لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


هەڵەبجە

Thursday, 17/03/2011, 12:00

1663 بینراوە




هەڵەبجە:
بیستوسێ ساڵە، هەموو ڕۆژێک،
خانەیەکی سیەکانم دەخنکێ،
لە هەموو رۆژەکانیش زیاتر، شانزەی سێ.
بیستو سێ ساڵە، هەموو شەوێک،
کە خەو دەبینم دەڵێم خودایە،
بگەڕێ دواوەو،
لە ڕۆژژمێرەکەت،
دەرکە شانزەی سێ!

خودایە،
لە خەونەکانیشمدا نا ئاگا دەزانم،
پێنج هەزار خانەی دڵم،
دەخنکێ،
شانژەی سێ!
خودایە،
ئەمە چ قەدەرێکە،
ڕۆژانە خانە بە خانەی دڵم لە بری خۆشی بخنکێ؟
................................
رۆژی شانزەی سێی ساڵی هەزارونۆسەدوهەشتاوهەشت، وەکو ڕۆژانی تر لە زانکۆ گەڕابومەوەو کاتژمێری شەشی ئێوارە، کاتێک نانی ئێوارەم لەبەردەم تەلەفزیۆنەکەدا دەخوارد، لەوێ ئۆسە و پاتریک و میکایەل دانیشتبون. ڕۆژانە لەو کاتەدا دەنگوباسەکانی ڕۆژ لە بەرنامەی ئەکتوێلی کەناڵی یەکی سویدی دەخوێنرایەوە .
سەرەتا کورتەی هەواڵەکان و، وێنەیەک یەکسەر دڵی خورپاندم.
ئۆسەو پاتریک و میکایەل وەکو با بۆی دەرچون و هەریەکەیان بۆ ژورەکەی خۆی.
بەتەنیا بەجێ مام!
خودایە، ئەوە چ قەدەرێک بوو،
لە سوید بە تەنیا،
لەبەردەم وێنە خامۆشەکانی خەڵکانی خەوتووی ناو شارێکی چۆڵ و هۆڵدا دانیشتبوم و کەسێک نەبوو لە ئامێزم بگرێ!
خامۆشیەکەی ئەوان و دانیشتنەکەی من،
هاوارێک بوون لە تەنیایی و لە بێکەسی.
................................
هەڵەبجە:
بیستوسێ ساڵە ئێمە هەموومان
شانزەی سێ، هەڵەبجەین.
هەموو ساڵێک شانزەی سێ،
هەمومان تەنیاین و،
تەنیاییەکەمان ئەڵقە ئەڵقە لێک دەدەین و دواجار دەیکەین بە ملوانکەیەک لە غەم و
دەیکەینە ملی هەڵەبجە!

هەڵەبجە:
ئەو بوکەیە کە هەمیشە غەمەکانی ئێمە هەڵدەگرێت و، کەچی کەسێک نیە غەمی ئەو لە مل کات!
.................................
ئەوە چ قەدەرێکە، بیستوسێساڵە،
هەمومان هەڵەبجەمان بە تەنیا جێهێشتووە!
.................................
بیستو دوو ساڵ لەمەوبەر،
ساڵی هەزارونۆسەدوهەشتاونۆ، رۆژی شانزەی سێ لە مەیدانی سێرگلستۆری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید،
ستێن ئەندەرشۆنی وەزیری دەرەوەی سوید هاواری دەکرد:
"هەرگیز هەڵەبجەیەکی تر نا، هەرگیز هەڵەبجەیەکی تر نا!"
................................
خودایە ئەمڕۆ زۆر غەمبارم.
لە سوید بە تەنیا دانیشتوم و
کەسێک نیە لە ئامێزم بگرێت!
ئێستەش وەکو کاتژمێر شەشی ئێوارەی شانزەی سێی هەزارو نۆسەدو هەشتاوهەشت،
هەمان وێنە خامۆشەکانی ئەکتوێل دەبینم.
ئۆسەی لێ نیە و پاتریکی لێ نیەو میکایەلی لێنیە.
...............................
ئەمڕۆ بەرهەمم بینی ئەو پێڵاوانەی گرتەوە کە دەبوو بگیرانایەتە تاریق ڕەمەزان.
..............................
نۆزدە ساڵ پێش ئێستا، واتە هەزارونۆسەدو نەوەدو دوو پێشبینی ئەم ڕوداوەم کرد، بەڵام بەکەسم نەووت!
بێدەنگیم لێکرد. ئێمە هەمومان بێدەنگیمان لێکرد.
نۆزدەساڵ پێش ئێستا، رۆژێک لە شەقامی کاوەی شاری سلێمانی پیاسەم دەکرد، لە پێشمەوە دوو گەنجی باڵابەرزی کورد، پێدەکەنین،
وتم ئۆخەی، دوکەس هەیە دڵ خۆش!
دواتر بینیم ئەوان بە پیاوێک پێدەکەنن کە عارەبانەیەکی حەماڵی پێیە و، لە پێشی عارەبانەکەی تابلۆیەکی لەوحی سپی داکوتاوە کە لەسەری نوسراوە:
"تکایە هەڵەبجە و ڕۆژی شانزەی سێی هەشتاوهەشت لەبیرمەکەن!"
دوانەکە بەو و، بە لەوحەکەی پێدەکەنین و،
منیش بێدەنگ، چونکە زمانم گۆی نەکرد...
..............................
ئێستەش نازانم ئەو گەنجانە چییان لێهات،
بون بە بەرهەم، یان بە تەقەچیەکانی بەردەم لقی چوار.
خودایە هەڵەبجە چەند تەنیایە!
خودایە تکایە،
لە ڕۆژژمێرەکەت دەرکە شانزەی سێی هەزارو نۆسەدو هەشتاو هەشت، تا نەبینم دیمەنی پێکەنینی دوو گەنجەکەو
پێڵاوگرتنەوەکانی ئەمڕۆی بەرهەم!
..............................

برایانم، خوشکانم،
ئەی ئەوانەی هەڵەبجەیین و هەموو غەمی هەڵەبجەتان هەڵگرتووە،
هەتا دەمرم غەمی ئێوە غەمی منن.
ئێوە تەنیا و منیش تەنیا، هەمومان بۆ غەمی هەڵەبجە.
خودایە ئەمە چ قەدەرێکە!
ئەمڕۆ بیست ساڵە مەسعود و جەلال بە هەمومان پێدەکەنن؟
بە پێنج هەزار خنکاوی هەڵەبجەو بە غەمی ئێمە هەمومان!
بە هەڵەبجە و
بە لاوەکان و،
بە هەموو کەس،
تەنانەت بە بەرهەمیش!

..............................
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە