یەکێتیی و پارتی لە زاری مام عەلی هەلاجەوە بناسە!

Saturday, 02/01/2021, 0:22

5643 بینراوە


مام عەلی هەلاج پیاوێکی هەژار بوو. پیشەی هەلاجیی بوو کە بۆ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی تا کۆچی دوایی کرد، لەو کارە وازی نەهێنا. هەرچەندە ئەو نەخوێندەوار بوو، بەڵام لە زۆربەی رووناکبیر و نووسەرەکانی ئەمڕۆی کورد زاناتر و عاقڵتر و قسە لە روو بوو.
لە ساڵی 1992 لە گەرمەی بانگەشەی یەکەم هەڵبژاردن، کاتێک ئێمەی کڕوکاڵی ئەو کاتە، کە خوێنمان بۆ سەرکەوتنی یەکێتیی قوڵپی دەدا، هاورمان دەکرد و وامان دەزانی ئەم لیستی سەوزە، لیستی شەهیدانە، لیستی منە و لیستی تۆیە. لیستی سەدان هەزار ئەنفالکراو و قوربانی دەستی کیمیاباران و راگواستنەوەی گوندەکانە، بەڵام بە قسەی مام عەلی هەلاجمان نەکرد و گاڵتەمان پێی دەهات، کە ئەو کاتە پێی وتین:
دەنگ بە یەکێتی مەدەن و ببن بە پارتی باشترە!
ئێمەش لێمان پرسی: بۆچی پارتی لە یەکێتیی باشترە!؟
لە وەڵامدا پێی وتین: ئەگەر ببیت بە پارتیی ئەوە خۆشت و خۆشم و هەموومان دەزانین کە تۆ بوویت بە (کەر)، بەڵام ئەگەر ببیت بە یەکێتیی، ئەوسا لە پیرییدا بۆت دەردەکەوێت، کە تۆ کەربوویت و ئەو هەموو تەمەنە کەرکراویت!
گیانت ئاسودە بێت مام عەلی بە راستیی تۆ لە زۆربەمان زاناتر و عاقڵتر بوویت