ئازارەكانى پاكبوونەوە دووەم ئەزموونى گروپى شانۆكارى ئایندەیە

Saturday, 24/07/2010, 12:00

1933 بینراوە


كەركوك
لە ئێستادا گروپى شانۆكارى ئایندە سەرقاڵى پرۆڤەكردنن لە شانۆیى (ئازارەكانى پاكبوونەوە) كە ئامادەكردن و دەرهێنانى شكۆ عومەر كاكەڕەشە و نواندنى (عومەر و رێبوار و نەژاد و هاوار و هێمن و ئاودێر و ئەحمەد و عەلى)ە، ئەم بەرهەمە بە هاوبەشى لەگەڵ فەرمانگەى ڕۆشنبیرى كەركوك و بەرێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى چەمچەماڵ بەرهەم دەهێنرێت و بڕیار وایە بە ناوى كەركوكەوە لە وەرزى شانۆى لاوان لە سلێمانى بەشدارى بكات و لە ڕۆژانى 7و8 ئاب لە هۆڵى ڕۆشنبیرى سلێمانى نمایش بكرێت، وەك دەرهێنەر ئاماژەى پێكرد لەم ئەزموونەدا هەوڵدراوە پشت ببەسترێت بە تابلۆى شانۆیى و سروت و دەنگ، لە پاڵ ئەمانەشدا سوود لە چەند دێڕە شعرێكى بەشێك لە قەسیدەكانى (جەمال غەمبار) وەرگیراوە. لە بارەى دیارى كردن وهەڵبژاردنى ئەو كۆپلە شعرانەوە شكۆ عومەر ووتى:ئێمە هەوڵمانداوە ئەو دێڕە شعرانە بەكاربهێنین كە لەگەڵ گوتارى ئیشەكەماندا دەگونجێت بەوەى ئێمە نەهاتووین ئیش لەسەر كەسێك یا چینێك یاخود بابەتێكى سنوردار بكەین بەڵكو وویستوومانە جەخت لەسەر پرسیارە ئەزەلییەكانى مرۆڤ بكەینەوە و هەڵبەت بۆ دیاریكردنى شعرى كەسێكى وەكو غەمباریش نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت كە ئەو پیاوەش بە هەمان شێوە گوتارێكى هیومانیستى بە زۆربەى قەسیدەكانییەوە دیارە و ئەبێت بە خەزەرێكى زۆرەوە تەعامولى لەگەڵدا بكرێت بۆ ئەوەى ئەو ڕووە نەشێوێنرێت، ووتیشى كۆڵەكەیەكى ترى ئیشەكەمان سرووتى شانۆییە و ئێمە چەند سرووتێكمان هێناوە و دووبارە بۆ شانۆ دامانڕشتووەتەوە لە سرووتێكى كۆمەڵایەتى یا دینى دامانماڵیوە و خستومانەتە خزمەتى پرۆسە شانۆییەكەوە، هەروەها لەم كارەماندا ئیش لەسەر (سرووت، دەنگ، بانتۆمایم، ووشە) دا بكەین هەروەك ئەوەى كە ئێستا لە شانۆى ئەزموونگەریدا ئیش لەسەر ئەم جۆرە كارە دەكرێت، دەرهێنەرى نمایشەكە لە كۆتایى قسەكانییدا ووتى بۆ بەكارهێنانى دەنگ لە شانۆدا ئەبێ بڵێین كە ئەوە داهێنانى ئێمە نییە بەڵكو لە تیپى ئەزموونگەرى كەركوكەوە خواستوومانە هەروەك ئەوەى ئەوانیش بە داهێنانى خۆیانى نازانن و هەمیشە دوپاتى ئەوە دەكەنەوە كە بەر لەوان (جێرزى گروتۆفسكى و لابۆرى شانۆى لالش) ئیشیان لەسەر دەنگ كردووە بەڵام بە دیدێكى تر. بەڵام بەنسبەتى ئێمەوە تیپى ئەزموونگەرى كەركوك ڕێگایەكى دوورى چەند ساڵەى بۆ كورت كردوینەتەوە و ئێمەش نەك پێمان شەرمە بەڵكو بەشانازییەوە ئیش لەسەر ئیكتیشافاتەكانیان ئەكەین بە تایبەت كە من وەك (شكۆ عومەرى ئەكتەر) ماوەى سێ ساڵ یەكێك بووم لە كارەكتەرەكانى ئەو تیپە و بەشدارى زۆربەى ئەزموونەكانى ئەوانم كردووە لە نزیكەوە ئاگادارى ئەو دەسكەوتانەم كە ئەو تیپە بە دەستى هێناون بۆ شانۆى كەركوك، ئێستاش نامانەوێ لە دواى نەمانى ئەو تیپە یان دەرچوونیان لە كەركوك ئەو ڕەوتە ئەزموونگەرییە لە شارەكەدا وون بێت و یا كاڵببێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە