تا تەڵاقم بۆ نەخۆی باوەڕت پێناکەم

Monday, 15/04/2024, 18:48

1106 بینراوە


حیزبی سەقەت کۆمەڵگای سەقەت بەرهەم دێنێ. کۆمەڵگای سەقەتیش ئەو بابەتانەی کە لێی دەستێندرێتەوە ئیرادەی سیاسی وئیرادەی بیر کردنەوە وهەستی بە خۆ باوەڕ بوونە. داماوترین نەتەوە ئەو نەتەوەیە کە وابزانێ هەر نەهامەتیەک کە بەسەری دێنن خەتای دوژمنە. نەتەوەیەک کە دوژمنی خۆی بە باشی نەناسێ تووشی سەدان تڕاژیدیا دەبێتەوە. ئەوەی کە دەبێتە هۆی سەرفەردانیی کۆمەڵگای کوردەواریی لە ریزیی یەکەم نەیاری کورد نییە. لە نیو سەدەی رابوردوودا چین وتوێژێک لە هونەرمەند و رووناکبیر و شاعیرسەریان وەدەرناوە کە زیانیان لە خەسارەکانی دوژمن کەمترنییە.
وڵاتیک بە لافاو و رووداوە سرووشتیەکان تەخت بکرێ، دوای ماوەیەک هێدی هێدی هەڵدەستێتەوە سەرپێ  وئاوەدان دەکرێتەوە، بەڵام وڵاتێک کە دانیشتوانەکەی بەلارێدا ببرین وفێری ئەوە نەبن کە لە رووداوە تاڵ  وشیرینەکان بکۆڵنەوە و وەدووی وەڵامێک و پرسیاریی رووداوەکانی رۆژانە نەکەون، دانیشتوانی ئەو وڵاتە سەریان لێدەشێوێ  ودەرنگ دەگەنە ئامانجەکانیان.
ئەوەی زانای بە رواڵەت کورد، ماڵی کوردیی وێران کردوە ورێگای بیرکردنەوەی لێ بڕیوە چی وا کەمتر نییە لەوەی کە دوژمن بەسەری هێناوین. زۆر جار گووتنی رووداوێک ئەوەندە لە چاوەڕوانی بە دوورە، کە مرۆڤ شەرم وگومانی لێ دروست دەبێ کە بۆ خەڵكی بگێڕیتەوە، هەرچەند ئەو رووداوە راستیش بێ. چون لە باوەڕپێکردنەکەیدا دوودڵی ساز دەبێ، بۆیە مرۆڤی هوشیارو رووربین خۆی لە قەرەی گێڕانەوەیە ئەو جۆرە بەسەرهاتانە بە دوور رادەگرێ. بۆیە هەر مرۆڤێکی بە ئاگا پێویستە لە گێڕآنەوەی بەسەرهاتە شیرینەکان وتاڵەکانیشدا تۆزێک رەچاوی تان وپۆی ئەو کۆمەڵگایە بکا کە تێیدا گەورەبووە. قسەش وەی فیشەک وایە کە لەزار دەرچوو ناگەڕێتەوە. بە تایبەت بۆئەو کەسانەی کە تەمەنێکیان هەیە وناسیاوی چاک وخراپی کۆمەڵگان.
کاک ناسر رەزازی بۆخۆی دەڵێ، سەرەتا من پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی بوم، پاشآن بوومە پێشمەرگەی کۆمەڵە. ئەوسەردەمیش یەکێتی بە سەرپەرستیی جەلال تاڵابانی بە دروشمی یان کوردستان یان نەمان، خەریکی بە کوشتدانی ڕۆڵەی کورد بووە. پاشآن خەڵكانێکی هاندەدا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆ بخزێننە ناو کۆمەڵە تا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانی پێ لاواز بێ. چون لەسەرئەو باوەڕي بوو، کە ئەو حیزبە، لایەنگریی بورژوایە وکۆمەڵەش لایەنگریی رەنجدەر و زەحمەتکێشە.
پاشآن چۆن بوو ناسر رەزازی چەکی کۆمەڵەی دەشان کرد و دەستی بە گووتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕێی کرد، تا سەردەمێک لێیان جوێ بۆوە و پەژیوانیی خۆی بۆ رابوردووی خۆی راگەیاند و پەیویندیی تەشکیلاتیی دەگەڵ کۆمەڵەدا پچڕآند. ئێستی ئەم  ناسری رەزازییە کە کوردستانی گەورە بستێکی کەمتر بێ نەیگەرەکە. لە ئیدئۆلۆژیای هاوردەی مائۆییسمەوە قەڵەمبازیی هاوێشتۆتە سەر ناسیونالیزمێکی تۆخ و پێداگر. من ئەوەش بە مافی خۆی دەزانم وهیچ ئیرادی تێدانییە.

کورتە ویدئۆ:

لەوکورتە ویدئۆئەی کە لە سەرەوە دەیبینیت، هەروەها لینکەکەی لە خوارەوە کە دەگەڵ وتارەکەدا بڵاودەبێتەوە پێویستی بە شڕۆڤە نییە. بەڵکو جێگای پرسیارە و گومانە ئەو قسانەیە کە ناسر رەزازی  بە حەماسەوە بۆ بەرێوە بەریی ئەو کورتە دیدارە دەیگێڕێتەوە. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەگەرگووتنەکانی ناسر راستیش بێ، دووبارە کردنەوەکەی لە سەر مێدیایەک بۆ ڕای گشتی پێویست نییە. زۆر زەحمەتە مرۆڤێکی ناسیاو و هونەرمەند و گۆرانیبێژ ئاوا بەسەرهاتێک باس بکا کە لەسەردەمی رۆنێسانسیشدا گێرانەوەی لە لایان قەشەکانەوە زەحمەت بووە. دەقی قسەکان و ناوەرۆکی ئەو ویدئۆیە لێرەوە دووپات ناکەمەوە با بۆ خۆتان بە چاو و گوێی خۆتان بیبیسن.
هەرئەوەندە دەڵێم، بەسەرهاتێکی ئاوا بەسەر مندا هاتبایە دەگەڵ خۆم دەمبردە ناوگۆڕ و هیچکات بۆ هیچ کەسم باس نەدەکرد جا چ دەگا لە مێدیایەکی کوردیی. چەند جارێک گوێ بیسیی ئەو قسانەی ناسر بوم، دەمهەویست باوەڕیان پێبکەم، بەڵام دەنگیک لە دەروونمدا پێی دەگووتم، نەکەی باوەڕبەوقسانە بکەی .رەوانی دایکی شآدبێ. ئۆباڵی ئەو قسانەش دەکەوێتە سەرئەستۆی  ناسر.

پەراوێزێکی چووک:

هیوادارم لە ئاست سەردێڕی ئەو بابەتە  ناسر زوێر نەبێ کە باسی تەڵاقم کردوە. چون فکر دەکەمەوە  ناسر و ناسرەکانی دیکەش وێنەی ئەو، رەنگە باوەڕیان بە تەڵاق نەبێ. چون ئەو قسەیە وەک مەتەڵ جێگای خۆی کردۆتەوە و لە مەتەڵیشدا جوابە جەنگیی جێگای نابێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە