لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


سیخۆ و باجەر پێش کیمیاوی، هەڵەبجەیان خاپوور کرد، چەند دێڕێک بۆ هەڵەبجە لە ٢٦ ی ئاپریلدا!

Tuesday, 26/04/2011, 12:00

1605 بینراوە





ساڵی حەفتاوچوار کە شەڕ دەستی پێکردەوە لە سلێمانیەوە چوین بۆ هەڵەبجە.
کەوتینە دوای شۆڕش!
خۆشم نازانم بۆ، بەڵام لەوکاتەوە هەندێک دیمەنم لە بیر ماوە.

کە چوینە هەڵەبجە چەند وشەیەکی نوێ فێر بووم لەوانە، بەڵەدی و یارۆ و هەندێکی تر.

هەروەها سەرسوڕمانی هەڵەبجەییەکانیش سەرنجی ڕاکێشام لەوەی کە ئێمەی خەڵکی سلێمانی کاتێک بمانوتایە لە هەڵەبجەوە دەچین بۆ سلێمانی، دەمانوت لە هەڵەبجەوانێ بۆ سلێمانی...
دوای ئاشبەتاڵ کە گەڕاینەوە سلێمانی ئیتر ئەو وانێ وانێیەمان وازلێهێنا.
خێریان بنوسێت لەو هەموو وانێ یە ڕزگاریان کردین.

لە هەڵەبجە زۆرم حەز لە دەڵەمە و ناوساجیەکانیان بوو، هەموو رۆژێک دەمکڕین.
دوکاندارەکان کە شتم لێدەکڕین ببون بە ناسیاو و ئێستاش ڕوخساریانم لە بیرە.

پیاسەی ئێواران و قەرەباڵغی خەڵکە زۆرەکە کە دوای شۆڕش کەوتبوون و، کوچە و بازاڕەکانیان تەنیبوو هەڵەبجەی هێندەی تر جوان کردبوو.

ئێوارەیەک فڕۆکەیەک بە نزمی و بە هێواشی بەسەر شارەکەدا سوڕایەوە و بە خۆمانمان وت هیچ نییە، بەڵام هەر دوای ئەوە سەیرم کرد شار قەرەباڵغیەکەی کزببوو.
دۆشکە و دژەفرۆکەکانم بینی بە سەیارە لە هەڵەبجە دەریان دەکردن.
بەرەبەیانی ڕۆژی دوای ئەو ڕوداوە لەگەڵ باوکم و سەیدێکی کەشی سەوزدا کە دراوسێمان بو و، کاتی خۆی لە جوانڕۆوە هاتبووە هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجی ببوو و بە تەنیا دەژیا، چووین بۆ پیاسەی عەنەب و هەندێک شوێنی تر.
شار ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو. هێمنیەکی پڕ پەیام باڵی بەسەر کەشوهەواکەدا کێشابوو.
وەکو هێمنیی پێش کارەسات.
دەمەو نیوەڕۆ گەراینەوە ماڵ و نانمان خوارد و دوای پشودان چومەوە بۆ باژێڕ.
لەوێ مامەوە تا فڕۆکەکان هاتن و دەستیان کرد بە تەقە و بۆمباران.
لەگەڵ چەند کەسێکدا خۆمان کرد بە ناو خانویەکی گڵدا و بەدەم گرمەی بۆمبەکان و لەرزەی زەمینەوە لە ژیر کاریگەریی فشارەکانیاندا هەڵدەلەرزین. هاواری شایەتمانی بەتەمەنەکان هێندەی تر دەیان ترساندم. ئاخر ئەوکاتە مێردمنداڵ بووم.

دوای ئەوەی هێرشەکەیان بۆ سەرمان کۆتایی هات، وردە وردە هەر کەسە و چوینە دەرەوەو بەرەو ماڵ و شوێنی خۆمان کەوتینە ڕێ. بەڕێگەوە وێرانیەکانی شارم دەبینی، دەڕابەکان بە لولکراوی لە بێخ دەرهاتبوون و کەوتبونە سەر شەقامەکە.
ئەو دوکانانەی ئێواران دەڵەمە و شیر و پەنیر و شتی ترم لێدەکڕین هەمویان تەپیبوونە خوارەوە. وابزانم بەشێک بوون لە پیرمحەمەد.

دوکاندارەکەی ناسیاوم یەکێک بوو لەوانەی شەهیدببوون.

کە گەیشتمە نزیک ماڵ، بینیم دەرگە دوو تاکیە تەختە قەدیمیەکە لە بنوبێخ دەرهاتبو و کەوتبووە سەر جادەکەی بەردەم ماڵمان.
شەقامەکەی نزیکمان بە خەڵک چواردەوری گیرابوو، کە سەیرم کرد بۆمبێک لە ناوەڕاستی شەقام دابووی بە زەویدا و چەند مەترێک قوڵی کردبوو و ئاوی لێ هەڵدەقوڵا.
تیرەی چاڵەکە دوو مەترێک دەبوو.
کە چوومە ژوورەوە بینیم چوالەی باخی گشتی هەڵەبجە پەریبووە ناو حەوشەکەمان.
دواتر بیستم کە سەیدی کەشی سەوزی دراوسێمان مەخابن لەو کارەساتەدا شەهید ببوو.

ئەمڕۆ کە سیوحەوت ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەرێت، بە ئەمەک و ژانێکی گەورەوە سەری ڕێز و حورمەت بۆ شەهیدەکانی ئەو ڕۆژە دادەنەوێنم.

ئەو کارەساتە بۆ ئەو ڕۆژوکاتە یەکێک لە دڕندانەترین هێرشی فرۆکەکانی بەعس بوو کە لە باجەر و سیخۆ و جۆری تر پێکهاتبوون.

هێرشەکە تەنیا دوو ڕۆژ دوای هێرشەکەی سەر شاری قەڵادزێ بوو.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە