ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٣)

Thursday, 27/06/2024, 8:22

2954 بینراوە


عوسمان بن عەفان لە نێوان ساڵانی (٦٤٤-٦٥٦)ز حوکمڕانی دەوڵەتی ئیسلامی کردووە. لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەودا بزوتنەوەی سەبەئی بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا بن سەبئ سەرهەڵدەدات. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەو کابرایە جو بووە، لە زەمانی عوسماندا بە پیلانی جوو موسڵمان بووە، بۆ ئەوەی بتوانێت و ڕێگەی بۆ خۆش بێت تێکەڵاوی کۆمەڵگەی موسڵمانان بێت، بە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامدا بە ئارەزووی خۆی بخولێتەوە و هەوڵبدات کە بزوتنەوەکەی لەنێو موسڵماناندا سەر بگرێت، تا لەو ڕێگەوە خەڵک دژی خەلیفە هان بدات، بەوەی کە عەلی بن ئەبی تالیب شیاوی ئەو پۆزشنەیە نەک عوسمان ئبن عەفان، هەروها لە حەدیسێکدا دەڵێن (موحمەد نەبی و ئەلا، عەلی وسی و ئەڵا)، بەڵام موسڵمانەکانی سونە مەزهەب دەڵێن، پێخەمبەری خودا هەیە بەڵام وسی و وەلی خودا نییە.
لە مێژوودا زۆرن، ئەوانەی کە کۆکن لەسەر ئەوەی، کە عەبدوڵا سەبەئی هەوادارێکی سەرسەختی عەلی بن ئەبی تالیب بووە، بۆیە خەلیفەی کوشتووە، بۆ ئەوەی عەلی ببێت بە خەلیفە. هەندێک سەرچاوەی دی وەک تەها حوسێن، دەڵێت ئبن سودا واتە (عبدوڵا سەبە)، کەسایەتیەکی دروست کراوە و لە مێژوودا نەبووە، شیعەکان بۆ هەندێ مەبەست ئەو کەسایەتیەیان لەنێو مێژوودا قوت کردۆتەوە.
هەندێک سەرچاوەی مێژووی دی پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن، کە سەبەئی لە ئاینی جوو ئینشقاقی کردوە، بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا سەبەئی، کە پێیان وتراوە "باتنی"یەکان، بڕوایان وا بووە، کە مرۆڤ کاتێک کە دەمرێت، ڕۆحەکەی دەچێتە گیانی گیاندارێکی دی، واتە بڕوایان بە ڕۆژی قیامەت، زیندوو بوونەوە و ڕۆژی هەقوحیساب نەبووە، هەروها گوتویانە، کە پێغەمبەر پیاوێکی میهرەبان، زیرەک و لێهاتوو بووە، بەڵام پەیامنێری خوددا نەبووە.
عەبدوڵا سەبەئی زانیاری زۆری لەسەر ئاینی مەسیحی، جوو و ئیسلام هەبووە، واتە کابرایەکی نەخوێندەواری نەزان نەبووە. عەبدوڵا سەبەئی دەکەوێتە کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزا لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلام نەک تەنیا لەنێو موسڵمانان، بگرە لەنێو جوو، مەسیحیەکان و لایەنگرانی عەلی و ئەو کەسانەی کە دژی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە ئیسلام زویرن. سەبەئی شاری کوفە و بەسرەی ئێستای دوو شاری عیراق، دەکات بە بنەکەی سەرەکیی کۆ کردنەوەی دەنگی ناڕەزا، ئینجا ڕوو لە میسر دەکات، لەوێ لەنێو موسڵمانان هەوادارێکی زۆر و بنکەیەکی جەماوەریی دابین دەکات، ئیتر بڵێسەی شۆڕش لەوێوە سەرهەڵدەدات. خەلیفە دەکەوێتە دژایەتیان، ئەوان بەنهێنی دەست بە ڕێکخستن دەکەن، گەلێک لە هەوادارانیان دەستگیر دەکرێن. لە ئاکامدا بزوتنەوەکە گەورە دەبێت، دەبێتە شۆڕشێکی چەکداری، لەشکرێک پێک دەهێنن لە ٣٠٠٠ شمشیردار و هەڵدەکوتنە سەر مەدینە، ئەو کات مەدینە هێزی چەکداری ئەوتۆی لێ نابێت، لەبەرئەوەی زۆربەی هێزی شمشێرداری لە وڵاتانی ڕۆم و عەجەم ناوچەکانی دەوروبەر دەبن، بۆیە ناتوانن بەرانگاری لە هێزی سەبەئیەکان بکەن. کاتێک کە ئەو هێزە ماڵی خەلیفە گەمارۆ دەدەن، داوا لە خەلیفە عوسمان دەکەن کە کورسی دەسەڵات بەجێبهێڵێت، لەو مشتومڕەدا ناگەنە چارەسەر و خەلیفە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەکوژن. بەمجۆرە ئەو ناتەباییە تا ئەمڕۆ درزێکی مەزن لەنێو یەکێتی فکر و بیروباوەڕی ئاینیی نێو موسڵمانان دروست دەکات، دەبن بە چەند مەزهەبێک گرنگترین و سەرەکیترین مەزهەبی سونە و شیعە دەبێت، کە تا ئەمڕۆ دوو جەمسەری دژ بە یەک لە دنیای ئیسلام و دەسەڵاتی سیاسییدا کێشمەکێشمیانە. هەموو دۆکیۆمێنتە مێژوویەکان دەیسەلمێنن کە لە زەمانی پێخەمبەردا مەزهەبی سونە و شیعە نەبووە، تەنیا ئیسلام هەبووە، ئەو دوو مەزهەبە لە قورئانیشدا ناویان نەهاتووە، بەڵام دواتر ناکۆکیی لەسەر دەسەڵات و کورسی حوکمڕانی، لقوپۆپ لە ئیسلام بۆتەوە وەک مەزهەبی سونە و شیعە و ئیتر.
عەلی بن ئەبی تالیب لە نێوان ساڵانی (٦٦٠-٦٥٦)ز حوکمی کردووە، یەک ڕۆژ دوای مردنی عوسمان بن عەفان، سەحابەکانی مەدینە بەیعەی دەدنێ کە ببێت بە خەلیفە. لە کاتی دەسەڵاتی ئەودا کوفە دەبێتە پایەتەخت و لەوێوە بەرو وڵاتی فارسی هەنگاو دەنێن و کوفە دەبێتە بنکەی کۆکردنەوەی دیلەکانی وڵاتی ئاگرپەرستان واتە فارس، هەروها زۆربەی قەبیلە عەرەبەکانی کە هێشتا جون و نەبوونەتە ئیسلام ڕوو لەو شارە دەکەن، واتە پێکهاتەی دانیشتوانی شارەکە وەک پێکهاتەی دانیشتوانی مەدینە و مەککە نابێت، تێکەڵاویەک دەبێت لەنێوان کلتوور و بیروباوەڕی جیا. لە قۆناغی دەسەڵاتی ئیمام عەلی
دەنگی ناڕازا لەنێو کۆمەڵگەی موسڵماناندا، بەرجەستە لە چەند گروپێک و پێکهاتەیەک دژی ئیمام سەرهەڵدەدا، بۆ وەرگرتنی دەسەڵات کە لە ئەنجامدا لە قۆناغی حوکمڕانی ئەودا، تووشی سێ جەنگی گەورەی ناوەخۆ دێت.

یەکەم: جەنگی ئەلجەمەل، شەڕی براکوژی

جەنگی ئەلجەمەل، شەڕی نێوەخۆی موسڵمانانە، واتە براکوژی کە لەسەر کورسی دەسەڵات سەرهەڵدەدات، لەنێوان خەلیفەی کە لەسەر حوکمە کە ئیمامی عەلی دەبێت، لەگەڵ ئەوانەی کە خۆیان بە لایەنگری خەلیفەی پێشوو کە عوسمان ئبن عەفان دەبێت دادەنێن و داوای تۆڵە و خوێن کردنەوی عوسمان ئبن عەفان دەکەن.
ڕێبەرایەتی ئەو جەنگە لە هەردوو لایەن واتە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی دەسەڵاتدا، لە خزمەکانی پێخەمبەری ئیسلام پێکدێن، وەک عائیشەی کچی ئەبوبەکری سەدیق و بێوەژنی پێخەمبەری ئیسلام. معاویە بن ئەبی سفیان کە دەکات ئامۆزای ئیمامی عەلی و پێخەمبەری ئیسلام، زوبێر بن عەوان کە دەکات کوڕی مامی عەلی و پێغەمبەری ئیسلام و مێردی خوشکی عائیشە، ئەبی تەلحە لە بەرەیەکدا دژی ئیمام عەلی کۆدەبنەوە و جموجۆل دەکەن.
جەنگی ئەلجەمەل لە مێژوودا هاتووە کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هێزێک لە ٣٠٠٠چەکدار پێک دەهێنن، لەو جەنگەدا عائیشەی بێوەژنی پێخەمبەر سواری حوشترێک دەبێت، لەوەوە ئەو جەنگە ناونراوە (ئەلجەمل) واتە جەنگی حوشتر، زوبێر بن عەوان و ئەبی تەلحە، ئەو سێ کەسە ڕێبەرایەتی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. هێزەکە لە دەوروبەری شاری بەسەرا لە عیراق نیشتەجێ دەبێت، عائیشە نامەی بۆ والی بەسەرە و ئەوانەی کە لە جومگەی سەرەکیی دەسەڵاتن دەنێرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بەبێ جەنگ، کۆنتڕۆڵی شاری بەسەرە و هەموو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی شاردا بکەن، بەڵام بێ هودە دەبێت و ناگات بە هیچ. لە ئاکامدا، هێزی چەکداری ئۆپۆزسیۆن، ڕووبەڕووی هێزی چەکداری ئیمام عەلی دەبنەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە مشتومڕ ناگەنە چارەسەر و جەنگ دەست پێ دەکات. لە ئەنجامدا هێزەکەی عائیشەی بێوەژنی پێخەمبەری ئیسلام، دەشکێت و ئیمام عەلی سەردەکەوێت.
دەبێت ئەوە بگوترێت، کە هۆی سەرەکیی ئەو ناتەبایە لەسەر کوشتنی عوسمان نەبوو، بەڵکو کاتێک کە زوبێرو ئەبی تەڵحە لە سەرەتادا بەیعە بە ئیمام عەلی دەدەن بۆ بوون بە خەلیفە، دەیانەوێت دواتر پۆزشنیان دەستکەوێت، بەگوێرەی سەرچاوە مێژوویەکان بێت، زوبێر دەیویست ببێت بە والی عیراق، تەڵحەش دەیویست ببێت بە والی یەمەن، بەڵام دوای تەقەلایەکی زۆر نەیانتوانی بوو خەلیفە بگەینە ئەو بڕوایە بۆ ئەوەی ئەو پۆزشانەیان بۆ دابین بکات، ئەوانیش لێ هەڵگەرابوونەوە. مەسەلەی عائیشەی بێوەژنی پێخەمبەر و کچی ئەبوبەکری سەدیق، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە دەڵێن، کێشەی خێزانیان هەبووە و چەند جارێک عەلی بن ئەبی تالیب پێشنیاری ئەوەی بۆ پێخەمبەر کردووە کە عایشە تەڵاق بدات، بۆیە ئەویش ڕقی لێ هەستاوە و گیانی تۆڵە سەندنی لا دروست بووە.

دووەم: جەنگی ئەلسەفەین، شەڕی براکوژی

لەنێوان هێزی ئیمامی عەلی و موعاویەی بن ئەبی سفیانی ئامۆزای دەبێت لە ناوچەی ئەلسەفەین نزیک بە ڕەقەی ئێستا. موعاویە دەیەوێت وەک والی شام بمێنێت و دوای خۆی کوڕی دەسەڵات بگرێتە دەست، هەندێک سەرچاوە دەڵێن بەیعەی نەداوەتە ئیمام عەلی بۆ خەلیفاتی، واتە ئەو کێشەیەش هەر لەسەر دەسەڵاتدا دەبێت، بەبیانوی ئەوەی موعاویە داوای خوێنی عوسمان بن عەفان دەکات و هەرچی موسڵمانی شام هەیە دژی ئیمام عەلی هاندەدات. ئیمامیش هەرچی موسڵمانی عیراق هەیە دژی معاویە هاندەدات. حەوت ڕۆژ هەر دوو هێز بەرامبەر بە یەک دەجەنگن، بە هەزاران موسڵمان لەو جەنگەدا دەکوژرێت، بەڵام هیچ لایەکیان براوە نابێت، بۆیە لە ڕۆژی هەشتەمدا، عەلی ئبن تالیب و معاویە دینە مەیدان و ڕێبەرایەتی هێزەکان دەکەن، شەڕ گەرم دەبێت و هەزاران موسڵمان لەژێر دروشمی ئیسلامیدا بە یەکدی بە کوشتن دەدەن بەڵام هەر بەرابەر دەبن، بۆیە هێزی معاویە قورئان لەسەری شمشێرەکانیان دەبەستن، بۆ دروست کردنی فشار لەسەر ئیمام عەلی بۆ ئەوەی بڕیار بدات شەرەکە ڕابوەستێت. لە کۆتایدا ڕێکدەکەون و هەر دوو هێز مەیدانی جەنگ بەجێدەهێڵن، هێزی ئیمام بەرەو عیراق و هێزی معاویە بەرەو شام. لەم جەنگەدا ٧٠هەزار موسڵمان دەکوژرێت. ٤٥هەزار شامی لە هێزی معاویە دەکوژرێت. ٢٥هەزار عیراقی لە هێزی عەلی ئبن تالیب دەکوژرێت.

سێیەم: جەنگی نەهرەوان، شەڕی براکوژی

جەنگی نەهرەوان لەنێوان هێزی ئیمام عەلی و سوپای خەوارجیەکان دەبێت، دوای مشتومڕێکی زۆر هەندێکیان گۆڕەپانی جەنگ بەجێدەهێڵن، بەڵام هێزێکی ٤٠٠٠هەزاری لە خەوارجیەکان پێدادەگرن کە دەبێت جەنگەکە ڕووبدات، لە ئەنجامدا هێزی ئیمام سەردەکەوێت و لەو چوار هەزار کەسە تەنیا ٩کەس دەمێنن. بێ گومان کۆکردنەوەی هێزی چەکداریی و ڕێکخستنی خەڵک لەژیر دروشمی لە پێناو خوددا لەنێو هەموو هێزە ئیسلامیەکان دژ بەیەک بەرز دەکرێتەوە، کەچی لە ڕاستییدا هەموو هەوڵەکان و جەنگەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و سەپاندنی هەژموون بووە.
دوای جەنگی نەهرەوان، دەنگی ناڕەزا لەنێو خوارجیەکان بەرز دەبێتەوە، کە زیانێکی زۆری ماڵی و گیانیان بەردەکەوێت. لەلایەکی دی عەبدوڵا سەبەئی کاتێک کە دەرک بەوە دەکات کە عەلی ئەبو تالیب پێگەی لاوازە، ئەوەیش لێ هەڵدەگەڕێتەوە، واتە دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزتەوە و خۆی دەسەڵات وەربگرێت. کۆمەڵێک لە قەبیلەکانی عەرەب کە پێیان وابوو پشتگوێ خرابوون و پشکیان لە دەستکەوتی ماددییدا بەر نەکەوتوو بوو، هەروها ئەوانەی پشتیوانیان لە معاویە دەکرد، هەموویان پێکەوە دەنگی ناڕەزاییان پێک هێنابوو لەنێو کۆمەڵگەی موسڵماناندا، کە سەرئێشەیەکی مەزنیان بۆ خەلیفە واتە ئیمامی عەلی دروست کرد بوو، ناتەبایی گەیشتبووە لووتکە، لە ئەنجامدا لە ٦٦١ز لە مانگی ڕەمەزاندا عبدولڕەحمان بن ملجم
مورادی، کە لە خەوراجیەکانی میسر بوو، لە مزگەوتی گەورەی شاری کوفەدا، بە شمشێرێکی ژەهراوی، لە کاتی نوێژدا ئیمام عەلی کردە ئامانج، دوای دوو ڕۆژ ئیمام کۆچی دوایی کرد. ئیمام عەلی لەسەرەمەرگدا وەسیەتی کرد، کە حەسەنی کوڕی گەورەی ببێتە خەلیفە، لە تۆڵەی ئەودا، مەلجەم مورادی بکوژرێت.

سەرچاوەکان:

الزینە فی الکلمات الاسلامیە ( ص ٣٠٥) لابی حاتم الرازی
الإمامة والسياسة (المعروف بتاريخ الخلفاء)، ابن قتيبة،
ابن سبأ حقيقة لا خيال - سعدي بن مهدي الهاشمي
عبد الله بن سبأ وأساطير أخرى
سعدی بن مهدی الهاشمی) 1] 131ص - 1( الفتنة الكبرى ) طه حسين ( فصل ابن سبأ تحت عنوان : ابن السوداء : ج
الجمل و مسیر عائیشە و علی، سیف بن ابو عمر التمیمی
الطوسي، مصباح المتهجد
قورئان

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ تێبینی: دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە