خشتەی باوترین زانیارییە هەڵەکان و خورافە زانستییەکان

Wednesday, 27/03/2024, 22:59

965 بینراوە


فەیلەسووف ئادەم سمیس: «زانست دەرمانە بۆ ژاراویبوون بە خورافەکان»

بە پێناسەیەکی کورت خورافە برێتییە لە: بوونی بۆچوون و بیروڕایەک، یاخۆ بیرۆکەیەک لە ئەندێشە، یان زانیارییەکی هەڵەوە سەرچاوەی گرتبێ، بەبێ بوونی هۆکارێکی هزری و لۆژیکی پاڵپشت بە زانستە ڕاستەقینەکان.
زۆربەمان پێمان وایە ئێمە ئەمڕۆکە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا دەتوانین بگەینە گشت زانیارییەکی ڕاست و دروست و بەدرێژایی ژیانیشمان بەکاری بهێنین، خورافە و باوەڕە ئەفسانەیییەکانیش بوونەتە بەشێک لە مێژوو بەرەبەرە ون دەبن و نامێنن. بەڵام بەداخەوە ژمارەیەکی زۆرمان هەتا ئێستەش، باوەڕ بە شتگەلەکی پڕوپووچ و زانیارییە ناڕاستەکان دەکەین.
مرۆڤانی کۆمەڵگەی ئێمە نەک تەنیا تایبەتمەندییە جینەکییەکان لە پێشینان و باوانیانەوە وەردەگرن، بەڵکوو بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانیشیان لەوانەوە بۆ بەجێ دەمێنێت گەرچی هەڵە و دژەزانستیش بن. هەریەکێکمان کۆمەڵێک زانیاریمان پێیە بۆ سوود و زیانەکانی چەند جۆرە خواردمەنەیەکی دیارکراو، هەروەها لەبارەی سروشت و تەنە ئاسمانییەکان و هۆکاری ڕوودانیان، هەمووشیان لە کاتی منداڵیدا لە کەسانی بەتەمەن گوێ لێ بووە، بەبێ لێکۆڵینەوە لە ڕاستبوونیان باوەڕیان پێ دەهێنین، چەندەی دووبارە دەبنەوە و زیاتر باو دەبن هێندە پتر لەلاماندا دەچەسپێن و بەلاوەنانیان ئەستەمتر دەبێت.
دەتوانین لە بارودۆخی مرۆکانی کۆن تێ بگەین ئەو دەمانەی هیچیان نەدەزانی و لە ترس و تاریکدا دەژیان، بەمەش ناچار دەبوون بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکان، پەنا ببەنە بەر ئەندێشەکانیان و لێکدانەوە سەیر و نامۆکان. هاوکات دەکرێ لە بەرەکانی پێشووشمانیش ببورین چونکە پێیان نەدەکرا بەئاسانی سەرچاوەی گونجاو و زانستی بەدەست بهێنن بۆ دڵنیابوون لە زانیارییەکان. بەڵام مرۆڤانی ئەم سەردەمە بەتایبەتیش گەنجەکان زۆربەیان خوێندەوارن و گشت ئامرازەکانی فێربوون و گەیشتن بە زانیارییە ڕاستەقینەکان لەبەردەمیانە بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن، بۆیە نابێ هیچ بیانووەک بهێننەوە بۆ هەڵەبوونیان.
لەگەڵ ئەمەش دەبینین خۆشبەختانە زانست زۆر بەتووندی و پتەوەی ڕووبەڕووی تێکڕای بیروباوەڕە چەوت و خورافە زانستییەکان دەبێتەوە، بەردەوام زانا و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیارییە ڕاستەکانن.
لێرەدا باوترین و ناسراوترین ئەو خوارافە و بۆچوونە هەڵانە لەبارەی مرۆڤ و ژیان و گەردوون ڕیز دەکەین، لەگەڵ دەستنیشانکردنی هۆکاری هەڵەبوونیان، بۆ ئاسانکردنی دۆزینەوەی بابەتەکان و تێگەیشتنێکی چاکتر پێمان باشە بەش بەشیان بکەین؛

لەشی مرۆڤ

1- جیاوازی لە بەشەکانی زمان
بۆچوونێکە گوایە بەشەکانی زمان جیاوازن بۆ تامکردن، واتە هەر بەشێک لە زمان تایبەتە بۆ تامکردنی شتگەلە: تاڵەکان، ترشەکان، سوێرەکان، شیرینەکان، تیژ و توونەکان.
ئەمە هەڵەیە، هەموو جۆرە وەرگرێکی تامکردن لە گشت بەشەکانی زماندا هەن.
2- مرۆڤ پێنج جۆرە هەستی هەیە 
نەخێر وانییە، ئەمەیان بۆچوونێکی گەلەک کۆنە (ئەریستۆ)، ئێمە پتر لە 20 هەستمان هەیە وەک: جووڵە، هاوسەنگی، ئێش و ئازار، برسییەتی، هەستکردن بە پلەی گەرمی، هەستکردن بە کات و هی دیکە.
3- ڕەنگی خوێن لەناو دەمارەکانماندا شینە
کاتێک هەندێ کەس سەرنج دەداتە لەشی خۆی، بەتایبەتیش ئەوەی ڕەنگی پێستەی کاڵە، دەبینێت ڕەنگی دەمارەکانی ژێر پێستەی شینێکی نێزیک سەوزە، بەمەش بۆچوونێک دروست بووە کە ڕەنگی خوێن لەناو دەمار و لوولەکاندا بەڕاستی شینە.
نەخێر وا نییە، چونکە ڕەنگی خوێن سوورە ئینجا چی لەناو خوێنبەرەکاندا بێت، یاخۆ خوێنهێنەرەکان، ئەو ڕەنگەشی دەیبینین هۆکارەکەی دانەوەی تیشکە. لەبەرئەوەی پێستە بە بوونی چینە چەورییەکەی (هەروەها خوێنیش) ڕەنگی تێری سوور هەڵ دەمژێت و ڕەنگە خاوەن شەپۆلە کورتەکانی وەک شین و سەوز دەداتەوە، بۆیە بە ڕەنگی شین دەبیندرێت.
4- گەرمی لەش و سەر
دەڵێن دانەوە و ونکردنی گەرمی لەش لەڕێی سەر ڕوو دەدات، ئەمەش ڕاست نییە، تەنیا لە منداڵی ساوادا ڕێژەیەکی زۆری گەرمی لەش لە سەرەوە ون دەبێت، یانیش ئەگەر سەر تاکە ئەندامی لەش بوو کە بەدەرەوە بێت و دانەپۆشرابێ. 
5- تاشینی مووی لەش دەبێتە هۆی زێدەبوونی چڕی و پڕییەکەی 
ناڕاستی ئەم بۆچوونە لە ساڵی 1920وە لەلایەن زاناکانەوە سەلمێندراوە. پاش تاشین مووەکانمان دێنەوە هەست بە چڕی و تاریکی دەکەین لەبەر کورتی و شێوەیان، هەروەها سەرەتا کۆتاکانیشیان دڕ و زبرن، پاشان بە درێژبوونیان ئەو کۆتایانە دیسانەوە نەرم دەبنەوە. 
6- نابێ سێکس بکرێت پێش وەرزشکردن
هیچ بەڵگەیەکی زانستی بوونی نییە لەسەر ئەوەی سێکسکردن توانی ئەنجامدانی وەرزش بێهێز بکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەشێ یاریدەر بێت بۆ وەرزشوانان لەبەر زێدەبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستۆسترۆن (Testosteron).
7- خواردنەوە ئەلکهولییەکان گەرمت دەکەنەوە
نەخێر، ئەلکهول وا لە لوولەکەکانی خوێنی نێزیک پێستە دەکات فرەوانتر ببنەوە و تا ڕادەیەک هەست بە گەرمی بکرێت، بەڵام جاری واش هەیە دەبێتە هۆی نزمکردنەوەی پلەی گەرمیی لەش.
8- خواردنەوەی شیر دەردراوەکانی ناو لوت (چڵم) پتر دەکەن
هەڵەیە، بۆیە ئەو دەمەی سەرمات بووە و تووشی هەڵامەت بوویت، پێویست ناکات لە شیرەمەنییەکان دوور بکەویتەوە.
9- لە کاتی پژمین دڵ لە لێدان دەوەستێت
لەشمان میکانیکی پژمین بەکار دەهێنێت بۆ ڕێکخستن و پاککردنەوەی لوت و ڕێڕەوەکانی هەناسە لە شتانێکی نامۆی وەک تۆز و پیسایی. ئەو دەمەی هەناسە دەمژیت پێش پژمین پەستان لەسەر دڵت پتر دەبێت، پاش پژمینیش دادەبەزێتەوە، بەم کردارەش ئاسایییە ڕێژەی لێدانی دڵ گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەمەش وات لێ دەکات هەست بکەی دڵت بۆ چەند چرکەیەک دەوەستێت، بەڵام ئەمە لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە ڕاست نییە.
10- پرچ و نینۆک پاش مردنیش گەشە دەکەن
بۆ ئەوەی شتێکی وا ڕوو بدات، دەبێ خانەکان چالاک و زیندوو بمێننەوە دوای مردنیش تاکوو وزەی پێویست لەڕێی خوێنەوە پێیان بگات، ئەمەش ئەستەمە و هەرگیز نابێت. 
11- شەکر دەبێتە هۆی زێدەبوونی جووڵەجووڵی منداڵان
تۆژینەوەکان ناڕاستی ئەم خورافەیەیان دەرخست، چونکە کەمیی ئاگەیی و چالاکی و جووڵە و هار و هاجی لەو منداڵانەشدا دەبیندرێت کە بۆ ماوەیەک شەکر و شیرینییان لێ دەبڕدرێت. دەشێ ئەو تێبینییە بۆ وزە و چالاکی زێدە، لەکاتی کۆبوونەوەی منداڵان بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانی ڕۆژی لەدایکبوون و دڵخۆشییان لە وەرگرتنی دیاری لەلاماندا دروست بووبێ. لەگەڵ ئەوەش هەر دەبێ ئاگەمان لە وەرگرتنی ڕێژەی شەکر و شیرینی منداڵەکانمان بێت، لەبەرئەوەی زۆری شەکر قەڵەوی و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی لەشساخی لێ دەکەوێتەوە.
12- کوتان دەبێتە هۆکار بۆ ئۆتیزم
ئەو مەترسییە هیچ بنچینەیەکی زانستی و پزیشکی نییە، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن پشت دەبەستن بە چەند تۆژینەوەیەکی ساختە و دەستکاریکراوی بە مەبەستی جۆراوجۆر. 
ئۆتیزم، یان خودتەنیایی ڕوودانی پشێوییه‌ له‌ گه‌شه‌كردنی خانه‌كانی مێشک و ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی كارو فه‌رمانه‌كانی مێشک، تێکردنی ڤاکسینیش (کوتان)، توانی بەرگری لەش چالاک دەکات بۆ گەلەک نەخۆشی و پەتایە تایبەتییەکان، ئەم دووانەش پێوەندییان بەیەکەوە نییە. بەڵکوو ئاشکرایە کوتان لەمێژە بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان کەس ساڵانە لە مردن.
13- تەقاندنی پەنجە و جومگەکان دەبێتە هۆی هەوکردنیان
هەرچەندە وەک ڕایەکی لۆژیکیش دێتە بەرچاو، بەڵام تۆژینەوەکان دەڵێن هیچ پێوەندییان بەیەکەوە نییە. شلەیەکی لینجی خەست لە جومگەکانمدا هەیە وەک سەرینێکە بۆ کەمکردنەوەی لێکخشاندنی جومگەکان، کاتێکیش جومگەکان ڕادەکێشرێن، ئەوا پارێزەری جومگەکان لێک دوور دەکەونەوە بڵقی گازەکان لە نێوانیاندا پەیدا دەبن، بە پەستان خستنە سەریان دەنگی تەقینەوەی بڵقەکان دەبیسترێت، دوای ئەوە پارێزەری جومگەکان دەچنەوە باری ئاسایییان.
ئەگەر ھەستت بە ئازار کرد لە كاتی تەقاندنەوەدا، پێویستە سەردانی پسپۆڕی ئەو بوارە بکەیت.
14- هەرسکردنی بنێشت حەفت ساڵی دەوێ
پێکهاتە لاستیکییە سەرەکیییەکەی بنێشت پێی دەگوترێت ئێلاستۆمر (Elastomer)، ئەمەیان پێویستی بە هەرسکردن نییە، بۆیە ڕاستەوخۆ بە گەدەدا تێ دەپەڕێت، بەڵام بەشەکانی دیکەی بنێشت دێنە مژین. لەگەڵ ئەوەش پێویستە فڕێی بدەینە ناو تەنەکەی خاشاک و قووتی نەدەین، لەبەرئەوەی هەر کاتێک بڕێکی زۆری لێ بچێتە گەدە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گیرانی ڕیخۆڵە و زیان پێگەیشتن.
15- بەئاگە هێنانەوەی خەوگەڕەکان مەترسیدارە
دەگوترێ ئەوانەی لەکاتی خەودا ڕێ دەکەن ئەگەر بەئاگە بهێندرێنەوە، ئەوا تووشی جەڵتەی دڵ دەبن. ئەمە هەڵەیە، تەنیا ئەوەندەیە ئەگەر بەئاگە بێنەوە بۆ ماوەیەکی کورت دەشێوێن و شپرزە دەبن، ئەمەش ئاسایییە. بەپێچەوانەوە بەئاگە هێنانەوەیان باشترە، چونکە لە خەوگەڕییاندا ئەگەری زیان بەخۆگەیاندنیان پترە.

مێشکی مرۆڤ

1- ئێمە تەنیا لە 10%ی مێشکمان بەکار دەهێنین
ڕاستە تا ئێستە گەلەک شت هەیە لەبارەی مێشکەوە نایزانین، بەڵام بەچاکی بۆمان ڕوون بووەتەوە ئێمە تێکڕای مێشکمان بەکار دەهێنین.
ئەم خورافەیە دەربڕینێکی هێمایییە و زۆربەمان بەهەڵە تێی دەگەین، لەبەرئەوەی ڕێژەی کارکردنی خانەکانی مێشک دەوەستێتە سەر جۆری ئەو فەرمانەی دەمانەوێت ئەنجامی بدەین. بەگوێرەی پەرەسەندنیش ڕێی تێ ناچێت مێشکمان تا ئەم ئاستە پەرەی سەندبێ و بەشێکی زۆری بەکار نەهێنین. سەرەڕای ئەوەش بەڵگەیەکی بەهێزمان هەیە لەوەی هیچ جارێک نەبووە بە کەسێک کە ئاوسان، یاخۆ گرێیەک لە مێشکیدا هەبووبێ بڵێین: خۆشبەختانە ئاوسانەکەت هیچ زیانی نییە، چونکە لە شوێنێکدایە بەکاری ناهێنیت.
2- جیاوازی نێوان بەشی ڕاست و چەپی مێشک
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان توانی نیوە مێشکی ڕاست و ئەوەی چەپدا نییە، نیوە بەشی ڕاست دەکارێت لە کار و فەرمانی نیوەکەی دیکە فێر ببێت، بە پێچەوانەوەش ئەمە ڕاستە.
3- خانەکانی مێشک نوێ نابنەوە پاش لەناوچوونیان 
ماوەیەکی زۆر وا باو بوو کە خانە دەمارەکییەکانی مێشک نوێ نابنەوە، ئەمەش ڕاست نییە، ئەمڕۆکە لە زانستدا سەلمێندراوە خانەی مێشکی مرۆڤی پێگەیشتوو بەدرێژایی ژیانی نوێ دەکرێنەوە. ئەم بابەتە لە ساڵی 1998دا دۆزرایەوە و بووە هۆی بەخشینی هیوایەکی گەورە بە تووشبووان بە نەخۆشی شێوان لە مێشک و بیرچوونەوە ناسراو بە ئاڵزهایمەر (Alzheimer).
4- خواردنەوە ئەلکهولییەکان خانەکانی مێشک دەکوژن
هەرچەندە ئالوودەبوون بە خواردنەوە ئەلکهولییەکان لەش دووچاری کۆمەڵێک کێشە و گرفتی یەکجار گەورە دەکەن، بەڵام پسپۆڕان پێیان وانییە خواردنەوە ئەلکهولییەکان ببنە هۆکاری مردنی خانەکانی مێشک. ئەمە ڕوو دەدات تەنیا لەلای ئەو کەسانەی ئالوودەی خواردنەوەن و بڕێکی یەکجار زۆر دەخۆنەوە، زۆربەی یەکەکانی وزەی خۆراک (Calorie) بۆ لەشیان لەڕێی خواردنەوە وەردەگرن.

ئاژەڵ و ڕوەک

1- گا ڕکی لە ڕەنگی سوور دەبێتەوە
لەڕاستیدا گایەکان کوێرەڕەنگن، هۆکاری کاردانەوەیان جووڵەی پارچە پەڕۆکەکەیە کە وەک هەڕەشەیەک دەیبینن.
2- کۆسەماسی (ماسی قرش) تووشی شێرپەنجە نابێت
خورافەیە، ڕاستە کۆسەماسی بە ڕێژەیەکی کەمتر لەوەی مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام ئەمیش دووچاری ئەو نەخۆشییە دەبێتەوە، بەتایبەتیش شێرپەنجەی پێست.
دەشێ بیرۆکەکە لەوەوە سەرچاوە بگرێت بڵێین، ئەگەر کۆسەماسی تووشی شێرپەنجە نابێت، کەواتە لەوانەیە شتێکمان لێیانەوە دەست بکەوێت، ببێتە کلیلی چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە ترسناکە لەلای مرۆڤدا.
3- شەمشەمەکوێرە کوێرە
شەمشەمەکوێرە ناوێکی هەڵەیە بۆی، چونکە نەک هەر دەبینێت، بەڵکوو توانی بینینی هەیە لە ڕووناکییە کزەکانیشدا، هاوکات دەکارێ بەهۆی دانەوەی دەنگ شوێنی شتەکان زۆر بەوردی دیار بکات. شەمشەمەکوێرە بوونەوەرێکی شەوانەیە و نێچیرەکانی لە شەودا ڕاو دەکات، بۆ ئەمە توانێکی چاکی هەیە پێی دەکرێ بەبێ بینین، هاوشێوەی ڕادار لەرەی تەنە جووڵاوەکان دەستنیشان بکات.
4- دەست لە بێچووی باڵندەکان مەدە
خوارەفەیەک هەیە دەڵێت، ئەگەر کەسێک دەست لە بێچووی باڵندەکان بدات، ئەوا دایکەکە واز لە بێچووەکەی دەهێنیت. ئەمە ڕاست نییە، هەر لە بنەڕەتیشدا باڵندەکان لە بۆنکردندا زۆر هەستیار نین، بۆن بەکار ناهێنن بۆ ناسینەوەی بێچووەکانیان.
5- پێوەدانی هەنگ دەبێتە لەدەستدانی ژیانی
دەبێژن کە هەنگ لە هەموو بوونەوەرەکان پتر جێی بەزەیییە، بەوەی هەر دەمێک پێتەوە بدات، ئەوا ژیانی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەیان تەنیا بۆ مێشهەنگی هەنگوین ڕاستە، لەبەرئەوەی چزوی هەنگی هەنگوین بەندە بە هەناوییەوە، کاتێک بە شتێکەوە دەدات و دەفڕێ، هەناوی دێتە دەرەوە و دەمرێت.
بەڵام زۆربەی جۆرە جیاجیاکانی هەنگ و زەردەواڵەکان جگە لە هەنگی هەنگوین، ئەو پێکهاتەیەیان بەو شێوازە نییە، پاش پێوەدان دەژین و دەتوانن گەلەک پێوەدانی دیکە ئەنجام بدەنەوە.
6- گوڵەبەڕۆژە هەمیشە ڕووی لە خۆرە و لەگەڵی دەجووڵێت
ڕوەکی گوڵەبەڕۆژە لەگەڵ خۆر ناخوولێتەوە هەرچەندە بەوە ناو نراوە، ئەمەشە وای لە زۆر کەس کردووە ئەم ڕایە هەڵەیەی لەلادا جێگیر بێت. گوڵەبەڕۆژە گشت کاتێک ڕوو لە خۆر ناکات، بەڵکوو پتر ڕووی ئاراستەی خۆرهەڵاتە و جووڵەکەشی لە سیستەمە ناوەکییەکەی کە وەک کاتژمێرێکی بایۆلۆژییە سەرچاوە دەگرێت، نەک بەهۆی خۆرەوە بێت. خۆر کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە لەسەر ئەم ڕوەکە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی نییە بۆ ئەم جووڵە ناسراوە، لەبەرئەوەی ڕوەکی گوڵەبەڕۆژە بەردەوامە لە گەشەکردن و جووڵەکەی تەنانەت لە کاتی شەوان و ئەو دەمانەشی هەور بەری خۆری لێ گرتووە.
7- دار مۆز
مۆز بەری ڕوەکێکی گیایییە لە دار دەچێت بەڵام دار نییە، قەدەکەی پێک هاتووە لە گەڵای بەیەکەوە بادراو، بۆیە هاوشێوەی دارەکان بەدەر دەکەوێت. 

گەردوون و تەنەکانی بۆشایی ئاسمان

1- خۆر ڕەنگی زەردە
هەر لە منداڵییەوە فێر کراوین بە ڕەنگی زەرد وێنەی خۆر بکێشین، بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە ڕەنگی خۆر سپییە. ڕەنگی ئەستێرەکان لەنێوان سوور و شینە، بەوەی هەر ئەستێرەیەک پلەی گەرمی نزم بێت ڕەنگەکەی سوورە، چەندەی پلەی گەرمی ئەسێرەیەکیش بەرزتر ببێتەوە، ئەوا ڕەنگەکەی بەرەو شین دەچێت. پلەی گەرمی ڕووی خۆر خۆی لە 6000 پلەی کڵڤن دەدات، ئەمەش دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕیزبەندییەکە، کەواتە ڕەنگەکەی سپییە.
2- خۆر تۆپێکی ئاگرینی سووتاوە
دەکرێ خۆر پێناسە بکەین بە تەنێکی درەوشاوە، بەڵام نەکارین ببێژین تەنێکی سووتاوە، لەبەرئەوەی کارلێکە ناوکەیییەکان هۆکاری درەوشانەوەی خۆرن، واتە سووتان نییە، چونکە سووتان بەندە بە کارلێکە کیمیایییەکان. خۆر تۆپێکی گازی گەورەیە لە زۆرینەی ژیانیدا بە کرداری بەیەکداچوون و یەکگرتنی ناوکەی گەردیلەکان بەشێکی هایدرۆجینەکەی دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم، پاشان ئەویش بەشێکی بۆ توخمەکانی دیکە، دەرنجامی ئەو گۆڕینە بڕێکی یەکجار زۆری ڕۆشنایی و وزەی گەرمیی دێتە بەرهەم.
3- زەوی نێزیکتر دەبێتە لە خۆر لە هاویندا
ڕایەکی وا باوە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە هاویناندا نێزیکبوونەوەی زەوییە لە خۆر، کەچی هۆکاری ڕاستەقینە لاری تەوەرەی زەوییە لە کاتی سووڕانەوەیدا بەرانبەر بە خۆر، ئەو دەمەی نیوەی گۆی زەوی بەرەو خۆر لارە و ڕووبەڕوون گەرمە، نیوەکەی دیکەشی دوورە لێی ساردە.
4- بوونی کلک لە تەنە کلکدارەکانی ئاسمان دەرەنجامی خێرایییەکەیەتی
کلکدار تەنێکی سەهۆڵینە (لە بنەڕەتدا ناوکەکەی لە سەهۆڵ و تۆز و وردە بەرد پێک هاتووە) بەدەوری خۆر دەسووڕێتەوە و لە پشتەوەیدا کلکێکی ڕووناک دەبیندرێت. ئەو تیشکە لەبەر وزەی گەرمی خۆر پەیدا دەبێ کە سەهۆڵەکە دەتوێنێتەوە، نەک بەکاریگەری خێرایییە زۆرەکەی، بەڵگەش ئەمەیە چەندەی کلکدارەکە لە خۆر نێزیک دەبێتەوە کلکەکەی چاکتر دیار دەبێ، کاتێکیش دوور دەکەوێتەوە لە خۆر قەبارەی بچووکتر دەبێتەوە.
 5- هەسارەی پلۆتۆ
لە ساڵی 2006دا پلۆتۆ (Pluto) پێناسەکەی وەک هەسارەیەک لەدەست دا، کەچی کەسانێکی زۆر پێیان وایە هەسارەی نۆیەمی کۆمەڵەی خۆرە. باشە بۆچی ئێستە بە پلۆتۆ دەگوترێت هەسارەی بستەباڵا؟ چونکە تایبەتمەندییەکانی پلۆتۆ لەگەڵ هەسارەکانی دیکە ناگونجێت، لەبەرئەوەی فرە بچووکترە لە هەسارە ناسراوەکان، هەروەها بە بوونی تەلسکۆپە هەرە پێشکەوتووەکانمان چەندان هەسارۆکەی هاوقەبارەی پلۆتۆمان دۆزیوەتەوە، ئایا دەکرێ ئەوانیش بە هەسارە دابنێین؟
6- بەشە تاریکەکەی مانگ
لە ڕوانگەی هەسارەی زەوییەوە دەتوانین 59%ی ڕووی مانگ ببینین (ئەو ڕێژەیەش هەمووی لەیەک کاتدا نییە)، 41%ی دەمێنێتەوە لەو ماوەیەدا هەرگیز بەدەر ناکەوێت. کەواتە ڕاستە ئەگەر بڵێین ئەو %41 تاریک و سارد و بەستووە و ناکەوێتە بەر گەرمی خۆر؟ نەخێر وا نییە.
تێنەگەیشتن لەمە کاتێک دێتە کایەوە ئێمە مانگ بە تەنێکی چەسپاو و نەخوولاوە دابنێین، بەڵێ مانگ زۆر بەخاوی بەدەوری خۆی دەخوولێتەوە، هەر خوولێکیشی بەتەواوی یەکسانە بە کاتی سووڕانەوەی بەدەوری زەوی. ئاشکرایە بەشێکی مانگ لە زەوییەوە نابیندرێ و ناومان ناوە بە (ڕووە دوورەکەی مانگ)، بەڵام ئەمە پێوەندی بە بڕی تیشکی وەرگیراو نییە، واتە لەو دەمەی بەشەکانی مانگ ونیش دەبن، ئەوا هەر تیشکی خۆر لێیان دەدات. 
7- ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە و بریسک دەدەنەوە 
زۆر کەس پێی وایە ئەستێرەکان لە سروشتی خۆیان لە ئاسماندا بریسکانەوە و درەوشانەوەیان هەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیە. درەوشانەوەی بەردەوامی ئەستێرەکان پێوەندییان بە خودی ئەستێرەکانەوە نییە، بەڵکوو بەندن بە چۆنەتی بەرگەهەوای زەوی، بە تێپەڕبوونی تیشکی دەرچوو لەو ئەستێرانە بەنێو بەرگەهەواکەمان، ئەوا لار دەبنەوە و تووشی شکاندنەوە و شێوان دەبن بە جیاوازی پلەی گەرمیی و چڕی هەوا، بەمەش ڕەنگ و تووندی بریسکانەوەکەیان گۆڕانیان بەسەردا دێن. هەمیشە کاریگەری درەوشانەوەکە پتر بەدەر دەکەوێت کاتێک ئەستێرەیەک لە ئاسۆ نێزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوەی تیشکەکەی لێیەوە دەردەچێت چینێکی چڕتر و ڕێڕەوێکی درێژتر دەبڕێت، پێش ئەوەی بگاتە چاومان.
8- ئەستێرەی جەوسەری باکوور درەوشاوەترین ئەستێرەیە
بێگومان ئەستێرەی جەوسەری باکوور، یاخۆ ئەستێرەگەشە (Pole star) بەناوبانگترینە لەناو گشت ئەستێرەکان، بۆیە زربەمان پێمان وایە درەوشاوەترینیشە. ئەمەش ڕاست نییە، درەوشاوەترین و گەشترین ئەستێرە بۆ ئێمەی سەر زەوی ئەستێرەی ناسراوە بە سیریوس (Sirius)، ئەوەی لە کۆمەڵەی حەفتەوانەی گەورە (ورچی گەورە)دا هەیە کە 20 هێندەی ئەستێرەی باکوور درەوشاوەترە. بەڵام دیسانەوە ئەوە ناگەینێت ئەستێرەی باکوور تیشکەکەی بێهێزە، چونکە ئەمیش زۆر بەئاسانی دەتوانین بیبینین لە جێیەکی نیوچە تاریک (بۆ نموونە لە لادێیەک نەک شارێکی پڕ لە ڕووناکی).
ناوبانگی ئەستێرەی جەوسەری باکوور لە درەوشانەوەکەی نییە، بەڵکوو وەک لە ناوەکەی دیارە نیشانەیەکە بۆ ئاراستەی جەوسەری باکوور، بەوەی ئەگەر جارێک لە بیابانێکدا ڕێت بزر کرد و چوار ئاراستەکەت لێ تێک چوو، ئەوا ئەستێرەی جەوسەر هەمیشە ڕووەو باکوورە.
9- لەشی مرۆڤ لە بۆشاییدا دەتەقێتەوە
ئەگەر بەبێ پۆشاکی تایبەت بە ئاسمانگەڕەکان بکەوینە بۆشایی ئاسمان لەشمان ناتەقێتەوە، ئەمەش ئاژانسی (ناسا) دووپاتی دەکاتەوە پاش ئەوەی تۆژینەوەیەک ئەنجام دا لەبارەی ڕزگاربوون لە بۆشایی لە هەلومەرجی کەمی پەستاندا. ئەوەی ڕوو دەدات تەنیا هێندەیە کە مرۆڤ پاش 15 چرکە لەهۆش خۆی دەچێت لەبەر کەمی پەستان و نەبوونی ئۆکسیجن، دەشێ بۆ ماوەی یەک خوولەک و نیو لەژیاندا بمێنێتەوە بە چەند زیانێکی کەم، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە دوو خوولەک پتر ژیان بکات. گرتنی هەوا لە سییەکانیش نابێتە چارەسەر، چونکە هەوایەکە دەکشێت و سییەکان هەڵ دەدڕێنێت.
10- تەقینەوەی مەزن تەقینەوە بووە
لەڕاستیدا هەڵبژاردنی ناوی تەقینەوەی مەزن (Big Bang) بۆ بیردۆزەکە، جگە لە سووکایەتی و گاڵتەپێکردن بە بیرۆکەکە هیچی دیکە نەبووە، بەوەی کاتێک ئەم بیردۆزە هاتە ناساندن، زانای ناودار فرێد هۆیل (Fred Hoyle) وەک گەلەکی دیکە لە زانایان دژی ئەو بیردۆزە بوو، بە مەبەستی تیز و تەشەر ئەو ناوە دەداتە بیردۆزەکە.
بۆ تەقینەوەی مەزن، پتر زانستییانەیە بگوترێت، هەڵاوسانی مەزن، لەبەرئەوەی گەردوون هەردەم لە فرەوانبووندایە و ئەگەر تەقینەوە بووایە، ئەوا هەم چەقی تەقینەوەکە و هەم لێواری دەبوو بە پارچەکانییەوە. بۆیە هەرکە گوێمان لەناوەکەی دەبێ یەکسەر بیرمان بۆ ئەوە دەچێت تەقینەوەیەک بووە لە بۆشاییدا (ئاسمان)، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە، بەڵکوو سەرهەڵدانی خودی بۆشایی بووە، وەک سەرەتایەک بۆ هاتنەکایەی کات و شوێن (کاشوێن) و پەیدابوونی تێکڕای شتەکان. پێویستە ئەم شێوازە بگرینە بەر ئەگەر بیر لە گەردوون بکەینەوە، باڵۆنێک بهێنین و کۆمەڵە خاڵێکی لەسەر نیشان بکەین، تێبینی دەکەین چەندە زیاتر فوو لە باڵۆنەکە بکرێ، پتر خاڵەکان لێک دوور دەکەونەوە، واتە ئەوەی لەسەر باڵۆنەکە دانیشتبێ، سەرنج دەدات هەموو خاڵەکان دەجووڵێن و دوورتر دەبنەوە لێی، هیچ چەقێکیش بۆ فرەوانبوونەکە لەسەر ڕووی باڵۆنەکەدا بوونی نابێت.

خورافە سینەمایییەکان

1- دەنگ و تۆپەڵە ئاگرینییەکانی بۆشایی ئاسمان
ئەمەشیان هەڵەیەکی بەربڵاوی فیلمەکانی ئەندێشەی زانستییە لەبارەی بۆشایی ئاسمان، بە بیستنی دەنگ و بینینی ئاگری تەقینەوەکانی بۆشایی. 
گشت تەقینەوەیەک کە ڕوو دەدات لە بۆشایییدا کپ و بێدەنگە، لەبەرئەوەی هیچ هەوایەک نییە تا بلەرێتەوە و دەنگ بگوێزێتەوە بۆ دروستکردنی پەستان لەسەر تەپڵی گوێی مرۆڤ. بەهۆی نەبوونی بەرگەهەوا ئاگریش لە بۆشاییدا نییە، بەو واتایەی تەقینەوەکانی بۆشایی تۆپەڵە ئاگر و دووکەڵ ناهێننە بەرهەم. بەگوێرەی زانست، تەقینەوەکان دەستبەجێ و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕوو دەدەن، تاکە کاریگەری هەست پێکراو بینینی تروسکەیەکی خێرای تیشک و لەرە و شەپۆلە نەبینراوەکان.
2- چەکی دەنگبڕ
دەنگبڕە نوێیەکان دەتوانن دەنگی دەرچوونی گولـلە بۆ نێزیکەی 30 دێسیبڵ کەم بکەنەوە، ئەمەش هەرگیز واتای ئەوە نییە دەنگی هەموو جۆرە چەکەکان بەتەواوی ببڕدرێن، دەنگی زۆربەی چەکەکان دەگاتە 150 دێسیبڵ و پتریش. دەنگبڕەکان تا ئاستی ئامێرێکی بەرد کونکەر پێیان دەکرێ دەنگی ئاگرهاوێژی و تەقەکردنی چەکەکان کەم بکەنەوە، بۆیەش دروستکەرانی چەکە ئاگرینییەکان باش دەزانن کە زاراوەی دەنگبڕ ناونانێکی هەڵەیە.
3- بە کلۆرۆفۆرم کەسەکان یەکسەر لەهۆش خۆیان دەچن 
یەکێک لە بەناوبانگترین خورافەی زانستی لە فیلمەکاندا کاریگەری بەکارهێنانی کلۆرۆفۆرمە لە لەهۆشچوونی قوربانیان، بەوەی هەر کاتێک ناچار دەکرێن بۆنی کلۆرۆفۆرم هەڵ بمژن، دەستبەجێ دەبوورێنەوە و ئاگەیان لەخۆیان نامێنێت. گەلەک لە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان چەندان ساڵە درێژە بەو ئەفسانەیە دەدەن.
بەگوێرەی پسپۆڕان پاش هەڵمژینی کلۆرۆفۆرم کاتێکی تا ڕادەی چەند خوولەک دەوێ بۆ ئەوەی کەسەکە لەهۆش خۆی بچێت. بە هۆشیاری بینەرە هاوچەرخەکان و بەردەستبوونی پتری زانیارییە زانستییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە دەرهێنەرانی فیلمەکان چیدیکە پەنا نابەنە بەر ئەم جۆرە فڕوفێڵە هونەرییانە. 
4- هەڵمژینی ژەهری مار
زۆر جار گوێبیستی ئەوە بووینە یەکەمین کار پێی هەڵ بستین کاتێک مار پێوەمان دەدات، هەڵمژین و هێنانە دەرەوەی ژەهرەکەیە کە لە چەندان فیلمدا بینیوومانە بوونەتە هۆکاری چەسپانی ئەو خورافەیە. پسپۆڕان دەڵێن، پەنابردنە بەر ئەم شتە هەڵەیەکی گەورەیە، وەک چۆن دوو پزیشکی ناودار مارک لێینەر و بیلی گۆڵدبێرگ (Mark Leyner - Dr. Billy Goldberg) جەختی لەسەر دەکەنەوە کە ئەنجامدانی ئەو کارە کێشە و گرفتەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەکاتەوە، لەبەر تەشەنەکردن و ژاراوی بوونی دەوروبەری برینەکە، یاخۆ گوێزانەوەی ژەهرەکە بۆ ئەو کەسەی شوێنی پێوەدانەکە دەمژێت ئەگەر دەمی برینی تێدا هەبێت.
لەبری ئەمە باشترین شت: شۆردنی پێوەدانەکەیە بە ئاو سابوون، نەجووڵاندنی شوێنی پێوەدانەکە و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی دڵ لە ژەهرەکە، دەکرێ ئەندامی پێوەدراو ببەسترێتەوە بۆ کەمکردنەوەی تەوژمی خوێن و گەیشتنی ژەهرەکە بۆ دڵ، زۆر بەپەلە یارمەتی پزیشکی پێ بگات.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە ئەم جۆرە هەڵە زانستییانە بوونە هۆکاری دامەزراندنی ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانستەکان، ئەوەی ڕێکخراوەیەکە زاناکان بە هونەرمەندانەوە دەبەستێتەوە بۆ نەهێشتنی خورافەکان و وێنەگرتنی زانستی ڕاستەقینە بەوردیی لە کاری سینەماییدا. لەبەرئەوەشە زانایانی وەک نیل دیگراس تایسن (Neil deGrasse Tyson)، بەردەوام دژی ئەو خورافە زانستییانە لە دەزگەکانی ڕاگەیاندندا دەدوێت و هەمووان ئاگەدار دەکاتەوە لە هەڵەی فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان.

خورافەی جۆراوجۆر 

1- بروسکە هەرگیز دووجار لەهەمان شوێن نادات
دەستەواژەیەکە لەو کاتانەدا بەکار دەهێندرێ بمانەوێ بڵێین، ڕوودانی شتێکی خراپ ئەستەمە دووبارە ببێتەوە. ئەمە لە زانستدا بۆ بروسکەی ڕاستەقینە پێڕەو نابێت، چونکە هەورەبروسکە بەتاڵبوونەوەیەکی یەکجار مەزنی بارگەگرییە و لە شوێنێک دەگەڕێت بۆ بەتاڵکردنەوە، گوێ بەوەش نادات هەمان ئەو شوێنە پێشتر بروسکی بەر کەوتووە یان نا. داری بەرز و تەلار و باڵەخانەی بڵند باشترین بژاردەن لەبەر کورتی ماوەی نێوانیان و سەرچاوی پەیدابوونی بروسکەکە، بۆیە درێژترین داری دارستانێک دەشێ چەندان جار بروسکە لێی دابێت. کەواتە بروسکە نەک دووجاران لە یەک شوێن دەدات، بگرە دەکرێ هەمان بروسکە لە دوو شوێنی جیا بدات لە یەک کاتدا.
2- ئەینشتاین تەمبەڵ بوو لە ماتماتیک
ڕاست نییە، تەنیا جارێک لە تاقیکردنەوەی وەرگیران بۆ خوێندنگە شکستی هێناوە. ئەینشتاین خوێندکارێکی زۆر زیرەک بووە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن و فێربوونیدا، بەتایبەتیش لە ماتماتیک زۆر بلیمەت بووە و لەسەردەمانێکدا وەک زانایەکی ماتماتیکیش ناوبانگی هەبووە. هەر لە تەمەنی 15 ساڵیدا شارەزاییەکی چاکی هەبووە لە تەواوکاری و جیاکاری کە بە بەشە هەرە سەرەکیی و ئاڵۆزەکانی ماتماتیک دەناسرێن.
3- مانگی چواردە کاریگەری هەیە لەسەر ڕەفتاری کەسەکان
خورافەیەکی کۆنە دەڵێت، مانگی چواردە، یاخۆ مانگی پڕ چەندان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی سەیر و نامۆ دێنێتە کایەوە، تاوانکاری و تووندتیژییەکان لەو کاتەدا گەلەک زێدە دەبن. ئەمەش وای لە دەزگەی پۆلیسی شانشینی یەکگرتوو کردووە ژمارەی پۆلیسەکانی زیاتر بکات لە دەمی دەرکەوتنی مانگی چواردە بۆ پارێزگاری کردن لە هاووڵاتییان لە مەترسی ڕووداوە نەخوازراوەکان.
چەند جارێک هەوڵ دراوە لێکۆڵێنەوە بکرێ لەبارەی ئەم دیاردەیە، دەرەنجام پێوەندییەکی یەکجار کەم دۆزرایەوە لە نێوان مانگی چواردە و پتربوونی ڕێژەی ڕەفتاری نامۆ، بەڵام دیسانەوە بەندبوونێکی ڕاستەوخۆیان بە یەکدی نەسەلمێندراوە.
4- یاسای پێنج چرکە
مەبەست لێی یاسای بەربوونەوەی خواردەمەنییە بۆ سەر زەوی گوایە پیس نابێت بە بەکتریا و ڤایرۆس و شتانی دیکە ئەگەر پێنج چرکە بەسەری تێنەپەڕ‌ێت، واتە پێش بەسەرچوونی پێنج چرکە هەڵ بگیرێتەوە دەتوانین بیخۆین و کێشەی نییە. زانیارییەکی تەواو هەڵەیە، چونکە شتگەلە زیانبەخشەکانی هاوشێوەی بەکتریاکان لە هەموو شوێنێکدا هەن و ڕاستەوخۆ دەلکێن بە خۆراکەکانەوە هەر لەگەڵ بەرکەوتنیان بە زەوی.
5- شورەی مەزنی چین لەسەر مانگەوە دەبیندرێت
خورافەیەکە دەبێژێت کە شورەی چین هێندە مەزن و درێژە لە ئاسمانەوە دەیبینین.
پێش زیاتر لە سەدەیەک نووسەرێک لە وتارێکیدا دەڵێت، شورەی چین تاکە کاری مرۆڤە کە لەسەر مانگەوە دەبیندرێت، وەک چۆن ئێمە چاڵایی و هێڵەکانی سەر مانگمان لێوە دیارە، بەهەمان شێوە لەسەر مانگەوە دەکارین شورەی چین ببینین لەبەر درێژی و مەزنییەکەی.
لەڕاستیدا ئەم کەسە هەرگیز گەشتی سەر مانگی نەکردبوو، بانگەشەکەشی ڕاست نییە، چونکە چەندان زانای خودی (ناسا)، ئەم زانیارییەیان بەهەڵە خستەوە.
6- دراوێکی کانزایی بچووک لەوانە بتکوژێت
بە بەربوونەوەی دراوێکی کانزایی لە شوێنێکی بەرزەوە، دەشێ کۆتا خێرایییەکەی بگاتە 10 تا 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ئەم خێرایییەش ئەستەمە بتکوژێت، بەڵام ئازاری هەیە. 
بێگومان کەوتنی شتانێکی قەبارە گەورە لەبەر زێدەبوونی خێرایییەکەیان تا دەگەنە زەوی، زیانیان گەلەک زۆرە. هەر بۆیە لە شوێنی ڕۆنانی باڵەخانەکاندا پێویستە کرێکاران گشتیان کڵاوزرێی پتەو لەسەر بکەن، بۆ پاراستنی سەریان لە ئەگەری کەوتنی خشت و بەردەکان لە بەرزایییەوە.
7- ئاوی سوێر زووتر دەکوڵێت
تێکردنی هەندێ خوێ لە ئاوێکی سازگار جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات، کاریگەری ئەمە تەنیا لە ئاوی دەریاکاندا دەبیندرێت.
8- ئارستەی خوولانەوەی تەوژمی ئاو
بۆچوونێک هەیە لەبارەی ئەوەی کە ئارستەی خوولانەوەی تەوژمی ئاو، بۆ ناو کونی ئاوەڕۆی دەستشۆر و ئاودەستەکان لە نیوەی باکووری زەوی پێچەوانەی نیوەی باشوورە.
ئەم هەڵەیە لەو دیاردەی کە ناو نراوە بە کاریگەری کۆریۆلس (Coriolis effect) سەرچاوەی گرتووە. لەبەرئەوەی زەوی گۆیییە و دەخوولێتەوە، ئاراستەی نیوە گۆی بەشی سەرەوەی زەوی بەرەو لای ڕاستە، نیوە ژێرەوەش بەرەو لای چەپە، بۆ گشت دیاردە سروشتییەکانی وەک، با و زریان و گەردەلوولەکانیش هەمان بنەمایە و ئاراستەیان لەو دوو نیوەدا پێچەوانەیە. بەڵام کاریگەری کۆریۆلس لەسەر ئارستەی خوولانەوەی ئاوی شتە بچووکەکانی هاوشێوەی دەستشۆر و ئاودەستەکان نابیندرێت.
9- پێکەوەبوونی مرۆڤ و دیناسۆرەکان
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پێگەیشتوو باوەڕیان بە بوونی دیناسۆرەکان نییە، کەچی ڕێژەیەکیش پێ وایە مرۆڤ و دیناسۆرەکان لە سەردەمانێکی کۆندا لەتەک یەکدا ژیاون، بەڵام زانست دەڵێت دیناسۆرەکان نێزیکەی 65 ملیۆن ساڵ بەر لە مرۆڤ لەسەر زەویدا هەبوون.
10- ڕەچەڵەکی مرۆڤ مەیموونە
ئەمە یەکێکە لە باوترین بەهەڵە تێگەیشتنەکان لە پەرەسەندن، چونکە نە داروین نە هیچ زانایەکی پەرەسەندن نەی گوتووە مرۆڤ نەوەی مەیموونەکانە. لە پەرەسەندندا مرۆڤ و مەیموونە باڵاکان لە دوا پێشینەدا هاوبەشن، هەردوو کۆمەڵە لە چاخ و سەردەمێکی دێریندا، لە یەکدی جودا بوونەتەوە، هەریەکەیان بە شێوەیەک پەرەی سەندووە و لەگەڵ ژینگەکەیدا گونجاو و سازاوە.
.....................................

سەرچاوەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە