دۆگماتیزم... دۆگماشکێن

Wednesday, 25/08/2010, 12:00

3466 بینراوە



لە هزرە سەرەتاییەکانى مرۆڤەوە بگرە تا دەگاتە میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفە و تەنانەت بڕێک لە زانستیش لە ژێر کاریگەرى ئەقڵییەت و لۆژیک و چەمکە دۆگماییەکان قوتاریان نەبووە و گیرۆدەى بوون، ئەگەر لە رووێکەوە خوازرابێت دەرباز بکرێت، ئەوا لە چەندین رووەوە لێی قوتار نەبوونە، لە خۆرهەڵات پەیامبەر و سۆفیگەراکان، لە خۆرئاواش فەیلەسوف و زاناکان لە مەدارى دۆگماتیزیم دەرنەچوون. ئەگەرچى لە گەلێک کایەدا تێکیانشکاندووە و دەروازەیەکیان لەبەردەم دژە دۆگمایی"رێژەگەرایی- ئەزموونگەرایی- بابەتگەرایی... هتد"کردۆتەوە، وەلێ لە دواجاردا دۆگماتیزم تەنگى پێهەڵچنیون و پەلکێشی خۆی کردوونه‌ته‌وه‌. دەکرێ هەردوو رەوتى فەلسەفى "ئەرستۆیی "و"ئه‌فلاتوونى" لە ترۆپکدا دوو سیماى جیاوازى فەلسەفەى دۆگمایی ببینرێت. کاریگەریی لۆژیکى دۆگماییانەى ئەرستۆ"2500"ساڵە هەموو بوار و کایەکانى هزر و ژیانى تەنیوەتەوە. هەروەها فەلسەفەى دژە دۆگمایی"سوقرات"یش وەک رەوتێکى فەلسەفى دۆگماشکێن 2500 ساڵە کاریگەرى خۆی کردووە و بەردەوام بووە. دەکرێ ئەوەش بڵێین: فەلسەفەى مەتریالیزمى دیالەکتیکى و مێژووییش نەیتوانیوە تەواو کاریگەرییەکانى دۆگماتیزم تێپەڕێنێ. هەروەها دۆگماتیزم خۆی ئاوێتەی زانستیش کردووە و گیانى دۆگماشکێنی زانستیشی لاواز کردووە.
هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ؛ فەلسەفەى دۆگماشکێنى"دژە دۆگما" لە کاروانى هزرى مرۆڤایەتى و قۆناخە جیاجیاکانیدا، وەک رەوتێکى هاوتەریبی فەلسەفەى دۆگمایی، لە هەمانکاتدا یەکتربڕی، نابینرێت، وەلێ لە دوا ئاکامدا وەک رەوتێکى باریکتر و کاڵتر خۆی نیشان دەدات. ئەگەرنا دینامیزمى پێشکەوتنى هزر و ژیان تێکدەشکا و رادەوەستا، ئەوەى پێی دەگوترێت؛ ژیار و مێژووش لە شوێنى خۆی پێکوتێ"مراوحە"ى دەکرد.
لە تەواوى ژیار و مێژووى مرۆڤایەتیدا؛ فەلسەفەى دۆگمایی کۆتگیرکردنەکان"تقیدات"ى بە بنەما گرتووە و لە هەوڵى چەسپاندن و سەپاندنى دابووە، بەڵام فەلسەفەى دژە دۆگمایی بە پێچەوانەوە پێهەڵگرتنەکان"انگلاقات"ى بەبنەما گرتووە و رێی لەبەردەم چەسپاندنى کردۆتەوە. لێرەدا چەمکى پیرۆزکردن"پیرۆزگەرایى"و تابۆ و رەهاگەرایی، وەک چەند ئامرازێکى دۆگماییانە، لەبەرامبەر چەمکى سروشتخوازى و تێپەڕاندن و رێژەگەرایی دژە دۆگماییانەى خۆی قوتکردۆتەوە و رێگیری لەبەردەمدا کردووە. ئیدى رەوتە پێهەڵگیرییەکان و رەوتە کۆتگیرییەکان بەیەکدا هەڵشاخاون و بەرەنگارى یەکدی بوونەتەوە، ئەمەش بە واتایەک لە واتاکان دینامیزمى بەڕێوەچوونى مێژوو و ژیاری مرۆڤایەتى بەیەکداخشان و هەڵشاخان بەرەنگار بوونەوەى هەردوو ئەو رەوتەیە، بەڵام نەک لە بازنەیەکى داخراو و دووپاتکەرەوەدا، بەڵکو هەم بە ئاسۆیی و هەم بە ستوونى بەردەوامیان بە ژیار و مێژووى کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتى داوە.
ئیدى لەم بەردەوامبوونەدا ململانێ و ناکۆکییەکى قووڵ و دژوار لە ئارا دابووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت بەردەوامە. وەلێ گرنگ ئەوەیە؛ داخوا کامە رەوت پاسیڤ و بێ کاریگەر بووە و کامەشیان بە کاریگەرترە؟ کامە رەوت دۆگمایی یاخود دژە دۆگمایی بەرەو کاڵبوونەوە و باریکبوون دەچێت؟.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە