ئێمە تەنها خیانەتەکان سەرژمێر دەکەین
Thursday, 25/04/2024, 11:38
959 بینراوە
زۆر ئە ترسم ئومێد خۆشناو پێڵاوەکانی ئەردۆغان بەرێت بۆ مۆزەخانە و بەکوردایەتی پێمان بفرۆشێتەوە ، نیگەرانم فەرهاد پیرباڵ لەگەڵ هاتنی ئەردۆغان میزی نەیەت تابیکات بەمێژووی تورکیادا ، زۆر خەممە مەلا مەزهار ئەردۆغان بەعومەری کوڕی خەتاب بشوبهێنێت و کورد بکاتە قوربانی دەقیقەیەکی ، نیگەرانم حەمکۆ خۆی بکاتە نەخۆش و نقە لەخۆیی ببڕێت ، سۆران و باران و ئەڤین ئاسۆ و ئارامۆو شاهۆ ئەمین تەراش بکەن بەنیازی وێنەگرتن لەگەڵ ئەردۆغاندا .
ئێستا کچە نازدارەکانی سەرۆکمان زێرە ، هەموویان یان بوونەتە قەیرە یان بۆهەتاهەتایە کۆچی دوایان کردووە ، دەنا لەگەڵ هەڵکەوت زاهیردا ئەردۆغان زێڕەیان دەووتەوە قەشەنگ تر لەجاران .
ئێمە لەسەردەمێکی پوچدا ژیان دەکەین ، هەمووئەوشتانەی لەدەستماندا بوو لەدەستماندا بەهۆی ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی زیاترمان دا . عەبدولخالق مەعروف ، شەهید سەرداری سەعید سۆفی ، جەمیل ڕەنجدەر سەردەشت هتد گۆڕ هەڵتەکێنن ئەها چی لەهەولێر هاتووە ؟
خۆش بەحاڵتان کە کۆچتان کرد ، دەنا ئێستا دڵتان دەتەقی لەم هەموو خیانەت و پوچیەی بەسەر ئەم شارەدا دێت . ئەم نمایشەی لە هەولێر دەکرێت ، دەسەڵاتدارانی سلێمانی لیک بەدەمیانا دێتە خوارێ کە شاری جوان بڕازێنەوە بەئاڵای تورکیا ، ئەو پایگایەی لەساڵی ١٩٨٥دا شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە تەقەی لێبکەم لەو قەلاپتەوەی بەعس و دوایش بازرگانێکی خوێن لەڕێگەی دەسەڵاتەوە کردیە ئوتێلێکی ناشرین و پێمان دەڵێت :"مێژوو لێرەوە دەست پێدەکات ".
پارەی تفەنگەکانی ئاشبەتاڵیشی تێدایە ئەم ئوتێلە ، هینی مریشکی بەستوو کە ئاومان دەکردە پێستەکەیەوە تا کێشی زیادبێت .
ئێمە ئەگەر لەسەرەتاوە سەری یەکەمین خائینمان پانبکردایەتەوە . هەرگیز پێویستی نەدەکرد خیانەتەکان سەرژمێرکەین ، هەمووی خەتایی خۆمانە ، ئەم دەسەڵاتە هەر ڕۆژەی نمایشێکمان بۆ دەکات و ئێمەش خۆمان بەتاڵ دەکەینەوە و سەرژمێرەکانمان لێتێک دەچێت . ڕۆژنامە نوسێک گێڕایەوە ووتی: لەبەغداد بووم لە زۆنی سەوز . جەلال تاڵەبانیم بینی زۆر شادمان بوو ووتم ڕەنگە شتێکی زۆر سەرنج ڕاکێش ، یان دەسکەوتێکی گەورە بەرهەم هاتبێت بۆ کورد شادمانی ئەم پیاوە سەرسوڕهێنەرە .....!؟
هەرچۆنێک بوو لێی نزیک بوومەوە و لێم پرسی زۆر دڵخۆش دیاری ؟
لەوەڵامدا تاڵەبانی دەڵێ ڕاستە زۆرشادمانم .
دەکرێ بزانم بۆ ؟
ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری ئێران دێتە بەغداد ، پاش ماوەیەک سەرۆک ئەردۆغانیش سەردارمان دەکات ، ئیتر چۆن لەخۆشیدا نەفڕم...!
بیەنە بەرچاوی خۆت سەرۆک کۆماری عێراقی تاوان بەئاسمانە گەرمەکەی بەغداددا بفڕێت .
ڕاستگۆبم نەمویست قسەلەسەر هاتنی دیکتاتۆرێکی لەرزۆک بکەم کە پڕە لە تاوان و بێناموسی ، بەڵام کەسەیری تۆڕەکۆمەڵایەتێکان و ئەوهەموو نوسەرە دەکەم کە ڕۆمان و شعرو کتێبیان بۆ حەوت پشتیان نوسیووە و لە ڕووداوێکی ئاوادا بێدەنگن و هیچ ناڵێن ، ئەو قەشمەرانەی کەناڵەکانیان مۆنیپۆڵکردووە قسەلەسەر هەمووشتێک دەکەن ، ئێستا بێدەنگن ، ووتم با شتێک بڵێم ، ئەمەش وەک هاوریەک لەپرسەیەکدا پێی ووتم لەبەر دڵی تۆ هاتم ، ئەم کاکەیە تامرد وازی لەدووڕووی نەهێنا ، باش بوو لەکۆڵمان بۆوە .
منیش ووتم گوێ مەدەرێ هاوڕێم : ئیرەی و دووڕووی و ترسنۆکی تەمەن درێژ ناکات .
ووتم هاوڕێم بێ بیرکردنەوە قسەمەکە ئەوەی دەیڵێت ڕەنگە کەسێک بەکوشت بدات .
من کەس ناکوژم بەس ئەم کەسانە تائاوا جێمان دەهێڵن لەئازارێکی وەک دۆزەخدا ژیان دەکەن، وەک سەرۆکە قەزمەکە . ئەوەی ئەم شەو سەیری درامای تورکی بکات خۆی ناونووس کردووە لەفەوجی جەندرمەی تورک و دەسەڵاتی لەرزۆکی هەرێمە لاقەکراوەکەدا.