خدرمەرەسەنە: پژاك حزبیك نیە دامەزرا بێت لەسەر كۆمەڵێك ئایدۆلۆژیەتی روت بەڵكو لەسەر بیری نەتەوایەتی دامەزراوە

Thursday, 12/11/2009, 12:00

2195 بینراوە


كەسایەتی سیاسی‌و ناسراوی ناو بزوتنەوەی كوردایەتی لە خۆرهەڵاتی كوردستان خدرمەرەسەنە، كە ئێستا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ كار دەكات، دوا پلەی حیزبی راوێژكاری كۆمیتەی ناوەندی بووەو، لیپرسراوی پەیوەندییە نیشتمانیەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە لەهەرێمی كوردستان، ئێستا خاوەنی چەند كتێبێكە (ئاوێنەی راستیەكان، بەرگی یەكەم، راسیەكان دەلێمەوە، بیرەوەرییەكانم بۆ مێژوو، ریفۆرم بۆ چاكسازی، شۆرشێكی سپی لەژێر رۆشنگەری، لەئیستاشدا سێ‌ كتیبی وەرگێراوەو لەژێر چاپدایە. لە دیمانەیەكی تایبەت بە روماڵدا قسە لەسەر نهێنیەكانی ناو بزوتنەوەی كوردایەتی لەو بەشەی كوردستاندا دەكات.
ڕوماڵ: با لە رۆلی (ژێكاف)وە، بڕۆینە ناو گفتوگۆكەمان، ئایا ئەو، وەك یەكەم رێكخراوی سیاسی خۆرهەڵاتی كوردستان، بۆچی چۆن بوو حیزبی دیموكراتی كوردستان؟
خدر مەرەسەنە: سەرەتا، سوپاس، هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامەكانی هێرش و پەلاماری سۆڤیەتی ئەوسا، بۆ سەر خاكی ئیران و دروستكردنی كۆماری ئازەرباینجان و، كۆماری كوردستان، چونكە(ژێكاف) تا ئەو سا رێكخراوێكی نەتەوەیی داخراو بوو، هیچ حزب و رێكخراو، یا گروپێكی نەتەوەیی داخراویش ناتوانێت لەپرۆسەی دیموكراسیدا وەك ئەوەی كە پیویستە بەشداری بكات، بۆیە بەسەفەری پیشەوا (قازی محمد) بۆ مۆسكۆو كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی یەكێتی سۆڤیەت لەو وڵاتەدا، بریاردرا ژێكاف پێكهاتەكەی لەرێكخراوەییەوە بكرێتە تەشكیلاتێكی حزبی كە سەرئەنجام حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لێكەوتەوە، بەواتایەكی تر، ئەمە بۆ ئەوە بوو شێوە تەشكیلاتێك بێتە كایەوە كە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەڕیزەكانی خۆیدا بگرێتە خۆ، كە ئەوە لەچوارچێوەی هەیكەلێكی رێكخراوەیدا، ئەستەمە.
ڕوماڵ: دروستبوونی حیزبی دیموكرات و، دواتر راگەیاندنی كۆماری كوردستان،چ كاریگەریەكی هەبوو لەسەر گەشەكردنی شۆرشی رزگاریخوازی كوردەكان لەو قۆناغەدا؟
خدر مەرەسەنە: لەواقیعدا كاریگەری زۆری هەبوو لەكۆكردنەوەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەدەوری ئەو حیزبە، تەنانەت بەشێك لەكوردانی باشوریش بەرێبەرایەتی بارزانی نەمر بەشداریان تێدا كرد. رەنگە گەورەترین سەركەوتنی ئەو دو ئاڵوگۆڕە، ئەوە بووبێ‌ كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا میژوویەكی گەورەی بۆ كورد تۆماركرد، بەمانایەكی دی، راگەیاندنی كۆمار تەنها دەستكەوتێك نەبوو بۆ بەشێك لەبەشەكانی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو كوردو بەشەكانی بوو، ئەی ئەوە نیە تا ئێستایش شانازی بەو دەستكەوتە گەورەیەوە دەكرێت.
ڕوماڵ: ئەگەر بەكورتیش بێ‌ دەمانەوێ‌ بزانین دوای روخانی كۆمار، ئەو حزبە لەو ساوە ئەمڕۆ، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
خدر مەرەسەنە: كە كۆماری كوردستان روخاو پیشەواو هاوڕیانی لەسێدارە دران، خەباتی حزبی دیموكراتیش بۆماوەی 3 هەتا 4 ساڵا دوای ئەوە وەستا، بۆیە هەندێ‌ لەئەندامانی حیزب كە مابوون بۆ زیندوكردنەوەی حزب بەراستی تیكۆشانێكی نوێیان دەستپێكرد، بەندە وەك یەكێك لەو كەسانە بەشێك لەو شانازیانەی بەردەكەوێت كە لە سالی 1956داو لەناوچەی سەردەشت رۆِڵی خۆمم بینی، دیارە دوای دوو سێ‌ ساڵیش لەزیندووكردنەوەی ریكخستنەكانیشی، خۆی دامەزراندەوە، بەڵام هەرگیز وەك سەردەمی قازی، حزب نەیتوانی ببێتەوە خاوەن ئەو پێگە تەشكیلاتی و جەماوەرییەی سەرتاسەری كوردستان، تایبەتیش لەناوچەكانی (ئیلام و خوراسان و كرماشان) كە یەك ملیۆن كوردی تیدا دەژیت، ئەمەش وەك یەكێك لەهۆكارە گرینگەكانی لاوازبوونی دواتر بوو بەدەرئەنجام لە روبەروبوونەوەی رژیمی كۆماری ئیسلامی. دوای روخانی رژیمی"شا"ـش، گەراوەی سەركردایتی حزب لەعیراقەوە بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان، دیسان ڕیبەرانی حیزبی دیموكرات و كادیرەكانیشی نەیانتوانی وەك پیوست ریكخستنەكان دروستبكەنەوە لەو ناوچانەو، تەنانەت لەسنەش، بەمەیش دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە بڵێن حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئیران، گشتگیر نەبوو، تەنها لەناوەندی كوردستان كە دەگاتە (سەقز، بۆكان، بانە، سەردەشت، مهاباد، رەزایە) زۆر بەهێز بوو، بەلام لەناوچەكانی ترو پارێزگاكانی تر زۆر لاواز بوو. ئەمەیش لاوازیكرد، وایكرد حزب پەنا بەرێتە ئەم لاو ئەولا بۆ خۆ هاوسەنگكردن كە دوا جار تێكشكانی شۆرشەكەیشی لێكەوتەوە.
روماڵ: ئەگەر كەمێك رونتر لەسەر ئەو بابەتە بۆمان بدوێیت.
خدر مەرەسەنە: رێكنەخستنی كۆمەلانی خەڵك و هۆشیار نەكردنەوەیان، هاتنی كۆمەڵەو، نەبوونی ئابوریەكی خۆماڵی بەهێزو، وەرگرتنی هاوكاریەكانی ڕژێمی بەعسی عیراقی كە زۆر بەگران لەسەر حزبی دیموكرات شكایەوە، دەركەوتنی نەبوونی ئۆتۆریتەی رێبەری حزبەكان، دروستبونی شەری ناوخۆ، شۆرشی بەرەو لاوازی برد.
روماڵ: باشە با گرینگترین هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شەری نێوان حزبی دیموكرات و كۆمەڵە لەڕوانگەی ئێوەوە بزانین؟
خدر مەرەسەنە: دیارە هۆكارەكان زۆر بوون، لێرەدا دو لەوان بەهۆكاری سەرەكی دەبینم، یەكەمیان سەركردایەتی هەردوولا یەكتریان قەبووڵ نەدەكرد، ئەمەیشیان لەپیناوی سەپاندنی دەسەلاتی حزبی بەسەر خەڵكدا بوو، حیزبی دیموكرات كەحیزبێكی گەورەو مێژوویەكی گەورەی هەبوو، لەو تێگەیشتنەوە ئەهمیەتی بەدروستكردنی حیزبەكان نەدەدا، واتە نەفەسی سیاسی زۆر بچوك بوو لەبەرامبەر دروستبوونی ئەوانی تردا. منێكیش ئەو رۆژانە لەناو حزبی دیموكراتدا رەنگە هەڵگری هەمان بۆ چوون بوبم، كە سەركردایەتی حزبەكەم هەیبوو، خاڵی دووەم، بێگومان كۆمەڵەش لەدروستبوونیەوە بۆ بەبەرەكانی لەگەل رژیمی ئیران و دووژمنەكانی دروستنەبوو، راست بۆ بەربەرەكانی لەگەڵ حزبی دیموكرات دروستبوو، دەستێك هەبوو ئەوانی دروستكرد، ئەو دەستە ئەو دەم دۆستی حیزبی دیموكرات نەبوو، كەسانێكیش لەسەر كردایەتی كۆمەڵەدا هەبوون سەردەمی خۆی كە شای ئیران شۆرشی سپی دەستپیكردو موڵكی بەسەر جووتیاراندا دابەشكرد، یەكێك لەبنەماڵەی ئەو ئاغایانەی پەلاماری جووتیارانی كوردستانیان داو، لانكی ساوای جووتیارانیاندا بەچۆمی مەجیدخاندا، بنەمالەكانی كاك سەڵاحی موهتەدی و عەبدوللای موهتەدی بوون، لەدوایشدا بۆ ئەوەی لەدەسەڵات نەكەون هاتن لەبەرگی حزبایەتی و سیاسەتدا كۆمەڵەیان دروست كرد، كۆمەڵەیەكیش تەواو لەگەڵ بیری دەرەبەگایەتی جودا، هەردوو لاش سەرە ڕۆ بوون، هیچیان قەبووڵنەدەكرد ئەمەیش بۆ بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بەداخەوە سەرئەنجام ئەوەی زەرەرمەند بوو بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردایەتی بوو.
روماڵ: بەدەر لەو كاریگەریانە، كە وا بوو، با بزانین گرینگترین هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی شۆرشی كورد لە بەشە خۆرهەڵاتیەكەی چیبوون؟
خدر مەرەسەنە: یەكێك لەو هۆكارانە نەبوونی ئۆپزسییۆنێكی سەرتاسەری بوو لەئیران، نەكورد توانی ئۆپزسیۆنیكی هاوبەشی نەتەوەیی پێكبێنێت لە كوردستانداو، نەحیزبەكانی تری ئیرانیش ئەوەیان پێكرا، دیارە حیزبی دیموكرات ماوەیەك چووە ناو موجاهیدنی خەڵك، بەڵام نەچوونەكەی لەسەر حیسابێكی عەقڵ مەندانە بوو، نە هاتنە دەرەكەیشیی، لای هەردو لا بۆ خێری فارس و كورد نەبوو، تۆ سەیر بكە سەركردایەتی حیزبی دیموكرات بێئەوەی پرس بەموجاهیدن بكا كەوتنە وتووێژ لەگەڵ رژیمی كۆماری ئیسلامی.
رێگە بدەن با شتێكی تریش بڵێم، لەراستیدا ئێمە وەك كورد هێشتا ساغنەبووینەتەوە لەسەر چ بنەماو بەرنامەیەكی هاوبەشی نەتەوەیی دەكەوینە گفتوگۆ لەگەڵا رژێمەكان، بە نمونە وەفدی نوێنەرایەتی كورد لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئیران لەمهاباد حەوت خالێدا بەلایەنی بەرامبەر بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كورد، یەكێكی تری بۆ زیاد كراو دواجار شەڕی بۆ كورد لێكەوتەوە، ئەویش سەلاحی موهتەدی و دكتۆر جەعفەری شافعی بوون خالی هەشتەمیان بۆ زیاد كرد، بەپێی ئەو خاڵەیش دەبوو، حزبی كوردی هاوكاری حزبەكانی تر بكات بۆئەوەی دژی داگیركەرانی بەناو كوردستان خەبات بكات. ئەمەش وایكرد شەڕی قیادە مووەقەتە بەسەر حیزبی دیموكراتدا بچەسپێت، لەواقیعدا دیموكرات دژی ئەو خاڵەبوو، ئەوە تەنیا سەلاحی موهتەدی دایە نوێنەرانی كورد كە شەرەكەش و زیانەكەشی بەسەر دیموكراتدا شكایەوە.
روماڵ: دەكرێ‌ باسی ئەو حەت خاڵەمان بۆ بكەی؟
خدر مەرەسەنە: ناتوانم لەئێستادا زۆر بەوردی باسیبكەم، خودموختاری، سەرلماندنی مافەكانی كورد لەكوردستانی ئیران، بەشداریكردن لەدەسەڵاتدا، مافە فەرهەنگی و كۆمەلایەتیەكانیش، بەشێك لەپێكهاتەی ئەو خاڵانە بوون، تەنانەت دانیشتنكرا لەسەر خودگەردانی، كە زۆر كەم بوو بۆ كورد، سەركردەكانی كورد، بەتایبەتی دكتۆر قاسملوو دەیگووت" خۆم پێ لەهەموو ئیرانیەك ئیرانی ترە"، ئەمەش وایكرد رژیمی كۆماری ئیسلامی ئیران هەنگاوی باش بنێت بۆ چارسەری كورد، ئەوان تەنها دەیان ویست لەچوار چێوەی فەرهەنگی و خودگەردانی ووتووێژ بكەن، بۆیە دەبوو زۆرمان داواكردباو بەكەم رازی بووباین. بەڵام دوای دروستبوونی شەرە ناوخۆییەكانی حزبە كوردیەكان، بەرنامە گۆرا، كەس بەكەس رازی نەبوو، هەموویان كێشەی ناوخۆیان هەبوو، هەموویان بوونە دوبەش و زیاتر، لەو كاتەیشەوە حیزبی دیموكرات 20 سال زیاترە كوردستانی ئیرانی جێهیشتووەو، حیزبەكانی تریش لەسەردەمی بەعسەوە لەئۆردوگاكاندا نیشتەجێبوون، كەمتر چالاكی سیاسی و دیپلۆماسی و چەكداریان هەیە، نەیشیان توانیوە ببنە ئۆپزسیۆنێكی گەورەو بەهێز، لەژیر چاودیری حكومەتی هەریمدا شۆرش ناكرێ‌، دەبێ‌ بگەرێنەوە سەر سنورو وەك پژاك لەبناری قەندیل و چیاكانی كوردستان خەبات بكەن.
روماڵ: حزبەكانی ئیران ئێستا لە 12حیزب و ریكخراوی سیاسی پێكهاتوون، ئەوان ئێستا چ ڕۆڵێك دەگێڕن لەبواری خەباتی دیبلۆماسیدا؟
خدر مەرەسەنە: لەواقیعدا ناتوانم بلێم هیچیان نەكردووە، بە نموونە حیزبی دیموكرات ئێستا ئەندامی گۆنگرەی ئینتەرناسیۆنالی جیهانە، بەلام كۆمەڵەو حیزبەكانی تر ناتوانم بڵێم هیچ رۆلێكیان هەیە لەدەرەوەی وولات، چونكە خودی كۆمەڵە ئیستا چوار بەشن، بەمە دەستكەوتە حزبیەكانیشیان لەدەستداوە.
ڕوماڵ: هۆكارەكانی نەمانی خەباتی چەكداری حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە بۆچی دەگەرێتەوە؟
خدر مەرەسەنە: لەبەر نەبوونی ئابووریەكی سەربەخۆیە، نەحیزبی دیموكرات و نە كۆمەڵەو نە حیزبەكانی تر سەربەخۆی ئابوریان نیە، تا بتوان بەویستی خۆیان خەباتی چەكداری دریژە پیبدەن. ئەمە لەكۆنەوە تا ئەمڕۆ، هەروا هاتووە، ئەم هۆكاریانەش وایانكردوە كە دیموكرات و كۆمەڵە دابراون لەخەلك، هەر حزبێكیش كە لەخەڵكی خۆی دابرا بەراستی ناتوانێت رۆلی هەبیت لەبزوتنەوەكەیدا.
روماڵ: وەستانی خەباتی چەكداری ئەمان، نەبۆتە مایەی وەستانی یەكجارەكی ئەو شێوە خەباتە، پژاك، ئایا ئەوان بوونە بەدیلی دیموكرات و كۆمەڵە؟
خدر مەرەسەنە: لەراسیدا هۆی دروستبوونی پژاك بۆ نەبوونی حزوری حزبی دیموكرات و كۆمەڵە دەگەرێتەوە، راستە پژاك لەلایەن pkkوە هاوكاری دەكرێت و پشتیوانی ئابوری لێدەكرێت بەڵام هەموویان خەلكی رۆژهەلاتی كوردستانن، لەحزبەكانی ترەوە هاتوونەتە ناو پژاك و خەڵكانكیش هەن لە ناویان كە دەرچوووی زانكۆكانن، بەراستی بیری نەتەوەیان ئەوەندە بەهیزەو ناوچەی ئازادیان بۆ خۆیان هەیە، هیچ هیزو لایەنێك ناتوانێت زیانیانی پێبگەیەنێت، لەروی ئابوریەوە لەسەر پێ خۆیان وەستاون، چاو لەژێری كەسی ترن نین.
روماڵ: بەڵام داوا لە جەنابت كرا بۆناو پژاك كەچی ڕەتتكردەوە؟
خدر مەرەسەنە: نزیكەی پەنجا ساڵە كادری ئەو حیزبە بووم(حزبی دیموكرات) لەئاستی بەرزو ناوچەدا كارم كردوە، هەروەها لەدەرەی وڵاتیشكارم كردوە، بەلام دوای ئەو لێكدابرانەو ناكۆكیانە، من قەڵەمم هەڵگرتوو دەستم بە نووسین كرد، بۆ پژاكیش داوایان لێكردم ئەوەش بۆ ئەوە ناگەریتەوە كەمن بروام بەئەو نەبیت، نا، بەڵام من ناتوانم حزبایەتیبكەم لەچیوەی حیزبێكدا، بیرو بۆچوونی خۆم ئاوا ئازادانەتر دەردەبرم، حیزب دەستو پێبەستە.
روماڵ: یەكێك لەكتێبەكانت بەناوی ئاوێنەی راستیەكان، بۆ ماوەی سێ‌ سال َ قەدەغە كرا، لەناو دیموكرات، ئایا ئەوە بۆ ئەوە بوو تۆ راستیەكانت گوتوون؟
خدر مەرەسەنە: ماوەی 45 ساڵ، لەناو ئەو حیزبەدا كارمكردوە، شەش جار حزبی دیموكرات لێكدابراوەو، لەتیكەڵبوونەوەكان و، شەرە ناوخۆیەكان و پەیوەندییەكاندا، من لەهەموویاندا لەگەڵبووم، من هاتووم پەردەم لەسەر هەموو رووداوەكان لابردوە، باسم لەهۆكاری لێكدابرانەكان كردوە، ئێستاش حاڵا هەر حاڵی بازرگانیكردنە بەحزبەوە، بۆیە تا حیزبی دیموكرات یەك پارچە نەبێت و بەعەقلی سیاسیەوە سەركردەكانی بۆ بەرژەوەندی حزب كار نەكەن، لەگەل هیچیان نابم، كتیبەكانیشم بۆ ئەوە بوون رووداوەكانم وەك خۆی باسكرد بوو، ئەوان تەحەموولی ئەوە ناكەن بلێن دكتۆر قاسملو هەڵەیكردوە، ئەوانەی ئیستاش حزبەكەیان لێكجیا كردووەتەوە قوتابیانی رێبازی ئەون، بەراستی شتێكی خراپی بۆ كورد جێهێشت، دكتۆر قاسملو كەسیكی زانابوو، بەراستی كەسێكی بەتوانا بوو، بەڵام ئەو بیری ئاغایەتی و دەرەبەگایەتیەی كە هەیبوو وەك عبداللەی موهتەدی هەڵسوكەوتی لەگەڵ بەندەنەی خۆی دەكرد، تا جیابوونەوەیش من نەمتوانی كتێبەكەم چاپ بكەم.
روماڵ: چۆن دەروانیتە ئایندەی حیزبی دیموكرات و كۆمەلەو پژاك؟
خدر مەرەسەنە: لەراستیدا نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە، بمانەوێ‌ و نەمانەوێ‌ ئەوەی ئێستا لەگۆرەپانەكەدا هەیە"پژاك"ە، نووسەران و رۆشنبیران و قوتایبان و زۆربەی چین و تویژەكانی تر، پێیان وایە ئەگەر پژاك نەبێ‌ گۆرەپانەكە بەتاڵە، پژاك حزبیك نیە دامەزرا بێت لەسەر كۆمەڵێك ئایدۆلۆژیەتی روت بەڵكو لەسەر بیری نەتەوایەتی دامەزراوە. ئەمرۆش ئەو حزبەی گەشە دەكات لەكوردستاندا پشت بەبیری نەتەوەیی دەبەستێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە