ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٤)

Tuesday, 02/07/2024, 21:07

3451 بینراوە


عەلی بن ئەبی تالیب شیعە نەبووە، لەبەرئەوەی پێش مردنی پێخەمبەری ئیسلام مەزهەبی شیعە نەبووە، دوای قوڵ بوونەوەی ناکۆکییەکانی نێو ئەسحەباکان، بۆ بوون بە خەلیفە، ئەوانەی لاینەگری عەلی ئیبن تالیب بوونە، پێیان گوتراوە (شیعە عەلی) واتە هەواداران و لایەنگرانی عەلی، کەواتە کێشەکە پەیوەست نەبووە بە جیاوازی بیروباوەڕ و بوونی ڕێبازێکی ئاینی جیاواز، بەڵکو پەیوەست بووە بە گەیشتن بە کورسی دەسەڵات. لەگەڵ کاتدا قوڵ بوونەوەی ناکۆکیەکان، بۆ خۆجیا کردنەوە، جیاوازی لە دابونەریت و جۆری هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ئایندا سەری هەڵداوە، خاڵی بەهێز و سەرەکیی لەوەدا بووە، شیعەی عەلی، گوتویانە ئەمانە میراتگری پێخەمبەرن، عەلی وەسی خودایە و بۆیە دەبێ ئەمانە ببن بە مەرجەعیەت و خەلیفە، بەم جۆرە ئەو ناکۆکیە ڕێرەوەی خۆی گرتووە و ناونراوە مەزهەبی شیعە.
ئەوەی هاتۆتە دەسەڵات یان ئەوەی لە ئۆپۆزسیۆن بووە، هەوڵی داوە هەموو ئەو کەسانە لەخۆیان کۆبکەنەوە، کە خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاینین و دەتوانن خەڵک کۆبکەنەوە، بەو مەبەستە کوڕی لێپرسراوەکانی پێشوو واتە نەوەی خەلیفەکان و والی و سەڕۆک عەشیرەتەکان و ئیتریان مەبەست بووە، بۆ نمونە یەکێک لەوانەی کە لە مێژوودا ناوی هاتووە، کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە و  تاوانبارە بە کوشتنی خەلیفە عوسمان ئبن عەفان، محەمەدی کوڕی ئەبوبەکر سەدیقی برای عائیشەی بێوەژنی پێخەمبەری ئیسلامە.
کاتێک کە عەلی خەلیفە دەبێت، دەرک بە مەترسی بەهێز بوونی معاویە دەکات و دەزانێت معاویە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی یەکەم بێت، بۆیە بڕیاری لابردنی لە والی شام دەردەکات، بەڵام ئەو بڕیارەکە جێبەجێ ناکات، چونکە لەو کاتە، ئەو دەمێک بووە خۆی ئامادە کردووە، خاوەن لایەنگر و هێزی چەکداری پتەو بووە بۆیە باکی بە ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداری نەبووە. دوای مردنی عەلی کە حەسەن دەبێتە میراتگری ئاینی و سیاسیی عەلی باوکی، معاویە ڕەتی دەکاتەوە کە بەیعە بە حەسەن بدات. 
معاویە پێشوەخت پلانی داڕێژراوی هەبووە، خۆی ئامادە کردووە کە هەڵوێستی بەرەنگاری بوون وەربگرێت، سڵی نەکردۆتەوە لە هەڵگیرساندنی جەنگ. کنە و کاری لەنێو هێزەکەی ئیمام عەلی کرد بوو، لایەنگری زۆری بۆ خۆی پەیدا کردبوو. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن، کە معاویە گەلێک لە سەرکردەکانی هێزەکانی ئیمام عەلی کڕی بوو.  حەسەن کاتێک کە بوو بە خەلیفە، دەرکی بەو واقیعە کرد بوو و بۆی دەرکەوت بوو کە دەرەقەت معاویە نایەت، بۆیە سازشی لە پۆزشنی خۆی کرد بۆ معاویە، بەڵام لە مێژوودا هاتووە، کە حەسەن بۆ ئەوەی دووبارە شەڕی براکوژی ڕوونەدات، دووبارە خوێنی موسڵمانان نەڕژێت، سازش لە پۆزشنی خۆی دەکات بۆ معاویە، بە چەند مەرجێک، گرنگترینیان ئەمانە بوون، کە معاویە نازناوی ئەمیر موئمنین لەخۆی نەنێت. دوای مردنی معاویە خەلافەت تەسلیم بە حوسینی کوڕی ئیمام عەلی بکرێت.  نابێت لە ئەدەبیاتی معاویە جنێو بە عەلی بدرێت.
لە ساڵی ٦٦١زنیدا کاتێک کە معاویە دەسەڵات دەگرێتە دەست، قۆناغی خەلیفەکانی ڕاشدین کۆتای دێت و قۆناغی ئەمەوی دەست پێ دەکات، دیمەشق دەبێتە پایەتەخت، تا ساڵی ٧٥٠ز کە بە دەستی عەباسیەکان دەڕووخێت. ئەمەوی لە "بنی امیە" هاتووە، کە ئامۆزازای پێخەمبەر بووە نەوەی ئەو شەڕی ئامۆزاکانی خۆیان کردووە تا دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و دەوڵەتەکەیان بە ناوی باپیریان ناوناوە. 
معاویە پێش مردنی پابەند نابێت بە مەرجەکانی کە لەگەڵ حەسەن بەستویەتی کە دوای خۆی حوسێن دەبێت ببێت بە خەلیفە، هێشتا لە ژیاندا دەمێنێت کە داوا لە موسڵمانان دەکات دوای خۆی بەیعە بدەن بە یەزیدی کوڕی. ئەمە دەنگی ناڕەزا بەرز دەکاتەوە لەنێو حجازیەکان بە تایبەتی لە مەدینە و دەڵێن، خەلیفە پەیڕەوی ڕێگەی خەلیفەکانی ڕاشدینی شکاندوە، بڕوای بە میراتگری سیاسی هەیە. دواتر کە معاویە دەمرێت، زەیدی کوڕی لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنێشێت. حوسێن بن ئەبی تالیب توڕە دەبێت، بەیعە بە کوڕی معاویە نادات و خۆی پێ شیاو دەبێت بۆ ئەو پۆزشنە.

شەڕی کەربەلا یان الحوسەینیە یان عاشوریە، شەڕی براکوژی و تیرۆر و ژن و منداڵ ئیبادە کردن

کاتێک کەمعاویە دەمرێت، عیراقیەکان نامە بۆ حوسێن دەنێرن، کە بێت بۆ عیراق. حوسێن کوڕی مامی کە موسلیم ئیبن عەقیلە دەنێرێت بۆ عیراق، بۆ ئەوەی لەنێو خەڵکدا، خەباتی ژێرزەمینی بکات، لاینەگر و دۆست و هەوادارانی ئیمام حوسێن ڕێکخات، کار بۆ ئەوە بکات کە عیراقیەکان بەیعە بدەن بە ئەو. ئیبن عەقیل هەواڵ بۆ حوسێن دەنێرێت، کە ئەو لەنێو خەڵکدا کاری کردووە  و پەیمانی وەرگرتووە، کە عیراقیەکان پشتیوانی لە حوسێن دەکەن. حوسێن  هەموو خزم و لایەنگرانی کۆ دەکاتەوە بەرەو عیراق دەڕوات، لە کەربەلا نزیک کوفە نیشتجێ دەبێت. 
 سیخورەکانی یەزید هەواڵ دەگەینن کە حوسێن بەرەو کەربەلا دەچێت، عەقیل لە بەسرە لەنێو عیراقیەکاندا کاری کردوە کە بەیعە بە حوسێن بدەن و ببێت بە خەلیفە.
 یەزید هێزێک کە لە ١٢هەزار شمشێردار پێک دەهێنێت، بە ڕێبەرایەتی عوبێدلا ئبن زیاد دەنێرێت بۆ کوفە و پێ دەڵێت، بە حوسێن بڵێ کە بەیعەم بداتێ، ئەگەر ڕەتی کردەوە، بیکوژە و سەری ببڕە و بۆمی بهێنە. والی بەسرە بە خەباتی ژێرزەمینی ئیبن عەقیل دژی دەسەڵات دەزانێت، دەستگیری دەکەن و لەسەر کۆشکێکی باڵا فرێ دەدەنە خوارەوە و تیرۆری دەکەن. هەواڵ دەگاتە حوسێن کە موسلم ئیبن عەقیل تیرۆر کراوە، خەڵکی کوفە خیانەتیان کردوە و پشتیان تێ کردوون هێزەکەی یەزید گەمارۆیان داون. حوسێن بەو ٧٠کەسەی کە لەگەڵیدا دەبێت دەڵێت،  لاریم لەوەدا نییە ئەگەر هەر یەکێکتان دەتانەوێت خۆتان دەرباز بکەن. هێزی معاویە گەمارۆی بنکەی حوسێن دەدەن و حساریان دەخەنە سەر، ناهێڵن دەستیان بگات بە ئاو و خۆراک، زۆرێک لە منداڵەکانیان لە برسان و تێنوانە دەمرن. ئەوجا عوبێدلا ئبن زیاد پەیامی یەزید دەگەیەنێت بە حوسێن، ئەویش ڕەتی دەکاتەوە کە بەیعە بدات بە یەزید، لەم کەینوبەینەدا خەڵکی عیراق لە حوسێن هەڵدەگەڕێنەوە، بەگەل هێزەکەی معاویە دەکەون و ژمارەی ئەو هێزە لە زیاد بوون دەبێت.  لە ئاکامدا هێزی یەزید، لەژێر ئاڵای ئیسلام و دروشمی لا ئیلاها ئیلە ئاڵادا، گەماڕۆی حوسێن و خزم و کەس و لایەنگرانی دەدەن، چادرەکانیان وێران دەکەن، هەموویان بە ژن و منداڵەوە دەکوژن، سەری حوسێن دەبڕن و بەدیاری بۆ یەزیدی دەبەن.

وقعە الحرە، شەڕی براکوژی و تاڵان کردنی ژن و منداڵ

بە سەربڕینی ئیمام حوسێن، دەنگی ناڕەزا لە شاری مەدینە لە هەڵکشان دەبێت بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئبن زوبیر هێزێکی شمشێرداری پێکهاتوو لە ٢٠٠٠ کەس و داوا دەکات بەیعە بدرێت بە خۆی. خەڵکی شار والی یەزید و خزمەکانی بنی ئومەیە، لە مەدینە دەردەکەن و ڕەتی دەکەنەوە بەیعە بدەن بە یەزیدی کوڕی معاویە. هەواڵ گەیشتە یەزید هێزێکی لە ١٢هەزار شمشێرداری پێکهێنا، فەرمانی دا، کە هەموو تاڵانیەک تا دەگات بە ژن و منداڵ لە جەنگی مەدینە بۆ شەڕکەرەکان بێت. 
 فەرمانی یەزید دەستدرێژی کردنە سەر ژنی موسڵمانی حەڵال کرد، لە کاتێکدا پێشووتر بۆ نمونە لە جەنگی ئەلجەمەلدا، واتە لە شەڕی ناوەخۆدا بە ئەمری خەلیفەکان، خوێنی موسڵمانان یان کوشتنیان بە دەستی یەکدی حەڵال کراوە، بەڵام بردنی ژنی موسڵمانان بە تاڵانی حەرام کراوە. کاتێک کە عائیشە لە جەنگی ئەلجەمەلدا بەشدار دەبێت و لەشکرەکەیان دەشکێت، دەنگی ناڕەزا لەنێو هێزی عەلی بن ئەبی تالیب بەرز دەبێتەوە، داوا دەکەن کە دەستدرێژی بکەنە سەر عائیشە. ئەو لە وەڵامدا دەڵێت، نەخێر ئەوە "ام المومنینە" واتە دایکی "موسڵمانان"، هەروها عەرز و شەرەفی ژنە موسڵمان حەرامە لە جەنگی ناوەخۆدا. ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن، باشە بۆ خوێنی موسڵمان بە دەستی موسڵمان حەلال کراوە بەڵام عەرزی نا؟  یەزید ئەو سنوورەی بەزاند و دواتر لە زۆربەی جەنگی نێوەخۆدا، ژن و منداڵ بە تاڵانی بردراون. بەهەرحاڵ لە جەنگی وقعە الحرە، بە هەزاران موسڵمانی حیجازی و عیراقی و شامی یەکدیان کوشت، تاڵانیەکی زۆر ئەنجام درا، شەڕکەرەکانی یەزید دەستیان بۆ ناموسی ژنە موسڵمانان برد و هەموو سنوورێکیان بەزاند، دواتر بە سەدان منداڵ لە دایک بوون لە باوکی نادیاردا. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن، کە ناتەبایەکە لە هەندێک قۆناغدا گەیشتۆتە ئاستێک لە مەککە کەعبەیان سووتاندوە. 
شۆڕشی تەوابین، بزوتنەوەیەکی لایەنگرانی ئیمام حوسێن بوون لەنێو موسڵمانانی حیجاز بە ڕێبەرایەتی سلیمان بن سرد ئەلخەزاعی، دژی ئەمەویەکان بوون، جەنگی عین ئەلوردە لەنێوان لەشکری ئەمەویەکان و لەشکری تەوابین ڕوویدا، بە هەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت. شۆڕشی مختار ئەلسەقەفی، کە ڕێبەرێکی سەربازی بوو، داوای خوێنی حوسێنی دەکرد، زۆربەی ئەوانەی بەشدار بوون لە کوشتنی حوسێن، ئەو کابرایە کوشتیانی، هەوڵی دەدا سەرکەوێت بۆ ئەوەی خۆی ببێت بە خەلیفە بەڵام نەگەیشت بە ئارەزووی خۆی. 

سەرچاوەی زێتر:

اخبار القضات، المولف، وکیع ابن محمد
فرهاد دفتەری،: تاریخ الاسلام الشیعی

ئەم بابەتە درێژەی دەبێت

تێبینی:

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە