سێ قەیرانى شارستانییەت

Tuesday, 24/08/2010, 12:00

1774 بینراوە




ئەگەر ئەمڕۆ شارستانییەتەکان ــ بە خۆرهەڵات و خۆرئاوایشەوە ـــ لە قووڵترین قەیراندا دەژین، یان پیربوونە یاخود بە دەست چەقبە ستوویی و کۆتگیرییەوە دەناڵێنن؛ ئەوا قەیرانى هزری یەکێکە لە سیما و رەنگدانەوەکانى ئەو قەیرانە شارستانییەتەى کە ئەمڕۆ لە ئاستى بنبەستبووندا گینگل دەخوات. لە راستیدا ئەوەى شارستانییەتەکانى بەرەو قەیران ئاراستەگیر کردووە چەقبەستوویی و دۆگما و غەیبانیەت و سەنترالیزم و راستڕەوێتى هزرە لە نێو ئەو شارستانییەتانەدا. چونکە لە ئاکامدا هزر لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا شارستانییەت دەئافرێنن. کە هزر لە قەیران دابێت ئەوا مسۆگەر شارستانییەتیش لە قەیراندا دەبێت. بۆیە قەیرانى شارستانییەت و قەیرانى هزری دوو رووی یەک راستینەن و ناتوانین لەیەکتریان جیاکەینەوە.
بۆ ئەوەى وردتر ببینەوە دەکرێ خۆرهەڵاتى ناوین بە نموونە بهێنمەوە؛ لە رەوشی ئێستادا قەیرانى هزری و شارستانییەتى خۆرهەڵاتى ناوین لە سێ تەوەرەدا دەستنیشان بکەم "رەسەنایەتى، لاسایی، نوێبوونەوە"ن بێگومان خۆرهەڵاتى ناوین لانکەى دەرکەوتنى شارستانییەتى یەکەم و دووەمە (واتە:شارستانییەتى نیۆلۆتیک و شارستانییەتى چینایەتى کە لە سۆمەریەکان بەدواوە دەستپێدەکات) لە پێش مێژوو و سەرەتای مێژووەوە تا سەدەى پازدە هەر خۆی سەرکێشى رەسەنایەتى شارستانی کردووە و خۆی ناوەند و سەرچاوە بووە. بەڵام لەو مێژووە بە دواوە ئیدی تاهاتووه‌ ئەو تایبەتمەندییانەى لە دەستداوە و کەوتۆتە پەراوێزى شارستانیەتەکانەوە. نەیتوانیوە دەستبەردارى رەسەنایەتى شارستانییەتى خۆی بێت و پێکداخشانێکى پۆزەتیفانەشی لەگەڵ شارستانییەتەکانى دیکە نەکردووە یان لاسایی کردنەوە یان رەتکردنەوەى رەهای شارستانییەتەکانى دیکەى لەبەردەم دابووە. هەروەها دۆگما و چەقبەستبوویی و غەیبانییەتى هزریش نەیهێشتووە خۆی نوێبکاتەوە. بۆیە ئێستا تەنیا رەسەنایەتى شارستانییەتەکەى دادى نادات و ناشتوانێ تەنیا بە گەڕانەوەى بۆ رەسەنایەتییەکەى خۆی، بەبێ خۆ نوێکردنەوە و پێکداخشانى پۆزەتیفانە لەگەڵ شارستانییەتەکانی دیکە ــ بە تایبەت شارستانییەتى خۆرئاوا ــ لەو چەقبەستوویی و لە پەلوپۆکەوتووییەى خۆی رزگار ببێت.
خۆرهەڵاتى ناوین لە سەدەى نۆزدە و بیستدا هەوڵیدا لە میانەى ((لاساییکردنەوە و کۆپیکردن)) ى شارستانییەتى خۆرئاوا و بەخۆدابڕاندن لە رەگ ((رەسەنایەتى)) خۆى لە چەقبەسوویى و پەلوپۆکەوتوویی رزگار بکات. بەڵام دواى 200 ساڵ ئەمڕۆ گۆڕانێکى گەوهەرى لە هزر و شارستانییەتى خۆرهەڵاتى ناوین رووینەدا. ئەوەى روویداوە پێکداخشانێکى نێگەتیفانە بووە. دوای ئەوەى دوو سەدە لە لاسایی کردنەوە و کۆپی کردنى خۆرئاوا، کە پەسندکردنێکى رەها بوو و هیچ داهێنان و نوێبونەوەیەکى گەوهەرى و ریشەیی لێنەکەوتەوە، ئەمڕۆ شانبەشانى پێداگرى و بەردەوامى لە لاسایی کردنەوە و کۆپیکردن، رەتکردنەوەیەکى رەهاى خۆرئاوا و شارستانییەتەکەى وەک رەوتێک کە ((فەندەمەندالیزم ـــ ئوسوڵگەرایی)) چەقى ئەو رەوتەیە لەنێو کۆمەڵگاکانى خۆرهەڵات لە پەرەسەندن دایە.
ئیدی ئەو تابلۆیەی دەیبینین دوو رەوت تێیدا دەبزوێ: لەلایەک لە ژێر ناوى نوێبوونەوە، خۆی لە رەسەنایەتى شارستانییەتى خۆى دەپچڕێنێ و نەفرەت لە رەسەنایەتى خۆی دەکات و بە میکانیزمى لاساییکردنەوە و کۆپیکردن دەیەوێ نوێببێتەوە و لە پێشکەوتووترین شارستانییەت بچێ. بۆ ئەمەش لە میانەى پرۆسەى خۆرئاوایی بوونەوە نکۆڵى لە خۆی دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە رەوتێکی دیکە لە بزاوتن دایە؛ کە لە ژێر ناوى پەیوەستبوون بە رەسەنایەتییەوە هەر پێکداخشانێکى پۆزەتیفانە لەگەڵ شارستانییەتەکانى دیکە بە شێوەیەکى رەها رەتدەکاتەوە و پێداگرى لەسەر دۆگمایی و چەقبەستوویی و غەیبانییەتى خۆی دەکات و نایەوێ لە قاوغى بەستەڵەکیانەى خۆی دەربچێ. ئەم رەوتە وەک کاردانەوەیەکى نێگەتیفانەى رەوتى خۆرئاوایی بوون ئاقارى ئووسوڵگەرایی گرتووە و دەستبەردارى لێناکات.
تابلۆیەکى بەمجۆرە ئاماژەیەکى رەوانە بۆ قەیرانگەرایی شارستانییەتى خۆرهەڵاتى ناوین. ئەمەش بە روونى رەنگدانەوەى خۆی لەسەر هزر و تەنانەت لەسەر کولتوور و بوارەکانی دیکە دیارە. بەڵام هەر هزرى دۆگمایی و غەیبانییەتیشە شارسشتانییەتى خۆرهەڵاتى ناوینى بەرەو قەیران ئاراستەگیر کردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام، کە بەبێ گۆڕینى ئەو هزرە، کە ئەقڵییەتى دۆگمایی و غەیبانییەت بەرهەمەکەیەتى، هەرگیز ناکرێت باس لە دەرباز بوون لەو قەیرانە گشتگیر و سەرتاپایە بکرێت لە خۆرهەڵاتى ناویندا، مسۆگەر ئەم دەربازبوونەش سێ پێچکە و ستوونى خۆی هەیە کە (رێنیسانس ـ رۆشنگەرى ـ ریفۆرم)ن. ئەم سێ پێچکە و ستوونەش گەوهەرى میتۆد و بەرنامەى ئاراستە گرتنە بەرەو بونیادنانى شارستانییەتى دیموکراسی لە خۆرهەڵاتى ناویندا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە