی یەکجار مەزنی دیکە زاڵ ببن، بە شێوەیەک دەبێ زۆر بەچاکی لایەنە ئەرێنییەکانی هەڵ بسەنگێندرێت، واتە سوودەکانی لە جەنگەکانەوە بەدەست دێن دەبێت پتر بن بەرانبەر بە مەترسییە گەورەکانی مردن و برینداربوونە سەختەکانی کە دووچاری بەشداربووان دەبنەوە. لەبەر بوونی ئەو ئاساتەی مەترسییەکان و نرخە بەرزەکەی جەنگەکان، زاناکان پێیان سەیرە چۆن ڕێی تێ دەچێت بوونەوەرێک کە گشت هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە لە ژیاندا بمێنێتەوە و جینەکانی بڵاو بکاتەوە، ئاوا خۆی لە شتێکی هێندە ترسناک بدات؟
زۆر سەختە بتوانین ڕاڤەیەکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ دیاردەیەک کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەبەردەوامی بوونی هەبووە، جەنگاوەرەکانیش شکۆمەند و بەپیرۆز کراون و خەڵاتیان پێ دراوە لەلایەن کەسانی کۆمەڵەکەیان.
پسپۆڕان تووبی و کۆسمیدس (.L Cosmides - .Tooby J)، لەسەر بنچینەی بیردۆزی پەرەسەندن لەبارەی جەنگەکانەوە چەند پێشنیارێک پێشکێش دەکەن و دەڵێن، بۆ ئەوەی هاوپەیمانەتییەک بۆ ئەنجامدانی جەنگێک بێتە ئاراوە، پێویستە چوار مەرجی سەرەکیی لەخۆ بگرێت:
1- دەبێ ڕێژەی دەستکەوت و داهاتە درێژخایەنەکان لە سوودی پتربوونی زاوزێکردن زیاتر بێت، بەرانبەر بە بڕی تێچوونەکەی کە لە زۆربوون و مانەوەدا دێنە دی، لە بەشداریکردن لە جەنگەکانی درێژەی کاتی پەرەسەندنەکان.
زێدەبوونی هەلی سێکسکردن و گەیشتن بە ژنان لە هەموو بابەتەکانی دیکە بایەخی زۆرترە، ئەو داهاتەی مەرجێکی گەورەتر دەسەپێنێت بەسەر ژمارەی نێرەکان. لەبەر کاریگەریی و پلە یەکجار بەرزەکەی ژنان لە نەوەنانەوە، وای لێیان کردووە تا ئەو ئاستە داهاتێکی بەهادار ببن لەلای پیاوان، بەڵام دیسانەوە داهاتێکی سنووردارن. لێرەدا نەبوونی هاویەکی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە، واتای ئەوەمان پێ دەدات کە دەستکەوتی ژنان لە جەنگەکاندا کەمترە لەوەی پیاوەکان، چونکە تۆماو شتێکی گەلەک زۆر و هەرزانە، هیچ پیاوێک نییە ڕێگر بێت لە پێدانی تۆماوەکانی بەو ژنانەی دەیانەوێ نەوە بنێنەوە. هۆکارەکەی ئەم پرسە لەو جیاوازییە بنەڕەتییەیە کە پیاوێک دەتوانێت سەدان ژن سکپڕ بکات، بەڵام ژن ئەگەر لەگەڵ سەدان پیاویش جووت ببێت هەر ناتوانێت لە توانای سروشتیی خۆی پتر نەوە بنێتەوە. بەکورتی قازانجی پیاوان لە جەنگدا لەگەڵ ئەوەی ژنان، جێی بەراوردکردنی تێدا نابێتەوە.
2- شتێکی بەڵگەنەویستە ئەندامانی هاوپەیمانەتییەکان (جەنگاوەران) لەو باوەڕەن کە کۆمەڵەکەی خۆیان لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو دەبێت. بڕوابوونەکەش تەنیا ئەوەندە نییە کە شەڕەکە دەبەینەوە، بەڵکوو بەروبووم و داهاتەکانمان زیاتر دەبن پاش ڕووبەڕووبوونەکە بەرانبەر بەوەی پێشتر خاوەنی بووین.
3- هەر یەکێک لە جەنگاوەران بەگوێرەی ڕێژەی مەترسی لەسەری و ئاستی ئازایەتی و چالاکییەکانی لە شەڕەکاندا بەرەو سەرکەوتن، پشکی بەبەر دەکەوێت لە دەستکەوتەکانی جەنگ. کەواتە ئەو پیاوەی نەچووەتە شەڕ، نابێ هیچی پێ بدرێت لە دەستکەوتەکانی ئەو شەڕە، ئەوانەشی مەترسی گەورەیان لەسەر بووە وەک سەرکردە و پیاوی ئازا و پاڵەوانی جەنگەکان، دەبێ زێدەتر وەربگرن لەوانەی دیکە.
4- ئەو پیاوانەی دەچنە شەڕەکان دەبێ نەزانن کێ دەمرێ و کێ لەژیاندا دەمێنێتەوە.
پێویستە ڕێژەی ئەگەری مردن بەهەڕەمەکیی دابەش کرابێ بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵە شەڕکەرەکە. چونکە کاتێک تۆ بزانیت سەد لەسەد دەکوژرێیت، ئەوا چوونت کارێکی ژیرانە نییە و هیچت دەست ناکەوێت. هەڵبژاردنی سروشتی زۆر چالاک دەبێت دژ بە گشت هەوڵێک بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکاندا کاتێک مردن مسۆگەر دەبێت، لەبەرئەوەی شتێکی ئاساییە بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ، بە پەرەسەندن میکانیزمێک بێتە کایەوە وا لە پیاوان بکات دوور بکەونەوە لە زیانێکی هێندە گەورە لەو دەمانەی مردنیان گومانی تێدا نامێنێت. بەڵام دابەشبوونی مەترسییەکان بەسەر ئەوانەی دیکەش، دەبێتە هۆی ئەوەی کەس نازانێت کامە پیاو دەژیێت، کامەشی دەمرێت، بەمەش هەڵبژاردن پێی دەکرێ هاوسەنگییەک دروست بکات و هاندانێک پەیدا ببێت بۆ چوونە شەڕەکان.
ئەم مەرجانە تووبی و کۆسمیدس ناوی دەنێن بە (گرێبەستی مەترسیی جەنگ)، ئەوی چەندان پێشبینی گەلەک سەرنجڕاکێشمان پێ دەدات، لە هەموویان گرینگتر کاریگەری ڕێژەی مردنەکانە بۆ فشاری هەڵبژاردنە پەرەسەندنەکییەکان، لە بەرهەمهێنانی میکانیزمە دەروونییەکان بۆ ئەوەی ببنە پاڵنەری پیاوان بۆ جەنگ.
ئێستە با جۆرە لۆژیکێک پێڕەو بکەین لە جەنگەکاندا: گریمان دە پیاومان هەن لە کۆمەڵەیەکی یەکگرتوودا بۆ هەڵکوتانەسەر هۆزێکی دیکەی نێزیک خۆیان، لە هێرشەکەدا توانرا پێنج ژنی پیتدار و شیاو بۆ نەوەنانەوە بەدیل بگرن. کاتێک هەموو پیاوەکان لەژیاندا بمێننەوە ئەوا ئەگەری گەیشتنیان بە سێکسکردن 0.50 ژنە بۆ هەر پیاوێک (پێنج ژن دابەش دە پیاو یەکسانە بە 0.50 بۆ یەک پیاو)، ئەو دەمەشی وای دابنێین پێنج پیاو لە شەڕەکەدا کوژران بەهەمان ژمارە لە ژنانی بەدیل گیراو، لێرەشدا بۆ پیاوەکانی لەژیاندا ماون ڕێژەی بەدەستهێنانی سێکس دەبێتە یەک ژن بۆ هەر یەکێک لە پیاوەکان (پێنج ژن دابەش پێنج پیاو یەکسانە بە یەک). ئاشکرایە ڕێژەی دەستکەوتی زاوزێکردن بۆ چوونە شەڕ لە هەردوو گریمانەدا یەکسانە، چونکە وەک پێشتر گوتمان دەوەستێتە سەر ژمارەی ژنەکان، هەرچەندە لە مەرجی یەکەمدا هیچ پیاوێک نەکوژرا و لەوەی دووەم پێنجیان مردن. بەکورتی، لەبەرئەوەی هەڵبژاردن لەسەر بنچینەی ڕێژەی هەلی زاوزێکردن کار دەکات لەرێی تاکەکانەوە بە درێژایی کاتی پەرەسەندن، بۆیە دەتوانێت چەند میکانیزمێکی دەروونی بخاتە بەردەست، بۆ هاندانی پیاوان بەرەو ئەنجامدانی شەڕەکان، گەرچی ئەو میکانیزمانە دووچاری مەترسی مردنیشیان بکاتەوە. بە دەربڕینێکی دیکەی ڕوونتر، ڕێژەی مردنەکان کاریگەری نییە بەسەر ڕێژەی ناوەندی سوودەکانی زاوزێ و نەوەنانەوە سەبارەت بە پرسی بەشداریکردن لە جەنگەکان.

ڕەفتار و تایبەتمەندی پێشبینیکراوی جەنگاوەران

خستنەڕووی ئەم بیروڕایانەی بواری پەرەسەندن لەبارەی جەنگەکان، بەرەو هەندێک پێشبینیی تایبەتیمان دەبات؛
- لەلای پیاوان، نەک ژنان، جۆرە تایبەتمەندییەکی دەروونی پەرەسەندوو دروست دەبێت بۆ بەشداریکردن لە شەڕە پێکەوەییەکان.
- گەیشتن بە سێکسی ژنان، یەکەمین دەستکەوتە بۆ پیاوان بەرانبەر بە بەئەندامبوونیان لە هاوپەیمانییەتییە نێرینەیییەکاندا.
- پیاوەکان جۆرە میکانیزمێکی دەروونی پەرەسەندوو لەلایاندا سەرهەڵ دەدات، وایان لێ دەکات ترس دایان بگرێت و خۆبەدوور بگرن لە هاوپەیمانییەتییەک کە بزانن بە بەردەوامبوونیان مردن دەبێتە دەرەنجامێکی مسۆگەر.
- ڕێژەی بەشداریکەران لە شەڕەکان بەرزتر دەبێتەوە، چەندەی ئەگەری سەرکەوتن زیاتر ببێت، بە نموونە، ژمارەی پیاوانی هاوپەیمانەتییەکەیان پتر بێت لەوەی دوژمنەکانیان.
- دەبێ پیاوەکان خاوەنی توانایەکی دەروونی پەرەسەندوو بن بۆ سەپاندنی (گرێبەستی مەترسیی جەنگ)، واتە دۆزینەوە و سزادانی ئەوانەی فڕوفێڵ، یاخۆ ناپاکی دەکەن، یان خۆیان دەدزنەوە لە شەڕەکان.
- پێویستە پیاوان جۆرە میکانیزمێکی دەروونی پەرەسەندوویان هەبێت، بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی پیاوانی بەتوانا بۆ هێنانە ناو هاوپەیمانەتییەکەیان، ئەوانەی ئارەزووی بەشداریکردنن و ئازا و چاونەترسن و دەتوانن سەرکەوتن لە شەڕەکان بەدەست بهێنن.
بۆ سەلماندنی ئەو بیروڕایانە چەندان بەڵگە لەبەردەستن بۆ پشکنینی ڕاستبوونی ئەو پێشبینیکردنانە، گرینگترینیان؛
- پیاوەکان بەشداری لە جەنگەکاندا دەکەن
پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی لە پیاواندا بۆ کوشتنی پیاوانی هاوپەیمانییەتەکانی دی لە هەموو کۆمەڵە و شارستانییەتەکاندا بینراوە، هەندێک هۆزی وەک یانۆمامۆی (Yanomamö)، بەبەردەوامی لەشەڕدا بوونە. لە بەرانبەر ئەمە لە هیچ شوێنێکدا ژنان خاوەنی هاوپەیمانییەتی نەبوونە بۆ کوشتنی مرۆڤانی دیکە. بێگومان ئەم دیاردەیە لەبارەی شەڕەکان لەلای هەموومان زانراوە، پێش تۆژینەوەکانی (تووبی و کۆسمیدس)یش. کەواتە ئەم ڕایە تەواو لەگەڵ بیردۆزەکەی ئەم دووانە ڕێک دێتەوە، بەمەش بیردۆزەکانی دی دەخرێنە ژێر پرسیارەوە، ئەوانەی پێیان وایە جەنگ لە بنچینەیەکی کۆمەڵایەتی هەڕەمەکییەوە بەرپا دەبێت.
- ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان لەخۆوە توانای شەڕکردنی خۆیان هەڵ دەسەنگێنن
ئەگەر پیاوان بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ، چەندان جار بەشداری شەڕی تووندیان کردبێ زیاتر لە ژنان، ئەوا دەکرێ پێشبینی ئەوە لە پیاوان بکەین جۆرە تایبەتمەندییەکی دەروونی ناوازە لەلایاندا سەرهەڵ بدات، بۆ هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکان و زانینی ئەوەی بەشداریکردن لە جەنگەکان کارێکی ژیرانەیە، ئەمەش لە بەراوردکردنی هێز و تواناکانی خۆیانە لەگەڵ پیاوانی دیکە.
زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکیی ئادەم فۆکس (Adam Fox)، وای دەبینێت پیاوان بەبەردەوامی و زۆر لە ژنان زێدەتر بایەخ بدەن بە زانینی تواناکانیان لە شەڕەکاندا. بۆ پشکنین و سەلماندنی ئەو تێبینییانە، فۆکس لە نموونەیەکدا لە کۆمەڵێک خوێندکارانی زانکۆکان لە هەردوو ڕەگەزەکە دەپرسێت، چەند جار بیر لە تواناکانی خۆت و دەرنجامی شەڕەکان دەکەیتەوە لەگەڵ ئەوانەی دی؟
وەڵامی زۆربەی نێرینەکان، بەلایەنی کەم مانگی جارێک، زیاترین وەڵام جارێک بوو لە حەفتەیەکدا. ژنەکان وتیان تەنیا جاروبار، زۆرینەشیان وەڵامەکەیان بە (هەرگیز) بوو. ئەم زانیارییانە دەبنە پاڵپشت بۆ ئەوەی بزانین کە ڕێژەی پیاوان چەندان جار پترە لەوەی ژنان بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی بازووی خۆیان و توانای شەڕکردنیان، ئەمەشیان میکانیزمێكی پەرەسەندووە بۆ بڕیاردان لە چوون، یاخۆ نەچوون بۆ شەڕەکان.

ئەو خۆگونجاندنانەی سەرکەوتن لە جەنگدا ئاسان دەکات

کۆمەڵێک جیاوازی ناسراو هەن لەنێوان دوو ڕەگەزەکەدا، وەک خۆگونجانێکی پەرەسەندوو بوونیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکان. پیاوان بەهێزترن لە ژنان بەتایبەتی لەبەشی سەرەوەی لەش، هێزی پیاو نێزیکەی دوو هێندەی هێزی ژنانە لە ئاستی سنگ و شانەکان و دەستەکان. پیاوان لە هەڵدان و هاوێشتنی شتانێک بۆ دوورتر و وردییەتی لە پێکاندن باڵادەستن، واتە لە شەڕەکانی کە بە بەرد و ڕم دەکرێن بەتوانان، لە دۆزینەوە و ناسینەوەی شوێنەکانیش باشترن لە ژنان (بەهۆی خەریکبوونیان لە ڕاوکردنی ئاژەڵان). پیاوان هەردەم ئارەزووی هاوپەیمانییەتی و پێکەوەبوونی پیاوان دەکەن و پێیان خۆش نییە لەو ساتانەدا ژنانیان لەگەڵ بێت. لەبەرئەوەشە زۆر جار شەوی پێش هێرشکردن، پیاوەکان هەڵ دەستن بەدوورخستنەوەی ژنەکانیان لەو شوێنەی هاوپەیمانان تێدا کۆبوونەتەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری دروستبوونی کێبڕکێی سێکسی لە نێوان نێرینەکەیاندا.
گەورەترین مەترسی لەلای پیاوانی دەچنە شەڕەکان ئەوەیە کە ترسنۆکانە ڕەفتار بکەن، چونکە ئەمە دەبێتە جێی شەرم و شوورەیی لە دیدی هەڤاڵە جەنگاوەرەکانیان. پێچەوانەی ئەمە پیاوان شەڕ بە ئەزموونێکی یەکجار کاریگەر دەبینن، بۆیە شانازی و هەستی برایەتی نێوانیان بەرزتر دەبێتەوە لە دەمی نێزیکبوونەوەی جەنگەکان، هەموو ئەمانەش لە ئەدەبی جیهانیدا ڕەنگی داوەتەوە، گەلەک سروود و هۆنراوەی تایبەتی لەپێناو ئەم بۆنانە دانراون.
هاوشێوەی ئەو گوتارەی (پێش جەنگ) لە شانۆگەری هێنری پێنجەمی شکسپیر وەرگیراوە:
ئێمە کەمینەین، کەمینەیەکی دڵخۆش، ئێمە کۆمەڵە برایەکین
ئەو کەسەی ئەمڕۆکە لەگەڵ مندا خوێنی دەڕژێت
دەبێتە برام، هەرگیز بەکەم سەیر ناکرێت
ئەمڕۆکە پلە و پایەکی کۆمەڵایەتی بەرزی پێ دەدرێت
خانەدانەکانیش ئەوانەی ئێستە لەناو جێدا کەوتوون
هەست دەکەن لە نەفرەت لێکراوەکانن چونکە لێرە نین

گەیشتن بە سێکس وەک دەستکەوتێکی جەنگ دەدرێتە سەرکەوتووەکان

زانایانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی کریگ پاڵمەر و کریستۆفەر تیلی (Craig Palmer - Christopher Tilley)، هەڵ دەستن بە لێکۆڵینەوە لەو پێشنیارەی دەڵێت، گەیشتن بە ژنان بۆ سێکس هۆکاری سەرەکییە بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی گروپەکانی شەڕکەران. دەکرێ پێناسەی ئەو جۆرە گروپە بەوە بکەین: پێکهاتەیەکە لە کۆی هاوتاکان، چەند بایەخ و ئارەزووێکی هاوبەش لێکیان گرێ دەدات، لەگەڵ بوونی سەرکردەیەکی دیارکراو لە ئەرک و فەرمانی پتەو و جێگیر، پێکەوە بە هاودەنگی کار دەکەن بۆ مەبەست و ئامانجێکی هاوبەش. بۆ نموونە، شەڕی چەتەگەریی گەلەک بڵاوە لە ئەمریکا، بەتایبەتیش لە شارە گەورەکانی وەک لۆس ئەنجلس و هی دیکە، مردنیش تێیاندا دەرەنجامێکی زۆر باوە.
بۆچی نێرینەیەک دەبێتە ئەندام لە گروپێک کە تێیدا دووچاری مەترسی مردن دەبێتەوە؟
یەک لە ئەندامەکانی ئەو گروپانە دەڵێت: "هەستم کرد گروپەکە دەست بەسەر هەندێک شت دەگرێت کە من پێم خۆش بوو، من وەک کەسێکی بێکەڵک خەریکی وانەکانم بووم لە خوێندنگەی سەرەتایی، بەتەواوی نووقمی خوێندن و فێربوون ببووم و هیچ خراپەکارییەکم ئەنجام نەدەدا وەک ئەم چەتانە، بەڵام بینیم ئەوان کچیان لەگەڵە."
پاڵمەر و تیلی دەیان ویست پێشبینییەکان بە ئەزموون یەکلایی بکەنەوە، نەک تەنیا بە گوتەی تاکە کەسی و شتانێکی دەگمەن. بەو مەبەستە ئەم دوو زانایە لە نموونەیەکەوە ڕای 57 ئەندام وەردەگرن لە گروپێکی ناسراوی شاری کۆلۆرادۆ سپرینگس لە کۆلۆرادۆی ئەمریکا، بۆ بەراوردکردن لەگەڵ 63 نێرینەی هاوتەمەنی خەڵکی هەمان کۆمەڵگەکە، لەوانەی سەر بە هیچ گروپێکی چەتەگەری نەبوون. پرسیاریان لێ کرا لەبارەی ژمارەی دۆستە سێکسییەکانیان لە ماوەی سی ڕۆژی ڕابردوودا، لە دەرەنجام زۆربەی ئەندامانی گروپەکان بە ئەرێنی وەڵامیان دایەوە بە ڕێژەی 1.67، لەلای ئەوانەی دەرەوەی گروپەکان 1.22 بوو. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو دوو کەسەی ڕێژەکەیان بەرزتر بوو لە هەمووان، دوو سەرۆکەکەی چەتەکان بوون، یەکیان لەگەڵ یازدە دۆست و ئەوەی دیکەیان لەگەڵ دە دۆستدا سێکسی کردبوو لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، ئەوانەشی ئەندامی گروپەکان نەبوون، هیچ یەکێکیان ژمارەی دۆستەکانیان لە پێنج تێنەدەپەڕی لە هەمان ماوەی سێ مانگەکەدا.
لەو زانیارییانەی لە نموونەی گشتی هاووڵاتییان بەدەست هات، پالمەر و تیلی بۆیان ڕوون بووەوە کە %55 لە پیاوانی هاوتەمەنی ئەندامانی گروپە چەتەگەرییەکان، بەڕێژەی یەک، یاخۆ کەمتر لە دۆستی مێیینەیان هەبووە بۆ ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، تەنیا %15 دۆستایەتی زێدەتر لە چواریان کردووە. ئەو دەمەی ئەم ڕێژانە لەگەڵ یەکدیدا بەراورد دەکەین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە زۆرینەی پیاوانی ئەندام لە چەتەگەرییەکان لە مانگێکدا دۆستی سێکسییان زیاترە، بەرانبەر بە ڕێژەی خەڵکانی دیکەی بەدرێژایی یەک ساڵ. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە بەڵگەی پتەومان گەرەکە، چونکە دەشێ بەشداربووانی گروپەکان خۆهەڵکێش بن و لە پیاوانی ئاسایی پتر زێدەڕۆیی بکەن.
لەڕێی تۆژینەوەی چانۆن (Chagnon) بۆ هۆزی یانۆمامۆی، بەڵگەیەکی ئەزموونداری دی بووە پاڵپشت بۆ بەرزی ڕێژەی دۆستەکان لەلای سەرۆکی گروپ و هاوپەیمانەتییەکان. بەوەی زۆرینەی ڕاڤەکانی چەندجارە دەکرانەوە لەبارەی یانۆمامۆی بۆ چوونە شەڕەکان دژ بە هۆزەکانی دیکە، تۆڵەسەندنەوە بوو بۆ کوشتنێکی پێشوو، باوترین هۆکاری شەڕ هەڵگیرسانیش "ژن" بوو. لەلای یانۆمامۆییەکان جیاکارییەکی کۆمەڵایەتی تووند لە نێوان دوو چیندا دێتە ناسین: یونۆکایز (unokais)، واتە ئەوانەی بە کوشتن بەرگریییان کردووە، ئەوانەشی کەسیان نەکوشتووە کە پێیان دەگوترێ نەیونۆکایز (non-unokais). جیاکارییەکی ئاوا بەهێز بۆ ئابڕوو و پلە و پایەی پیاوەکان، شتێکی گەلەک بایەخدارە لەو هۆزەی کە هەر هەموویان لە یونۆکایزەکانن. پیاوانی قوربانی لە چینی یونۆکایزەکان لە بنچینەوە پیاوانی دیکەن لە هێرشەکاندا دژ بە دوژمنەکانیان کوژراون، هەرچەندە هەندێ لە کوشتنەکان لە یەک کۆمەڵەدا لەبەر دڵپیسی سێکسیی ڕوو دەدەن. لە کۆی نیشتەجێیان ژمارەی یونۆکایزەکانی لە ژیاندا ماون 137 پیاو بوون، زۆرینەیان یەک جار کوشتنیان ئەنجام داوە، ئەوانەشی چەندان جار کوشتاریان کردووە (تۆمارگە ناوخۆییەکان ئاماژە بە 16 کوشتن دەدەن)، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە پلەی کۆمەڵایەتی وایتری (waiteri)، بە واتای "دڕ" پێی دەدرێت.
ئەو دەمەی بەرواردێکی دیکە کرا بۆ هاوتەمەنەکانی یونۆکایز و نەیونۆکایزەکان، جیاوازییەکی ئاشکرا بەدەرکەوت کە یونۆکایزەکان ژمارەی ژنەکانیان زیاتر بوون. هاوتەمەنەکانی 20 بۆ 24 ساڵ، ڕێژەی یونۆکایزەکان 0.80 ژن بوو کە دەیکردە چوار هێندەی نەیونۆکایزەکان بە ڕێژەیەکی 0.13 ژن. لە نموونەکانی پیاوانی سەروی 41 ساڵیش، ڕێژەی ژندارییەتی یونۆکایزەکان 2.09 بوو بەرانبەر بە 1.17 بۆ نەیونۆکایزەکان. بەڵگەی دی جۆراوجۆر هەیە لەسەر ئەوەی، یونۆکایزەکان پێوەندی سێکسییان پترە لە نەیونۆکایزەکان لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیرییش.
بەکورتی، ئەگەر بڕوانینە ئەنجامدانی کوشتن وەک دووپاتکردنەوەیەکی گونجاو بۆ بەشداریکردنێکی گرینگ لە شەڕە هاوپەیمانەتییەکان، ئەوا دەبێتە بەڵگەیەک بۆ پاڵپشتیکردن لەو بیروڕایەی کە دەبێژێت: گەیشتنی پیاوان بە سێکسکردن لەگەڵ ژناندا، بە دەستکەوتێکی پڕ بەها و بایەخدار دادەنرێت بۆ زۆربوون و نەوەنانەوە لەڕێی جەنگە هاوپەیمانەتییەکان.

 ژنان و پیاوان ئارەزووی چی جۆرە تایبەتمەندییەک دەکەن لە جەنگاوەران؟

بۆ ئەم پرسە سێ لێتۆژ هەڵ دەستن بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەک، تێیدا داوا لە 60 پیاو و 53 ژن دەکەن تاکوو ئاستی پەسندبوونی 148 تایبەتمەندی دیار بکەن لە ئەندامانی هاوپەیمانەتی جەنگەکان. بۆ ئەو مەبەستەش پێناسەی ( کۆمەڵێک کەسن هەوڵ دەدەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان) درایە هاوپەیمانەتییەکان. هەر تایبەتمەندییەک لەوانە بۆ پێوانەکردن پلەیەکی بۆ دانرا لە نێوان -4 (تایبەتمەندییەکی یەکجار نەخوازراو و ناپەسند بۆ ئەندامی هاوپەیمانەتییەکە) و +4 بۆ (تایبەتمەندییەکی یەکجار خوازراو و پەسند بۆ ئەندامی هاوپەیمانەتییەکە). 
148 تایبەتمەندییەکەی بەشداربووانی جەنگەکان لە سێ تێڕوانینەوە سەرچاوەیان دەگرت؛
1- دیارکردنی ڕەفتار و ڕووداوەکانی دەبنە هۆی پترکردنی پلە و پایەی ئەندامەکە.
2- نیشانە کەسایەتییەکانی پێوەندییان هەیە بە، دەسەڵات، نەرمی و ڕووخۆشی، بەویژدانبوون، هەستداری و دڵسۆزی، بیروڕای کراوە.
3- تایبەتمەندییەکانی تیۆرەکی وەرگیراو لە پێشبینیکردنەکانی پەرەسەندن لەبارەی کار و فەرمانی هاوپەیمانەتییەکان.
پیاوان و ژنان ئەم چەند تایبەتمەندییەی خوارەوە لەلای جەنگاوەران زۆر بەرز دەنرخێنن: لە کارکردندا گورجوگۆڵ و چالاک، زیرەک و ژیر، نەرم و نیان و هزر کراوە، لە هاندانی کەسانی دی کاریگەر بێت، پڕ زانیاری، قسەخۆش و گاڵتەچی و لەوانە بێ کە متمانەیان پێ دەکرێت.
پێویستە بزانرێت جیاوازییەکی ئاشکرا و بەرچاو هەیە لە نێوان هەڵبژاردەی دوو ڕەگەزەکە، ئەمەش ئاماژەیەکە بە بوونی کۆمەڵێک کار و فەرمانی جۆراوجۆر لە هاوپەیمانەتییەکانی پیاوان.
پیاوەکان ئەم چەند خاڵەیان پتر پێ پەسند بوو لەوەی ژنەکان: ئازا و چاونەترس بەرانبەر بە مەترسییەکان (پیاوان 2.40 لەلای ژنان 1.66)، لەشێکی زل و بەهێز (پیاوان 1.07 ژنان 0.43)، شەڕکەرێکی باش بێت (1.30 بۆ 0.42)، بتوانێ ئەوانەی دیکە بپارێزێت لە زیانە لەشییەکان (1.37 بۆ 0.89)، خۆڕاگر بێت و بەرگەی ئێش و ئازار بگرێ (0.75 بۆ 0.36)، بتوانێ بەرگری بکات دژی هێرشەکانی دەکرێنە سەر خۆی (1.90 بۆ 1.43)، بتوانێ زاڵ بێت بەسەر کەسی بەرانبەرەکەی (0.35 بۆ -0.42).
لەمانەشدا پیاوان ئەو تایبەتمەندییانەی پیاویان پێ پەسند نەبوو زیاتر لەو پلەیەی ژنان بۆیان دادەنا: لە ئاستێکی نزمدا بێت لە چالاکییە وەرزشییەکان (-0.68 بۆ -0.23)، خاوەنی لەشێکی بێهێز بێت (-1.08 بۆ -0.55).
لەڕاستیدا ئەمەیان تەنیا ڕاپرسییەک بوو لە نموونەیەکی سنوورداری خوێندکارانی ئەمریکا، بۆیە ناکرێ دەرەنجامەکەی وەک بەڵگەیەکی پتەو لێی بڕواندرێ، بێگومان سوودی زۆری دەبێ ئەگەر ئەم جۆرە تۆژینەوانە لە کۆمەڵگە جیاجیاکاندا ئەنجام بدرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش شتێکی سەرنجڕاکێش بوو، لە ئاستی زانکۆکانی ئەمریکای نوێدا، ئەوەی گەلەک دوورە لە جەنگی هۆزە کۆنەکانی پێشینە مرۆیییەکان، لەم سەردەمەی کە ژمارەی شەڕی تاکەکان و جەنگی وڵاتان یەکجار کەم بوونەتەوە، کەچی پیاوان ئێستەش شەڕکەر و بەشداربووانی جەنگەکان هەڵ ببژێرن، بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە یاریدەدەرن بۆ بەرگریکردنە لەشییەکان و سەرکەوتن لە شەڕی کۆمەڵەیەک دژ بە یەکێکی دیکە. 
…………………………….

سەرچاوەکان؛

The New Science of the Mind

David M. Buss

https://hamzehammade.wordpress.com


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە