لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


داعش و حیزبی بەعس و مەترسیەكانی

Friday, 13/06/2014, 12:00

2757 بینراوە






(ئەوەى لە ناوچە عەرەبیە سونە نیشینەكانى عیراق رودەدات , كە هاوسنورە لە گەڵ ناوچەكانی كوردستان هوشدارى و زەنگیكە بو هێزە سیاسیەكانى كوردستان و حكومەتی هەریم و داهاتووى تێكڕا سیستەمى سیاسی و بارى ئەمنی لە كوردستان و مەترسیەكی جیدیشە بۆ سەر گشت عیراق)

گەر لایەن و هێزە كوردیەكان وەك تا ئیستا بوە , تەنها برواننە بەرژەوەندى كەسایەتی وكەرەكتەرە بالا كان و حیزبەكانیان و لە سەر زۆر شتی لاوەكی هەر خەریكى یەك بن و ململانێكانیان لە سەر دەستكەوتى زیاتر بو خویان و حیزبەكانیان بێت نەوەك لە سەر بەرنامە و چارەنوسی نیشتمان , لە جیاتی هاوئاهەنگی و هاوكارى بوخزمەتكردن بە هاولاتیان و پەرەپێدانى بنەماكانى دیموكراسی لە كوردستان و یەك دەنگ و یەك هەلوێستى بەرامبەر بە بەغدا و بۆ پاراستنی ئاسایشی كوردستان , وا وەك دەمێكە نوسیومە , نەوەك هەر بەرامبەر بە بەغدا لاواز دەبن , بەڵكو ئەگەرى دزەكردنی داعش و گروپە ترۆریستەكانى تر بۆ كوردستان زۆر لە ئارادا دەبێت و سەربارى هەموو كێشەكانى تر و دابەشكردنی دەسەلات و قورخكردن و تەشەنەكردنى گەندەلى بە شێوەى فراوان , ئەو هەندە جێگیریە ئەمنی و سیاسی و تا رادەیەك ئابورى و كۆمەڵاەیەتیەش كە لە كوردستان هەیە لە ناو دەچێت و نامێنێت و كۆنترۆلی بارەكە لە دەست دەردەچێت و هەموو لاییەنەكانى بارى كەسایەتی و دەرونى خەڵكى كوردستان تێك دەچێت , گەر لایەنەكان هەموو بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە نەگرنە ئەستۆ و رێگا لەوە نەگرن , وا رەنگە شەڕ بگاتە ناوچەكانی كوردستان و بە شێوەیەك كوردستان بەرە دواوە دەروات كە دەیان ساڵی پێویست دەبێت تەنانەت تا بگاتەوە ئەم دۆخەى ئیستا .
داعش كێیە ؟ بڕوا ناكەم هێزێكى ئیسلامى بێت . ئەوەى لە عیراق بە ناوى نەسار سونە , قاعیدە , گروپی نەقشبەندى و ئیستا داعش و لە داهاتوو ناوى تریش كارى ترۆرستی و تۆقاندن ئەنجام دەدەن نە كردار و نە هەڵسوكەوتیان لە رەوشت و ئاكار و رەوتی ئیسلامەوە نزدیكە و نە ئەو كارانەى پێی هەڵدەستن .... ئەوەى دیار و ئاشكرایە كۆمەلێك گروپن بە ناوى جیاوە كە بناغە و بنەوانەكەیان لە بنەڕەتدا حیزبی بەعسی كۆنە و خۆَى رێكخستوەتەوە , بە ناوى جیا جیاوە كار دەكات بۆ تێكدانى بارى عیراق و گەر كرا هەڵتەكاندنى بنەماكانى سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستانیش , رەنگە چەند كۆمەڵێكی تێدا بێت كە خەڵكەكەى نەزان بن و بە ناوى ئیسلامەوە هەڵخەلەتێنرابن , بە تایبەت میرد مندالو خەڵكی زۆر لاو , بەڵام هەمووى لە ژێر پلانی بەعسدا رێكخراوە . لەوەدا هەموو كۆنە بەعسیەكان و زۆر لە ئەفسەر و دەرەجەدار و هیزە ئەمنیەكان لە گەڵیانن و هاوكاریان دەكەن , نەوەك بە زانیارى و روخانى وورەى هیزەكانى عیراق , بەڵكو بە راستەوخۆش ,ئەگینا مەعقول نیە دەیان هەزار چەكدارى حكومەتى عیراق لە سوپا و ئیستخبارات و ئەمن و پۆلیس بە بێ تەقە بە خۆیان و چەكە قورسەكانیان تەسلیم بە سەدان كەسی كەم چەك بن یان هەڵبێن بی بوونی فشارى سەربازى لە سەریان , لە كاتێك دەیانتوانى زۆر بە ئاسانی نەوەك ئەو چەكدارانەى داعش راونێن , بەلكو لە توانا هەبوو بە تەواوەتى لەناویان ببەن . لایەنە سیاسیەكانیش لەوە بەدور نێن و بەرامبەر بە یەك بەكاریان دەهێنن , بارى سیاسی و كومەلایەتی و ئابورى عیراق و زەوتكردنى زۆر لە مافەكان و تەشەنەكردنى گەندەڵى و بێكارى و جیاوازى زۆر لە سامان فاكتەرى یارمەدیدەرى ئەو دۆخەن و خەڵك هاوكارى ئەو گروپانە دەكەن , بە تایبەت لە ناوچە سونە نشینە عەرەبیەكانى عیراق , ئەگینا مەعقول نیە چەند سەد كەس و تەنانەت چەند هەزار كەسیك (با خەڵكی بیانی و مەشقپَكارویشیان تێدا بێت) بتوانێت بۆ ماوەیەك كۆنترۆلى شار یان چەند ناوچە بكات و بۆ كوێی ویست شەڕى بۆ بگوازێتەوە و سوپایەكى زەبەلاح و پڕ چەك و ئیمكانیاتی زۆر دەرەقەتی نەیەت . ئەوە دیارە كە لە ناو سوپا و دەزگا ئەمنیەكانی عیراق زۆر لایەنگر و هاوكایان هەیە و هێندێك هیزى سیاسیش پێی باشە بارەكە وا بمێنیتەوە و دەوڵەتانى ناوچەش دەستیان لەو مەبەستە هەیە بۆ لاوازكردنی عیراق و نەهێلانى دروستبوونی ئیستقرار تێی دا .
كورد دەبێت زۆر بە هەستیارى لەم دۆخە هەڵسوكەوت بكات و تا دەكرێت راستەوخۆ نەگلێتە ئەو شەڕەوە , بەڵام كونترۆلى سنورەكانى كوردستان و ناوچە بە زۆر دابڕاوەكان بكات و ژیان وئاسایش و مالى هاولاتیانى كورد بپارێَزێت وهاوكارى مرویی ناوچەكانى تریش بكات . گەر داواى لێكرا هاوكارى هێزەكانى عیراق بكات وا بە كۆمەڵیك مەرج بیكات , ئەوى بیر نەچێت بەرامبەر بە پێشمەرگە هەڵویستی حكومەتی ناوەندى فیدرالى بەغدا چۆنە.
دەبێت هێز و حیزبە ئئیسلامیەكانی كوردستانیش هەڵوێست و گوتاریان راستەوخۆ بە رامبەر بەوان روون و ئاشكرا و دیار بێت
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە