پەیوەندى قەزافى لەگەڵ جەلال تاڵەبانى و یەكێتیی

Tuesday, 08/11/2011, 12:00

2005 بینراوە


((قەول بوو چاومان بە معمر قەزافى بكەوێت لەكاتى كۆنگرەى گەلى عەرەبى دواى هێرشەكەى ئەمریكا بۆسەر لیبیا لەساڵى 1986 دا بەڵام نەكرا.لەبەر هێرشى فرۆكەكانى ئەمریكا و كوشتنى یەكێك لە منداڵەكانى قەزافى لەو هێرشەدا.چاومان بەزۆر لێپرسراوى تر كەوت.وەفدەكەى ئێمە لە: كەمال فوئاد، عومەر سەید عەلى،ئەحمەد بامەڕنی و من پێك هاتبوو.مام جەلال و د.فوئاد مەعسوم و د.كەمال فوئاد، معمر قەزافیان بینیوە،مام جەلال جارێك لەساڵى 1981 دا سێ چوار مانگ لە لیبیا مایەوە،هەروەها لەگەڵ چەند دەزگایەكى تریش پەیوەندیمان هەبووە.))

ئەوە قسەى هۆمەر (شێخمووس)ە كە كوردێكى كوردستانى سوریایە و كەم كەس هەیە نەیناسێ، یەكێكە لە دامەزرێنەرانى یەكێتى و بەرپرسى پەیوەندیەكانى دەرەوەى یەكێتى بووە و لەساڵى 1981 تاكو1986 تا ئەو كاتەى وازى لەیەكێتى هێنا ئەندامى مەكتەبى سیاسى و بەرپرسى پەیوەندیەكانى دەرەوەى یەكێتى بووە.لەمانگى نیسانى ساڵى 1986 وازى لەیەكێتى هێناوە بەهۆى هەندێ كێشەى لەگەڵ سەركردایەتى ئەم حزبە.ئەوەى لەم بابەتە نوسراوە لە خاڵى (1 تاكو خاڵى 18) دیداریكە لەگەڵ بەڕێزیان.لەخاڵى (18 تاكو خاڵى 20) چەند دێرێكى وەر گیراوە لە چاوپێكەوتنى نێوان مەعد فەیازو جەلال تاڵەبانى.هۆمەر شێخمووس لەناو یەكێتى بە عومەر ناسرابوو.ئەم قسانەى كە ئاماژەم پێداوە دیدارێكى سازدراوە لەنێوان نەوزاد عەلى ئەحمەد و هۆمەر شێخمووس ساڵى 2009،كەنەوزاد عەلى بەیارمەتى هۆمەر شێخمووس كردویەتى بەكتێبێك.منیش تەنها ئەو شوێنانەم لێدەر هێناوە كە ئاماژە بەیارمەتى دانى قەزافى دەكات لەدامەزراندنى یەكێتى و جەلال تاڵەبانى.

پەیوەندى قەزافى لەگەڵ یەكێتى و ماجەلال:
1_ بەروارى 27-31/5/1975 ئەوكاتەى كۆبونەوە دەكرا لەلایەن ئەوكەسانەى كە بەدەستەى دامەزرێنەرانى یەكێتى ناسراون (هۆمەر شێخمووس.جەلال تاڵەبانى،كەمال فوئاد.فوئاد مەعسووم.عادل موراد) هۆمەر شێخمووس دەڵێ پارەى سەفەرو یارمەتیەكان مام جەلال لە لیبیاو سوریەكانى وەر دەگرت.لاپەڕە (115).
2_ لەهەمان كاتدا ئەم دەستەیە بۆ دامەزراندنى ئێستگەى ڕادیۆ پێویستیان بەپارەیەكى زۆر دەبێ.بۆئەمەش لیبیەكان یارمەتیان دەدەن و لە ڕێ ى عادل مورادەوە پارەكە بۆ هۆمەر شێخمووس دەنێرن ئەویش دواى پرسیار كردن لە شارەزایەكى تەكنیكى و ڕۆژنامە نوسێك لە چۆنیەتى باشى و جۆرى ئامێرەكە ئینجا ئێستگەیەك و ژمارەیەك هۆكى تۆكى لەسوید دەكڕێ ڕەوانەى كوردستانى دەكاتەوە لەڕێگاى سوریاوە.وەكو خۆى دەڵێ بۆ مەفرەزە سەرەتایى یەكانى شۆڕشى نوێ بوون.لاپەڕە (124).


لەڕاستەوە (د.كەمال خۆشناو،هۆمەر شێخمووس، مام جەلال، د.فوئاد مەعسووم، عادل موراد) كوردستان، ناوزەنگ،ساڵى 1978.

3_ لە شوێنێكى تر دەڵێت:یەك فڕۆكەى پڕ لە چەك و تەقەمەنى كەلیبیا بۆى ناردبووین بەڕێگاى ئێران دەستى بەسەر دا گیرا و نەیان داینەوە.لاپەڕە (179).
4_ من پیلانێكى جەهەنەمیم هەبوو،لەگەڵ لیبیەكانیش قسەم كردبوو،دەمانویست بەڕێگاى كۆمەڵەى شۆڕشگێرى كوردستانى ئیران یەك فرۆكەى پڕ لەچەك و تەقەمەنى لەلیبیاوە بۆ قوبرس بنێرین و لەوێوە بەناوى قوبرسیەكان كە گوایە یارمەتى بۆ كوردەكانى ئیرانە.لیبیا بە ڕێگاى ماڵتاوە بۆ قوبرسى بنێرێت و كۆمەڵەش لە قوبرس چەك و تەقەمەنیەكان وەربگرێت و بەڕێگاى فرۆكەخانەى بەغدا بیبەن بۆ عێراق،لەوێش نیوەى بۆ ئێمە بێت و نیوەكەى تریش بۆ برادەرانى كۆمەڵەبێت.بەڵام پاشان كارەكە جێ بەجێ نەكرا.لاپەڕە (180).

5_ جارێك من لە لیبیەكان لەگەڵ د.فوئاد مەعسوم وابزانم دوو ملیۆن دۆلارمان وەرگرت،من ئەوپارەیەم بەوەجبە دەناردەوە،جارێكیان لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنى چوارسەد هەزار دۆلارم ناردەوە.لاپەڕە (181).
6_ ساڵى 1986ئێمە بەڕەسمى لەلایەن وڵاتى لیبیا بانگهێشت كرابووین،وەفدەكەى ئێمە پێكهاتبوو لە،د.كەمال فوئاد،عومەر سەید عەلى و د.ئەحمەد بامەڕنێ و من (هۆمەر شێخمووس). لەكاتى چوونە ژوورەوەمان لە فڕۆكەخانە،لەبەشى ترانزێتدا لەبەشى دەرچوون لە فرۆكەخانە بەڕێكەوت وەفدێكمان بینى كەبریتى بوون لە ئیدریس بارزانى،رەسول مامەند،سالار عەزیز،كەدیاربوو لەلیبیا دەڕۆیشتنەوە.لاپەرە(205).
7_ من (هۆمەر شێخمووس) و،د.فوئاد مەعسووم لەوڵاتى لیبیا بووین چەكى ڕەسمى دەوڵەتى لیبیامان پێ بوو،بۆبانكى هانۆڤەر ئینتەر ناشناڵ لە ئەمریكا،چەكەكە بایى یەك ملیۆن دۆلار بوو.لاپەڕە(209).


د.فوئاد مەعسوم

8_ لیبیا بڕیارى دابوو مانگانە پەنجا هەزار دینارى لیبیمان بداتێ،بەڵام پاش چەند مانگێك كە منزر نەقشبەندى بڕى پارەكەى بۆ موخابەراتى عێراقى ئاشكرا كرد،لیبیا یارمەتیەكەى ڕاگرت.لاپەڕە(216).
9_ دواى ساڵى 1981 جارێكى تر لیبیا دەستى بەیارمەتیدانمان كردەوە،لیبیەكان ئەوەى كەمن ئاگادارم بەڵام سەد دەر سەد لەم قسەیەم ئەمین نیم،مام جەلال جارێكیان (5) ملیۆن دۆلارى وەر گرتبوو.لاپەرە(216).
10_ جارێكیان د.فوئاد مەعسووم (2) ملیۆن دینارى هێنابوو،لەلیبیا.لاپەڕە(216).
11_ جارێكیان من (هۆمەر شێخمووس) و،كەمال فوئاد ملیۆنێك دۆلارمان وەر گرت،لەلیبیا.لاپەڕە(216).

هۆمەر شێخمووس و جەلال تاڵەبانى

12_ جارێك د.ئیبراهیم بلە ڕەش نوێنەرى ئێمە بوو لەلیبیا ملیۆنێك دۆلارى وەر گرت.لاپەڕە(216).
13_ جارێكى تر لیبیەكان خۆیان ملیۆنێك دۆلاریان گوایە تەحویلى یەكێك لەبانكەكانى ئیران كردبوو،بەڵام ئێستاش وەرمان نەگرت و بانكەكە گوتى تەحویلیان نەكردووە،بەڵام ئەوان گوتیان ناردوومانە،بەتەخمینى خۆمان یەكێك لەجەنەڕاڵە لیبیەكان خواردبووى.لاپەڕە(216).

كەمال فوئاد

14_ بۆ ئاسایى كردنەوەى پەیوەندیەكانمان لەگەڵ لیبیا كەمال فوئاد سەردانى نەمساى كردو چاوى بە معمر قەزافى كەوت.لاپەڕە(217).
15_ عومەر دەبابەش چوو بۆ لیبیاو چاوى بە ئامۆزایێكى قەزافى كەوت لەگەڵ چەند لێپرسراوى تر.لاپەڕە(217).
16_ منیش (هۆمەر شێخمووس) چووم بۆ نەمسا بۆ دیتنى ئامۆزایێكى ترى قەزافى.لاپەڕە(217).
17_ د.فوئاد مەعسووم و كەمال فوئاد جارێكى تر چوون بۆ لیبیا و چاویان بەزۆر لێپرسراوى لیبیا كەوتبوو.لاپەڕە(217).

بەیارمەتى قەزافى یەكێتى دامەزرا:


18_ جەلال تاڵەبانى لەچاوپێكەوتنێكى لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (مەعد فەیاز) پەیامنێر لە ڕۆژنامەى شەرقول ئەوسەتى لەندەنى بەزمانى عەرەبى دەڵێت:كاتێك یەكێتى نیشتیمانى دامەزرا پشتیوانیەكى لیبیایى و سوریاییمان هەبوو،پشتیوانیەكەى لیبیا ماددە (پارە) بوو.لاپەڕە(220).
19_ بەر لەدامەزراندنى یەكێتى هەردوو سەرۆك حافز ئەلئەسەد و موعەمەر قەزافی_م دەناسى(جەلال تاڵەبانى)،لەسەر بانگهێشتى خۆى سەردانى قەزافیم كرد و لەوێ پارەیان خستە بەردەستم بۆ یشتیوانى كردنى (كێشەى كورد)،منیش پێموتن ئێستا نەحزبم هەیە و نەچەكدار و پێویستم بەپارە نییەو و ئەوەى كەهەمە بەسمە،بەڵام ئەگەر پێویستمان بەپارە هەبوو بۆ (خەبات) ئەوا داواى پشتیوانیتان لێدەكەم.لاپەڕە(220).
20_ دواى دامەزراندنى یەكێتیى چووم بۆ لیبیاو (جەلال تاڵەبانى)،پێموتن ئێمە ئێستا پسَویستمان بە پشتیوانى ئێوەیە ئەوانیش وتیان بەسەرچاوان و لێیان پرسیم كە چیمان پێویستە،منیش وتم مانگانە پێویستمان بە (50) هەزار دینارى لیبیاییە،ئەوانیش بڕیاریان دا هەموو مانگێك ئەو بڕەپارەیەمان بدەنێ.لاپەڕە(220).


جەلال تاڵەبانى لەكاتى سەردانى كردنى بۆ لاى موعەمەر قەزافى



(سەوز) ڕەنگە هاوبەشەكەى قەزافى و مام جەلال

ئاڵاكەى قەزافى...بێ هیچ نوسین و هێمایەك               ئاڵاكەى جەلال تاڵەبانى

جەلال تاڵەبانى ئەوەندە كەوتبووە ژێربارى قەزافى تەنانەت لەڕەنگى ئاڵاكەش لارى نەكردووەو هەمان ڕەنگى ئاڵاكەى لیبیاى سەردەمى قەزافى بۆ حزبەكەى داناوە.ئاڵاى لیبیا كە قەزافى كردبووى بەسەوز بۆماوەى زیاتر لە 40 ساڵ بەپێ ى میزاجى قەزافى خۆى بوو بەبێ ئەوەى هیچ نوسینێك و هێمایەكى لەسەر بێ كردبووى بە ئاڵاى وڵاتەكەى،بەڵام شۆڕشگێرانى لیبیا لەسەرەتاى دەستپێكى شۆڕشى لیبیا ئەم ئاڵایەیان داگرتوو ئاڵاى سەردەمى مەلەكیان هەڵدا.وەكو ئاماژەكردنێك بەوەى ئەو ئاڵایە قەزافى لاى بردوەو لەپێش حوكمڕانى ئەو،ئەوئاڵایە هەبووە.


****************

سەرچاوەكان :

یەكەم// (1،2،3،4،5،6،7،8،9،10،11،12،13،14،15،16،17) كتێبى ((پشكۆیەك لەخۆڵە مێشدا)) بەشێكى گرنگ لەژیاننامەى هۆمەر شێخمووس.چاوپێككەوتنێكە،نەوزاد عەلى ئەحمەد،ئامادەى كردووە لە كتێبیكدا.
دووەم// (18،19،20) كتێبى ((بەشێك لەبیرەوەریەكانى مام جەلال).دیدارێكى ڕۆژنامەوانیە ڕۆژنامە نوس (مەعد فەیاز) لە ڕۆژنامەى شەر قول ئەوسەتى لەندەنى بەزمانى عەرەبى لەگەڵى سازداوە.ڕۆژنامە نووس (سۆران عەلى) وەریگێڕاوەتە سەر كوردى لە ڕۆژنامەى ئاسۆ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە