(سەرۆك) كوا ئاڵاكەى كوردستان؟

Wednesday, 02/11/2011, 12:00

3110 بینراوە


ساڵى 1946 حكومەتێكى هەرێمى لەمهاباد دروست بوو قازى مەحەمەد و هاوڕێكانى ئاڵایەكیان بۆ ئەم حكومەتە دانا و لەسەر وەزارەت و بیناو دام و دەزگاكانى ئەم حكومەتە ئاڵاى كوردستان هەڵدرا.ئاڵاى كوردستان لەلاى قازى مەحەمەد زۆر خۆشى ویست بوو وێنەو ڕووداوەكانى ئەوسەردەمە ئەو ڕاستیەمان پێدەڵین.ئەمەش بۆئەوەى تاوەكو ببێتە ناسنامەى نەتەوەیەك و حكومەتێك و لەدواجار دەوڵەتێكى كوردى.بەڵام بەهۆى هەندێ هۆكارى دەرەكى و ناوەكى ئەم حكومەتە تەمەنى نەبوو بەساڵێك كۆتایى پێهات و ئاڵاكەش لەسەر دام و دەزگاكانى شارى مهاباد و دەورو بەرى هێنرایە خوارەوە.بەشێك لە مێژوو نوس و نوسەران پێیان وایە قازى ئاڵاكەى دابێتە بارزانى.ئەمەش بەپێ قسەى نوسەرێك بەنێوى (بدرالدین سالح) كە لەو ساڵانەى ڕابردوو كتێبێكى بڵاوكردەوە بە نێوى (سەرۆك كۆمارى كوردستان لەبەردەم دادگاى ئێراندا) نوسەر لەلاپەڕە 21 و22 دا باسى ڕووداوى ئاڵاكە دەكات و دەڵێ: قازى مەحەمەد زۆر بەتوندى بەرامبەر سەرهەنگ نیكوزاد وەستابوو وەكو مار خۆى دەخواردەوە. پارچە قوماشێكى لەجانتاكەى دەرهێنا، كە ڕەنگى سورو سپى و سەوز بوو چەكوش و داسێكى لەسەر كێشرابوو,بەقازى مەحەمەدى گوت:ئەدى هەموو حكومەت و تەشكیلاتى دەوڵەتت ئەوەنیە؟قازى مەحەمەد لەبەرامبەر ئەم كردەوەیەى سەرهەنگ دا گوتى:یەكەم،ئەمە هەرگیز ئاڵاى كوردستان نیە و نەبووە،چونكە ئاڵاى ئێمە چەكوش و داسى تێدانیە.دووەم،ئەم هەڵس و كەوتەتان نیشانەى كەم عەقڵى و بێشعوورى تۆ دەگەیێنێ،دڵنیابن ئێوە دەستتان بەئاڵاى كوردستان ناگات تا بێ حورمەتى پێبكەن.ڕۆژێكیش دێ لەسەر ئەم خانوەى كەمنى تێدا دادگایى دەكرێم،ئاڵاى كوردستان هەڵدەدرێ.هەرلەدرێژەى قسەكانیدا گوایە قازى دەڵێ:ئاڵاى كوردستانم وابە مەلا مستەفا بارزانى سپاردووە و لەسەر شانى ئەو،لەو چیا بۆ ئەو چیا و لەو شار بۆ ئەو شار و لەو وڵات بۆ ئەو وڵاتەى دەبا،تا ڕۆژێك لەتەواوى بەرزایى و بڵندایى یەكانى كوردستان هەڵدەدرێ و دەشەكێتەوە.


ئەم قسانە هەر قسەى ئەم نوسەرە نیە بەڵكو وتەى هەموو ئەو مێژوو نوس و ڕۆژنامەنوسانەیە كە وەلائیان بۆ پارتى و بارزانى هەیە.لەلایەكى تر ئەم قسانە لەلاى زۆربەى مێژوونوس و ڕۆژنامەنوسەكانى كوردستان بەهەموو پارچەكانیانەوە، بە درۆیەكى شاخدار دەزانن كەدراوەتە پاڵ قازى.چونكە:
1_ ئەوەى مێژووى كۆمارى كوردستان بخوێنێتەوەو هەڵسەنگاندنێكى ووردى تێدا بكات بەئاشكرا ئەوەى بۆ دەردەكەوێ كە قازى مەحەمەد بەكردار بیرى لەوەدەكردەوە حكومەتێكى جوزئى یاخود ئیقلیمى بۆ كوردەكان دابمەزرێنێت لەكوردستانى ڕژهەڵات نەوەكو حكومەتێكى بنكە فراوان و گرتنەخۆى هەموو پارچەكان.بۆئەمەش هەموو ئەو كەسانەى كەمهابادى بون و خەڵكى ناوچەكانى دەوروبەرى شارى مهاباد بوون لە دەوروو بەرى خۆى كۆى كردبوونەوەو پۆستى حكومى پێدابوون.ئەمەش بەئاشكرا لە دابەش كردنى پۆستە حكومیەكان دیار بوو.بەجۆرێك بارزانى پشت گوێ خسبوو كە بارزانى چەند جارێك هەوڵى ئەوەى دا بگەڕێتەوە كوردستانى باشورو خۆى ڕادەستى حكومەتى عێراق بكات.لەبەر ئەوە قازى و بارزانى هیچ كات بڕوایەكى ئەوتۆیان بەیەكتر نەبووە تاوەكو قازى بارزانى لەدواى خۆى دەست نیشان كات بۆ درێژەدان بە حكومەتێكى كوردى لەمهاباد.پرسیارەكە ئەوەیە بۆچى قازى كەسێكى شارى مهاباد یان سەقز یان بۆتان یان ناوچەكانى ترى نەكردە هەڵگرى ئەو ئەمانەتە كەئەوكاتە زۆربەى شۆڕشگێران و سەركردە ئازاكان لەوناوچانە كۆببونەوە.كەچى قازى ئاڵاى كوردستان بداتە كوردێكى باشور(عێراق) كە قازى خۆى حكومەتەكەى بە حكومەتێكى جوزئى دادەنێ نەوەكو گشتگیر.
2_ قازى مەحەمەد هیچ كات ئارەزوى ئەوەى نەكردوەو نەیویستوە بارزانى ببێتە بەشێك لە حكومەتەكەى.بەڵام لەبەر هێرشى ئەرتەش بشتى پێ دەبەستێ ئەمەش لەبەر ئەوەى بارزانى هێزێكى هەزار جەنگاوەرى لەگەڵ بوو كە لەبارزانیەكان پێك هاتبوون بۆیە بارزانى دەكاتە ژەنەڕاڵ لە حكومەتەكەى.ئەمەش بۆ پارێزگارى پێكردنى ناوچەكان لەهێرشى ئەرتەش نەوەك وەكو بەشداربوونى كوردانى عێراق لە حكومەت.جاچ جاى ئەوەى پاش خۆى بارزانى بكاتە نوێنەرى خۆى و پێشەوایەتى میللەتێكى گەورەى پێ بسپێرێ.
3_ ئەوكاتەى كەقازى مەحەمەد تووشى گێرەو كێشەهات لەگەڵ حكومەتى ئێران بارزانى خۆى نەكردە خاوەن كێشكەو هیچ بەرگریەكى لێنەكرد نە لەخۆى و نە لەحكومەتەكەش كەچى جەنابى ژەنەڕاڵ بوو لەحكومەتەكەى قازى و زیاتر لەهەزار جەنگاوەرى عەشیرەتى بارزانى لەگەڵ بوو.ئایە لەجیات ئەم كارەى قازى پاداشتى ئەوەى دەداتەوە كە ئەمانەتى نەتەوەیى بداتە بارزانى و ببێتە ڕێبەرى كورد.
4_ لەهەموو تەمەنى بارزانى مەو قیفێك نیە لەسەر ئاڵاى كوردستان كە لەژیانى بارزانى ڕویدا بێز
5_ ئەوەى كەلەهەموى گرینگترە ئەوەیە كە ئەوئاڵایەى ئێستا ئەم ئاڵایە نیە كە پارتى و بنەماڵەى بارزانی دەڵێن قازى مەحەمەد داویەتیە بارزانى كردووە بەئەمانەتى نەتەوەیى.(لەخوارەوە گۆڕینى ئاڵاكەى كوردستان بەدرێژى باسكراوە).
خیانەت لەئەمانەتەكە كراوە:
هەموو مێژوونوسان و ئەوكەسانەى لە كۆمارى كوردستان بەشداربونەو لەو سەردەم ژیانە شایەدى بۆ ئەوە دەدەن كە ئاڵاكەى كۆمارى كوردستان پێك هاتبوو لە" سێ ڕەنگى سەرەكى كەسورو سپى و سەوز.هەر سێ ڕەنگ بەشێوەى ئاسۆیى كێشرابوون.ڕەنگى سور لەسەرەوەو سپى لەناوەڕاست و سەوز لەژێرەوە.لەناوەڕاستیش ئاڕمێك كە لەشێوەى بازنەى كێشرابوو.پێكهاتبوو لە وێنەى دوو گوڵە گەنم كە بە پارچە پەڕۆیەكى باریكى سور دەور دراوە،لەنێوان گوڵەگەنمەكان وێنەى خۆر و تیشكەكانى بەنیوەیى و لەسەر وێنەى خۆرەكە وێنەى قەڵەمێك هەبوو"كەهەریەك لەمانە لێك دانەوەى تایبەتى خۆى هەبوو.مەبەست وێنەى ئاڕمەكەیە كەئێستا لابردراوە.وێنەى دووگوڵە گەنمەكە هێمایە بۆ جوتیارى و كاركردنى خەڵكى كوردستان.لەلایەكى تر زۆربەى زانایانى بوارى كشتوكاڵى و مرۆڤناسى پێیان وایە،یەكەم دەنكە گەنم كەشین بوو واتە ڕووا لەكوردستان بووە.وێنەى نیوەخۆرو تیشكەكان هێما بووە بۆ سەرهەڵدانى حكومەتێكى كوردى.وێنەى قەڵەمەكەش هێمابووە بۆ زانست و زانیارى.




پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر بارزانى ئاڵاكەى كوردستانى لەقازى وەر گرتووە بۆچى نەیپاراست و خیانەتى لە ئەمانەتە كە كرد؟وەئەگەر بارزانیش ئاڵاكەى وەر نەگرتوە لەقازى و ئاڵایەكى ترى داهێناوە.دیارە دیسان هەر خیانەتە لە مێژووى كۆمارى كوردستان.بەڵام پارتى و مسعود بارزانى بەم قسانە ڕازى نابن چونكە پارتیەكان دەڵێن سەرۆكمان مسعود بارزانى لە ڕۆژى دامەزراندنى كۆمارى كوردستان لە ژێر ئاڵاى كۆمار لەدایك بووە.لەلایەكى تر مسعود بارزانى هەموو ساڵ لە یادى كۆمارى كوردستان باسى ئاڵا دەكات و دەڵێت قازى ئەم ئەمانەتەى بەباوكم دا.منیش لەپاش باوكم درێژەم بەپاراستنى ئەم ئەمانەتە دا.....باشە ئەگەر بە قسەى كوڕەكەى بێ بارزانى خیانەتى كردووە ئەگەر بە قسەى ئەوانەش بێ كەدەڵێن قازى هیچ ئەمانەتێكى بەنێوى ئاڵاى كوردستان نەداوە بە بارزانى ئەوا خیانەتەكە كەمترە و دەچێنە قالبیكى ترەوە.

لەجێى ئاڵاى كوردستان، پەڕۆى زەرد و كەسك:



تادواى شەڕى ناوەخۆى نێوان پارتى و یەكێتى و ناوبژى كردنى وڵاتە درواسێكان.بەتەواوى سەرەتاى ساڵى 2000 شتێك نەبوو لەكوردستان بەنێوى ئاڵاى كوردستان و لە ئایدەلۆژیاى ئەم دووحزبەو بەكارهێنانى بەشێوەیەكى دیار لەنێوەندە ڕۆشنبیریەكان و لەسەر بیناى حكومیەكان.وەهیچ گرینكیەك بە ئاڵاى كوردستان نەدەدرا.بەڵكو لەجیاتى ئاڵاى كوردستان پەڕۆى زەرد و كەسك كرابوە ناسنامەى نەتەوایەتى.پارتى زۆر گرینگى بەم ئاڵایە نەدەدا چونكە پێى وابوو نسبەى ڕەنگى كەسك لەئاڵاكەدا زۆرەو نسبەى ڕەنگى زەرد كەمە،بۆیە دواى ساڵى 2003 ئەگەر سەیرى ئاڵاكانى ئەو كاتەبكەین دەبینین قەبارەى خۆرى نێو ئاڵاكە هێندە گەورەیە بەقەدەر نیوەى ئاڵاكەیەو نیوەى زیاترى ڕەنگى سور و سپى و كەسكى داپۆشیوە.لەبەرامبەریش یەكێتى چەند ڕایەكى جیاوازیان هەبوو.نەوشیروان مستەفا پێ ى وابوو ئەمە ئاڵاى كوردستان نیەو پێویست ناكات هەڵبدرێت.هەندێكى تریشیان پێیان وابوو لەبەرئەوەى ئەو ئاڵایە بارزانى بۆتە هەڵگرى نابێت هەڵبدرێ.بەڵام دواتر دواى داگیر كردنى عێراق لەلایەن ئەمریكاوە.ئاڵاى كوردستان گرینگیەكى زۆرى پێدراو بووە خۆشەویستى خەڵكى.خەڵك لەبۆنەو ئاهەنگە نیشتیمانى و شەخسیەكانیان بەكاریان دەهێنا و ڕێكخراوە مەدەنى و ڕۆشەنبیریەكانى ئەوروپاو كوردستان دەورێكى زۆریان بینى لە بڵاو كردنەوەى ئەم ئاڵایە و ناساندنى لەنێو پارچە داگیر كراوەكانى كوردستان.

بۆچى ئاڵاى كوردستان بۆ مسعود بارزانى دانانێن؟



چەند ساڵێكە بەهۆى دروست بونى حكومەتێكى ئیقلیمى لەعێراق و كرانەوەى هەرێمى كوردستان بەڕووى شەریكاتى توركى و ئیرانى.ماوە ماوە مسعودبارزانى سەردانى توركیاو ئیران و وڵاتانى تر دەكات.بەڵام ئەوەى جێ ى شەرمەزاریە ئەوەیە كەتاكى كورد ئەم سەرۆكە بێ پەڕۆكە دەبینى لێرەو لەوێ دەگەڕێ و سەردان دەكات و كۆنگرەى ڕژنامەوانى دەەبەستێت و لەپێش زوومى هەموو كامێراكانى جێهان وێنە دەگیرێ.زۆر هەست بەشەرمەزارى دەكات،چونكە بەنێوى میللەتێك دەچێ سەردان دەكات كەچى بێ ئاڵا لەتەلەفزیۆنەكان بەدیار دەكەوێ.دەبێ بۆ وابێ ؟ ئایا وەكو بسنزمانێك پێشوازى دەكەن،نەوەكو سەرۆكێك.یاخود وەكو سەرۆك عەشیرەتێك پێشوازى دەكەن و حسێبى سەرۆكێكى نەتەوەیى و بۆناكەن.یاخود خۆى حەزناكات دڵى وڵاتە داگیركەرە درواسێكانمان لەخۆى تورەكات.یاخود باوەڕى بەئاڵاى كوردستان نیە جگەلە هەرێمى كوردستان نەبێ.ئەگەر جاش قەڵەمەكانیش دەڵێن ئەوە پەیوەندى بەعلاقاتى دوەلى هەیەو ئێمە دەوڵەتێك نینە بەڵكو هەرێمێكین لەنێو دەوڵەتێك.ئەوا با بچن فاتیحا بۆ دەوڵەتى كوردى بخوێن چونكە تا ئەم بنەماڵەیە مابن دەوڵەتى كوردى دانامەزرێ.لەلایەكى تر بەپێى عورفى دوەلى دەبێ مسعوبارزانى كە چوە هەر وڵاتێك ئاڵاى بۆ دابنێن.نەوەك بەتەنیا ئاڵاى وڵاتى پێشوازى كەر دابندرێت.

مسعود بارزانى لەكاتى سەردانى كردنى بۆ وڵاتى توركیا، كە هیچ ئاڵایەكی عێراق، یان کوردستان لەپشت سەری مەسعود دانەنراوە


مسعود بارزانى لەكاتى سەردانى كردنى بۆ وڵاتى ئیران، هیچ ئاڵایەكی عێراق، یان کوردستان لەپشت سەریان دانەناوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە