هوشیاری ئینسان لە بینی وێنە گەورەکەدایە

Tuesday, 13/02/2024, 1:58

2914 بینراوە


هەموو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە حكومەتەکەی خراپ بێت و بیڕوخێنێت، بەڵام پێش ڕوخاندنەکە دەبێ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ دوای روخاندن ئامادە کردبیت و حکومەتیکی باشتر بونیاد بنێتەوە ، ٣٣ ساڵە پارتی و یەکێتی بازرگانی بە بیزنسی کوردایەتیەوە دەکەن ، لە شاخیش شەڕی ئەمانە بۆ ئەوە بوو کە مارکێتینگەکانی کامیان (جنیودان ،ناوزراندن، هۆنینەوەی بوختان و تیرۆری سیاسی …هتد) باشتر کار دەکاتە سەر سایکۆلۆژیای کۆمەڵگا و شەقامی کوردی، لەدوای ڕاپەرینیشەوە  لە کابینەی یەکەم هەتا کابینەی نۆیەم هەر کابینەیەک پێکهێنرابێت هەرگیز لە کابینەکەی پێشخۆی باشتر نەبووە ، ئێوە لە کابینەی یەکەمی فواد مەعسومەوە هەتا کابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی تەماشای بکەن ، هیچ کوردێک دڵی بەم کابینانەو بەم حکومەتە تڕە کەڵەکە خۆش نەبووە ، هیچ کوردێکیش سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی بە وەزیری خۆی نەزانیوە ، هەرگیز کوردێک دڵی بەم فۆڕمە لە ئیدارەدان و بە فەتوای زۆنی زەردو فەتوای زۆنی سەوز خۆش نیە . 
ئەوەی خەڵکی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا تێبینی کردووە بە خێزانیکردنی حکومەتە کە پارتی بۆ یەکەمین جار لەم کابینەیەدا هەیمەنەی خێزانی لە حیزبەوە گواستەوە بۆ ناو حکومەت ، یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا کاری باوێشک و وەنەوزی سیاسییە و عاقڵ دانیشتون و چاویان لە دەستی پارتییە کە شوێنگەی سیاسی داهاتوویان بۆ دەست نیشان بکات ، هەرچی بزوتنەوەی گۆرانیشە توشی هەناسەسواری بووەو بزوتنەوەکە بووەتە بەشیکە لە نەخشەریگای پارتی تا بتوانن نائومێدی خەلک لەڕێگای ئەمانەوە بچننەوە ، نەوەی نوێش تەواوکەری پارتی و یەکێتی یە چونکە ئەمانیش لەپشتی پارتی و یەکێتیەوە فەزاحەتەکانی خۆیانیان شاردووەتەوە ، کەواتە هەموان پێکەوە هەموو شتیکیان دەوێ لە دەرەوەی یاسا و حوکمداری ، تەنها حوکمداری خۆی نەبێ ! هەمووانیش پێکەوە  یاری بە دەماری خەڵک و هەست و سۆزی کۆمەڵگا دەکەن ، مەسەلەن تۆ بۆ ئەوەی مەیلی خەڵک بەلای خۆتدا رابکێشیت ژینگەیەکی سایکۆلۆژی دەخولقێنیت ، ژینگەیەک کە ئەوەندەی ئامانجی ختوکەدانی خەڵکە ئەوەندە ئامانجی خزمەتکردن و چاکەی گشتی و ئاشتکردنەوەی خەڵک نیە لەگەڵ خۆیاندا  ! 
ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێ بەرپرسیارن لەم دۆخە خراپەو سڵناکەنەوە لە وێرانکردنی هەموو شتێک و لەسەروی هەموویانەوە لەباربردنی متمانە ! ئیستا خەڵک ئەمانە وەک سەرچاوەی هەموو بەدبەختییەکانی ژیانی خۆی تەماشا دەکات و لە ڕاستیشدا هیچ کات ئەمانە ئامرازێک نەبوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵک ، ئەمانە زۆر دورن لە فرسەخ و لە خەمە گشتییەکان و لەوەش زیاتر ڕۆچونەتە ناو تێکشکاندنی شکۆو بەهای تاکی کوردو بێئەرزشکردنی بەها کۆمەڵایەتیەکان ، لە هیچ گۆشەیەکەوە سیاسەتی پارتی و یەکێتی وئۆپۆزسیۆن ناچیتەوە خزمەتی چاکەی گشتی و هەمووی هەر بۆ ئەوەیە خراپتری بکات وشار و تەپۆڵکە نەماوە، بازاڕ و بیزنس نەماوە قۆرغی نەکەن! هوشیاری ئینسان ئالێرەو لە بینی تابلۆکەدایە کاتیک پارتی و یەکێتی خراپن مانای ئەوە نیە کە موعارەزە نەخەینە ژیرپرسیارەوە! 
بەلام پارتی حیزبی ژمارە یەکی سەرجەم شکستەکانی ناو ئەزمونی سیاسییە لە کوردستان ، هیزێکە بێ هیچ تەفسیرکردنێک خاوەنی هیچ سیستەمێکی فیکری و پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیایەک نییە ، ئەمڕۆ شتیک دەڵێ سبەینێ بانگەشە بۆ پێچەوانەکەی دەکات ، زۆرجاریش هەموو ئەو شتانەی دەیلێت پشتیان تیدەکات ، پارتی لە ڕێکەوتنی سیاسیدا لەگەڵ لایەنەکاندا بەهار دێنێتە چۆکان و هەنگوینی لە دەم دەبارێ هەتا ڕێکەوتنەکە واژۆ دەکرێت ، ئیتر دوای چاوی بەرژەوەندی خۆی نەبێ هیچ شتیک نابینێ ، پارتی کاتێک ڕێکە لەگەڵ یەکێتی و موو بەبەینیاندا ناچیت لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتیە ،کاتیکیش تێکی ئەدەن و دەیگەیەننە مریشکە ڕەشە هەر لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتیە ! پەریزی هیچیان بەوە پاکنابێتەوە کە یەکتری تۆمەتبار بکەن و بڵێن خەتای پارتی بوو یان یەکێتی ! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە