لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


نەتەوەیەك لە هەناوی بەفردا

Thursday, 08/07/2010, 12:00

2029 بینراوە



بەفر ئەی پاكترین ڕەگەزی ئاو
لە خوناوی بارانا
تۆ ئازیزترین میوانی ڕۆحە سپیەكانی نەتەوەكەمی
لەسەر زەویە بریندارەكانی
دڵنیام كە هەتوانی
بەفر ئەی پێناسەی وڵاتە لە گۆ چووەكەم
تۆ كام هەور بۆ ئەم نیشتمانەی هێناوی
ئەی جوانترین وارگەی تریفە
مانگ گیرۆدەی ڕووخساری شووشەیتە
ئەوەتا ئەم نەتەوەیە
ڕۆحی گەرمیان لە دیلی وەڕسە
لەسەهۆڵ بەندانو تەڵزمی شەختەدا
ئەوان لە هەژاوترین زەویدا لە دایك بوون
لە هەناوی بەفردا سەرپێ كەوتوون
چیاكان بۆ ئەوان
داستانی پشتاو پشت بوون
چیاكان بۆ ئەوان چیرۆكی گێڕانەوەی مێژوون:
زاگرۆس بچێتەوە سەر هەر مێًژوویەك
كراسی لە بەفرەو سەرپۆشی لە تەم
لە هەناوی هەر سپێدەیەكدا
چریكەی باڵندەیەك ئاوێتەی ژان دەبێ
جودی ئەی ڕەنگە گەشەكەی ئاسۆ
تۆ هەر لە بوونتەوە ئاوەدانیت بە بەفرو
كوێستانەكانت خۆر تینووتر دەكەن
ئەی چیا لە مێژینەكەی حەسرەتی سپیو
سروەیەك لە سترانی گوڵە كێوی
ئەی بەژن زەڕافی نیوە سپیو دامێن كەسك
لە ئاواتی خۆتا بە هیوای چ زەردەخەنەیەكی
تۆ بڵێی ئەو ڕۆژە بێ خۆزگەو هیوام بۆ بڵندیت هەستنە سەرپێ
گابار ئەی سرووشتی جوانی هەوری قەترانی
لێگەڕێ با بەسەر باڵاتا بكشێ
لێگەڕێ با لە ئامێزتا بنوێ
ئەویش چەشنی ئەوینی بەفر خەون ئەبینێ
بۆ ئەوەی بەهارێك لە دامێنتا سەوزپۆش بێ
ئارێز ئاسمانت پڕ لە هەوری شێدارەو
باكان ئەمشەو بە نێو شەوەزەنگدا شێتانە ڕەت دەبن
چنگ لە درەختە ڕووتەڵە بێ نازەكان گیر دەكەن
هەڵگورد ئاسۆی پڕ لە بەفرانبارت باش
چاو تێر نابێ لە سروشتی بەفر ڕەنگت
شازادە بەژن سپیەكەی نیشتمانم
ڕابە لە خەوی سپی
قەندیل نوقمی ئاسۆیەك لە گزنگو بەفر
چیتر دەستبازی لەگەڵ قەدەری هەورا ناكات
ئەوەتا ڕێبەندان لەم نیوە شەوەدا بێدارەو
دەیەوێ ئافاتێ لە بەفر بەسەر ڕۆحیدا بسەپێنێ
ئەوسا بە دیار تەرمی هەڵاڵەوە
جوانترین بەهار لە عەشق بتۆرێنێ
ماكۆ ئەی سپیترین ڕووخساری نیوە شەوی زستان
ئەو ساتەی نور دەبێتە دونیای كریستاڵیت
چلورەكان بۆن بە ئازارتەوە دەكەن
تۆ تەماشا چۆن شۆڕبوونەتەوە
ئەسرین بۆ ئازارەكانت هەڵدەڕێژن
ئارارات چیا بەژن سپیەكەم
بەسەر سەرتەوە خۆرێكی ڕەنگ زەردو كز
ملكەچ لە بەردەم بریسكە بریسكی بەژنی سپی تۆدا
گزنگی پەنجەو پل تەزیو پرچی ئاسۆت شانە دەكا
مێژوو لەسەر بەفری ئەستورت بە پێنووسی خواوەند ناوی ئاراراتی هەڵكۆڵى
نووسی چیایەكی ئەوین سپی
كاروخ ئەی چیای پڕ لە خەندەی بەفر
تۆ هەناوت پڕە لە جلیوەی خۆزگە
لێوت ئەڵێی بۆ گزنگی خۆر پێكەنیووە
خوا كورك هەمیشە سپی سپى دەچیتەوە
هەورە یاخیەكان بڕیار دەدەن هەراسانت كەن
شەو درێژەو ڕەشەباكان لە سنوورتا وەها شێت بوون
بە قەهری خۆیانەوە چڵى درەختەكان دەشكێنن
تۆش چیا شەهیدەكەم
چاوەڕوانی بارانێكی بۆنی ئەوینی تیا هەڵمژی
حەفتانین سیمات پڕە لە نور
گەروت پڕ لە سترانی بەفر
ئەو ساتەی چاو بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی
پروشەی بەفر ئاوێتەی سۆمات دەبن
بەمۆ لێت پیرۆز بێ شەوی ئەم بەفر بارینە
هێندە جوانی بە نێو وەرزی مانگەشەودا ڕەت دەبی
تۆ بە جوانترین دنیای خەیاڵەوە
لە نێو زیندە خەودا بە ئەوینێكەوە ونی
پیرەمەگرون كە ئەبی بە تابلۆیەكی بەفر
لە تازەترین ڕۆژهەڵاتی عەشق دەچی
چەند جوانە پەرچەمی ئاوریشمینت
لە ڤێنووسی ڕووخسارت نابنەوە
لە دیمەنی سیحر ڕەنگتا سەدان بۆنی ئەوین دەبەخشنەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە