لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


مینەری سەرای ئازادی مینبەری ئازادیخوازان، مینبەری ڕاستگۆیی

Wednesday, 16/03/2011, 12:00

1589 بینراوە






لە یەکەم ڕۆژی ئازادکردنی سەراوە هەموچاوەکان روو لەو مینبەرەن کە دەنگی خەڵکانی ستەم دیدەی کوردستانە. ئەو مینبەرە پەیامی ئازادی بە میللەت دەگەیەنێت و ترسیش دەخاتە دڵە سستە نزیک لە مردنەکەی مەسعود و جەلالەوە.
ئەو مینبەرە بووە بە خاڵی چڕبونەوەی هەموو ململانێکان. ئەوانەی دژی ئەو دەنگە سازگارەن هەمو کۆششیان بێدەنگ کردن و کپ کردنێتی.
کپکردنی لە ڕێگەی بۆمبی تەوقیتکراو و هێشکردنە سەری بە کۆماندۆ و بە هێزی تیرۆر و بە سوتاندنی هەوارگە خاکی و سادەکانی شەوانی گەنجە ئێشکگرەکانی و، بە هەڕەشەکانی تاڵەبانی کە دەبێت تا نەورۆز چۆڵبکرێت و بە هەوڵەکانی سۆزان بارزانی لە چاخانەکەی قادر موزەمید و بە هەڕەشە کردن لە گیانی فاروق ڕەفیق و ئەندامەکانی تری ئەنجومەنی سەرا، بەڵام هەمو ئەم هەوڵانەیان بێ سود بوە بۆیە هاوتەریب پەنایان بردوەتە بەر شێوازی تریش.
ئەو شێوازەش کە لە هەمویان زیاتر جێگەی سەرنج و پێکەنینە ئەوەیە کە تۆمەت ئاڕاستەی ئەم مینبەرە دەکەن بەوەی دژی ئازادی ڕادەربڕینە. بەوەی کە ئازادیخوازەکانی سەرا ڕێگەنادەن کەناڵەکانی سوڵتەی بوختانکەر لەوێ بن و هەواڵ بگوێزنەوە و وێنە بگرن.
ئەوانە ئەوەندە چاو برسین چاویان بە هەموو داهاتی کوردستان تێرنابێت، ئەو هەمو کەناڵەی هەیانە تێریان ناکات لە درۆکردن، بە تەمان مینبەرەکەی سەراش پشکیان بداتێ، هەروەکو چۆن فێرن پشک لە هەمو پرۆژەیەک بسەنن کە کەرتی تایبەت لە کوردستان پێیان هەڵدەستێت. گەر کارەکتەرێکی بازاڕ ڕازی نەبێت پشکیان بداتێ لە کردنەوەی کارگەیەک یان پڕۆژەیەکدا پێی دەڵێن ئێشە فەرمیەکانی قورسن و ناتوانرێت ڕاپەرێنرێن، بەوجۆرە ڕێگە لە مۆڵەت پێدانی پڕۆژەکەی دەگرن.
ئێستەش کە مینبەرە ئازادەکەی سەرا نایەوێت ببێت بە کەناڵی درۆگواستنەوەی میدیاکانی دەسەڵات، تاوانباری دەکەن بەوەی دژی ئازادی ڕادەربڕینە و دەیانەوێت بەو بیانوە دایخەن. وەکو ئەوەی تاقە ڕێگەو بڵندگۆ ئەو مینبەرە سادەیە بێت ئەوان دەنگی خۆیانی لێ بە خەڵک ڕابگەیەنن.
ئەوان کە خاوەنی ئەو هەمو کارگانەی درۆسازین چ پیویستیان بە سەرایە گەر بۆ تێکدان و بۆ چەواشکاری نەبێت!
من پرسیارێکیان لێدەکەم، هەرچەند ئازادیخوازەکانی سەرا پێویستیان بەوە نیە:
ئایا خەبات و کوردسات و گەلی کوردستان و کوردستان تیڤی و زاگرۆس و کەناڵەکانی تریان ڕیگە بە ئازادی خوازانی سەرا دەدەن رۆژی یەک سەعات بیانکەنە مینبەری خۆیان و هەواڵ و زانیاریەکانی سەرا و ڕاپەڕین وەکو خۆی بڵاوبکەنەوە؟ ئایا ئەوان ڕێگە بە ئازادیخوازان دەدەن بێن و بچنە ناو ژورە تاریکەکانیانەوە و زانیاری بیننە دەرەوەو بڵاوی بکەنەوەو لە مینبەری سەراوە خەڵکی لێ ئاگاداربکەنەوە؟
گەر ئەوان ئەوەندە بۆ ئازادی و ئازادی ڕادەربڕینن با رۆژی یەک سەعات کەناڵەکانیان بدەنە دەست میللەت!
با ڕیگە بدەن گەنجەکان بچنە ناو مەڵبەندو لقەکانیانەوەو زانیاری بۆ میللەت بڵاوبکەنەوە!

مینبەری سەرا بێدەنگ ناکرێت، تەنانەت گەر هەر هەموشتان پۆستەکانتان جێبهێڵن و برۆن، مینبەری سەرا هەر بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی میللەت خۆی بڕیار دەدات بڕواتەوە ماڵ.
هەمو داواکاریەکانیش جێبەجێبکەن ئەو مینبەرە دەبێتە مینبەری شادی و دڵخۆشی و چۆڵ ناکرێت.
نمونەشی لە هەولێر و شارەکانی تریش دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش هاواری خۆیان بکەن و، داخی دڵیان کە بیست ساڵە قەفەس کراوە دەربڕن.
ئەو خەیاڵە لە مێشکتان دەرکەن، تازە ئەو مینبەرانە بونەتە کولتورێک و دەبێت هەر هەبن. ئەوانە مینبەری میللەتن و ئیتر لەمەودوا داخستنیان نیە. حیزبەکان و دەسەڵاتەکان گەر دیموکراتییش بن زاتی ئەوە ناکەن دەستیان بەسەردا بگرن و میللەتیان لێ بێبەش بکەن.
ئەوانە مینبەری میللەتن و ئەو مەکۆیەن میللەت لێیانەوە نەخێرەکانی خۆی بەیان دەکات.
میللەت مینبەری خۆی لە هەولێر هەر دەکاتەوە، پێش یان پاش سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەش بێت. لە دهۆک و لە کەرکوک و لە سۆران و لە شەقڵاوەو لە ڕەواندوز و لە هەمو شاردەکانی تر ئەو مینبەرە دروست دەکرێن.
لە ١٧ ی شوبات بەدواوە گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە.

بژی مینبەری ئازادی مەیدانی ئازادی

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە