لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


ئەوە ڕێبازنییە و بارزانی باوک نییە، بەشی سێیەم

Wednesday, 27/04/2011, 12:00

1947 بینراوە


بۆ ئەوەی تەمومژیەکانی ئەو بەناو ڕێبازە بڕەوێتەوە ناچارین ئەوەی ئەو ڕێبازە نییە لە هاوکیشەکان دەربکەین.
پێشتر پرسیارێک هاتە پێشەوە کە ئایا مەبەست لەو ڕێبازە شتێکە چوارچێوەبەخشەکەی تەریقەتی نەقشبەندی بێت؟

تەریقەتی نەقشبەندی لەسەر دەستی خواجە بەهائەدینی محەمەدی بوخاری دامەزراوە و دواتر گەشەی کردووە و بڵاوبۆتەوە و پێگەیەکی بەهێزیشی لە دەلهی بۆ دامەزراوە. خواجە بەهائەدین لە سەدەی شەشەمدا ژیاوە و یەکێک بووە لە زانا گەورەکانی بواری سۆفیگەریی و ئاینی ئیسلام.
بنەمەکانی ئەم تەریقەتە گەر بە کورتترین شێوە باسی بکەین ئەوەیە کە، مرۆڤ هەمیشە ئاگاداری کردەوەکانی خۆی بێت کە رویان لەدەرەوەی خۆیەتی، تەنانەت هەناسەکانیشی غافڵ نەکات. چاوی لەبەر پێی خۆی بێت و فیکری پەرش نەبێت و خۆی بە بینینی شتی بێکەڵکەوە خەریکنەکات. لە مرۆڤێتیەوە بەرەو بە پەری بوون هەنگاو بنێت و هەنگاو بنێت لە کاری نە گونجاوەوە بەرەو کاری گونجاو. گەر لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و لە ئەنجامدانی کاری دنیایشدا سەرقاڵ بوو لەگەڵ خودای خۆیدا بێت و خودا لەیاد نەکات. بە زمان و بە دڵ خودای لە بیر بێت. بگەڕێتەوە بۆ خودای خۆی و تەنیا لە هەوڵی ڕازیکردنی خودادا بێت. هەوڵبدات بۆ پاراستنی بیرەوەریی و چەندان جار دووبارەکردنەوەی زیکری ناوی خوداو، وتنەوەی لا الە الا اللە ،و ڕێگەگرتن لەوەی فیکروهۆش بەرەو لایەکی تر بڕوات.
ئنجا وتنەوەی وشەکان لە ڕووی ئاگایی و حەقەوە بێت و وەکو شایەتی دانێک بێت.

ئەم تەریقەتە چۆن گەیشتە کوردستان و سلێمانی؟

مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ساڵی ١١٩٣ ی کۆچی لە قەرەداغی سلێمانی لەدایک بووە. هەرزوو دەستی کردووە بە خوێندنی زانستە ئیسلامیەکان و دواتر لە ساڵی ١٢٢٠ دا چووە بۆ سەعودیە و حەجی کردووە. دوایی کە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و زۆری پێنەچووە محەمەد دەروێش ئابادی سەردانی کردووە و داوای لێکردووە سەردانی شێخ عەبدوڵای دەهلەوی بکات کە لە دەلهی ژیاوە. مەولانا خالیدیش داواکەی قبوڵ دەکات و بە سەفەر دەکەوێتە رێ بەرەو دەلهی.
سەفەرەکەی بە یاوەریی محەمەد دەروێش ئابادی لە ساڵی ١٢٢٢ دا دەست پێدەکات.
ئەم گەشتە بەرەو دەلهی یەک ساڵی پێدەچێت و کە دەگاتە ئەوێ، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوای گەیشتنی لەسەر دەستی شا عەبدوڵا واتە شێخ عەبدولای دەهلەوی تەریقەتی وەرگرتووە و بووە بە یەکێک لە ڕێکەتووانی ئەو تەریقەتە.

دوای چوار ساڵ لە ١٢٢٦ دا دەگاتەوە سلێمانی و لە هەمان ساڵدا دەچێت بۆ بەغداد و لە نزیک مەزاری شێخ عەبدولقادری گەیلانی نیشتەجێ دەبێت.
دوای چەند مانگێک وەکو ڕێبەری تەریقەت دەگەرێتەوە سلێمانی و لەوێ دەست دەکات بە ڕێنیشاندانی موسڵمانان. دواتر لە ١٢٢٨ جارێکی تر ڕوو لە بەغداد دەکات و بۆ دواجاریش لە ساڵی ١٢٣٦ ی کۆچیدا سلێمانی بەجێدەهێڵێت. دوای ئەوەی بەغدادیش بەجێدێڵێت و بەرەو شام دەچێت، لەوێ دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٢٤٢ ی کۆچیدا بە هۆی بڵاوبونەوەی تاعون لە دیمەشق کۆچی دوایی دەکات.

ڕوحیەتی ئەم تەریقەتە روحیەتێکی تۆڵە ئامێز نییە، ڕوحیەتێکە کە بیر لە چاکەکردن دەکاتەوە تەنانەت بەرانبەر بەوانەش کە خراپە بەرانبەر مرۆڤ دەکەن. روحیەتێکە پڕ لە بەرجەستەکردنی ڕەفتاری جوان و ئازارنەدانی خەڵکی!
پڕە لە بەرگەگرتنی ئازار و ژان و دان بە خۆدا گرتن و ئۆقرە.

کەسێتی مەولانا دووربووە لە خۆپەسەندی و خۆپەرستی و خۆ بەزلزانی، چونکە ئەم سیفاتانە سیفاتی فەرمانڕەوا و میرە دنیاییەکانن. خوداپەرستەکان دورن لە باقوبریقی دنیایی و لە نەفسخۆشویستن و لە دنیاویستن. ئەوان تەنانەت جیهانی هەژارییش بە جیهانێک دادەنێن کە مرۆڤ دەتوانێت تیایدا دەروون ئاسودە بێت.

مەولانا کەم ژیاوە بەڵام ناووناوبانگێکی بەربڵاوی هەیە و، خاوەن ڕەفتاری جوان و زیرەکی و زمان پاراویی بووە، زانایەکی ئێسک سوک و بە مەعریفە بووە.

ئەم تەریقەتە دواتر کە بڵاوبۆتەوە بەرەو هەورامان و جوانڕۆ و مەریوانیش لایەنگری بۆ پەیدابووە.

شێخانی بارزان چۆن و کەی بوون بە مورید و شێخی ئەو تەریقەتە بابەتی ئەم نوسینە نییە.

ئەوەی لەم نوسینەدا دەمەوێت ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەوەیە ئایا ئاکار و هەڵسوکەوتی مەسعود بارزانی و ئەدهەم بارزانی و بنەماڵەکەیان لەگەڵ ئاکار و سیفاتەکانی شێخەکان و موریدەکان و لایەنگرەکانی تەریقەتی نەقشبەندی دەگونجێن و یەکدەگرنەوە؟

تەریقەتی نەقشبەندی کە گرنگی نادات بەدنیای مادی و ڕوو لە خودایە و خواستی تۆڵەکردنەوە ڕەتدەکاتەوە و هەمیشە لە کۆششی ئەوەدایە کە بە هۆش بێت و هەناسەدان و کردەوەکانی کە روو لە دەرەوەن لەژێر کۆنترۆڵی ئاگایی و ویژداندا بن و لایەنگری هەژاران بێت، ئەو تەریقەتەی کە ڕوو لە چاکە و زیکری خوایە، ئایا ئەو تەریقەتە دەبێتە چوارچێوەبەخش بۆ حیزبێکی سیاسی دنیایی و بۆ سەرکردەی وا کە پشت بکاتە هەموو بنەماکانی ئەو تەریقەتە و ئەندامەکانی حیزبەکەیان بە بیری تۆڵەکردنەوە و گەندەڵیی گۆش بکات و، باوەڕی کوشتن و تاوان و زیندەبەچاڵکردنی بەها مرۆڤایەتیەکانیان لا بکات بە بنەما، ئایا ئەو حیزبە و سەرکردەکانی ناو ئەو حیزبە لە چوارچێوەی ئەو تەریقەتەدا خۆیان دەبیننەوە؟

ئایا کە لقی چوار ڕێژوان بە ناحەق دەکوژێت و بکوژەکەی لەلایەن نێچیرەوە بە غەدرلێکراو دادەنرێت، ئەمە خواست و ویستی تەریقەتەکەیە؟ بێگومان نەخیر و نەخێر. تەریقەتی نەقشبەندی لەو ڕەفتارانە بەریئە!

بێگومان "نا" و، تەریقەتی نەقشبەندی لەو جۆرە بیرکردنەوەو ڕەفتارانە بەریئەو، ئەو کەسانە بە رەفتارەکانیان خۆیان لە خولگەی چاکەخوازیەکانی ئەو تەریقەتە دەرکردووە.

تۆ کە بێیت و خۆت بە قوتابی ڕێبازێک دابنێیت کە ناوی ڕێبازی بارزانییە و بەیداخ هەڵگریبیت و، بارزانیش بە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی دابنێیت و خۆتیش بکەیت بە شێخی ئەو تەریقەتە، ئایا ئەمە گونجاو و دروستە؟

ئێوە کە تەنیا بیر لە سەفتەکردنی دۆلار دەکەنەوە و دەستی ناحەزانتان دەبڕنەوە و قاتیڵەکان داڵدەدەن و لە دەست دادپەروەریی دەربازیان دەکەن، ئایا ئێوە نەقشبەندین؟

من پیم وایە نەخێر!

ڕێبازی بارزانی بە هیچ جۆرێک ناچێتەوە سەر تەریقەتی نەقشبەندی.

ئەمە ئەرکی کەسێکی وەکو من نییە بەڵکو واجب و ئەرکی شێخانی تەریقەتی نەقشبەدییە وەڵامی ئەم هەموو پرسیارانە بدەنەوە و ڕوو لە خودابن و حەقپەرستی و زیکری خوا بیربخەنەوە و وەڵامێکی شێخ ئەدهەم و مەسعود بارزانی بدەنەوە و پێیان بڵێن نەخێر تەریقەتی نەقشبەندی بۆ کوشتن و تۆڵە کردنەوەو خۆپەرستی و نەفس خۆشویستن نییە.

ئاخر وەلییەکان و لایەنگرەکانی تەریقەتی نەقشبەندی کوا لەگەڵ دورکەوتنەوە لە بەهاو بنەماکانی تەریقەتەکەدا بوون و یەکدەگرنەوە؟

پێم باشە خوێنەر ئاگادار بکەمەوە لەوەی کە هەوڵێکیش دراوە کیشمەکێشی نێوان جەلالی و مەلایی و، دواتریش نێوان پارتی و یەکێتی بگەرێنرێتەوە و ڕەگەکانی ببرێتەوە سەر هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی، کە بێگومان ئەمە هەر زۆر نەگونجاوە. ئەوە هەوڵێکە بۆ بردنەوەی تالەبانی بۆ سەر تەریقەتی قادری، کە بێگومان ئەو تەریقەتەش بەریئە لە تاڵەبانی.
ئەو کێشمەکێش و دژایەتییەی لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا بووە، تەنیا کیشمەکێشێکی دنیایی و چاو لە پارەوپوڵ بوون بووە و هیچی تر!
لە بەرگی دووەمی کتێبی تەریقەتی نەقشبەندی، بنەماو ئامانجەکان کە لەلایەن عەبدولڕەحمان بێلاف بەرزنجی نوسراوە، ژیان و مردنی شێخی دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی، بەهائەدینی بوخارا دەکاتە ١٣١٧ـ١٣٨٩ ی زاینی.
 لەدایکبوونی مەولانا خالیدیش دەگەڕێنیتەوە بۆ ساڵی ١٧١٩ و، کۆچی دواییشی بۆ ساڵی ١٨٢٦ ی زاینی.
 مەولانا خالید کە سلێمانی و بەغدادی بەجێهێشت، دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو بەربەرەکانێیەی کە لە لایەن قادریەکانەوە ڕوبەڕوی بوەوە. قادریەکان سەر بە شێخ عەبدولقادری گەیلانین. دواکەوتووەکانی قادری پێیان دەوترێت دەروێش و، ئەوانەی سەر بە نەقشبەندیشن پێیان دەوترێت سۆفی.
 
 خانەقای مەولانا خالید لە سەرکارێز یان نزیک گومرگەسوتاوی سلێمانی سەر بە نەقشبەندیەکانە.
 
 کاتی خۆی کە ئەو مزگەوتە نۆژەن کرایەوە لەسەر مەسرەفی مەسعود بارزانی ئەرکی چاککردنەوەی گیرایە ئەستۆ.
 
 زۆر لە شۆڕشەکانی کورد بە ڕابەرایەتی شێخەکان بووە، بە تایبەتی شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، لەوانە شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدوڵای نەهری.
 
 شتێک هەیە کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێت ئەویش ئەوەیە کە شێخانی نەقشبەندی هەر بە سۆفیزم و کاری ڕوحانییەوە خەریک نەبوون بەڵکو وەکو لە نمونەکانی سەرەوەدا باسکرا بەرەنگاری داگیرکەرانی کوردستانیش بوونەتەوە. تا ئێرە کێشە نییە و ئەوە ئەرکی هەموو مرۆڤێکە کە دژی زۆرداری بوەستێتەوە، جا ئەگەر ئەو مرۆڤە شێخی تەریقەت، سۆفی تەریقەت یان کەسی ئاسایی بێت، کێشەکە کاتێک دەست پێدەکات کە ئەو مرۆڤە هاوسەنگی پێکەوەگرێدانی ئەو دوو حاڵەتەی لێ تێکبچێت و، لایەنە روحی و سۆفیەکە بە سودی لایەنە سیاسی و دنیاییەکە لاسەنگ بکات.
 شێخ کە ڕابەری تەریقەت بێت، چۆن دەبێت پەنا بەرێتە بەر جەورو ستەم؟ کەواتە ئەوکاتە لە خودای خۆی دوور دەکەوێتەوە و ئەو بنەمایانەی کە پایە و پرنسیپەکانی تەریقەتەکەن فەرامۆش دەکات.
 
 لەم دوو ساڵەی دواییدا دوو جۆرە هەڵوێستی جیامان بەرچاو کەوت لەلایەن کەسایەتی و شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە، تیایاندا بوو هەڵوێستی خۆی خستە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و تیاشیاندا بوو کە ئەو هەڵوێستەی ئەوانی رەتکردەوە.
 
 لەبەر ئەوەی مەسەلەکە زۆر حەساسە، تەنیا رێگە بۆ خۆ ساغکردنەوە ئەوەیە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ئەو تەریقەتە و، لەرێگەی ئەقڵی خۆیەوە لێکدانەوە بۆ شتەکان بکات و ببێتە سەنگی مەحەک بۆ ئەو مەسەلەیە. چونکە مرۆڤ خۆی ژیرمەندە و خوا ئەقڵی پێداوە.
 
 لەو ڕوانگەیەشەوەیە کە کاتێک سەیری ئەو بنەمایانە دەکەین کە تەریقەتەکەی لەسەر بنیاتنراوە، ئەوا گران و قورسە بۆمان قبوڵی بکەین کە ئەو تەریقەتە نەخشەبەخشی رێبازێک بێت کە ناوی نراوە ڕێبازی بارزانی و، مەسعود و ئەدهەم خۆیان بە پاریزەری دادەنێن و، ئەوەش هەڵویست و کرداریانە بەرانبەر ڕێنماییە خوداوەندیەکان و بەرانبەر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی مرۆڤە بێدەسەڵاتەکان و بەرانبەر پارە و ماڵی دنیا و، بەرانبەر دزینی قوتی فەقیر و هەژاران.
 
 بۆیە بۆی هەیە ئەوان خۆیان بکەن بە شێخی تەریقەت، بەڵام غەدر لەو تەریقەتە دەکەن گەر بڵێن ڕێبازە حیزبیەکەیان لەسەر ئەساسی ئەو تەریقەتە بنیاتنراوە ، ئەوان کە لە داکۆکیکردندا لە مرۆڤ و لە بەها مرۆڤایەتیەکان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە و خوداش ئەو هەموو زوڵمەی پێناخۆشە کە ئەو بنەماڵەیە لە خەڵکی دەکەن.
 
 لە کاتێکدا کە کەسی وەکو مەسرور لەسەرەدایە ببێتە شێخی بارزان و، هەموشمان دەزانین ئەوکاتە ئەو دەبێتە بەیداخ هەڵگری ریبازی بارزانی و، دەشزانین ئەو چۆن کەسێکە و هەڵوێستی چۆنە!
 
 ماویەتی

تێبینی:
سوودم لە مەولانا خالید و تەریقەتی نەقشبەندی سەید تاهیری هاشمی لە وەرگێڕانی دلێر میرزا بینیوە بۆ زانیاریەکان لەسەر مەولانا و تەریقەتەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە