شاسواری چاڤیلاند و نەوەی گەوجی نوێ

Friday, 26/04/2019, 14:11

14653 بینراوە


شاسوار عەبدولواحید وەک دزێکی مۆدێرن.
وەک بازرگانێکی دەستبڕ، لە پڕا هەڵتۆقی، بزووتنەوەی گۆڕان ویستی ئۆپۆزیسیۆن لە خۆیان پیستر و ناشرینتر بێت. دوژمن و داگیرکەرانیش ئامادەیان کرد، تا خۆی بخزێنێتە نێو کاری راگەیاندن و سیاسەت، خۆشی ویستی وەکو بارزانی و تالەبانی و بەرپرسەکانی تر، فێری هونەری دزیی و خیانەت و درۆزنی بێت، تا وەک ئەوان بازرگانی بە خوێن و خاکەوە بکات، کۆمەڵێک نەوەی نوێی لە خۆی کۆکردەوە، تا دزیی و دەستبڕین لەناو سیاسەتدا سپی بکاتەوە
-------------------------

لەو نیشتیمانەی کە پێی دەڵێن باشوری کوردستان و پڕکراوە  لە دز و لە ناپاک. ئەمڕۆ کەسانی خائین و دزی بێشەرم، ئەم بەشەی وڵاتیان داگیرکردووە، یاسا  تەنیا خۆیان دایدەنێن، دادگاش خۆیان بەڕیوەی دەبەن، بۆیە بازرگانێکی وەکو شاسواری تێدا هەڵدەتۆقێت، شەرم ناکات، کە شانازی بە دزیی و بەدڕەوشتیی و کارەکانی خۆیەوە بکات، لە دەرگای بازرگانی دەدات دەچێتە ناو دنیای راگەیاندن، لەویوە خۆی دەکاتە سیاسیی و پارت و رێکخراویش دروست دەکات. هەر وەکو کارمەندێکی لای شاسوارخۆی کە ناویناوە (سوارچاکی ستەم و سەرمایەی دەسەڵاتی کوردی)،  ئەمڕۆ شاسوار واحیدی کەبابچی لە رێگای چەند بەرپرسێکی کورد و لایەنی عێراقیی خۆی و خوشك و برای بوونەتە بازرگانی خوێن و جاسوس و مافیا، دەسەڵاتی کوردی  یارمەتیدەریانە، تا لەپاڵ سێبەری خۆیدا ئەم شتە پیسانە بتروکێن و گەورە ببن.
شاسوار عەبدولواحید، کە بەهۆی دەسەڵاتی دزەکانی سلێمانییەوە  بەشێک لە سلێمانی داگیرکردووە و بۆتە  خاوەنی لایەکی شارەکە، سەرەتا بە قەرزی ساختەی بانکەکانی هەرێم کۆمپانیای نالیای دامەزراند، دوایی بە پارەی دانیشتوانی سلێمانی چاڤیلاندی دروست کرد، ئیستا وەکو سیاسییەکیش بۆتە خاوەنی حیزبۆکەیەک و دوکانێکی کردۆتەوە بە ناوی نەوەی گەوجی نوێ، قسە بۆ گەنجان دەکات، وانەی دزیی و خۆفرۆشی و خیانەتیان فێر دەکات، کە چۆن دەتوانن وەکو خۆی ببن بە دز و درۆزنی هاوشیوەی خۆی، کاتێکیش دەم دەکاتەوە وا پیشان دەدات، وەکو ئەوەی خۆی بە توانا و ئیرادەی خۆیەوە لە وڵاتێکی دیموکراسی و سەرمایەداری رۆژهەڵاتییەوە هاتبێت، لەوێەوە وەکو هەموو سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی جیهان بووبێتە خاوەنی ئەم هەموو سەروەت و سامانە، شانازی بە خۆی و بە بنەماڵەکەیەوە دەکات، دەیەوێت پێمان بڵێت، کە بەرپرسەکان یارمەتییان نەداوە و لە پشتییەوە نەبووبن!
نووسەرێکی بەڕێز کاتێک ئەم هەموو ناهەقیی و شتانە دەبینێت، هاواری لێهەڵدەستێت و دەڵێت: (خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم، شایانی ئەوە نین کە چیتر لە ژێر دروشمی ڕەنگاوڕەنگدا لەمە زیاتر هەڵبخەڵەتێنرێن). هەڵبەت خەڵکی چەوساوە و دانیشتووی ئەو نیشتیمانە داگیرکراوە، نەک ئەمڕۆ بەڵکو لە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم پارت و خائینانە زیاتر لە ٨٠ ساڵە بەدەست بنەماڵەی بارزانی و برایم ئەحمەد و تالەبانی هەڵخەلەتێنراون و فێڵیان لێدەکرێت، ئیستاش پاش راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ وا خەریکە بەڕەی نیشتیمانەکەیان لە ژێر دەردەهێنرێت.
ئەم دز و پیاوخاپ و خائینانە کە هاتنە شاریشەوە، هەر ئەوەیانکرد، کە لە شاخ کردبوویان. جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانیش بۆ خۆیان هەموو پێناسەی خیانەت و خاکفرۆشی و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ داگیرکەران دەیانگرێتەوە، چونکە وەکو ئەم بازرگانانە هەڕاجی نیشتیمانیان کردووە، بازرگاننی بە سیاسەت و هەموو شتێکەوە دەکەن.  کەسانی لە خۆیان خراپتر و درۆزنتر و دەستبڕتر لە نمونەی شاسوار دەدۆزنەوە، دەیانهێنن دەسەڵات، پۆست و پارەیان پێدەدەن، بە نەوشیروان مستەفاشەوە، کە هاوڕێی شان بەشانی تالەبانی بوو. لەگەڵ تالەبانی کەسوکاری بەرهەم ساڵح قاسم و واحیدییان بۆ سلێمانی و کورد دروست کرد، لە ناو ئەو دوو خێزانەشدا (بەرهەم ساڵح و شاسوار واحید) دەهێنن، کە خەڵکی سلێمانی چاک دەیانناسن، تالەبانی و نەوشیروان ئەمانەیان هێنا و کردیانن بە ئەشرافی شار لەوێوە هەموو مێژووی یەکێتیی و خەباتی پێشمەرگە و قوربانییەکانیان بە نمونەی وەک ئەمانە فرۆشتەوە.
نەوشیروان مستەفا کەسێکی وەک شاسوار واحیدی بەرز کردەوە، خوشکەکەی کردە ئەندام پەرلەمان، لێرەدا دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەمە لە خۆڕایی و رێکەوت بوو، یان بە مەبەست و  پلان؟ ئەوەتا شاسوار واحیدێک کە بە باوک و خوشک و براکانی هەموو خەڵکی سلێمانی دەیانناسن، هەر ئەوە دەکات، کە وایان لێکراوە، بۆیە کاتی خۆی سەری خۆیان هەڵگرت و لە سلێمانییەوە چوونە بەغدا، دواجار کە نیشتیمان کاول کرا، زۆربەی خەڵکیان بێئابڕو کرد، کاتێک شاسوار گەڕایەوە وەکو قارەمان و ئەشرافی شار بە پۆزلێدان کردیان بە دەوڵەمەندی شارەکە و لایەکی سلێمانیان پێیدا، کەوتە گیانی ئەو خەڵکە و گیرفانی زۆربەیانی بڕی. ئەگەر دەسەڵاتی پارتەکان یارمەتیی دەر نەبن چۆن ئەو هەموو شتە دەکات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت؟
سیستەمی بنەماڵەی تالەبانی و بارزانی، نمونەی شاسواریشی لێدەکەوێتەوە!
سیستەمی بنەماڵە لە هەموو بوارەکاندا بۆتە سیستەمی بەڕیوەبردنی وڵات و بازرگانی، بۆتە مودیلیکی گەورەی سیاسەت لە باشور، زۆربەی  بەرپرسە حیزبییەکان ئەم سیستەمە پیادە دەکەن. ئەمە لەکاتیکدا تێکڕا هەموویان بانگەشەیان دژی سیستەمی بە بنەماڵەیی دەکرد و خەڵکیان پێ فریودەدا. جەلال تالەبانی و هاوڕێکانی لە ناو یەکێتیدا، کاتێک دژایەتی ماڵی بارزانی دەکرد، گوایە هێزێکی خێڵەکی و بنەماڵەیین، دوایی وردە وردە کە پیگەی خۆی لەناو دەسەڵاتی هەرێم و عێراقدا بەهێزکرد، وەکو بنەماڵەی بارزانی لێدەرچوو، (هێرۆ، پاڤێل، قوباد و لاهور و شاناز... هتد) ئیستا ئەمانە یەکێتیی و دەزگا ئەمنییەکان بەڕیوە دەبەن، لەگەڵ دەیان ئەندامی دیکەی بنەماڵەی تالەبانی و برایم ئەحمەد هەموو جومگە سیاسیی و بازرگانیی و ئیدارییەکانیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیان. دوای تالەبانیش کۆسرەت رەسولیش چاوی لەو کرد و جووتە کوڕ و کچەکەی هێنایە پێشەوە، نەوشیروان مستەفاش لە رێگای بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەر ئەوەی کرد کە بنەماڵەی بارزانیی و تالەبانی و کۆسرەت کردیان. زۆربەی بەرپرسەکان منداڵ و کەسوکار و بنەماڵەکانیان بە هەمان شێوە کردۆتە بەرپرس و خاوەنی دەسەڵات و پارە.
ئەمڕۆ کە بنەماڵەی بارزانی چونکە هێندە قێزەوەند بووە،  هەر کەسێک هەڵدەسێت ئەگەرهێرش بکاتە سەریان و قسەیان پێ بڵێت، لە نووسیندا، لە ئاخافتن قسەکردندا،  ئەوا بازاڕی گەرم  و رەواجی دەبێت، خەڵکی بڕوایان پێدەکەن، شاسوار عەبدولواحیدیش  لە رێگای هێرش کردنە سەر ئەو بنەماڵانە توانی خۆی بباتە پێشێ و لە (نالیا)وە بۆ (چاڤیلاند)، لە (نەخێری  ئیستادا) بۆ (نەوەی گەوجی نوێ)، خۆی خستە ناو باوەشی دەسەڵاتەوە و بوو بە بەشێک لەوان، دەستی دایە سیاسەتکردن، دەرگای بازرگانی  زیاتر بۆ والا بوو، شایانی باسە  هەموو ئەو کەسایەتیی و حیزبانە کە بە ناوی دژایەتییکردنی بنەماڵەی بارزانی، دێنە پێشێ و دوایی ئەمانیش وەکو بارزانی خیانەت لەو خەڵکە دەکەن، خەڵکەکە دەبێت بپرسێت بۆچی ئەوەی بۆهیچ کەسێکی دیکە رێگاپێدراو نییە، کەچی بۆ شاسوار رێگا پێدراوە تەنانەت هەڕەشەی  هەڵواسینی کوڕەکانی تالەبانی دەکات و وەکو مفەوەز شەماڵ هەڵیان دەواسێت؟ بەڵام ئەگەر یەکێک لە خۆپیشاندانێکدا، لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا قسەیەکی بەرز و نزم بکات یەکسەر دەیگرن و لە زیندانەکانی دژە تیرۆر و ئاسایش  بەگیری دەهێنن؟.
هاوڕێیەکی نووسەرم دەڵێت: میللەتێکی تێکشکاو هەر شایستەی ئەوە دەبێت کە کەسێکی وەکو شاسواری تیا دروست ببێت.
ئەمڕۆ شاسوار وەک بەرپرسەکان و سەرکردەکان بە ناڕاستەوخۆ لە سلێمانی حوکم دەکات و برا و خۆشک و کەسە نزیکەکانی هێناوەتە پێشێ، هێدی هێدی ئەندامانی ناو حیزبەکەی خۆی، لە ناو دەزگای راگەیاندن و کۆمپانیکەی پەراوێز کردووە، ئەمانەی خوارەوە کەسوکار و خزمەکانی شاسوارن تا ئەمڕۆ فریاکەوتووە لەو شوێنانە رۆڵیان  پێبدات و ببنە بەڕێوەبەر:
کەسوکار و خزمەکانی شاسوار عەبدولواحید
1. شاسوار عه‌بدولواحد (سه‌روك حزبی نه‌وه‌ی نوێ).
2. سروه‌ عه‌بدولواحد (سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ن، نوێ له‌گه‌ڵ عه‌رەبه‌كان)
3. نزار عه‌بدولواحد ( برای شاسوار)، (رێپێدراوی چاڤی لاند له‌ به‌غدا و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق.)
4. شوخان حسێن (خێزانی شاسوار)، به‌رپرسی دارایی نه‌وه‌ی نوێ.
5. هێژا حسێن (ژنبرای شاسوار) (سه‌رپه‌رشتی NRT)
6. ره‌وه‌ند ساڵح (خوشكه‌زای شوخان حسێن) (سكرتێر)
7. حه‌مه‌ حسێن (ژنبرای شاسوار)، (به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی شاسوار).
لە دوای هینانە پیشەوەی سروەی خوشکی شاسوار، کە وەک کەسی پلە دووی نێو ئەو رێکخراوە خۆی نمایش کرد، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە نووزەیەک لە چەند کەسانێکی نێو رێکخراوەکەوە بێت و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر دەرببڕن، بە دوایدا  کۆمەڵێک دەنگی ناڕازی ناو حیزبەکە بەناوی (ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاندراوێکیان لە رۆژی 21 / 04 /2019 دەرکرد . (کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی راگەیاندراوەکە):
دوایی لە رۆژی 24 / 04 /2019 لەبەر دەم پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر ئەندامێکی ئەو فراکسیۆنە بە ناوی (شادی نەوزاد) نهێنییەکی ئاشکرا، کە گوایە بە موبایل پەیوەندیی پێوە کراوە و هەڕەشەی  گرتەی ڤیدیۆیی رووتیان لێکردووە، هەروەها وتی: ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی نەوەی نوێ، ئەو کەسانە لە شوققەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤیلاند ماونەتەوە، کامێرای شاراوە لەو شوققە و کابینانە بۆ ئەو کەسانە دانراوە و ئێستا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی ئەو کەسانە دەکرێت".
یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ، سەرکەوت شەمسەدین، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە، دەڵێت" تەنیا شادی نەوزاد نیـیە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لێکراوە، بەڵکو هاوڕێـیانی دیکەی جوڵانەوەکەش هەمان هەڕەشەیان لێکراوە....!. (بۆ گوێگرتن لە قسەکانی سەرکەوت شەمسەدین کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە)




ئینجا سەرەی ئێمەیە قسە لەسەر نەوەی گەوجی نوێ بکەین:
گەوجی نوێ مەبەستم لەوانەیە کە خۆیان گەوج کردووە و دوای شاسوار عەبدولواحید کەوتوون، منیش لە رێگای پێناسەی براکەیەوە، کە تا ئیستا کەس باسی نەکردووە و نەیزانیوە  زیاتر رووناکی دەخەمە سەر ئەم حیزبۆکەیە ئەویش زانیارییەکە، کە لە ئەندامێک و سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری شاسوار وەرگرتووە، تا بڵاوی بکەمەوە و هەر ئەوەش هاندەر بوو ئەم نەرمە راپۆرتەی لێدروست بکەم، وەکو لە سەریشەوە روونم کردەوە شاسوار ئەوە ناهێنێت خەڵکی قسەی زۆری لەسەر بکات و بە جیدی خۆمانی لە قەرە بدەین:
ئەو کەسە کە ئەندامێکی حیزبەکەیە، دەڵێت: شاسوار برایەکی هەیە بە ناوی نزار و دانیشتووی بەغدایە، تێکەڵاوی لەگەڵ عەرەبەکاندا هەیە، ئەو تێکەڵاوییە وای کردووە پەیوەندیی حکومەتی عێراق و دەرەوەی هەرێم و دەرەوەی بەغدا بۆ سروەی خوشکی و شاسواری برای دروست بکات.
نزار عەبدولواحید خاوەنی گروپێکی مافیایە، هەر جارە کە بە سەیارە جامڕەشەکانییەوە دەردەچێت ترافیکی سەر شەقامەکان بۆی دەوەستن، چونکە پەیوەندییەکانی زۆر توند و تۆکمەیە، کاری نزار بردنی ئافرەت و چەورکردنی دەم و ناوگەڵی بەرپرسە عەرەبەکانە، لەو رێگایەوە بۆ خۆشی هێڵێکی بازرگانی کردۆتەوە، کەس نازانێت بازرگانی بە چی دەیکەوە دەکات.
ئەو ئەندامەی حیزبەکەی شاسوار دەگێڕێتەوە، جارێک لەگەڵ نزاردا دانیشتووە،  پێی وتووە، من کاتی خۆی بە شاسواری برام وت، کەوا لەو بازرگانییە گەورەیەی کە لە سلێمانی دەستت داوەتێ سەرکەوتوو نابیت، چونکە تۆ پێویستت بەوەیە کەسانی سیاسیی و دەسەڵاتدار بناسیت بەتایبەتی لە بەغداد، چاکترین رێگاش دروستکردنی رێکخراوی سیاسییە. لەمەوە خستمە مێشکییەوە کە بیر لە دروستکردنی بکاتەوە، زۆربەی  پەیوەندییەکان من بۆم دروست کردووە، سروەی خوشکیشم هەر من بە یەلمای خەلیل زادە و  مالیکی و بەرپرسانی دیکەم ناساند، کە شاسواریش هاتە بەغدا هەر من وام کرد کە پرۆپاگەندە بۆ حیزبەکەی بکات. ئینجا بە پێکەنینەوە دوا قسەی ئەوە بوو، وتی: سەر ئێشەکە بۆ من بوو،  ئیستا جنیو و سەرئێشەکان هەمووی بۆ شاسوارە.
ئەو ئەندامە پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ وتی: بۆم دەرکەوت کە قسەکانی نزار هەمووی راستن، ئەوەی نەوەی نوێ بەڕیوە دەبات بە رێوە نە شاسوارە و نە سروەیە، دروستبوونی نەوەی نوێ بۆ پاراستنی پرۆژە بازرگانییەکانیانە. کەناڵی (NRT)یش کە لە سەرەتاوە دانرا و بیری لێکراوەتەوە، تا وەکو کارتی فشار بەکاربە کار بهێنرێت.
ئیستا نزار لە ماڵەکەی خۆی لە بەغدا پاسەوانی هەیە و هەموویان دەماکیان بەستووە. ئەوانەی کە تا ئیستا نازانن با بچن بەدواداچوون لەسەر ئەم هەواڵە بکەن.
زانیاریی نوێ:
ئەو زانیارییە نوێکراوەتەوە: دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر ئەم نووسینەدا وا وەکو بەڵگە بۆ ئەوەی خەڵکی بیزانێت کە ئێمە لە خۆمانەوە قسە فڕێنادەین و تۆمەت دروست ناکەیت، وا ئەم زانیارییە دەخەینە سەر بەڵگەکان: (کلینکی ئەو وێنەیە بکە)، یان لە خوارەوە زانیرییەکە بخوێنەرەوە>
فضيحة من العيار الثقيل.....!!
ثلاثة بنات سوريات بدون أوراق ثبوتية يسلمن أنفسهن للقوات الأمنية بعد هروبهن في منطقة المنصور ويكشفن ان رجل الأعمال نزار عبد الواحد شقيق النائبة السابقة سروة عبد الواحد والملياردير شاسوار عبد الواحد استخدمهن مع العشرات من الفتيات في بيت يقع في شارع الأميرات في المنصور لاستدراج سياسيين عراقيين وتصويرهم بأوضاع مخلة من أجل ابتزازهم ماليا.....!!
---------- 
ئابڕووچونێک  بە کێشەیەکی قورس...!!
سێ کچی سوری بە بێ ناسنامەی تەواوەتی 
 پاش راکردنیان لە ناوچەی مەنسورخۆیان رادەستی هێزەکانی ئەمن دەکەن،، دوایی کابرایەکی بازرگان بە ناوی نزار عەبدولواحید کە برای پەرلەمەنتاری پێشوو (سروە عەبدولواحید) و ملیادێر (شاسوار عەبدولواحید)ـە، ئەم کچانە دەدۆزێتەوە، لەگەڵ دەیان ئافرەتی دیکە دیانباتە شوقەیەک کە دەکەوێتە شەقامی (الامیرات) لە گەڕەکی مەنسور، لەوێ بەکاریان دەهێنێت بۆ راکێشانی سیاسییە عێراقییەکان و وێنەگرتنیان لە حاڵەتێکی  ناشریندا، تا بەمە بۆ دەستکەوتی پارە فشار بخاتە سەریان.
------------------------

بەیجی نزاری برای شاسوار لە فەیسبوک:



لە سەر مەسەلەی گرتە ڤیدیۆکانی ئەو ئەندام و لایەنگر و پەرلەمەنتارانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، ئەمەش دیاردەیەکی نوێ نییە، کاتی خۆی فرانسۆ حەریری بە دەنگی تۆمارکراوی خۆی ددانی بەوەدا نا و دەنگەکەش کاتی خۆی لە کوردستانپۆست ساڵی ٢٠٠٢ بڵاوکرایەوە، بەداخەوە بەهۆی هاککردنی سایتەکەوە لەو کاتەدا وەکو ستافی کوردستانپۆست باسیان کرد، دەنگەکە فەوتا و نەماوە.
لەو دەنگە تۆمارکراوەدا فرانسۆ حەریری ئاوا دەڵێت:
(هەر کەسێک لە دوای شۆڕشی ئەیلول کە لەگەلماندا هاتبوونە ئێران، گومانمان لێیان هەبوو، کە دوایی دەیانویست بەجێمان بهێڵن، یان بچنە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا، دەمانهێنان سواریان دەبووین بە دەنگی تۆمارکراو، یان بە ڤیدیۆ دەمانگرتن، دوایی بۆمان لێدەدانەوە، دەمان وت، ئێوە ئیستا ئازادن، بڕۆن بەڵام بەهەر شێویەک ببیستینەوە کە قسە بە جەنابی سەرۆک و پارتیمان بڵێن و دژمان بن، ئەوا هەمووی بڵاودەکەینەوە.).
لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ و گەڕانەوەی بنەماڵەی بارزانی، جارێکی دیکە دەزگای پاراستن ئەم جۆرە کارە  قێزەوەندانەی دەست پێکردەوە، لە کوردستانپۆستدا لەسەر ئەمە زۆری لەسەر وتراوە، تەنانەت وەکو هەواڵ و نووسینەکان باس دەکەن، زۆربەی ئەندامانی یەکێتیی و حیزبەکانی تر هەمان رەفتاریان کردووە، هەروەها زۆر ئەو ئەدیب و روناکبیرانەی کە ئیستا لەلای پارتیی وەکو مریشک کڕ کەوتوون، هەموویان گرتەی ڤیدیۆییان لە دەزگای پاراستن هەیە. لەبەرامبەریشەوە دەزگای زانیاریی، دژە تیرۆری هەردوو لایان، هەمان رەفتار لەگەڵ نەیار و ئەندامانی حیزبەکانی خۆیان دەکەن.
کاتی خۆی نووسەرێک بەناوی عەبدولرەحمان زەنگە لە سەرچاوەیەکی زمانی عەرەبییەوە، ئەوەی نووسیبوو، کەوا شازادەیەکی سعودی سەردانی بەغدادی کردووە، سەدام حسێن لە مەلەوانگەیەکدا وەکو گەرماوی تورکیش وابووە، ئافرەتی بۆ ناردووە و تێی بەرداون، دوایی ئەوانەیان دەرکردووە چەند نێرە پیاوێکی کەتەیان ناردۆتە سەری و کاری سێکیان لەگەڵ شازادە سعودییەکەدا کردووە،  لەوێی و لە پەنجەریەکی ترەوە سەدام سەیری کردووە، قاقا پێکەنیوە و بە ڤیدیۆ گرتویانە. پێم وابێت هەر ئەم نووسەرەش لەوێدا دەگێڕێتەوە گوایا سەدام حسێن هەمان کاری بەرامبەر بە مەسعود بارزانی کردووە. زۆر لە بەرپرسەکانی یەکێتی کە سەردانی بەغدادیان بۆ دانووساندن دەکرد، هەر یەکە بەشێویەک دەستاکاری کراون، یان ئافرەتیان بۆ بردوونەتە ئوتێلەکان و دوایی بە ڤیدیۆ گرتوویانە، بەمەش چەند بەرپرسێکی یەکێتیی ناچاربووە هاریکاری بەعس بکات و ببێتە فایلدار و خاوەنی  فایلی خۆی.
ئەمانەی کە باسم کرد، دەمەوێت بۆ ئەو شوێنە بگەڕێمەوە، کە گرتنی گرتەی ڤیدیۆیی بۆ ئەو مەبەستانە بۆتە کەلتوری کاری موخابەراتی حیزبەکان، کەم تا زۆر دەستی بۆ براوە، ئەوانەی کە  لاواز بوون تەسلیم بوون، شەرەف و ئابڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسییان لەدەست داوە. ئەوەی شاسوار عەبدولواحیدیش یەکێکە لەو رەوشت  نزمانەی کە دەمێکە دەستی بەم کارە کردووە،  لە زۆربەی شوقەکانی خۆی، ئەوانەی کە هەموو کەلوپەڵ و ناوماڵی ئامادەکراوی تێدایە (مفروش)‌ـە، بۆ ئەو مەبەستە، هەندێک جاریش بەرێکەوتن و داواکاری ئاسایشی سلێمانی بۆ ئەوانەی کە مەبەستیانە کامێرایان بەکار هێناوە. لیرەدا لەبەر رێزم بۆ ئەوەی زانیارییەکەی داومەتێ، ناوی دوانم لەلایە لەبەر پاراستن و نەزڕاندنی ناوەکان، وازی لێدەهێنم.
ئەو خانمەی کە باسی لەوە کرد، گوایە لەلایەن شاسوار و باندەکەیەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی رووتی لێکراوە، پێویستە بۆ ئەم چەند خالەی خوارەوە سەرنجتان رابکێشم:
1- ئەو خانمە نەزانانە ئەو نهێنییەی درکاند، وەکو کەسێکی سیاسیی و تێگەیشتوو،  دەبوو لە پێشدا ئاگاداری پۆلیس و لایەنە پەیوەندییدارەکانی بکردایەتەوە، موبایلەکەی پێبدانایە، تا بەدواداچوون لەسەر ژمارەی تەلەفونەکە بکەن، بزانن کێ ئەو هەڕەشەیەی لێکردووە، دەرفەتی ئەوە کەمتر بکردایەتەوە، تا لایەنی تاوانبار فریا نەکەوێت بچێت کامیراکان لابەرێت. لە هەموو وڵاتێکدا و لە رووداوێکی هاوشێوەی ئاوادا بەم شێوەیە رەفتار دەکرێت. لە پێشدا ئاگاداری پۆلیس دەکرێتەوە، دوای ئەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت و ئەوسا بە راگەیاندن بڵاو دەکرێتەوە.
هەر ئەمەش بوو وای کرد کە ئیستا خەڵکی گومان بخاتە سەر دەزگای پاراستن و بە گەمەی ئەوانی بزانێت، یان ئەوان لە پشت ئەمەوە بن، ئەوانەی سەرەوەم بۆیە باسکرد لە سەر دەزگای پاراستن، تا ئەوە بسەلمێنم کە پاراستن لەم روویەوە شارەزایی و ئەزمونی زۆرە، زۆربەی خەڵک بەتایبەتی لە هەولێر دەڵێن (شادی نەوزاد) بە راوێژکردن لەگەڵ پارتییدا ئەم سیمینارە رۆژنامەوانییەی گێڕاوە، جگە لەوە هێمن هەوارامی ئێوارەیەک زووتر ئاگادار بوو، کە بەیانییەکەی ئەم ئەندامانەی نەوەی نوێ لەبەر دەم پەرلەماندا چی دەڵێن و چی دەکەن. هەڵبەت ئەمە گومانە، هۆکارەکەش بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە کە باسم کرد.
2-  کەسی وریا ئەگەر لە لێدوانەکەی شاسوار وردبێتەوە، کە لە لەندەنەوە قسەی دەکرد و وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دەدایەوە کە بەرەو رووی کراونەتەوە لە بار و رووی سایکۆلۆژییەوە دەتوانرێت قسەکان بخوێنێتەوە بزانێت چەندە راستگۆبووە و قسەکانی جێگای بڕوابوون یان پێچەوانەکەی! تا بزانرێت  شاسوار بێتاوان دەردەچێت، یان نا، هەرچەندە ئەو تەنیا باسی لە پەیوەندیی و هاوڕێیاتی دەکرد، قسەکانی لەو چوار چیوەیەدا دەسوڕایەوە، لای من گومانەکان لەسەری زیاتر بوون، ئەوەی کە راستبوو ئەوە بوو، کە شاسوار باسی لێوە کرد، لەسەر ئاڵۆزیی و رەخنە سیاسییەکان وتی: ئایا نەیاندەزانی من کۆمپانیام هەیە و پارەم بە نەوەی نوێ داوە، بۆ  لەسەرەتاوە قبوڵتان کرد؟  دوای ئەوە من خۆم ئەمانەم وەکو نوێنەری فراکسیۆن بۆ بەغدا هەڵبژاردووە بۆچی لەسەر ئەوە رەخنەیان نەگرت؟ ئەگەر لەسەر ئەوە بە قوڵی بکۆڵینەوە دەبینین، سەرەتای کێشەکانی هەردوولایان بێ پرەنسیپە و میزاجییە، هەتا ئازارەکە نەگەیشتە گیانی هەر یەک لەم ئەندامانە هاواریان لێهەڵنەسا، بۆیە بۆ من هەردوو  بەرەکە لە یەک سەبەتەدا دادەنێم و دەڵێم ئێوە سەرکردەی نەوەی گەوجی نوێ، نەتان دەزانی کەوا شاسواریش کەسێکی داوێنپیسیشە، خۆتان چاکتان دەزانی و شاسوارتان دەناسی، بەڵام گوێی خۆتان لێکەڕ کردبوو، شینی ئێوە هەریسەیە، نەک شین بۆ حسێن. ئێوەش وەکو حیزبەکانی تر کەوتوونەتە فێڵکردن لەو خەڵکە و بازرگانی بە سیاسەت و بە بیروباوەڕ و بە ئایدۆلۆژیاوە دەکەن کە نیتانە.
 ئەمانەی ئیستا وەکو گەمەی ناو گۆڕانە خۆشەکراون تا لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا بچنە پاڵ پارتیی و رۆژگار زۆری بە بەردەمەوەیە با بزانین چی روو دەدات و دەگوزەرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە