ئایا چی بەدوای پەیوەندییەکانی مەسعود بارزانی نەوشیروان مستەفا دێت؟

Saturday, 13/08/2011, 12:00

1920 بینراوە


لە دوای کۆچی دوایی حەمایل خان هاوسەری مستەفا بارزانی ، پاش بەژداری کردنی نەوشیروان مستەفا لە پرسەکەی ئەو ژنەدا جموجۆڵی بنەماڵەی بارزانی بە تەواوەتی بە ئاراستەی نەوشیروان مستەفا دەستی پێکردووە و لێی نزیک دەبنەوە.ئەم جموجۆڵانە وەهای کردووە بیر لە زۆر شت بکەینەوە سەبارەت بە پارتی و بە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی.ئایا بزوتنەوەی گۆڕان چۆن پێشوازی لەم دەست پێشخەرییەی پارتی دەکات؟ئایا هەڵوێستی یەکێتی چی دەبێت؟ئایا پارتی دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ گۆڕاندا؟ئەمانە هەمووی پرسیارن لە مێشکی هەر یەکێکماندا دەخولێتەوە.
ئەوەی کە نەوەی نوێ دەیەوێت لاواز کردنی دەستەڵاتی بنەماڵەییە لە کوردستاندا،وە کۆتایی هێنانە بە گەندەڵی و ناعەدالاتی.ئەگەر بێت و نەوشیروان مستەفا بە ووریایی مامەڵە نەکات لەگەڵ پارتی ئەوە خەونەکانی نەوەی نوێ دەبێت بیخەینە چاڵێکەوەو سەری بنێینەوە، هەروەکو چۆن شکست بە خۆپیشاندانەکان هات کە پێموایە گۆرانیش بەرپرس بوو لە شکست خواردنی خۆپیشاندانەکان،ئاواش کۆتایی بە تێکڕای ئاوات و ئامانجەکانی گەنجان دێت، چونکە پارتی هیچ کاتێک توانای گۆڕانکاری نابێت پارتی واتا دەستەڵاتی بنەماڵەیی،هیچ کاتێک ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە لە دوای مەسعود بارزانی کەسێکی غەیرە بارزانی دەستەڵات بگرێتە دەست جا ئیتر ئەوە لە کوڕەوە کوڕەزاو برازاو هەتا خوارەوە بیگرە تەنیا ئەمانە بەدڵنیایی میراتگری دەستەڵاتن،وە سەرەوەت و سامانی گەلیش هەر بەدەستی ئەمانەوە دەبێت گەندەڵی و ناعەدالاتیش هەتا بێت زیاتر و زیاتر دەبێت،چەندەهای وەکو سەردەشتی ترمان بەبێ تاوان دەکوژرێن و دوایش پێیان دەڵێن تیرۆریست بوون.کەواتە بەرپرسیاریەتیەکی گەورە لەسەر شانی گۆڕانە و بەرپرسانە مامەڵە بکەن.
هەڵوێستی یەکێتی چی دەبێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان؟دەکرێت بوترێت یەکێتی وەکو بەبەرچاوی هەموومانەوەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت،یەکێتی دەبێت حسابی مردوویەکی بۆ بکەین، پارتیش ئەمە لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە یەکێتی تازە توانای خۆ بەهێزکردنەوەی نەماوە ئەوەی یەکێتی بەدەستییەوە ماوێتی تەنیا موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی گەلە ئەگەر نا هیچی تری نەماوە،ئەوەش تەنیا بۆماوەیەکی کاتی بەدەستیانەوە دەمێنێت بۆیە لەم بارودۆخەیە یەکێتی توانای نییە هیچ ڕووبەڕوبونەوەیەکی هەبێت بەرامبەر بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان.بێدەنگ بوونی لە هەمووشتێک باشتر دەبێت.
هەر ئەو لاوازییەی یەکێتیشە وەهای لە پارتی کردووە حساب بۆ گۆڕان بکات وە بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ گۆڕان بەهێز بکات و خۆی لەم بارودۆخە ناهەموارەش ڕزگار بکات کە ئێستا تێی کەوتووە بەهۆی گەنجەکانەوە،جارێکی تر بە گەل بڵێت هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە کە دەستەڵاتی بنەماڵەیی لاواز بێت توانای خۆ بەهێزکردنەوەمان هەیە،وە ئەوەی گەنجەکان لە بەردەرکی سەراو وە زانکۆی سلێمانی بە مسعود بارزانییان دەوت جارێکی تر ڕوونایەتەوە.هێندە ماوە کە بڵێین گۆڕان بەرژەوەندی گشتی لە پێش بەرژەوەندی حزبییەوە بە ئامانج بگرە،هەموو ڕۆژێک ئەوەت بۆ ناکرێت هەر کاتێک مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانت درووست بوو کۆمەڵێک گەنج بهێنیتە سەر شەقام،ئەمڕۆ لەگەڵ خواستەکانی گەنجان نەبیت سبەینێ ئەوانیش پشتت تێ دەگەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە