دەسەڵاتێکی لە خۆبایی و ئۆپۆزسیۆنیکی هەلپەرست

Saturday, 23/04/2011, 12:00

1654 بینراوە




یەکێك لە تایبەتمەندیە هەرە دیارەکەنی سیستەمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بانگەشەی وەڵاتپارێزی و نەتەوە پەروەری دەسەڵاتە. دەسەڵات دارانی ناوچەکە خۆیان بە دڵسۆزترین و خەمخۆرترین کەسی گەل و وڵات دەزانن. وانیشان دەدەن کە ئەوان گەل و وڵات لەهەر هەڕەشەیەکی دەرەکی و ناوەکی دەپاریزن و ناهێڵن ئاسایش و سەروەری وڵات بکەوێتە مەترسیەوە. بۆیە دەبێ، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی، هەموو تواناکان وەگەر بخرێن بۆ سەرکوتکردن و دەمکوتکردنی هەر جۆرە بزاوتێکی کۆمەڵایەتی وسیاسی کە بۆنی ڕخنەگری و ناڕازیبوون بە ڕەوشی هەیی لێبێت. ڕەخنەگرەکان هەمیشە وەک کەسانی خاین و دەستی دەرەکین دەبینرێن, بۆیە دەبێ ڕێگەوشوێنی تایبەت بگیررێتە بەر بۆ بەرەنگار بونەوەیان. پێویستە شەقامەکان کپبن، ڕۆژنامەکان پەسنی دەسەڵاتداران بدەن و هەژارەکانیش شوکری خوابکەن کە سەرۆکێك و دەسەڵاتێکی بەهێزی پیداون.
ئەگەر ئەمەی سەرەوە وێنەیەکی گشتی دەسەڵاتەکانی ناوچەکەبێ، ئەو کات دەسەڵات داران خاوەنی ڕاستەقینەی وڵاتن و ئەوان ئەزانن بەرژەوەندی گشتی لە چی دایە.
دەسەڵات و پارتە کوردیەکانیش لەو بیرکردەنەوەیە بەدورنین. ئەگەر زێدە ڕۆیی نەبێ، پێشەنگی ئەو بۆچونەن. سەرکردەکانی ئەمڕۆ، لەساڵی ١٩٩١ کە هێشتا لە کوردستان پشویان نەدابو بەناوی دیالۆگ، چارەسەری و بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردستان دەستیان خستەوە ناودەستی سەددام و ئەملاو ئەولایان ماچکردەوە وبە مانگ میوانی جەنابی موبارەکی بوون. لە هەمووشی سەیرتر ناوبردنی دیکتاتۆرێک بوو وەک حەکەم نەک حاکم.
لەساڵی ١٩٩٢ش کە پەرلەمانی کوردستان دامەزرا یەکەم بڕیاری، بەناوی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بڕیاری شەر لە بەرامبەر پکک بو و دوابەدوای ئەوەش دورخستنەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنورەکان و لاواز کردن و کەمپنشینکردنیان.
کارێکیتری ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێمە ریسواکردنی گەلی کوردستان بوە بە هەڵسو کەوت و هەڵوێستی نابەجێی وا کە مرۆڤ شەرم دایدەگرێت کەسانی ئاوا بەناوی گەلەکەتەوە بچنە ئەملاولا و قسەبکەن. دیارە گریان و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی دوژمنانی کورد و قسەکردن بەزمانی دوژمنان لەسەر بزاڤی کورد لەپارچەکانی تری کوردستان لای کەس شاراوە نیە. لە هەموشی کارەساتاوی تر و تراژیدی تر پارچەکردنی باشوری کوردستان بۆ دوو میرنشنی حزبی و شەڕێکی ناوخۆیی چەندان ساڵە بوو کە تائێستاش برینەکەنیان ساڕێژ نەکراون.
سەرچاوەی ئەمانە هەمووی ئەو ئەقڵیەتەیە کە تەنیا خۆی بەڕاست و خاوەنی هەموو شتێک دەزانێ، داخوازی و بەرژەوەندیەکانی ئەو لەسەروی هەموو بەهاو نرخە مرۆڤایەتی و نەتەوەییەکانەوەیە. ئەگەر وانیە بەچ پێوانەیەک هێزەداگیرکەرەکانی کوردستانیان دەهێنایەوە سەر ئەو پارچە خاکەی کە بەخوێن وفرمێسکی گەلی کورد ڕزگار کرابوو؟
وا دوو مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان تێپەڕدەبێ، هێشتاش بەرنامەیەکی کرداری ئەوتۆیان نیە کە داخوازی ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە لە خۆبگرێت. بە پێچەوانەوە هێشتا ئەژدیهاکانیان خوێن و کەللەسەری زیاتری لاوانی گەرەکە و لەپێناو سەرکوتکردنی لاوان سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە. ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەڵگیرسانی شەرێکی تری ماڵوێرانکەر.
هەڵبەتا کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە پارتیە ئۆپۆزسیۆنەکان لەپشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بن و بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵک بن. ئەمەش، لەگەڵ ئەوەی مافێکی خۆیانە کە وەک ئۆپۆزسیۆن سیاسەت بکەن، هیچیش لە ڕەوایی ئەو داخوازیانەی خەڵک کەمناکاتەوە کە بۆی ڕژاونەتە سەر شەقام.
لەهیچ شوێنێک بزوتنەوەی خەڵک ناتوانێ بەبێ ڕیکخستن و پێشەنگ بەرەو سەرکەوتن بڕوات. ئەوەی کە خەریکە ڕاپەڕینەکانی باشور بەرەو پاش دەبات، دورکەوتنەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانە لە پێناو بەرژەوەندی تەسک بەناوی ئەوەی کە ئەوە ئێمە نین بەڵکو خەڵکە ڕاپەریوە.کەوایە تۆ نوێنەرایەتی کێدەکەی؟ بونی تۆ چ واتایەکی هەیە؟ ئەم هەڵوێستە، نەک هەر کەوتنە داوی دەسەڵاتە، بەڵکو هەلپەرستی وخیانەتیشە لەو خەڵکە ڕاپەڕیوە کە دەنگی بەو پارتیانە داوە. نیشاندانی چەند ڕۆشنبیرێک و ئەنجومەنێک وەک نوێنەری هەموو خەڵک و قسەکردن بەناوی هەموانەوە ناچێتە ئەقڵی هیچ کەسێک کە ئەلف و بێی سیاسەت بزانێ لە هەمان کاتدا تاکتیکێکی تادوایی فاشیلە. بەڕاستی کارەساتە بزوتنەوەیەکی خەڵک بەبێ رێکخستن نیشان بدەی و لاوان وەک بەرخی بێ خاوەن بەخەیتە بەر دەستی دەسەڵات و بە هەوەسی خۆیان چۆنیان بوێ ئاوا سەریان بڕن. ئەمە جارێکی تر مافدانەوەیە بەدەسەڵات کە ئەوان بەناوی گەلەوە قسە بەکنەوە و خاوەنی ڕاستەقینە هەر ئەوان بن.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی بیرکردنەوەیە بە ئەقڵی دەسەڵات و نەبوونی لێکدانەوەیەکی وردی بارودۆخی گشتیە. هەر ئەمەشە وایان لیدەکات کە زۆر هەلپەرستانە خۆیان لە خاوەندارێتی خۆپیشاندانەکان بدزنەوە. ئەوان حسابی ئەوەیان کردبوو کە باشوری کوردستانیش وەک تونس و میسرە. هەڵبەت هەلومەرجە ناوخۆییەکان، لە ڕوی نا دادپەروەری، گەندەڵی، نەبونی دەمۆکراسی و پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری، زۆر لەیەکەوە نزیکن بەڵام هەلومەرجە دەرەکیەکان تائاستێک جیاوازن.
کەسێکی سیاسی کە خۆی هەڵنەخەڵەتینی دەزانێ کە میکانیزمی دەسەڵات و بەڕێوەبەری لە هیچ کام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەربەخۆ نیە و لەدەرەوەی بەرژەوندیەکانی ڕۆژئاوا کەس ناتوانێ دەست بکاتە ئاوەوە. ڕاپەڕینەکانی تونس و میسر ئەگەر بە ڕوالەت گەلێری و خۆ ڕسک بن لە ناوەڕۆکدا کۆنترۆلکردنەوەی باکوری ئەفریقا و کردنەوەی ئەو بازارەیە بەڕوی ڕۆژئاوا کە وا خەرکە وڵاتی چین برەوی پەیدا دەکات. ئەگەر نا بۆچی ئەوەی لە و دوو وڵاتە رویدا لە لیبیا سەرکەوتوو نابێ چونکە تێکەڵاوی بازرگانی گەورەی لەگەل ئیتالیا و ئەڵمانیا دا هەیە. ئامارەکانی هیرشی ئاسمانی ناتۆ دەریدەخات کە چەندان جار بەناوی هەڵە کردن گورز لە هێزە نەیارەکان دراوە ئەوە لەکاتێکدایە کە تەکنۆلۆژیای ئێستای ڕۆژئاوە هیچ بواری ئەوەی تێدا نیە کە فرۆکەیەک بەهەڵە ئامانجێک بپیکێ. بۆیە لێکدانەوەی هەلومەرجی باشوری کوردستان لەم کاتەی ئێستادا تێڕوانینی جددی تری دەوێ. نابینن لەگەرمەی ڕاپەرینەکانی سلیمانیدا مەسعود بارزانی مەدالیای ناتۆی پێ بەخشرا و سەرۆک وەزیرانی تورکیا و گەورە بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی هەولێریان کرد. کەواتا ئەو جۆرە سیاسەت کردنەی ئۆپۆزسیۆن لە خۆ هەڵخەڵەتاندن و کڵاو نانە سەر خەڵکی ڕاپەڕیوزیاتر هیچیتری بەدوادا نایە و لە ئەنجامدا خەڵک لە یاریەکانی ئەوانیش تێدەگات و رێکخستنی جددیتر بۆ پێشەنگی دێنە گۆڕەپانەکە وئاڕاستەی ڕاپەڕینی خەڵک دەخەنەوە سەر رێچکەی ڕاستی خۆی. ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆن بونە جگە لە ئاو کردنە ئاشی دەسەڵات بەرهەمێکی تری نیە.
ئەوەی لێرەدا گرینگە بۆ دەسەڵات کە بەجددی بیری لێبکاتەوە، ئەوەیە کە چیتر ناتوانێ بەو تێگەشتنەی جاران ئەو گەنجانە بەڕێوە ببات کە لەکاتی ئێستا دا تەنیا ڕەوشی هەیی پەسند ناکەن بەڵام لەداهاتودا دەبنە هێزی خاوەن ڕیکخستن و پڕۆژە و کاری جدییتر دەخەنە ئەجیندای خۆیان و مۆدێلی خۆیان دەخەنە ڕۆژەڤەوە. بۆیە ناکرێ ئەو دەسەڵات دارانە ئەوەندە کاڵ فام بن کە وابزانن کێشە کانی خەڵک بەڕێگەی دیبلۆماسی و لەدەرەوە چارەسەر دەبێ. دەبێ وریابن کە ئەو هەڵوێستەیان تەنیا ڕیشی خۆنانە دەست داگیرکەرانی کوردستانە و هیچ جیاوازیێکی نیە لە گەڵ هێنانی سوپای داگیرکەران لەسەردەمی شەری ناوخۆ. کێشەکانی خەڵک بە کرداری جددی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوێدانە داخوازیەکان و هاتنە ناو خەڵک چارەسەر دەبن نەك بەکارهێنانی توندو تیژی،گرتن، قەدەخەکاری و سەرکوتکردن یان پەنابردنە بەر واشنتۆن، تاران ، ئەنقەڕە و بەغدا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە