هه‌ڵسه‌نگاندنی گوڵان بۆ كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ... خوێندنەوەیەك بۆ گوتاری پیادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان

Sunday, 04/04/2010, 12:00

1648 بینراوە


ئەگەر ئەركی ئۆپۆزسیۆن دروستكردنی بەدیل بێت بۆ حكومەت ئەركی میدیـای بەرپرس پــــاراستنی سیستەمی دامەزراوەیی دیموكراتییە
((لەنێو هەر سەرەتایەكی رووكەشدا، هەمیشەو بەبەردەوامی بنەمایەكی شاراوە هەیە،گوتاری رووكەشیش لەو خاڵە نهێنییوشاراوانەوە سەرچاوەدەگرێت كە خاوەنی گوتارەكە نایەوێت مەبەستە شاراوەكە بدركێنێت، ئەم گوتارە رووكەشەش بێجگە لەو پەردەیەی بۆ شاردنەوەی ئەوەی مەبەستێتی دروستی دەكات، شتێكی دیكە نیە،گەرەنتی ئامادەبوونی مەسەلە شاراوەكەو بزركردنی لەنێو وشەكانی گوتارەكە، سەرلەنوێ مەبەستە شارەوەكە لەناو گوتارەكەدا بەزیندوویی دەهێڵێتەوە))
مێشیل فۆكۆ
خاڵی سەرەكی و دەستپێك لەم راپۆرتە كاركردنە بە میتۆدێك كە دووخاڵی سەرەكی لێكجیادەكاتەوە،كە بریتین لە:
1- رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە بونیادی دیموكراتی و لە پەرەپێدانی پرۆسەی حكومڕانی دیموكراتیدا.
2- رۆڵی میدیای بەرپرس لە پاراستنی سیستەمی دامەزاروەیی و چاودێریكردنی هەنگاوەكان بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ئینتیقالی و دۆزینەوەی ئەو مەسەلانەی كە گوتاری حكومەت لەكاتی پیادەكردنیدا لەنێو وشەكانیدا دەیشارێتەوە.
جیاكردنەوەی ئەم دووخاڵە لەیەكتری، یان ئاگاداركردنەوەی خوێنەر لەوەی رۆڵی میدیا لەگەڵ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن تێكەڵ نەكات، دەمانباتە سەر ئەوەی دووخاڵی دیكە ئاماژە پێبكەین، ئەویش دیاركردنی زۆنی كاركردنی میدیا و ئۆپۆزسیۆنە، لێرەدا ئەم دوو زۆنە بەمجۆرە دەستنیشاندەكەین:
زۆنی كاركردنی ئۆپۆزسیۆن بازنەی بەرنامەی حكومەتە،ئەمەش نەك چاودێری بەرنامەكە بكات كە چەندی لێ جێبەجێدەكرێت یان نە، بەڵكو كار لەسەر بەرنامەی حكومەت دەكات بۆ ئەوەی بەدیلێكی باشتر یان بەرنامەیەكی جیاوازتر پیشانی هاوڵاتیان بدات، ئەم رۆڵەی ئۆپۆزسیۆن هەموو رۆژێك هەڵمەتی هەڵبژاردن تازە دەكاتەوە رۆژ لە دوای رۆژ هەوڵ بۆ ئەوە دەدات متمانەی دەنگدەر بەلای خۆیدا رابكێشێت.
بەڵام زۆنی كاركردنی میدیا لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەتە، دەرەوە بەمانای دووركەوتنەوە نیە لە بەرنامەی حكومەت، بەڵكو بەمانای دەرەوەی بازنەی بەرنامەی حكومەت و چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەكات و، چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەش لە چوارچێوەی كاری دامەزراوەیی و پاراستنی سەروەریی یاسا و هەنگاوەكان بۆ بڕینی قۆناخی ئینتیقالی چاودێری دەكات، كەواتە ئەوە ئەركی میدیا نیە بەرنامەی حكومەت بەباش یان بەخراپ هەڵبەسنگێنێ، لەبەر ئەوەی ئەو بەرنامەیە پێشتر خراوەتە بەردەمی دەنگدەر و دەنگدەر متمانەی پێداوە، بۆیە ئەركی میدیا دەبێتە پاراستنی ئەو متمانەیە و رێگرتن لە بە لارێدابردنی ئەو متمانەیەی بەو بەرنامەیە دراوە، ئەمەیە ئەو بارودۆخە دروستدەكات كە میدیای بەرپرس لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەت و لە ئاكامی گوتاری پیادەكراوی حكومەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ پابەندبوونی حكومەت بە بەڵێن و بەرنامەی خۆیەوە بكات.
بەداخەوە كە لەم چوارچێوەیەدا سەیری كارەكانی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی نزیكەی 6 مانگی رابردوو دەكەین و لە گوتارەكانی بەرێز د.بەرهەم ئەحەمەد ساڵح سەرۆكی ئەجوومەنی وەزیران ووردەبینەوە هەست دەكەین جیاوازیەك لە نێوان وشەكانی نێو گوتارەكە و پیادەكردنی بەرنامەكانی حكومەتدا هەیە، وەك ئەوەی گوتاری حكومەت پەردەیەك بێت بۆ ئەو ئامانجەی كە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیەوێت بیدركێنێت.
سیستەمی پیادەكردن و
رەنگدانەوەی ئەو پیادەكردنە
وەك لەو چەند دێرەی سەرەوە ئاماژەمان پێكرد، كاری میدیای بەرپرس لە كۆمەڵگەی دیموكراتی لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەت دەستپێدەكات و لە دەرەوە دەچێتەوە ناوبەرنامەكە، نەك وەك ئۆپۆزسیۆن بە پێچەوانەوە، ئەمەش واتە میدیا بەوجۆرە سەیری جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەكات، كە سیستەمی دامەزراوەیی بۆ مەبەستی سیاسیی و بەرژەوەندی حزبی بە لارێدا نەبرێت و گوتارێكی روكەشی بۆ دروست نەكرێت هاوڵاتیان چەواشە بكات، هەروەها بەوجۆرە سەیری جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت دەكات كە توخمە سەرەكیەكانی پاراستنی ژیانی دیموكراسی و دامەزراوەیی و پەرەپێدانی لە خۆی گرتبێت،ئەم ئەركەی میدیا وەك میتۆدێك هەڵوەستەكردن دەبێت لەسەر سیستەمی پیادەكردنی بەرنامەی حكومەت و رەنگدانەوەی ئەو پیادەكردنە لەسەر ژیانی خەڵك و سیستەمی دامەزراوەیی حكومرانی لە وڵاتدا، بێگومان كۆكردنەوەی ئەم خاڵانە پێكەوەو كاركردن بەم میتۆدە لەوانەیە هەندێك جار سەرۆك وەزیران یان ئەو حزبە سیاسییەی دەسەڵاتی لەدەستە بەرامبەر میدیا گرژ و مۆن بكات، یان هەندێك جار چاویشی لێ سووربكرێتەوە، بەڵام لە قۆناخی ئینتیقالی وەك ئێستای هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەرێت و تازە خەریكە بنەما سەرەتاییەكانی دیموكراتی و ژیانی دیموكراتی لە كوردستان رەگ دادەكوتێت، پاراستنی قۆناخەكە لە گرژبوون یان مۆنی حزبێكی سیاسیی یان سەرۆك وەزیران گەوەرترە، گۆڤاری گوڵان لەو كاتەوەی هەستی كردووە شەقامی سیاسیی كوردستان پێویستی بە كەلچەری دیموكراتی و هۆشیاری سیاسەتی حكومرانیە، هەر لە دەسپێكی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا، بنەماكانی لیبرال دیموكراتی و ژیانی دامەزراوەیی لە چەند پرۆژەیەكی رووكەش یان خزمەتگوزاری (كە ئەركی سەرەكی و رۆژانەی حكومەتە و دەبێت پێشكەشی هاوڵاتیانی بكرێت) بە گرنگتر و گەوەرتر زانیوە، لەم روانگەیەوە هەموو كات ئەو ئازادی و ئازادی رادەربرین و فرەیی سیاسی و هەوڵەكان بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و وەرچەرخان لە ئابووری دەوڵەتەوە بۆ ئابووری بازاڕی بە دەسكەوتی یەكەم و گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داناوە، نەك چەند پرۆژەیەك كە خۆی بەڵێنی بە دەنگدەری خۆی داوە سەد هێندەی بۆ جێبەجێ بكات، كەواتە هەوڵدان بۆ دروستكردنی گوتارێكی رووكەش بۆ ئەوەی یاری بە هەست و سۆزی خەڵك بكرێت و گۆڕینی بنەماكانی سیستەمی حكومڕانی دامەزراوەیی دیموكراتی بۆ حكومرانی خۆسەپێن (Authoritarianism)، ئەوا ئەركی میدیایە لە ژێر ئەو گوتارە روكەش و ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ گۆڕینی حكومرانی دامەزراوەیی دیموكراتی بۆ حكومڕانی ئەسۆریتارایانیزم، ئەو بنەما شاراوانە ئاشكرا بكات كە گوتاری حكومرانی خۆسەپێن لەبەرگی حكومڕانی دامەزاوەیی دیموكراتیدا دەیشارێتەوە.
ئەسۆریتارایانیزم
دیكتاتۆرییەت نیە
بەپێویستی دەزانین هەڵوەستەیەك لەسەر بەكارهێنانی حكومڕانی خۆسەپێن (Authoritarianism) بكەین بۆ ئەوەی خوێنەر یان خەڵك بەهەڵە لەبەركارهێنانی ئەم چەمكە تێنەگەن و لەگەڵ دەسەڵاتی دیكتاتۆری تێكەڵی نەكەن،یان بەوجۆرە تەفسیری نەكەن كە ئێمە (Authoritarianism) بەمانای دەسەڵاتی دیكتاتۆری بەكاردەهێنین، نەخێر ئێمە بەو مەبەستە ئەو چەمكە بەكاردەهێنین، كە لە زۆر شوێنی جیهان لە قۆناخی گواستنەوە لە دیكتاتۆریەوە بۆ دیموكراتی لە نێوان دیكتاتۆری و دیموكراتیدا وێستگەیەك هەیە پێی دەگوترێت ئەسۆریتارایزم، واتە گۆڕینی حكومڕانی لە دەسەڵاتی تاكە كەسێكەوە بۆ دەسەڵاتی حزبێك یان گرووپێك كە حكومرانی دەكەن، ئەم شێوازە بۆیە لە كوردستان وەك دیكتاتۆریەت یان زۆرجار لەبری چەمكی دیكتاتۆریەت بەكار دەهێنرێت، لەبەر ئەوەی لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەم قۆناخەی تێپەڕاند كە دەسەڵاتی ئەسۆریتارایانیزم پیادە بكات بۆ ئەوەی خۆی سەرۆك وەزیران بێت و پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی دەسەڵات بێت، بەڵكو ئەو كاری بۆ ئەوە كرد كە پرۆسەی دیموكراتی بچێتە سەر سكەی خۆی و بە زووترین كات قۆناخی ئینتیقالی تێپەرێنرێت، بۆیە هەنگاو هەڵگرتنی كابینەی پێنجەم بۆ وەرچەرخان بەرەو سیستمی دامەزراوەیی راستەوخۆ هەنگاوی بۆ ناو سیستەمی لیبرال دیموكراتی بەمانای(دابینكردنی ئازادی، ئازادی رادەبرین، فرەیی سیاسیی و ئایینی و نەتەوەیی، مافی خاوەنداریەتی تاك، گۆڕینی ئابووری دەوڵەت بۆ ئابووری بازار،سەروەریی یاساو سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری)،ئەم سیستەمەی نێچیرڤان بارزانی لە پیادەكردنی بەرنامەی كابینەی پێنجەم پیادەی كرد گۆڕانێكی گەورەی لەسەرئاستی بونیادی كەلچەری دیموكراتیو هۆشیاری سیاسەتی حكومڕانی لەناو كۆمەڵگە دروستكرد،بەڵام لەبەر ئەوەی كەلچەرو هۆشیارییەك لەسەرەتادابوون جۆرە رەنگدانەوەیەكی نامۆبوونی لە نێوان دەرهاویشتە تازەكانی ئەم سیستەمە و بنەما تەقلیدیەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ تێڕوانینان بۆ حكومڕانی دروستكرد،لە پێش هەمووشیانەوە ئەو دەرهاویشتە تازانە بوونە بارێكی قورس بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو بنەمایە بچەسپێت، پێویست بوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی نێچیرڤان بارزانی شانی بداتە بەر و بەرگەی بگرێت، بێگومان شاندانەبەری نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم بەها تازانەی كۆمەڵگە و سیستەمی دیموكراتی و دروستكردنی هاودژی لەگەڵ نەریتە باوەكانی كۆمەڵگە بۆ تێڕوانینیان بۆ حكومڕانی زۆر وەك فاكتەرێكی سلبی لەلایەن حزبە سیاسیەكانی كوردستانەوە دژی شەخسی نێچیرڤان بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەكار دەهاتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتی و چەسپاندنی ژیانی دامەزراوەیی حكومڕانی دیموكراتی لە هەموو مەسەلەیەكی دیكە بە گەورەتر دەزانی و ئاییندەی كوردستانی لەو سیستەمە سیاسی و حكومڕانیە دەبینیەوە، نەك ئێستایەك كە دەسەڵات پاوانبكریت، یان بە كار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندی حزبی.
ئەم بیركردنەوەیەی نێچیرڤان بارزانی لە ئاییندە نەك لە ئێستا و سندوقی دەنگدان و كورسی دەسەڵات، نەك هەر بۆ كوردستان و خەڵكی كوردستان ئەزموونێكی تازەیە، بەڵكو بۆ مێژووی بونیادنەوەی دەوڵەت لەدوای شەڕ وكاولكاریەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە تائێستا ئەزموونێكی تازەیە و ئیزافەیەكە كە نێچیرڤان بارزانی خستویەتیە سەر پرۆسە و ئەزموونی بونیادنەوەی دەوڵەت و وەرچەرخان لە دیكتاتۆریەوە بۆ دیموكراتی، خوێنەری ئەم دێرانە ئازادن بچن لە تۆری ئەنتەرنێت و لە (Google) هەموو پرۆسەكانی بونیادنانەوەی دەوڵەت لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە كۆبكاتەوە و لەگەڵ ماوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراوردی بكات هەر لە چیلی یەوە تا دەگاتە ژاپۆن، ئەوسا بۆی دەردەكەوێت كەماوەی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی، ماوەی چەسپاندنی پایەكانی سیستەمی دامەزراوەیی دیموكراتی بووە و ئەركی میدیا كە پارێزگاری لەسەر ئەم سیستەمە بكات و ئەو هەوڵانە بخاتە روو كە سیستەمی حكومرانی دامەزراوەیی دیموكراتی دەگێرێتەوە بۆ سیستەمی ئەسۆریتارایانیزم.
هەوڵەكانی د.بەرهەم پاشەكشێكردنە لە سیستەمی دیموكراتیەوە بۆ ئەسۆریتارایانیزم
بەرێز د.بەرهەم كە ئێستا بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوو لە پیادەكردنی ئەم پۆستە، بەداخەوە هەنگاوەكانی دژی بنەماكانی رۆحی ئەو رێككەوتنە ستراتیژیەیە، كە دەڵێین دژی رۆحی ئەو رێككەوتنەیە، مەبەستمان ئەوەیە ئامانج لەو رێككەوتنە ستراتیژییە ئەوە نیە كاتێك پۆستی سەرۆك وەزیران لای پارتی بێت، پارتی ئەم پۆستە بۆ فراوانكردنی نفوز و پێگەی جەماوەری خۆی یان یەكێتی بەهەمان شێوەیە بەكاری بهێنێت، بەپێچەوانەوە رۆحی ئەم رێككەوتنە بۆ ئەوەیە پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و جێگۆركێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە بەپێوەری تەقلیدی رۆژهەڵاتی دۆڕاندن و براوە لەقەڵەم نەدرێت، هەر پابەندبوونیش بە رۆح و ئامانجی ئەم رێككەوتنە بوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 25ی تەموزی 2009 لەگەڵ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی لە ئاكامی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی تووشی داكشانێكی گەورەی جەماوەری هات، بەڵام پارتی لەبەر ئەوەی پارێزگاری بەم سیستەمەوە بكات پابەندبوو بەو رێككەوتنەو پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستانی دایەوە بەیەكێتی لەگەڵ ئەوەی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانیشدا(تەنانەت لەسلێمانیش) دەنگی پێویستی نەهێنابوو، ئێستاش كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنها رێژەی %50ی زیاتری هەموو رێژەی كورسیەكانی كوردستانی لەبەغدا بەدەست هێناوە جارێكی دیكە لەسەر زاری بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، جەنابی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرایەوە و هەروەها بەرێز نێچیرڤان بارزانیش لەیەكەم كۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا لەدوای هەڵبژاردنەكانی 7ی ئادار داوای لەهەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كرد، كە دەبێت جەنابی مام جەلال پاڵێوراوی فراكسیۆنی كوردستان(نەك تەنها هاوپەیمانی كوردستان) بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریی لە عێراقدا.
ئاماژەكردنمان بۆ ئەم خاڵانە پیا هەڵگوتن نیە بە هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و رەخنەگرتن لە بەرێز د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پیادەكردنی بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە، بەڵكو بەبیرهێنانەوەیە كە قوربانیدان بۆ پاراستنی سیستەمی حكومڕانی كوردستان و هەڵگرتنی هەنگاوی راست بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ئینتیقالی مەسەلەیەكە پەیوەندی بە ئاییندەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو جیهانەوە هەیەو ئەم چارەنووسە لە بەرژەوەندیە حزبیەكانی پارتی و یەكێتی گەورەترن.كەواتە ئامانج لەم خوێندنەوەیە بۆ پاراستنی رۆحی ریككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەروەها بۆ پاراستنی سیستەمی حكومرانیە لەكوردستان، نەك بۆ رەخنە گرتن لە سەرۆك وەزیران یان یەكێتی نیشتمانی.
لەم چوارچێوەیەدا كە لەچۆنیەتی پیادەكردنی بەرنامەی حكومەت و گوتاری شەخسی د.بەرهەم ورد دەبینەوە دەبینین، ئەو سیستەمی پیادەكردنەو ئەو گوتارانەی سەرۆك وەزیران، رۆژ لە دوای رۆژ رەنگدانەوەیەكی سلبی لەسەر سیستەمی حكومڕانی دروستدەكات و لەبری ئەوەی پرۆسەكە بەرەو پێشەوە بەرێت پرۆسەكە لە دیموكراتیەوە دەگێڕێتەوە بۆ دواوەو بۆ سیستەمی ئەسۆریتارایانیزم، ئەمەش بەو مانایەی شێوازی پیادەكردنی بەرنامەی حكومەت لە گوتاری د.بەرهەمدا بۆ ئەم مەبەستانەیە:
1- گومانی تێدانیە وەك هەڵبژاردنەكانی 7ی ئاداریش دەریخست، یەكێتی ئەگەر پێشتر بە پۆینت لە دوای پارتیەوە بووبێت بە حزبی ژمارە 2 لە كوردستان، ئەوا ئەمجارە دەركەوت ئەگەر یەكێتی لە پێش بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بێت و حزبی ژمارە 2 بێت لە كوردستان، ئەوا جیاوازیەكی گەورە لە نێوان حزبی دووەمی ئێستا لەگەڵ چوار ساڵ پێش ئێستادا هەیە، ئەم حاڵەتە بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی نەك هەر شتێكی ئاساییە، بەڵكو نیشانەی تەندروستی سیستەمە سیاسیەكەیە كە جەماوەری حزبەسیاسیەكان لە هەڵكشان و داكشاندایە و هیچ حزبێك لە كۆمەڵگەی دیموكراتی نە بەكەمبوونەوەی جەماوەرەكەی دنیای لێ ئاخیر دەبێت و نە بەزۆربوونی جەماوەرەكەی دەبێتە خاوەنی دەسەڵات بۆ هەتا هەتایە، بەداخەوە ئەم تێڕوانینە وەك لە ئاكامی رەفتارە پیادەكراوەكانی د.بەرهەم دەیبینین پێچەوانەیە و، بەجۆرێك بەرنامەكانی حكومەت پیادەكات و پیشانی خەڵكی دەدات وەك ئەوەی ئەگەر لەو ماوەیەی یەكێتی حكومەتی بەدەستەوەیە ئەگەر حكومەت نەبێتە میكانزمێك بۆ هەڵستانەوەی یەكێتی، یان حكومەت نەبێتە ئەوەی بۆ هەتا هەتایە یەكێتی لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا ئیدی خۆری سیاسەت لە یەكێتی ئاوا دەبێت، ئەم هەوڵدانە جۆرێكە لە بیركردنەوەی مۆدیلی (چین)ی بۆ كرانەوە و ئابووری بازار و هەنگاو هەڵگرتن بۆ دیموكراتی، راشكاوانەتر كۆماری چینی میللی مانەوەی حزبی كۆمۆنیستی چینی لەدەسەڵات دەخاتە سەروو وەرچەرخان بەرەو دیموكراتی و چینیەكان خۆیان بەم وەرچەرخانە دەڵێن وەرچەرخان لە ئامانجی دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریەوە بۆ ئەسۆریتارایانیزم واتە بۆ مانەوەی حزبی كۆمونیستی چینی لە دەسەڵاتدا بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە ئامانجەكانی كۆمۆنیستەوە.ئێستا ئەم هەوڵە بۆ گۆڕانكاری لە سوریا یەكێكە لە ئەجینداكانی ئەمریكا بۆ گۆرانكاری لەسوریادا، واتە حزبی بەعسی سوری با هەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بەڵام بوار بەهەندێك گۆڕانكاری و كرانەوە بدات كە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی حزبی بەعس نیە، لە عێراقیشدا ئەمریكا بۆ حكومەتی بەغدا هەمان ئەجیندای هەیە، ئەمریكا زۆر مەبەستێتی پیاوێكی وەك د.مالیكی و حزبێكی وەك حزبی دەعوا لە عێراقدا توانای ئەوەی هەبێت حكومرانی ئەسۆریتارایانیزم لە عێراقدا پیادە بكات و بەردەوام لە رێگەی هەڵبژاردنەوە حكومرانی لەدەستدا بێت، تونسیش كە ئێستا ئەمریكا بە نموونەی دیموكراتی عەرەبی پێناسەی دەكات، دەوڵەتێكە لەسەر شێوازی ئەسۆریتارایانیزم حكومرانی دەكات و هەموو كات زەینەلعابدین و حزبەكەی لە یەكەمی رەهای هەموو هەڵبژاردنەكانن، ئەم شێوازە بۆ سوریا یان بۆ بەشە عەرەبیەكەی عێراق لەوانەیە تارادەیەك بڵێن وەرچەرخانە، لەبەر ئەوەی هەموو كات ئەسۆریتارایانیزم لە دیكتاتۆریەت زۆر باشترە،بەڵام لە دیموكراتیەوە گەڕانەوە بۆ ئەسۆریتاریانیزم. وەك بڕیاردانی لە سێدارەدانی دیموكراتی وایە.
2- بەرێز د.بەرهەم دوو ئەزموونی حكومرانی هەیە، بەداخەوە ئەگەر لێمان زویر نەبێت هەردوكیان ئەزموونی ئەسۆریتارایانیزمە نەك ئەزموونی حكومڕانی دامەزراوەیی دیموكراتی، ئەزموونی یەكەمیان كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ئیدارەی پێشووی سلێمانی یە، راشكاوانە هەموو سیماكانی پێمان دەڵێن ئەزموونێك بوو كە ئامانج لێی بۆ هەستانەوە و فراوانكردنی نفوزی یەكێتی بووە، كە ئەمە دەڵێین مەبەست ئەوە نیە كە ئەو لە ئیدارەی سلێمانی كاری باشی نەكردووە، نەخێر كاری زۆر باشی بۆ حزبەكەی خۆی كردووە، بەڵام كاریگەری سلبی لەسەر ژیان و گوزەرانی سلێمانی بەجێهێشتووە هەندێك لەو كارانە:
بەرنامەی ئیدارەكەی د.بەرهەم لەسلێمانی، ئیدارەی سلێمانی كردبووە ئالەتێك بۆ كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری یەكێتی، بۆ ئەوەی ئەم ئیدارەیە بتوانێت هەندێك پرۆژەی رووكەش و گوتارێكی خزمەتگوزاری رووكەشی هەبێت، كۆمەڵێك هەڵەی لەسەر ئاییندەی سلێمانی و گەرمیان دروستكرد، كەئێستاش راستكردنەوەیان ئاسان نیە، تەنانەت كە ئەوە ماوەی نزیكەی پێنج ساڵە هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەكیان گرتۆتەوە،ئێستاش هەندێك فەرمانگەی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسلێمانی و گەرمیان هەن، كە بەرێنماییەك ئیش دەكەن جیاوازە لە رێنماییەكانی فەرمانگاكانی هەولێر، دەسەڵاتی فەرمانگاكان جیاوازن لە دەسەڵاتی فەرمانگاكانی هەولێر.
دابەشكردنی زەوی بەسەر هاوڵاتیان كە وەك بەرنامەیەك بۆ فراوانكردنی نفوزی یەكێتی و پیشاندانی یەكێتی بەوەی كێشەی نیشتەجێ چارەسەر دەكات بەكارهێنا، لەبنەرەتدا شێوازێك بوو بۆ دروستكردنی سەرچاوەیەكی داهات بۆ یەكێتی لەبەر ئەوەی ئێستاش لە هەولێر كە زەوی تەرخان دەكرێت بۆ هاوڵاتی بڕی 2 دیناری سویسری وەردەگیرێت، لە سلێمانی بڕی 50 دیناری سویسری وەردەگیرا، كە ئێستا لە هەولێر هەر 300 دیناری چاپە و لەسلێمانی 7500 دیناری چاپە، ئەمە بێجگە لەوەی لە دابەشكردنی ئەو زەوییانە هیچ مەرجێكی دابینكردنی خزمەتگوزاری رەچاو نەكراوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەتوانراوە خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو گەرەكە تازانەی لەسەردەمی ئیدارەی د.بەرهەم لەسلێمانی دروستبوون دابینبكرێت، هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵكی سلێمانی هات هەر لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كولێرا و نەتوانینی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ گەرەكە تازەكانی سلێمانی، هۆكارەكەی ئەوەبوو، كە تۆڕی ئاو ئاوەرۆ بۆ ئەو گەرەكانە دابین نەكرابوو، خەڵك ناچار بوو پەنابەرێتە بەر هەڵكەندنی بیری سوری (واتە بیری سەتحی بە قوڵایی 30 -50 مەتر) بۆ ئەوەی ئاوی دەستبكەوێت، لەبەر ئەوەی لەو گەڕەكە تازانەش ئاوەرۆ نەبوو، ئەوا پەنا دەبرایە بەربیری پیسایی، لەبەر ئەوەشی قوڵی بیری ئاوی خواردنەوە وەك پێویست نەبوو، ئەوا ئاوی پاك و پیس تیكەڵاو دەبوو، خەڵكەكەش تووشی نەخۆشی كولێرادەبوو، بەڵام د.بەرهەم نەهامەتی خەڵكی كردبووە ئەو گوتارە رووكەشەی گوایە كێشەی نیشتەجێ بۆ هاوڵاتیان چارەسەر دەكات، بەڵام د.بەرهەم زەوی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێ و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی سلێمانی و گەرمیان دابەش نەكرد، بەڵكو بۆ مەبەستێكی سیاسیی كە ئەویش گرتنە دەستی دەسەڵات بوو بۆ یەكێتی.
دانی قەرزی خانووبەرە هەنگاوێكی دیكە بوو بۆ خۆڵكردنە چاوی هاوڵاتیان، د.بەرهەم بۆ ئەوەی گوتارێكی رووكەشی خزمەتگوزاری پیشانی هاوڵاتیانی سلێمانی و گەرمیان بدات، بڕی 8000 دۆلاری دەدایە ئەو هاوڵاتیەی 100 مەتر زەوی هەبوایە بۆ ئەوەی بیكات بە خانوو، ئەم پارەیە وەك قەرز دەدرایە هاوڵاتیان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو گەرەكە تازانەی بەم پارەیە دروستدەكران هەمووی خەڵكی هەژار بوون و ئیمكانیەتی ئەوەیان نەبوو پارەی دیكە بخەنە سەر ئەو پارەیە و شتێكی جوان دروست بكەن، ئیدارەكەی د.بەرهەمیش لەبەر ئەوەی گەوهەری بەرنامەكەی مەبەستێكی سیاسیی بوو بۆ بەرژەوەندی حزبی یەكێتی، خەڵكی ئازاد كرد چۆن خانوو دروستدەكەن بیكەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی هیچ مەرجێكی بونیادنانی شار، سیمای شار، دروستكردنی خانوو كەشایستەی شار بێت، بكەن، فەرموو با هەموو كوردستان بچن سەیری ئەو گەڕەكە تازانە بكەن كە لەسەردەمی ئیدارەی د.بەرهەم دروستبوون، با زوومی كامێرای هەموو میدیاكان ئازاد بن با وێنەی ئەو گەڕەكە تازانە بڵاو بكەنەوە بزانن ئایا د.بەرهەم لە سلێمانی گوندی دروستكردووە یان شار؟ لەمەش خراپتر لەبەر ئەوەی بەرنامەكەی رووكەش و سادەبوو، خەڵكی ئاسایی گەوهەری ئەو خیتابە شاراوەیەی نەدەبینی كە د.بەرهەم لە چوارچیوەی خیتابی حكومەتدا خەڵكی پێ چەواشە دەكرد،گوشارێكی گەوەرەش كەوتبووە سەر ئیدارەی هەولێری حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیان داوایان لە كابینەی چوارەم دەكرد بە هاوشێوەی سلێمانی بڕی 8000 دۆلار بداتە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی خانوو دروستبكەن، بەڵام كابینەی چوارەم بەرگەی ئەو گوشارەی گرت لەبری ئەوەی رێگە بدات گوند لە ناو شاری هەولێر و دهۆك دروست بكرێت، پرۆژەی یەكەی نیشتەجێی دەست پێكرد، كە تەنها 80 مەتر دووجا بینا بری 47 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانكرا و پاشان بە نرخێكی رەمزی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا، خەڵكی كوردستان و زومی میدكانی كوردستان ئازادن، وێنەی ئەو گەرەكە تازانەی هەولێر و دهۆك بگرن كە لەهەمان ماوە دروستكراون. خاڵێكی دیكەی گرنگ كە وەك پەتا تارادەیەك هەولێرشی گرتۆتەوە، ئەو پەتایەیە كە ئیدارەی د.بەرهەم لە سلێمانی دایهێنا، ئەویش پێدانی مۆڵەتی خانوو بوو بۆ ئەو زەویانەی كە رووبەرەكەیان لەرووبەری ئاسایی و رێپێدراو كەمترە، تەنانەت ساڵی پار هەندێك لە هاوڵاتیانی هەولێر لەسەر ئەوەی پارێزگاو شارەوانی هەولێر بواری ئەوە نادەن زەوی 200مەتری دابەش بكرێت بۆ 2 سەدمەتری خۆپیشاندانیان كرد بۆ بەردەمی پارێزگاو شارەوانی هەولێرو داوایان دەكرد بۆ لەسلێمانی مۆڵەت دەدرێت بە دروستكردنی خانوو لەسەر 100 مەتر و لە هەولێر رێگە نادرێت، ئەمە لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەولێر و دهۆك بڕی 200-250مەتر زەوی دەدات بە هاوڵاتی بۆ ئەوەی خانوویەكی لەسەر بكات نەك دوو خانوو، بۆ ئەوەی ژینگەی شار تێك نەچێت، ئێستا ئەو پرسیارە لە بەرێز د.بەرهەم دەكەین ئایا رێژەی سەوزایی لە ناو شاری سلێمانی چەند كەمیكرد لەو ماوەیەی كە ئەو سەرۆكی ئیدارەی سلێمانی بووە؟.
د.بەرهەم لەو ماوەیەی كە سەرۆكی ئیدارەی سلێمانی بوو، بەبێ گەڕانەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستان، یان لەبەر چاوگرتنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی باجەكانی لە سلێمانی بەرزكردەوە، چەند باجێكی تازەشی داهێنا كە لە هەولێر و دهۆك وەرنەدەگیران، هەروەها یاساكانی هاتووچۆی كرد بە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ یەكێتی، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمانی كوردستان بریاری نەدابوو بەوجۆرە گۆڕانكاری لەسیستەمی باج وەرگرتندا بكرێت،ئەم بەرنامە رووكەشەی حكومڕانی و سیاسیی حزبی لە بنەرەتدا وایكرد لە كابینەی پێنجەمدا نەتوانرێت بودجە و وەزارەتی دارایی لە كوردستان یەكبگرنەوە، یەكنەگرتنەوە لەبەر ئەوە نەبوو ئیرادەی یەكگرتنەوە نەبوو، لەبەر ئەوەبوو بەئاسانی نەدەتوانرا ئەو رێنمایی و یاسایانە بگۆڕدرین كە د.بەرهەم بۆ ئیدارەی سلێمانی دروستكردبوون، هەر بۆیە ئەگەر بەراوردی خەرجكردنی بودجەی هەولێر و دهۆك بكەین كە بەرێگەی وەزارەتی دارایی خەرجدەكرا و ئەو بودجەیەی بەرێگەی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی خەرجدەكرا، كە بڕی بودجەكە یەكسانە، دەبینین رەنگدانەوەی ئەو پرۆژانەی لە هەولێرو دهۆك ئەنجامدراون زۆر زیاترن لەو پرۆژانەی بەهەمان بودجە لە سلێمانی و گەرمیان دروستكراون، ئەوجا بابێینە سەر كوالیتی پرۆژەكان، هەر بۆ نموونە هەتا ئێستا بێجگە لە پرۆژەی هێڵی دووەمی ئاوی دوكان سلێمانی كە بەرێز د.بەرهەم خۆی دەزانێت دوای ئەوەی چارەنووسی 1 ملیۆن هاوڵاتی لە سلێمانی كەوتە بەر هەڕەشەی كولێرا ئینجا بە هەموو لایەك هەوڵدرا تەواو بكرێت، تا ئێستا یەك پرۆژەی ئاو لە سنووری ئیدارەی سلێمانی پێشوو تەواو نەكراوە، ئەوەشی تەواو كراوە وەك پرۆژەی ئاوی پیرەمەگرون دەبێت جارێكی دیكە سەرلەنوێ ئەو پرۆژەیە دروستبكرێتەوە، ئێستاش كە پرۆژەكانی ئاوی كۆیە و رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ و گەرمیان دواكەوتوون هەموویان گرفتی سیاسیان لە پشتەوەیە نەك تەكنیكی، ئەمەیە مەترسی گوتاری روكەشی حكومرانی كە دەكرێتە دەمامك بۆ شاردنەوەی گوتارە سیاسیە حزبیەكە و چەواشەكردنی جەماوەر، لە بەرامبەردا، لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر بێجگە لە هەردوو پرۆژەی ئاوی هەولێر و دهۆك كە كێشەی ئاوی خوادرنەوەی بۆ 25-30 ساڵی دیكە چارەسەر كردووە، لە هەمانكاتدا چەندین ناوچەی دیكەش وەك زاخۆ، سۆران، مێرگەسور پرۆژەكانیان تەواو بوون و پرۆژەكانی ئامێدی و ئاكرێش لە ژێر جێبەجێ كردندان .
دروستكردنی لەشكری بێكار بە ناوی (هێزی كار) داهێنانێكی دیكە ئیدارەكەی د.بەرهەم بوو، ئەم داهێنانە بە تەنها كاریگەرە سلبیەكانی بۆ سەر ئیدارەی سلێمانی نەبوو، بەڵكو بووە گوشارێك بۆ ئەوەی ئیدارەی هەولێریش بگرێتەوە، ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن بن دیوار،كە نەك ئەم كابینەیە لە وانەیە لە كابینەكانی داهاتووش نەتوانرێت بنبڕ بكرێت، بەرهەمی ئەو داهێنانە كە د.بەرهەم خەڵكی فێركرد بچنە ماڵەوەو مووچەیان پێبدرێت، ئەم داهێنانە كاریگەریەكی هێندە سلبی لەسەر ئیدارەی كوردستان دروستكردووە، كە كوردستان تەنها وڵاتە بودجەی هەڵسورانی حكومەتەكەی لە بودجەی وەبەرهێنانی چەند قاتێك زیاتر بێت، هەروەك چۆن ئەمساڵ لە بودجە شەفافەكەی كابینەی شەشەم !!! بینیمان كە بودجەی هەڵسوڕان 3 بەرامبەری بودجەی وەبەرهێنان و دابینكردنی خزمەتگوزاریەكانە، ئەوە وەزارەتی پلاندانان با بە خەڵكی كوردستان بڵێت ئایا ئەو بودجەیە لە %10 زیاتری پرۆژەی وەزارەتەكانی حكومەتی پێ جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر پێی جێبەجێ دەكرێت با هەر لەم گۆڤاری راستیەكان بە خەڵك رابگەیەنێت.
ئاماژەكردن بەوەی كە بودجەی وەبەرهێنانی حكومەت %10 زیاتری پرۆژەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێ جێبەجێ ناكرێت مەسەلە تانووت لێدان لە كابینەی شەشەم نیە، لەبەر ئەوەی لە كابینەی پێنجەمیش بودجەی وەبەرهێنان لە بودجەی هەڵسووڕانی حكومەت كەمتر بووە، بەڵكو مەبەست لەم ئاماژەكردنە ئەوەیە كە هەوڵنەدرێت گوتارێكی رووكەش بە ناوی گوتاری حكومڕانی دروستبكرێت و خەڵكی پێ چەواشە بكرێت، هەر بۆنموونە لە كابینەی پێنجەم بودجە 2 بودجە بوو، دەكرا ئەگەر نێچیرڤان بارزانی مەبەستی دروستكردنی گوتاری حكومڕانی رووكەش و گەوهەری سیاسیی وحزبی بوایە،ئەسڵەن دەستەی وەبەرهێنانی لەناو كابینەی پێنجەم دانەدەمەزراند و داشی بمەزراندایە ئەو دەزگایەی نەدەدا بە یەكێتی و بیشدایە بەیەكێتی ئاستی دەسەڵاتی دەزگاكەی بۆ ئاستی وەزارەت و دەسەڵاتی سەرۆكی دەستەی وەبەر هێنانی بۆ دەسەڵاتی وەزیر بەرزنەدەكردەوە و هەوڵیدەدا سەرچاوەی داهات بۆ پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر دابینبكرێت و سلێمانی و گەرمیان پشتگوێ بخات، بەڵام لەبەر ئەوەی گوتاری نێچیرڤان بارزانی گوتاری حكومڕانی دامەزراوەیی بوو گەوهەری گوتارەكە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی كوردستان بوو، راشكاوانە بە خەڵكی كوردستانی دەگوت، ئەگەر بە نیازن بە بودجە و بەشە داهاتی هەرێم لە بودجەی حكومەتی فیدرالی عێراق، كوردستان ئاوەدانبكەنەوە،ئەوا ئەو بودجەیە وڵاتی پێ ئاوەدان ناكرێتەوەو بۆیە دەبێت بۆ بەردەوامی پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام (Sustainable development)، دەبێت سەرچاوەی داهاتی دیكە پەیدا بكرێت، دەبێت توانای مرۆیی تاكی كورد پەرەی پێبدرێت و لە بزنس و ئابووری بازاردا بخرێتە گەر، دەبێت سنووری كەرتی گشتی بچووكبكرێتەوەو سنووری كەرتی تایبەت فراوانبكرێت، سەیر كەن كاتێك نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆك وەزیرانی كابینەی پێنجەم حكومەتی هەرێمی كوردستان،حكومەت نەك یەك دۆلاری نەبوو بەڵكو عەجزیشی هەبوو، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی كە كابینەی پێنجەمی بەجێهێشت تەنها لەپارەی بەدەستهاتوو (شیرینی كێڵگە نەوتیەكانی كوردستان) بڕی 4 ملیار دۆلاری بەجێهێشت كە بارتەقای بودجەی دووساڵی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەمە بێجگە لە سەدان ملیۆن دۆلاری بانكە جیهانیەكان كە تەنها 333 ملیۆن دۆلار بانكی جایكای ژاپۆنی هێناویەتیە كوردستان بۆ ئەوەی پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە و تۆری ئاوی هەر سێ پارێزگای دهۆك و هەولێر و سلێمانی پی نۆژەنبكرێـتەوەو دروست بكرێت، ئەمە هۆشیاری سیاسەتی حكومڕانیە كە پێویستە خەڵكی ئاسایی كوردستان لێی ئاگادار بێت، مەبەست ئەوەیە كە گوتاری رووكەشی حكومڕانی و گەوهەری سیاسیی وحزبی خەڵك چەواشە نەكات، پرۆسەی بەردەوامی پەرەپێدانی بەردەوام نەكرێت بە قوربانی گوتارێكی حزبی كە بەگوتاری حكومڕانی رووپۆشكراوە.
3- ئەزموونی دووەمی حكومڕانی د.بەرهەم، ئەزموونی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوەندی بەغدایە، د.بەرهەم لەو كاتەی كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، كارێكی باشی دەكرد ئەگەر لەبەرامبەر هەوڵەكانی د.مالكی بۆ بەهێز و هەستانەوەی حزبی دەعواو مانەوەی حزبی دەعوا لە حكومڕانی پەنای بۆ ناسنامەی عروبەی عێراق دەبرد، ئەویش كوردستانچێتی بكردایە نەك حزبچێتی، بەداخەوە د.بەرهەم لەو ماوەیەی كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، چەند كارێكی كردووە كە كارەكانی تەنها بۆ خزمەتی یەكێتی بووە نەك خەڵكی كوردستان، هەر بۆنموونە كردنەوەی زانكۆی ئەمریكی لە عێراق كە بریار بوو لە بەغدای پایتەختی عێراق بكرێتەوە، بەڵام لەبەر لەبارنەبوونی باری ئاسایش و سەقامگیری بریاردرا ئەم زانكۆ ئەمریكیە بگوازرێتەوە بۆ كوردستان، هەروەك چۆن ئێستا لەسەر بڕیاری بەرێز ساركۆزی سەرۆك كۆماری فەرەنسا بریاردراوە لقێكی ئامۆژگای دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە عێراق بكرێتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی كەشوهەوای بەغدا لەبار نیە ئێستا لەناو قەڵای هەولێر لقی عێراقی ئەم سەنتەرە نێو دەوڵەتیە دەكرێتەوە، هەروەك چۆن ئەمریكیەكان ئامۆژگای توێژینەوەی شوێنەواری عێراقی لە هەولێر كردۆتەوە،دەبوو زانكۆی ئەمریكی لەبری بەغدا لە هەولێر بكرابایەوە، بەڵام د.بەرهەم بۆ بەرژەوەندی یەكێتی بۆ ئەوەی زانكۆی ئەمریكیش بكاتە دەستكەوتێكی دیكەی حزبی یەكێتی و خەڵكی سلێمانی پێ چەواشە بكات هات بە رێگەی بەرێز پرۆفیسۆر فوئاد عەجەمی گواستیانەوە بۆ سلێمانی،لێرەدا مەبەست ئەوەنیە د.بەرهەم كارێكی باشی نەكرد كە زانكۆی ئەمریكی لە بەغداوە گواستەوە بۆ كوردستان، بەڵام دەبوو ئەم زانكۆیە دوای گواستنەوەی لە پایتەختی عێراقەوە دەبوو لە پایتەختی كوردستان دابمەزرایە،ئەمە بەو مانایە نیە فەزڵی هەولێر دەدەین بەسەر سلێمانیدا، نەخێر لەبەر ئەوەی هەولێر پایتەختی كوردستانە و مۆركی ناوچەگەری و شارچێتی لەسەرهەڵگیراوە و شاری هەر تاكێكی كوردستانە، دوای ئەوەش هەر بۆ شكۆی كوردستانیش جوانتر بوو پایتەختی كوردستان لەگەڵ پایتەختی عێراق هاوشان بكرێت، پایتەختی كوردستان بكرایە رووەجوانەكەی ناساندنی بە دەرەوە، هەروەها د. بەرهەم لەو ماوەیەی كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو مەسەلەی كەركوك و كێشەی مادەی 140ی كردە ئالەتێكی دیكەی حزبی بۆ بەرژەوەندی یەكێتی، ئەگەر هێندەی لەسەر ئەو پرسانەی بۆ بەرژەوەندی حزبی كاری دەكرد هەندێك بۆ چارەنووسی مادەی 140 و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابراوەكان كاری بكردایە ئێستا مەسەلەی جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەرانەوەی ناوچە دابراوەكان لە قۆناخێكی دیكە دەبوو، هەروەها د.بەرهەم كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لە هەرێمی كوردستان مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت، تەنها كەسایەتی دەوڵەتی عێراق بوو، دژی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە راپۆرتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ بوو، كە هەر بەرێز وەزیری مافی مرۆڤ لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە ئەویش یەكێتی وەڵامی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی دایەوە و هەڵەوكەموكوریەكانی ناو راپۆرتەكەی راستكردەوە، بەڵام بەرێز د.بەرهەم بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی نێو راپۆرتەكە بكاتە بە ماڵ لەسەر ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی خستە قاڵبی ئەوكەسەی بەرگری لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەكات، هەروەها لە كۆتایی ساڵی 2009 ش كە بەحساب د.بەرهەم خۆی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو دیسان بەرگری لە حكومەتەكەی خۆی نەكرد كە راپۆرتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی نەینەوا نووسیبووی، راستە بەیانێك بە ناوی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو راپۆرتە بڵاوكرایەوە كە لەو ئاستە نەبوو پێی بڵێین بەرگریكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام د.بەرهەم بە یەك وشە بەرگری لە ناوچە كوردستانیەكانی پارێزگای نەینەوا نەكرد و نەیوت ئەو راپۆرتە كۆمەڵێك كەس بۆ بەرژەوەندی ئیدارەی محەلی ئەسیل نجێفی نوسراوە، ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان كە لەسەر ئەو راپۆرتە بەدواداچوونمان كرد و پەیوەندیمان بەو خەڵكانەوە كرد كە پسپۆرن لە كاروباری رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە عێراقدا، راشكاوانە پێیانوتین(گوڵان وەك دیكۆمێنت دیمانەكانی هەیە)ئەو راپۆرتە راستە بە ناوی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ نووسراوە و بڵاوكراوەتەوە، بەڵام مەرامێكی سیاسیی بۆ ناشیرینكردنی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە پشتەوەیەوە بۆ بەرژەوەندی ئیدارەی محەلی موسڵ نووسراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی بەرێز د.بەرهەم ئەو مەسەلە گرنگەی پارێزگای نەینەوای پشتگوێ خست و بایەخی پێنەدا، بێگومان وەڵامەكەی ئاسانە لەبەر ئەوەی ناوچە كوردستانیەكانی پارێزگای نەینەوا كەمتر هەوادارو لایەنگیری یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، بۆ زیاتر پشت ئەستووربوونی ئەم بۆچوونە، بەرێز د.بەرهەم لەوماوەیەی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە بایەخێكی زۆر زیاتری بە ناوچەكانی كەركوك داوە، نەك ناوچە كوردستانیەكانی پارێزگای نەینەوا، چەندین جار سەردانی پارێزگای كەركوكی كردووە، بەڵام جارێك نەك هەر سەردانی ناوچە كوردستانیەكانی پارێزگای نەینەوای نەكردووە بەڵكو لە بۆنەیەكیشدا باسی نەكردوون،ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە گوتاری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەرگری لە كەركوك دەكات و داكۆكی ئەوەی لەەسەر دەكات كە لەبودجەی هەرێمی كوردستان پارە بۆ كەركوك تەرخان بكرێت و لەبەرامبەردا ناوچەكوردستانیە دابراوەكانی دیكە هیچ،واتە د. بەرهەم ئەو ناوچانەی بە ناوچەی نفوزی یەكێتیان دەزانێت لە گوتاری حكومەتدا جێگەیان دەكاتەوە و ئەوەی ناوچەی نفوزی یەكێتی نەبوو لە گوتارەكانیدا پشت گوێیان دەخات و دەیان شارێتەوە.
4- هەوڵێكی دیكەی د.بەرهەم گۆرێنی بۆنە نیشتمانیەكان و كارەسات و نەهامەتی گەلەكەمانە ..... بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ریسواکردنه‌که‌ی گوڵان تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
http://www.gulan-media.com/dimana.php?scheme=a&id=64

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە