(سەنگەر گواستنەوە) - دوا كارتى لایەنەكانە بەرامبەر یەكتر

Thursday, 01/05/2014, 12:00

1924 بینراوە




لەبەر هۆكارى تاكڕەوى و تیوەگلان لە گەندەڵى و نەخوێندنەوەى بەرامبەر.....هتد و دواجار لەبەر بەرژەوەندى گشى، ئەمانە قسە و لێدوان و هۆكارى ئەو كەسانەن كە سەنگەرى خەباتیان دەگوازنەوە لە پارتیكەوە بۆ پارتیكیتر، مەهزەلەى ئەو ئەمبەر و ئەوبەركردنە لەوێدایە كەپێشتر باباى دژە گەندەڵى و پاوانخواز هەرلەبەر هەمان هۆكار لەهەمان پارت هەڵگەڕایەوە كە ئەمڕۆ گەڕاوەتەوەناوى ، یەكێكیتر لە ناڕەوایەتیەكانى ئەو سەنگەر گواستنەوەیە دەستنیشانكردنى كاتەكەیە، ئاخر سەركردە و كادیر و نوێنەرانى هەرلایەنێك بۆ بەدرێژایى ساڵ هیچ هەڵوێستێكى سلبى نەبوو بەرامبەر ئەو هەموو خاڵە سلبیانەى كە ئەمڕۆباسیان دەكات؟ بۆ دەبێت لەگەڵ نزیك بونەوەى وادەى هەڵبژاردنەكان و هەستیارى كاتەكە بازارى كڕین و مامەڵەى سەنگەرگواستنەوە گەرموگوڕى بەخۆیەوە ببینێت؟ ئایا هۆكارى ئەوەنییە كە نرخى سەنگەر گواستنەوە لەوكاتەدا بە دەیانجار گران و سەنگینترە لەكاتەكانیتر!!! یان ئایا ئەوەش جۆرێكیترى جەنگى نێوان حیزبەكانییە، بەڵام ئەم جۆرە جەنگە پێى دەوترێ جەنگى دەرونى.
ئەو ڕاستیانەى سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن هۆكارى ئەو سەنگەر گواستنەوەیە، بە پلەى یەك گەڕانە بەدواى بەرژەوەندى تایبەتى و دەسكەوتى مادیى زیاتردا، ئەگینا كەى ڕەوایە كە خەباتى دەیان ساڵى خۆت هەڕاج بكەیت و سەدوو هەشتا پلە پێچەوانە ودژى خەباتى خۆت هەڵوێست وەربگریت؟
خۆزگە هەموو ئەو كەسانەى لەبەر بەرژەوەندى تایبەت پەنا بۆ چەكى سەنگەر گواستنەوە دەبەن(بێ گومان هەموو هۆكارەكانیش تایبەتین) هەر هۆكارێك دەهێننەوە ئازادن، تەنانەت ئازادن لەهەر پارت و ڕێكخراو و دەزگایەكدا كار دەكەن، بەڵام ئەوە ئاسایى نییە ئەوەیە كەهەمویان (یەك قسە دەكەن) گوایە لەبەر بەرژەوەندى گشتى ئەو بڕیارە هەستیارەى بەناچارى داوە.
ئەوانەى لەبەر هەر هۆكارێك بوە پەنا بۆ ئەو كارە ناجوامێرانە دەبەن ، بەخۆیان بزانن یان نا، ئەوە هەڕاجى مێژوى ڕابردوى خۆیان دەكەن، با دڵنیابن هەرگیز نابنەوە بە خاوەن ڕێزى پێش سەنگەر گواستنەوەكەیان، مێژوى كەسانیتر لەڕابردودا ئەوەمان پێ دەڵێت ئەگەر كەمێك ڕێز و سەنگو قورسایى لە سەنگەرى یەكەمدا بونى هەبوبێت، ئەوا پاش سەنگەر گواستنەوەكە ئەو كەمە سەنگو قورساییەش نامێنێت، بائیتر هەوڵ نەدەن بە وشەى بریق و باق خۆڵ بكەنە چاوى خەڵكى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە