گەندەڵیە ئەکادیمیەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا

Sunday, 07/06/2009, 12:00

2190 بینراوە


عاجباتێکى هەشتەم لەکوردستاندا ئەوەیە کە ئەو کەسانەى خۆیان بەخاوەن بڕوانامەى ئەکادیمى و زانستی دەزانن، زۆر زیاتر هەوڵى گەندەڵى ئەدەن لەو ژینگەیەى کارى تیائەکەن.
لەم رۆژانەدا دواى تەواوکردنى بڕوانامەى ماستەر لە کۆمپیوتردا، سەردانێکى وەزارەتى خوێندنى باڵام کرد، لە چەندین بەشدا ئەوەیان پێوتم کە بەهەموو شێوەیەک دامەزراندن و گواستنەوەى راژە و تەنانەت تەنسیبیش راوەستاوە، زۆر بێئومێد بووم دواى چەندین ساڵ خوێندن و بەدەستهێنانى بروانامەیەکى بەرزى وەک ماستەریش، ئێستا دانامەزرێم...بەڵام ئەوەى لەو ساتەدا رایچڵەکاندم قسەى فەرمانبەرێک بوو کە وتی لەم رۆژانەدا یەکێک بەناوى ((هـ.س)) لەبەرئەوەى پیاوى حیزب بووەو لە مەكتەبى راگەیاندنى یەكێتى كارئەكات، نەک ماستەر بەڵکە بەکالیۆرۆسیشى هەیە، بەشى راگەیاندنى تەواو کردوە بەڵام بەمامۆستاى کۆمپیوتەر لە پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى دایناوە!.
دواى گەران بەدواى قسەى ئەو فەرمانبەرەدا، پێیانوتم ئەم هاونیازە کە ساڵانى (2005-2006) بەشى راگەیاندنى لەزانکۆ تەواو کردووە، عاجباتى هەشتەمەکە لەوەدایە کە نە لە سەرۆکایەتى دەستە، نە لە پەیمانگاى تەکنیکیش بەهیچ شێوەیەک ئامادەى وەرگرتنى نەبوون و بەئەمر بەسەریاندا سەپێنراوە.
ئافەرین بۆ وەزارەتێک هەڵگرێکى بڕوانامەى ماستەر لە کۆمپیوتەر وەرناگرێت بۆ وتنەوەى وانەى کۆمپیوتەر، هەڵگرى بڕوانامەیەکى بەکالیۆرۆسى لە راگەیاندن کردۆتە وانەبێژى کۆمپیوتەر!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە