ئایا لە ساڵیادى 17 شوباتدا، بارەگاكانى یەكگرتو دەسوتێنرێن

Wednesday, 15/02/2012, 12:00

1991 بینراوە





رۆژى 17 شوباتى ساڵى 2011 ،جامى توڕەیى خەڵكى كوردستان،دژى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان پڕ بوبو و لێیدەرژا،چەند رۆژێك لەوەپێش،خەڵكى شارى سلێمانى خۆى ئامادەكردبو،بۆ زیادكردنى وزەى كارەبا خۆپیشاندان بكەن،چەند رۆژێك پێش ئەو مێژوە،خەڵكى كوردستان ئارامى لێبرابو، لەبەر ئەوەى بەرپرسانى دەڤەرى سلێمانى دەستیان گرتبو بەسەر زیادە موچەى 7 حەوت ساڵى كارمەندانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و گەرمیاندا.چەند رۆژێك پێش ئەو مێژوە فازل میرانى سكرتێرى پارتى دیموكراتى كوردستان،دادگاكانى هەولێرى پركردبو لە سكاڵا لە سەر رۆژنامەكانى پارێزگاى سلێمانى و داواى هەزاران ملیۆن دۆلارى قەرەبوى دەكرد،چەند رۆژێك پێش ئەو مێژووە، لە ئەنجامى قسەكانى قانعى فەرد لە سەر مەلا مستەفا كە لە گۆڤارى لڤین بلاوكرایەوە،رێكخراوێكى نهێنى سەر بە پارتى هەرەشەى كوشتنى لەو كەسانە كرد كە تەشهیر بە سەركردەكانى كورد دەكەن .
ئا لەم كاتەدا بەهارى عەرەبى لە تونس و میسر،بەرە و گەشەكردن و سەركەوتن دەچو و خەڵكى نارازى كوردستانیش ئیلهامیان لێوەردەگرت،ئا لەم كاتەدا بەیانەكەى 29-1 2011 بزوتنەوەى گۆڕان بڵاوكرابوەوە و ئاگرى بە هەستى خەڵكى نارازیى كوردستاندا كردبو.چەند رۆژێك پێش روداوەكەى 17 شوبات، بەرپرسانى باڵاى یەكێتى لە شارى سلێمانى كادرەكانى خۆیانیان ئاگاداركردەوە لەسەر خۆبن،دان بە خۆدا بگرن،كێشە لە نێوان یەكێتى و گۆڕاندا دروست نابێت، هەموو ئامادەكاریەكان بۆ ئەوەیە لە شارى سلێمانی دەرسێكى مەسعود بەرازنى و پارتى دابدەن.لە ناو بەرپرس و كادرەكانى پارتیشدا، باس باسى ئەوەبو كە هەمو لایەنەكان،گۆران ، یەكێـتى، یەكگرتو،كۆمەڵ و لایەنێكى ترى كوردستانى،خۆیان ئامادە كردوە دژى پارتى پیلانێك ئەنجام بدەن.ئا لەم كاتەدا بزوتنەوەى گۆڕانیش شارى سلێمانى بە خەڵك و حكومەتەوە بە لایەنگرى خۆى دەزانى وبە پێویستى نەبینى لە شارێكدا خۆپیشاندان بكات خەڵكەكەى لە گەڵ ئۆپۆزسیۆندا بێت،بزوتنەوەى گۆران برواى وابو بۆ گۆڕینى سیستەم دەبێت خۆپیشاندان لە هەولێروە دەستپێبكات .

ناكۆكیەكانى نێوان پارتى و یەكێتى و 17 شوبات
كاتێك بەرهەم ساڵح لە هەولێر پۆستى سەرۆكى حكومەتى وەرگرت ،بە گوێرەى رێكەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى دەبو كۆسرەت رەسوڵیش پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم وەربگرێت،بەڵام پارتیەكان نەك رازى نەبون كۆسرەت ئەو پۆستە وەربگرێت،لە رێگەى كەناڵەكانى راگەیاندنى خۆیانەوە هەڵمەتى سوك كردنى بەرهەم ساڵحیان دەستپێكرد،پارتى دەترسان كۆسرەت و بەرهەم لە هەولێر بمێننەوە و لە رێگەى پۆستى حكومەتەوە جارێكى تر جەماوەرى هەولێر و دەوروبەر بۆلاى یەكێتى رابكێشن و پێگەى پارتى لاواز بكەن.نەك هەر ئەوە، چەندان جار قوتابیانى سەر بە پارتى هێرشیان كردە سەر وەزارەتى خوێندى باڵا، لەبەر ئەوەى وەزیر سەر بە یەكێتى بو.ئەمە بێَجگە لەوەى كە پارتى لە دواى سەركەوتنى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عراقدا،دووچارى لە خۆباییبون هاتبو و بەرپرسەكانى دەڤەرى سلێمانى دەیانوت،ئەگەر خەڵكى سلێمانى لە هەڵبژاردنى ئایندەدا دەنگمان بداتێ، وەك هەولێر و دهۆك خزمەتیان دەكەین.ئەم سیاسەتەى پارتى، یەكێتى نیگەران كردبو،یەكێتى بۆ تۆڵە دەگەرا،بیرى لە تەمێ كردنى پارتى دەكردەوە،كاتێك بینى مەسعود بەرزانى رازى نەبو بزوتنەوەى گۆران لە حكومەتى عراقدا پۆستێكى وەزارى وەربگرێتو گۆران بەو هەڵوێستەى پارتى زۆر نیگەرانبوە،توڕەیى خەڵكیش لەسیاسەتەكانى پارتى لە سلێمانی تا دێت هەڵدەكشێت،یەكێتیش لە خەڵكى سلێمانى نیگەرانە لەبەر ئەوەى زۆرینەى خەڵكى شارەكە دەنگى بە لیستى گۆڕان داوە، بریاریدا لە 17 شوباتدا،گۆِران و خەڵكى سلێمانى و پارتى بدات بە شەڕ و تۆڵەى خۆى لە هەمویان بكاتەوە.

17 شوبات و مەراسیمى كۆچى دوایى شێخ عیزەدینى حسیەنى
سەر لە بەیانى رۆژى 17-2 -2011 تەرمى خوالێخۆشبوو شێخ عزەدینى حسەینى نیشتمانپەروەرى رۆژهەڵاتى كوردستان و كەسایەتیەكى نەیارى كۆمارى ئیسلامى ئێران،لە گۆرستانى گردى شەهیدان بە خاك سپێردرا،بەرپرسانى باڵاى یەكێتى و بەپرسانى پارتى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى، ئامادەى ناشتنى تەرمى شێخ عزەدین بون.بۆ ئێوارە لە مزگەوتى قازى محەمەد ماتەمینى كۆچى دوایى شێخ بەرێوەچو،هیچ بەرپرسێكى پارتى ئامادەى ماتەمینى شێخ نەبون، لە كاتى كۆتاییهاتنى ماتەمینیەكەدا تەنها دوو بەرپرسى یەكێتى سەردانى مزگەوتیان كرد.
ئامادە نەبوونى پارتیەكان لە ماتەمینى شێخ عیزەدیندا، بە واتاى ئەوە دێت زانیویانە ئەو رۆژە دەچنە سەر بارەگاكانیان، خۆیان ئامادەكردوە بۆ ئەوەى بەرگرى لە خۆیان بكەن و تۆڵەى دەستەبەسەراگرتنى بارەگاكانى ساڵى 1994 سلێمانیان بكەنەوە بە عەقڵى چەك و توندوتیژیەوە جارێكى تر پێگەى خۆیان لە سلێمانیدا قایم بكەن.ئامادە نەبونى بەرپرسانى یەكێتی لەو ماتەمینیەدا، یان لەسەر داواى ئێران بوە،یان بۆ دارشتنى بەرنامەى پەلاماردانى بارەگاى لقى 4 بووە.بریار بو رۆژى 18 شوبات لە هۆڵى هونەر مەراسیمى رۆژى دوەمى كۆچى دوایى شێخ ئەنجام بدرێت،ئەگەر ئێران بەو مەراسیمە رازى نەبوبێت،هەڵوەشانەوەى بریارى مەراسیمەكە،پێویستى بە روداوێكى وەك 17 شوبات دەبو، بۆ ئەوەى یەكێتى لە ناو خەڵكدا زیاتر شەمەزار نەبێت و ئێرانیشى لێ تورە نەبێت.

تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك
ئەو گروپەى بۆ هاوسۆزى خۆپیشاندەرانى تونس و میسر، داواى مۆڵەتى كۆبوونەوەكەى بەردەركى سەرای كردبوو، لە سەر داواى حاكم قادرى بەرپرسى ئاسایشى گشتى، پارێزگارى سلێمانى مۆڵەتی پێدان، ئەو گروپە نەك تا ئەمرۆ كەسێكیان روبەروى لێپرسینەوە نەبونەتەوە و دەستگیر نەكراون و لە لایەن دەسەڵاتەوە قسەیەكیشیان پێنەتوترا، زۆرینەیان لە دواى روداوەكەى 17 شوباتەوە سەفەرى دەرەوەى كوردستانیان كردوە و ئێستا لە ئەوروپا دەژین، ئەوانەشى لەو گروپە لە كوردستان ماونەتەوە، پێوەندى راستەوخۆ ناراستوخۆیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانى سلێمانى هەیە.

بریندارەكانى بەردەمى لقى 4
لە ناو بریندارەكانى بەر لقى 4 پارتیدا، كادرو بەرپرسى دەزگا هەستیارەكانى یەكێتى تێدایە،بە تایبەتى ئەو كەسانەى كە لە هێر ۆ بەكرى حاجى سەفەرەوە نزیكن،بریندارەكانى ترى بەر لقى 4 ،هەمویان خەڵكى سلێمانى نین،خەڵكى كەركوك،خانەقین،چەمچەمال،كەلار و خورماڵى تێدابو،ئەم كەسانە چۆن لەو ئێوارەیەدا لەوێ بوون و چۆن چونە بەردەم لقى 4؟چاودێران پێیانوایە تەنها خۆیان و مەلا بەختیار و هێرۆ دەزانن.

كامێراكەى كەناڵى NRT
لە هەموى سەرنجراكێش تر شوێنى كامێراكانى كەناڵى تەلەفزیۆنى نالیا بو،كە پێش پێكهەڵپژانى خۆپیشاندەران و حەرەسەكانى لقى 4، ژورێكى تایبەتیان لە ئۆتێل سلێمانى پالاس وەرگرتبو و لەوێوە لقى 4 لەبەر دەمیدا بوە و هەر لە سەرتاوە تا كۆتایى وێنەى روداوەكانى گرتوە،پاش چەند رۆژێك كەناڵى تەلەفزیۆنى نالیا لە لایەن هێزى دژە تیرۆرى بنەماڵەى تالەبانیەوە سوتا،بە گوێرەى بۆچونى چاودێرانى سیاسى هۆكارى سەرەكى لە پشتى سوتاندنى كەناڵى نالیاوە، بۆ ئەوەبوە ڤیدیۆكانى 17 شوباتى نالیا بۆ لێكۆڵینەوە و گەیشتنە راستى روداوەكان سودى لێوەرنەگیرێت،ئەگینا یەكێتى چۆن لە رێگەى هێزى چەكدارى خۆیەوە كەناڵى تەلەفزیۆنى خۆى دەسوتێنێت؟.

هەواڵەكەى جەبار یاوەر و هۆشداریەكەى ئەمریكا
كاتێك لقى 4 پارتى بەر هێرشى خۆپیشاندەران دەكەوێت،پارتى شێت دەبێت و بۆ تۆڵە دەگەرێت،هەر لە شوێنى خۆیدا،لە هەولێر و دهۆك لە رێگەى ئەندام و لایەنگرانیەوە دەستى هێنا بە بارەگاكانى بزووتنەوەى گۆڕاندا،بۆ پەلاماردانى شارى سلێمانیش هێزى زێرەڤانى جوڵاند،كاتێك یەكێتى بەمەى زانى ترسى ئەوەى لێنیشت لە رێگەى هێزى چەكدارەوە پارتى سلێمانى داگیربكات و رێسەكەى لێبكاتەوە بە خورى،بۆیە یەكێتى لە رێگەى جەبار یاوەرى سكرتێرى وەزارەتى پێشمەرگەوە ئەمریكیەكانى ئاگادار كردەوە كە پارتى لە هەولێرەوە هێزى زێرەڤانى بەرەو سلێمانى جوڵاندوە بۆ لێدانى بزوتنەوەى گۆران،ئەمریكیەكان یەكسەر هۆشداریان بە پارتى دا كە نابێت هیچ كردەیەكى چەكدارى دژى هەر ئامانجێك ئەنجام بدەن،بەو شێوەیە یەكێتى توانى لە رێگەى ئەمریكیەكانەوە سنورێك بۆ داگیركردنى سلێمانى دابنێت و ئەمجارەش خۆى لە شەرى پارتى بپارێزێت.

هاریكارى گۆڕان و یەكێتى بۆ لێدانى پارتى
بۆچونێكى تر هەیە كە گوایە بزوتنەوەى گۆران و یەكێتى پێكەوە ئامادەكاریان بۆ خۆپیشاندان كردوە دژى پارتى،گۆران لە روى راگەیاندنەوە ئامادەكارى بۆ 17 شوبات كردوە،یەكێتى لە روى رێكخستنى و ئیدارایەوە ئامادەكارى بۆ ئەو رۆژە كردوە،ئاگاداركردنەوەكەى یەكێتى بۆ كادرەكانى كە كێشە لە نێوان گۆران و یەكێتیدا رونادات،سەردانە گوماناویەكەى هێر ۆ و مەلا بەختیار بۆ ماڵى نەوشیروان مستەفا لەگەرمەى خۆپیشانداندا،بەشدارى نەكردنى نەوشیروان و بەرپرسەكانى ترى گۆڕان لە خۆپیشاندانى دو مانگى خەڵكى كوردستاندا ئەو گومانەى دروستكردوە.

بۆچى لقى 4 لە باتى مەڵبەندى یەك كرا بە ئامانج
لە روى خزمەتگوزارى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتیەوە خەڵكى شارى سلێمانى گیرۆەى سیاسەتى ناعادلانەى یەكێتین،دەبو خۆپیشاندانیان بۆ سەر مەڵبەندى یەكى یەكێتى بكردایە،بەڵام فێڵەكانى یەكێتى و عەقڵى پواوى پارتى بە گشتى و عەقلى فازل میرانى بە تایبەتى،زەمینەى خۆشكرد كە خەڵكى نارازى و خۆپیشاندەر لە باتى ئەوەى بچنە سەر نوسینگەى بەرهەم ساڵح و بارەگاى رێكخراوەكانى مەلا بەختیار و مەڵبەندەكەى هێرۆ،لقى چواریان كرد بە ئامانج .وەك لە لێدوانەكانى نێچیروان بەرزانى و بەرپرسەكانى ترى پارتیدا هاتوە،پارتیش بەو پیلانەى زانیوە و خۆى بۆ پوچەڵكردنەوەى ئامادە كردوە،كاتێك حەرەسەكانى لقى 4 ریژوان دەكوژن و نزیكەى شەست كەس بریندار دەكەن،پارتى خۆى بە سەركەوتو دەزانێت،لەبەر ئەوەوى پێوایە لە بەرامبەر پیلانى یەكێتى و هاوپەیمانەكانیدا چۆكى دانەداوە و لە سلێمانى هەیبەتى پارتى و بەرزانى پاراستوە و تۆڵەى داگیركردنى لقى 4 ساڵى 1994 ى كردۆتەوە،بۆیە یەكسەر پلەى ریكخستنى هیوا ئەحمەدى بەرزكردەوە و چەندان جار تەقەكەرانى لقى چوارى پاداشت كردوە،هەر كاتێك خەڵكى كوردستانیش داواى بە دەستەودانى تەقەكەران و بكوژانى خۆپیشاندەران دەكەن،پارتیەكان بەردەوام لە خۆشیدا گەشكە دەیانگرێت و دەڵێن با ئەوانە دەستگیر بكرێن كە هانى خەڵكیان داوە بچنە سەر لقى چوار.

ئایا لە ساڵیادى 17 شوباتدا بارەگاكانى یەكگرتو دەسوتێنرێن؟
ماوەى چەند رۆژێكە كەناڵە نهێنیەكانى ى ن ك كار بۆ ئەوە دەكەن لە ساڵیادى 17 شوباتداخۆپیشاندان بكرێت،ئەنجومەنى شۆرشى كوردستان لە فەیسبوك كات و شوێنى بۆ خۆپیشاندان دیاریكردوە،لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن خۆیان لەو پەیجە بە دوردەگرن،كەس خۆى ناكات بە خاوەنى ئەو پەیجە،بە گوێرەى هەواڵێكى رۆژنامەى ئاوێنە كە لە بەرهەم ساڵحەوە نزیكە،تەنها لە ماووى هەفتەیەكدا43 چل و سێ هەزار كەس لایكى ئەو پەیجەیان كردوە و داواى خۆپیشاندان دەكەن.هەر دوێنێ مەفرەزەیەكى پۆلیس چونەتە سەر بارەگاى یەكگرتوى ئیسلامى لە چەمچەماڵ و ئاگاداریان كردون ئەگەر خۆپیشاندان بكرێت بارەگاكانتان داگیركردەكەین،بۆیە ئەگەرى زۆر ئەوەیە ئەنجومەنى شۆرشى كوردستان دروستكراوى یەكێتى بێت،رۆژى 17 شوبات خۆپیشاند\ان بكات و لایەنگرانى یەكگرتوش بچنە ناو خۆپیشاندان و تەڵەكەیان پێدا بتەقێت.
ساڵى 2005 لە كاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عراقدا، پارتى و یەكێتى بریاریان دابو هێرش بكەنە سەر هەموو بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامى،پارتى لە سنورى دەسەڵاتى خیدا بریارەكەى جێبەجێكرد،بەڵام یەكێتى ئەو بریارەى جێبەجێنەكرد.لە كۆتایى ساڵى رابوردودا جارێكى تر لە ناوچەى بادینان پارتى بارەگاكانى یەكگرتوى سوتاندەوە،بەڵام تا ئێستە یەكێتى لە لاى خۆیەوە دژى یەكگرتو هیچ كردەیەكى ئەنجام نەداوە،ئەم بێ هەڵوێستیەى یەكێتى بەرامبەر بە یەكگرتو جێى سەرسۆرمانە،دوێنى تاڵەبانى بریایدا ئەو قەرزە ملیۆنیەى ساڵى 2004 ى داویەتى بە یەكگرتو لێیانوەرنەگرێتەوە و عەفویان بكات،تۆ بلێى ئەمە تەڵەى یەكێتى نەبێت بۆ یەكگرتووى دانابێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە