شێرکۆ بێکەس و رەفیق سابیر

Friday, 13/03/2009, 12:00

3390 بینراوە


بەشی یەکەم \ شێرکۆ بێکەس

زۆر کەس شێرکۆ بێکەس بە شاعیرێکی گەورەی میللەتی کورد ئەزانێ . ئێمە لاریی لەوە ناکەین، که‌ شێرکۆ شاعیرە، دیوان و چاپکراوی زۆری هه‌یه‌، بەڵام له‌وه‌ زیاتر هیچی تر نییه‌، قسەی خۆمان بێ ئەوەندە گەوره‌ش نییە، چونکە گەورەیی نووسەر، به‌تایبه‌تیی نووسه‌ری میللەتێکی ژێردەسته‌ی وەک کورد، پەیوەندیی بەوەوه‌ هه‌یه‌، که‌ چەند  خۆپه‌رست و ترسنۆک نه‌بێ و ژانی میللەتەکەی لە نووسینەکانیدا رەنگ بده‌نەوە، هه‌روه‌ها ئەو نووسەرە چەند ھەڵوێستی هه‌یه‌ دژ بەو ناھەقیانەی بەرامبەر میللەتەکەی دەکرێ، جا گرنگ نییە ناھەقیەکە بێگانە بیکات، یان حیزب و ده‌سه‌ڵات و سەرکردەکان بیکه‌ن. نه‌ک ته‌نها شیعرەکانی شێرکۆ، به‌ڵکو شێرکۆ بۆ خۆشی لە خزمەتی حیزبێکدایه‌، نەک میللەتێکه‌که‌ی. شێرکۆ خۆی ئەوەی ھەڵ بژاردووه‌، که‌ ببێ بە شاعیری حیزب و بنەماڵەیەک، نەک شاعیری میللەتێک، جا ئه‌و خۆی چه‌ن پێ گه‌وره‌ بێ، یان خه‌ڵکی ئه‌و چه‌ند به‌ گه‌وره‌ بزانێ، ئه‌وه‌ شیرکۆ زۆر بچوکه‌.
ئەم شاعیرە بەناو گەورەیەی کورد چەندەھا شیعری وتوە کەچی ھیچیان رەنگدانەوەی ئەو بۆ بارودۆخی ئەم ھەژدە ساڵەی ژیانی کورد نین. ھەڵوێستی نەبوە بۆ ئەم گەندەڵی و راوروتە ی سەرانی کورد . بۆ ئەم بێ کارەباییی و بێ ئاوییە . ئەو بەڕەڵایی و بێ یاسییە . ئەم پا‌شاگەردانی و داتەکانی ژێرخانی ئابوری و کلتوری و کۆمەڵایەتیەی ئەمرۆ کوردستان بە خۆیەوە ئەیبینێ بەدەست ئەو دو حیزبە دکتاتۆرەوە.

شیعرەکانی شێرکۆ ناسکن. شێرکۆ کاتێک باسی پێشمەرگەیه‌ک ئەکات خوێنەر موعاناتی پێشمەرگەکە لە وشەکانی شیعرەکانیدا ئەبینێ . شێرکۆ ئەو توانایەی ھەیە بە زمانێکی پاراو و تابلۆیەک بنەخشێنێ و وشەی رۆژانە بخاتە گریان یا پێکەنین . وشە لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا سەنگی خۆیان ھەیە و شوێنی خۆیان دۆزیوەتەوە. بەڵام شێرکۆ ئێستا شیعرەکانی باسی شتی گشتی ئەکەن وخۆیان لەقەرەی ئەو بابەتانە نایەن کە دەسەڵات پێی قەڵس ئەبێ . شێرکۆ شیعر بۆ کەرکوک ئەڵێ، بەڵام ناڵێ بۆچی کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستان بەم دەردە ئەبرێ و باسی دەوری نێگەتیڤی پارتی و یەکێتی ناکات ، باسی ململانێی لق و مەڵبەندەکان ناکات، کە وایان کردووە نەک کەرکوک بەڵکو ناوچەکانی ژێر دەستی کوردیش خەریکە لە دەست دەچن. شێرکۆ شیعر بۆ شەھید ئەڵێ، بەڵام باسی ئەوە ناکات ژن و منداڵی شەھیدان ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانییەوە چۆن پشتگوێ خراون . شێرکۆ شیعر بۆ ھەڵەبجە ئەڵێ بەڵام ھەڵەبجەیەکانی ئەمڕۆ نابینێ لە چ ژیانێکدا ئەژین بەدەست سەرانی یەکێتی و پارتییەوە. شێرکۆ شیعر بۆ مردوەکان ئەڵێ و مرۆڤە زیندووەکانی پشتگوێ خستووە. ئایا ھۆکای ئەمە چییە؟ خەساوە؟ خەسێنراوە؟ نەزۆکیە؟ رەحمی شیعریان دەرھێناوە؟ بێ ھەڵوێستیە؟ یاوەکو گوایە لە وەڵامی رەخنەیەکا گۆران وتویەتی کارەساتی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بو بە فرمێسک نەک بە شیعر. تۆ بڵێی شێرکۆ بێکەسیش ھەستی بەرامبەر ئەم ھەموو نەھامەتیەی ئەو ھەژدە ساڵە بە فرمێسک دەربڕیبێ؟ ئەی بۆ رۆژێک نەماندی بگری؟
نەخێر خوێنەری بەڕێز ھۆی ئەوە نییە شێرکۆ شیعر ناگری ، شێرکۆ ئەگری، بەڵام بەداخەوە بۆ شتی تر ئه‌گری، نەک بۆ میللەتەکەی . شێرکۆ ئیلھامی شیعری ماوە، لێ شتی تر ئەی بزوێنێ، نەک ژانی میللەته‌که‌ی. ئه‌وه‌ چییه‌، که‌ شێرکۆ ئەگرێنێ ، ئه‌مه‌یان بابەتێکی قوڵە، من نامەوێ لێرەدا باسی بکەم، ئەمەوێ پەنجە بۆ ئەو راستییە رابکێشم، کە ئەو کاتەی نووسەرێک ھەست بە ژانی گەلەکەی ناکات  مافی ئەوەی نیە پێی بوترێ شاعیری گەل و شاعیری گه‌وره‌، ئینجا لە سەر ئەو میللەتەکه‌ی بکرێ بە ماڵ، بە کورتییەکەی شێرکۆ شاعیرە، بۆ ده‌سه‌ڵات و بۆ پاره‌ و بۆ خودی خۆی نەک بۆ میللەتەکەی، جا کە شێرکۆ خۆی ئەوەی ھەڵبژاردبێ ببێ بە شاعیری حیزبێک، ئیدی بۆ خەڵکی بەزۆر ئەو ئەرکە گرانە ئەخەنە سەرشانی و داوای ئەوەی لێ ئەکەن ببێ بە شاعیری میللەتێک؟ ئەوەی جێگای سەرسورمانە ئەوەیە کە شێرکۆ سەرەرای ھەژدەساڵی پڕ گۆڕانی چارەنوسساز بۆ کورد ، ئەوەندە ھەستی نەبزوا و ھەڵوێستی پیشان نەدا وەک ئەو جارەی رەخنە لە حەزرەتی جەلال تاڵەبانی گیرا لە ستۆکھۆلم. ا

لە ھەشتاکانا شێرکۆ بێکەس لە سویدی وڵاتی دیموکراسیدا ھەلوێستی پیشاندا و ھەرەشەی لە کۆمەڵێک ھونەرمەند کرد لەبەرئەوەی لە شانۆگەریی گێژەندا بە رەمز باسی سەرانی یەکێتیان ئەکرد و مام جەلالیان بە دکتاتۆر پیشان ئەدا. ئەو ھونەرمەندانە ئێستا خۆیان ماون و دڵنیام باش ھەڵوێستی سه‌وز و یه‌کێتیانه‌ی شێرکۆیان لە بیرە. شێرکۆی ھەستناسک، بەیانی لەسەر دەرکردن و بە بەعسی لە قەڵەم دان، داوای کرد بە پێڵاوی پێشمەرگە سەریان پان بکرێتەوە، کەچی ئێستا ئەو ھەموو نارەوایی و سوکایەتییە، نەک تەنیا بە سەرکردەیەکی کورد، بەڵکو بە ھەموو میللەتی کورد دەکرێ، کەچی شێرکۆ مێشیش میوانی نییە.
ھەی کاک شێرکۆی شاعیر، ئەو ھونەرمەندانەی لە سوید تۆ پەلامارت دان، ئەو کاتە ھەستیان بەوە کردبوو، کە ئەو جەلالەی خەڵکی وەکو تۆ کردوێتی بە مامی خۆی ، ئەوسا لە شاخیش دیکتاتۆر بوو، ئینجا چۆن ئێستا دەبێ بە دیموکرات. خۆ بەوە نابێ کە بیرھەڵکەنێکی وەک رەفیق سابیری درۆقەڵەم و بێھەڵوێست ئەو دکتاتۆرەی لێکردووین بە گاندی و ماندێلا. ا


بەشی دوەم \ رەفیق سابیر


خوێنەری بەرێز رەفیق سابیر خۆی ناو ناوە بیرەوان ، خۆی لێبووە بە ئەرستۆی کورد و ئەفەلسەفێنێ و ئەبیرێنێ، با بڵێین رەفیق سابیر بیرەوانە. لە کوردیدا دارەوان و شاخەوان مانای ئەوەیە، که‌ ئەو کەسە بە شاخدا یان بە داردا ھەڵئەگەڕێ. بەو پێیه‌ رەفیق سابیری بیرەوان بە بیرا ھەڵئەگەڕێ. خوا رەحمێکی بەم کوردە بکردایە و لەکاتی بەبیر ھەڵگەراندا، نووسه‌ر و شاعیره‌ ده‌رباره‌کان بکەوتانایه‌ته‌ ناو بیرێکەوە و کورد رزگاری بوایە.
رەفیق سابیر مرۆڤێکی زۆر حەسوودە و حەز ئەکات، چاڵ بۆ خەڵک ھەڵبکەنێ. خه‌ڵکی بخاته‌ ناو چاڵ و بیره‌وه‌.

ڕەفیق سابیری بیره‌وان، جەلال تاڵەبانی دەعەجانی لە کورد کرد بە ماندێلا. ئەوەی ژیانی ماندێلا بخوێنێتەوە تێدەگات، که‌ نەک ھەر جەلالی مامی رەفیق بیرپۆخڵ لەگەڵ ئەواندا بەراورد ناکرێ، بەڵکو ئەو بەراوردە ئیھانەکردنیشه‌ به‌ ماندێلا. ئیھانەیە بۆ کورد، ئیھانەشە به‌ مرۆڤایه‌تیی، حەقە دەزگایەکی نووسەرانی جیھانی ئەم لێکچواندنه‌ی رەفیق مەحکوم بکەن و خۆشی بدەن بە دادگا لەسەر ئەو ناماقوڵیەی کردوێتی. حەقە نەھێڵن ھەتا ماوە قەڵەم بگرێتە دەست . ئاخر رەفیق بیره‌وان! نیلسۆن ماندێلا ئەوەندە مرۆڤێکی بە ھەڵوێست بوو نەچوو بۆ تورکیا و رازی نەبوو خەڵاتی ئەتاتورک وەربگرێ چونکە ئەیزانی تورکیا ولاتێکی رەگەزپەرستە و ئینکاری لە بوونی کورد ئەکات، کەچی جەلالی مامی تۆ ساڵانێکی زۆر بە شانازیەوە پەساپۆرتی تورکی ھەبوو بە رەسمی ببوو بە تورک . کە زلیش بوو بە سەرۆکی ئەو عێراقەی ھەر بە کەتیرە ئەینێ بەیەکەوە چوو بۆ تورکیا و کەوتە پیاھەڵدانی تورک و ئەتاتورک و وتی: ئەگەر تەقاویت بووم ئەمەوێ لە تورکیا بژیم.
کاتێک رەفیقی بیره‌وان، جەلالی مامی بەراورد ئەکات بە ماندێلا تەنیا بێ نرخی و بێ زه‌وقی و بێ مەبدەئی خۆی پیشان ئەدات . ئەگینا جەلال تاڵەبانی چی لە ماندێلا ئەچێ ، ئایا سەرو کەللەی؟ قسە و زمانی؟ عەقڵ و مەعریفەتی؟ مناڵێکیش ئەزانێ کە ئەم دوانە ئاسمان و رێسمانیان فەرقە . تاڵەبانی و ماندێلا لە رەنگی پێستا جیاوازن . ماندێلا رەش پێستە، بەڵام تاڵەبانی تەنیا رووی رەشە . ئەگینا دەستی سورە . سورە بە خوێنی ئەو ھەموو کوردەی کە لەگەڵ ماڵی بارزانیدا لە شەڕی بەرژەوەندی خۆیاندا بە کوشتیان داو. باقی لەشی عەیب نەبێ ئەڵێن سپیە  ماندێلا باریکەلە و لاوازە بەڵام مرۆڤێکی قورسە. جەلال تاڵەبانیش قەڵە و و زلە بەڵام مرۆڤێکی زۆر سوکە. جەلال تاڵەبانی یاوێتیە پانی و ھەتا بێ زیاتر لە بەرمیل نزیک ئەبێتەوە . ماندێلا قسە زان و موتەوازیع و رۆحسوکە . بەڵام جەلالی مامی رەفیق بیره‌وان نەک ھەر قسە نازانێ و کەر تڕە بەڵکو ئەڵێی دێوەزمەیە ئەوەنە رۆح و رەزای قورسە. ھەر ئەو نەبوو وەک شەقاوەیەکی سەر جادە سەگی کردە وەسفی نوسەرانی کورد. سەرەرای ئەوەش خۆی زۆر بەزل ئەزانێ بەرامبەر بە کورد، کەچی لە بەر دەمی بێگانەشدا ئەبێ بە جرجێکی لەرزۆک. ماندێلا ئەوەندە بە ھەڵوێست بوو وازی لە ژنەکەی ھێنا کاتێ بۆی دەرکەوت ژنەکەی گەندەڵە و کاری نایاسایی ده‌کات، بەڵام جەلالی مامی رەفیق سابیر خۆی و ھێرۆی ژنی سیمای گەندەڵی و فەساد و دکتاتۆریەتن، له‌ موڕاڵ و ڕه‌وشت لایان داوه‌، ئیتر چۆن کاک رەفیق بیره‌وان ئەو دوو کەسە به‌ ته‌کتر ئه‌چوێنێت؟  ئەوە بۆ نوسخەیەکی ئەو تەشبیھەت نانێری بۆ ماندێلا بۆ ئەوەی بۆ رۆژی لە دایک بوونی داوەتێکت بۆ بکا و رەسمێکت لەگەڵا بگرێ و تۆزێک لە تۆوە بێ ئەدەبی و کەم عیلمی و بێ مەعریفەتی فێربێ ؟!

رەفیق بیره‌وان تۆ خۆت ئەزانی قسەکانت درۆن، بەڵام بۆ رازیکردنی دڵی جەلالی مامت ئەوە دەکەی بۆ ئەوەی پۆستی بەرزترت باتێ و لە داوەت و بۆنەکانا ھێرۆ نامەت بۆ بنێرێ. یانی مرۆڤێکی مەسڵەحەت چیت، دەتەوێ خەڵک بخەڵەتێنی . رەفیق بیره‌وان چاک ئاگای لەوە بوو، که‌ جەلال تاڵەبانی حەمەی حەلاق و چەند ھاوڕێ حیزبیەکانی  چۆن کوشت، به‌ڵام هیچ هه‌ڵوێستێکی نه‌نواند، له‌ ترساندا وه‌ک مشک خۆی خزانده‌ کوونه‌وه‌، له‌م لاو له‌ولا که‌وته‌ ماستاوکردن بۆ جه‌لالییه‌کان، تا هیچ له‌م نه‌که‌ن و ئه‌گه‌ر گه‌ڕایه‌وه‌ وه‌ک پیاوی خۆیان ته‌ماشای بکه‌ن. لەوە ئەچێ ئەم کارەی جەلال تاڵەبانی بوو وای لە رەفیق بیره‌وان کرد قەناعەت بکات بەوەی لە ماندێللا ئەچێ؟
رەفیق بیره‌وان لەم رۆژانە لە رۆژنامەی رۆژنامە دا باسی مافی ئافرەتی ئەکرد و کەوتۆتە لۆمەی کۆمەڵە و رێکخراوی ئافرەتان لەبەرئەوەی دەوری خۆیان نابینن . لێرەشدا رەفیق سابیر ئەیەوێ لەھەردولا  بە پیاوچاک خۆی لەقەڵەم بدا .. لەلایەکەوە خۆی وا پیشان ئەیا کە پشتگیریی لە مافی ژنان ئەکات و لە لایەکی دیکەشەوە رەخنە لە دەسەڵات ناگرێ و خۆی بە موسڵیح و ناوبژیکەر دائەنێ لە نێوان ئافرەتان و دەسەڵاتدا .
ڕەفیق سابیر کاتێ لۆمەی ژنان ئەکات، بۆ خۆی نازانێ، که‌ دەسەڵات رێکخراوی ژنانی وەک ھەمو رێکخراوێکی دیکه‌ بۆ بەرژەوەندی خۆی دروست کردوە ، ئیتر چۆن ئەھێلێ سەربەخۆ بێت. جا کاک ڕه‌فیق تۆ بۆ دەمی رەخنەکانت ناکەیتە دەسەڵات کە کۆنترۆلی ھەمو شتێکی کردووە، جا ژن و ئافرەتی بەسەزمان چیبکەن . ئەوەتا دەسەڵات ژنیشیان کردە بە دوو شتی جیا ژن و ئافرەت. ئەو نیوەی کۆمەڵە مافی ئەوەی نییە یەک ناوی ھەبێ جا چۆن مافی ئەوەی ئەبێ به‌ یه‌ک دەنگ، ده‌نگی خۆی بەرز بکاتەوە و داوای مافەکانی بکات؟ . تۆی به‌رژه‌وه‌ندیینووس، هه‌موو ئەمانە ئەزانی بەڵام ئەبێ خۆ وەک بیرەوانێ شتێ بڵێی . تۆش شتێ وا ئەڵێی لە قازانجی دەسەڵاتە نەک له‌ قازانجی خەڵکی ژێر دەست ا
رەفیقی سابیر و ھەر رۆژەی لەسەر پەتێ یاری ئەکات و نازانی ئەو پەتەی ئەمجارە لەسەری وەستاوە بەم زوانە ئەپچڕێ و ھیچ شەبەکەیەکیش نایگرێتەوە .

خوێنەری بەرێز ، ئەگەر نووسەرێک قەڵەمه‌که‌ی خوار نەبێ، ئەوا دەسەڵاتی گەندەڵ ناتوانێ وا بە ئاسانی سواری ملی ئەو خەڵکە ببێ.
ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و شاعیری وه‌کو شێرکۆ و ڕه‌فیق سابیری نه‌بێ، چۆن ده‌توانێ ئه‌و هه‌ژده‌ ساڵه‌  له‌ خیانه‌ت و ناپاکیی و گه‌نده‌ڵی و دزیی به‌رده‌وام بێت؟ میلله‌ت پێویسته‌ نووسەری دەربار و بێھەڵوێست ریسوا بکات.
 ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ ناتوانن وا بکه‌ن، که‌ واش ئه‌که‌ن ئه‌‌زانن پێش ئەوان ئەم شاعیر و نووسەره‌ دەربارانه‌یان هه‌یه‌ و بەسەریانا ھەڵ ئه‌دات،  نووسەرانی دەرباریش گەندەڵن. گەندەڵی ئەدەبی و ئەخلاقی و فیکری .
خوێنەری بەرێز ناحەقی ناکەم بەرامبەر ئەم جۆرە نوسەرانە چونکە ئەمانە زۆر لە گەندەڵەکانی تر خەتەرترن، ئەبێ ده‌سته‌کانیان بخرێنه‌ ڕوو، بۆ ئەوەی ئەوانی تری وەک ئەمان پێیان وا نەبێ ھەرچی بکەن بۆیان ئەلوێ و لەسەریان ناکەوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە