باڵى ڕیفۆرم دەیانەوێ بزوتنەوەى گۆڕان چۆن ئۆپۆزسیۆنێك بێت؟(بەشى دووەم و كۆتایى)

Monday, 18/10/2010, 12:00

1372 بینراوە



گۆڕانێكى ترە لێرەوە دەستپێدەكا كاتێ سزاى بیروڕا و تەشهیر ببێتە پەرچەكرداری بزوتنەوەیەكى ئۆپۆزسێۆن!!


قۆناغى دەستپێكردنى هەڵبژاردنى كۆنفرانسى مەڵبەندەكانى یەكێتى لەساڵى 2006 ئاڵۆزترین قۆناغى ژیانى سیاسى یەكێتى بوو لەوێوە بەتەواوى كاریگەرى و پەرچەكردارەكانى باڵى ڕیفۆرمى نەوشێروان و جەلالیەكان بەسەختى لەسەر كۆمەڵگە و تەنانەت ژیانى خەڵكى ئاسایى ڕەكى دادەكوتا, هەرچەندە ڕیفۆرم لەهەڵبژاردنەكان شكستى هێنا بەڵام وەك پلەىو پایە ڕەگێكى بەهێزى هەبوو چونكە لەسەر بنەماو پرۆژە و گروپى گوشار دروست نەبوو ئەم باڵە بە ئاسانى وردە وردە دەپوكانەوە, هەندێ لەكادیر پەیوەستبونیان مایەوە لەگەڵ ڕەمزەكانى باڵى ڕیفۆرم دا ئەویش زیاتر دەگەڕایەوە بۆ بەهێزى باڵى ڕیفۆرم لەوەزارەتى ناوخۆ و فەرماندەى گشتى پێشمەرگەى ئەوكات, ئەو دوو كەناڵەش نەیاندەتوانێ بەشێوازێك كادیرەكانیان تێبگەیەنن كە ڕیفۆرم وەك بیرۆكە و بنەما و پرەنسیپ شكستى هێناوە بەڵام ئەوان هەوڵیاندەدا بە پێدانى ئیمتیازات خەڵكانێك ڕازى بكەن وەك ڕیفۆرم بناسرێن لەبەر ئەوەش ئەوانە نەیاندەزانێ ڕیفۆرم چییە دەستیان نەدەپاراست لە وەرگرتنى پۆست و پلەو پایە و ئیستغلالكردنى وەزیفەى حكومى و حزبى و داهێنانى مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و كۆمەلێك سەیرو سەمەرەى تر بە حساب بەو ڕێگایانە دەیانەوێ بەرەنگارى باڵێكى شمولى وەك جەلالیەت بكەن كە مێژووییەك دروستیكردوە تەنیا پەشیمانى نەبێت بۆ زۆرینەى خەڵكى هیچى ترى لێ حاسڵ نەكراوە.
باڵى ڕیفۆرم بۆ پشتیوانى لەلیستى گۆڕان كرد؟
بەو دەر ئەنجامانەى كە لەبەردەستماندایە دەتوانین بڵێن بۆیە ئەوان پشتیوانى لیستى گۆڕانیان كرد پەرچەكرداریى سایكۆلۆژیانەى خۆیان لە بزوتنەوەى گۆڕان دا خاڵى بكەنەوە, ڕاستى لەوەدا هەیە ڕەمزەكانیان ڕۆڵیان هەبوو لەبێدار كردنەوەى میلەت بۆ ئەوەى پشتگیرى لیستى گۆڕان بكەن, بەڵام میلەتیش ئەوەندە هۆشیار بوو ئەمانە كاتى خۆى بۆ بەرەنگاربونەوەى باڵى جەلالى زۆر دیاردەى ناشیرینى سیاسى و حزبایەتیان داهێنا, بەجۆرێك جەلالیەكانى دەمەزردتر دەكرد بۆ ئەوەى خۆیان بسپەپێننە سەر میلەت دا بەو واتایەى لە خاڵێتى پرەنسیپى فیكرى ئەم تایەفەوە دەربارەى ڕیفۆرم بیانویەكى زۆرى تەسلیم بە جەلالیەكان كرد ئەمانە هەڕەشەن بۆ ئایندەى ئەو, جا كە دیگتاتۆرەكانیش بزانن ئایندەیان دەكەوێتە مەترسیەوە وە خۆیان دەكەون.
كاتێك نەوشێروان مستەفا باسى ئەزمونى ئەمانەى كرد سودى لێوەربگیرێ, لەشاروشارۆچەكان دا وەك چەكێ ئەو قسەیەیان بەكار دەهێنا لە دژى گەنجەكان, ئەمەیان خەتەریكیتر بوو نەوشێروان دەستى بۆ برد بۆ ئەوەى ئەو باڵە خۆیان كۆبكەنەوە و واپیشانى بدەن كە ئەوان ئەزمۆنیان هەیە و بەها دەگەڕێننەوە بۆ كارى حزبایەتى, ئەگەر نمونەى شارۆچكەى كفرى سەیر بكەین كە چۆن و بەچ ڕێگەیەك نەوشێروان ویستویەتى بزوتنەوەكەى لەڕێگەى ئەم باڵەوە ڕێكبخا, خەڵكانێكى هۆشیار پێیان سەیر و سەمەرە دەبێت نەوشێروان ئەو كارەى كردبێت!ئەگەر مەبەستى هەرچییەك بێت ئەو هەوڵە كە ماوەى چەند مانگێكە بۆ خۆڕێكخستنەوە دراوە لە كفرى دا, خەڵك بەپێچەوانەوە بیرى كردۆتەوە و پاشە كشەیەك ڕویداوە ئەستەمە بێ ماندوبونێكى زۆر زیهنیەتى خەڵكى بگۆڕدرێ چونكە ئەو ماوە كەمە وێنەیەكى ترى لاى گۆڕانخوازانى كفرى دروستگردوە لەكاتى هەڵبژاردنەكان دا وانەبو ئەو ترسەى كە خەڵك هەیبو بوە واقیع و چارەسەریشى ئاسان نیە, چونكە كەسانێك ڕاسپێردراون هەمان ئەو ئەزمونەیان هەیە كە نەوشێروان باسى لێوەدەكات و هەمان ئەو تەشكیلەشە كە بۆ ڕێكخستنەكانى یەكێتى دانا و دواتر پەشیمانبویەوە لێى, بەم شێوازەى ئێستا كە باڵى ڕیفۆرم خۆى لەسەر شێوازێكى تەقلیدى تر و نامەتیقانە تر دەیانەوێ لە ڕێكخستنەوەى گۆڕان دا زیندوبكەنەوە بەوەى نەهێڵن گۆڕان ببێتە بزوتنەوەیەك بنەماكانى ئۆپۆزسیۆَن بونى تیادا بەرجەستە بێت تەنیا بەكارى بێنن بۆ ئەو ئەزمونە خراپەى كە لەمەڵبەندەكانەوە فێر بوون هەموو كوردیش دەزانێت بەهۆى ئەو جۆرە ئیشكردنەحزبیەوە میلەت توشى چ جۆرە كارەساتێك هات.
ئەگەر چەند نمونەیەك وەربگرین و بیكەینە سامپڵى باسەكەمان بۆمان دەردەكەوێ بزوتنەوەى گۆڕان نایانەوێ لەسەر بەرنامەكانى خۆى كاربكات كە كاتى خۆى بەهۆیەوە خەڵك نزیك بوو ڵییەوە و خۆى بەخاوەنى دەزانى و ئەو بەهایەشى دوبارە خستە ژێر پرسیارەوە كە كاتى خۆى بەڵێنى دەدا بەخەڵك دەیگەڕێنێتەوە بۆ كارى حزبایەتى و سیاسى و تەنانەت بۆ پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیش, ئێستا نیەتى ئەو باڵە دەردەكەوێ دەستبگرنە سەر بزوتنەوەى گۆڕان دا و بچوكى بكەنەوە بۆ كۆمەڵێك حەزو بەرژەوەندى شەخسى, برادەرانى ئەو باڵە هەندێكیان لەكفرى و كەلار كاتێك كەوتنە بەر ئیختبارى هەندێك لەوانەى بزوتنەوەى گۆڕان لەشێوازێكى حزبیدا ڕێكدەخەن, سەلماندیان بەهەمان ڕۆحیەتەوە كاردەكەن, خەڵكى دوردەخەنەوە و لەبازنەیەكى داخراوى چەند كەسیدا تەراتێنى بیرەوەریەكانى خۆیان دەكەن و هەندێك لە بەرپرسانى ئەو باڵە ئێستا لەژێرەوە باسى ئەوە دەكا كە ڕەخنەیان لە یەكێتى نیە, بەتایبەتى برادەرێك كە ئێستا لەپشتەوەى ڕێكخستنەوەى ئەو باڵە بێ فیكر و بێ دسپلینە حزبیەوە وەستاوە, ئێمە كاتێك هەستمان كرد خەڵكى نیگەرانە لەكفرى و جەماوەرى گۆڕانخواز لەكفرى وا خەریكە دیدو بۆچونیان دەگۆڕێ لەسەر گۆڕان بەهۆى ئەوەى مەڵبەند و سیستەمەكەى خەریكە دوبارە دەبێتەوە, بەو شێوەیە وەڵامى دایەوە كە كاتى خۆى جێگرى مەڵبەند بو لەكەلار دواتر خۆى هەڵبژارد بۆ بەرپرسى مەڵبەندى كەلار بەڵام دەرنەچوو, ئەم عەقڵیەتە كە نازانێ بۆچى لەیەكێتى دەرچوە و هاتوەتە ناو گۆڕانەوە دەیەوێ بەهەمان شێوە بەرى ڕەنجى گۆڕانخوازانى نیگەران لەسیستەمى سیاسى وڵات لە بازنەیەكى داخراوى بێ بەرهەم دا بخوڵێنتێتەوە و شەرعیەت و تەقدیس كردن تەنیا بگەڕێنێتەوە بۆ چەند كەس و ڕەمز و تاقمێك .
برادەرانى باڵى ڕێفۆرم كە ئێستا لە گردەكەن لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكى گەورەدان, دەبێت بزانن بۆچى پلەو پایەیان جێهێشت و بەرنامەى گۆڕانیان پەسەند كرد, دەبێت ئەوان بزانن باڵى ڕێفۆرم گەرایەك بوو بۆ بەرهەمهێنانى گەندەڵى و دەیان كارەساتى لێوە دروست بوو, چەندەها خەڵك بەو تۆڕە جاڵجاڵۆكەیەدا خۆى هەڵواسى و بووە خاوەن پلەو پایەى حزبى و حكومى, بەڵام میلەتى لەڕێگەى ئەم باڵەوە وەك پردێك بەكارهانى بەهەمان سیستەمەكەى بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى, ئێستاش ئەو ڕیفۆرمخوازانە ئەوانەیان لێى دەرچوو كە سزاى سیاسى وشەڕى دەروونى نانبڕین و كۆمەڵێك نەهامەتى ترى بۆ میلەت هێنا بەڵام ئەمجۆرەیان ئێستا لەناو یەكێتی دایە.
برادەرانى باڵى ڕیفۆرم دەبێت لەپێشەوەى نەوشێروانەوە خۆیان بەخاوەن گۆڕان بزانن, هەوڵبدەن گۆڕان بگەڕێتەوە سەر بەرنامە سەرەكیەكەى خۆى و شەرعیەت لاى جەماوەر بێت نەك لاى ئەو كەمینەیەى بەهۆى ئیلتزاماتێكى عاتیفانە لە گەڵیاندا شوێنە حزبیەكانیان جێهێشتوە و ئیسَتاش بەهەمان عەقڵیەتەوە ڕێگەیان پێبدرێ دەستبگرنە سەر گۆڕان دا.
ئەگەر سەركردەكانى باڵى ڕێفۆرم پێشوتر لەناو یەكێتیدا نەیان توانبێت ئەزمونى خراپى ڕیفۆرم ببینن, ئێستا نابێت لە گۆڕانیش دا نەیبینن چونكە تەنیا جەماوەر خاوەنى گۆڕانە نەك نەوشێروان و ڕیفۆرم و ئا ئەو جۆرە شتانە!
ئایا ئێوە بۆچ لە یەكێتى دەرچون؟ بۆ ئەوەى سزاى بیروڕا دابهێنن و وەك چۆن لە كفرى ڕویداوە؟ ئایا بۆ ئەوە دەرچون و مەیدانیەن كارتان بۆسەرخستنى لیستى گۆڕانتان دروست كرد, بەتۆمەت و تەشهیر و پەلاماردانى كەسێتى ئەوانەى كە دڵسۆزانە لەسەر بنەما فیكریەكان كاریان بۆ سەر خستنى گۆڕان كرد و بتەكانى جەلالى و مەلایان خستە بەردەم گومانەوە لاى خەڵكى بە نوسین و كەمپەین و هۆشیاركردنەوە, ئەى ڕیفۆرمیستەكانى سەركردە, ئێوە ئێستا سەركردە نین, گروپێكى بچوك ناوى ئێوەى ئیستغلالكردوەو دەیانەوێ لەڕێگەى بەرژەوەندیە شەخسیەكانیانەوە ئێوە بكەنە كەناڵ, ئایا بۆ ناتانەوێ كەناڵێك بن بۆ هەموو میلەت نەك گروپێكى دیاریكراو؟ ئێوە ڕێگەتان داوە لەسەر دەستى گروپێكى بەرژەوەندخوازى پاوانخواز لەكفرى و كەلار گۆڕان پاشەكشە بكات و دواتر دەشفەرمون نەخێر پاشەكشە نیە و ئەوە ڕاست نیە, ئاخر یەكێتیش ئاوەها حزبایەتى دەكرد بۆیە تەنیا بەڵگەنامەى ڕەش بووەتە مێژووى!
برادەرانى باڵى ڕیفۆرم خراپ تیمەگەن و دەبێت ئێوە باشتر بزانن ئەمەى كە كراوە بەناوى ئێوەوە یان ناوتان بەكارهاتوە گۆڕان و بزوتنەوەیەكى ئۆپۆزسیۆنى لێى دروست نابێت, بەڵكو دێوەخانى وتنەوە و هەڵبەستن و پەلاماردان و ملشكاندن و تەشهیركردن دەبێتە كەڵچەرى ئەو بزوتنەوەیە, ئەوەتا خۆتان باش سەرەتاكەى دەبینن, ئەگەر بیبینن, ئەگەر نەشیى بینن میلەت كشتان لێدەكات! ئۆفێسك یان مەكۆى حزبێكى ئۆپۆزسیۆنى كەڵچەرێ پەلامار تەنانەت بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانە بەكاربهێنێ كە ڕیكۆریان شكاندو بە گژ ینك و پدك دا چونەوە ئەمە چۆن لێكدەدەنەوە؟
 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە