چیرۆکی ژیان

Saturday, 22/02/2014, 12:00

2263 بینراوە






چراتۆڕ لە قولینجێکی ژوورێ لەسەر چەرپایەیەک داییسا. خامێکی سپی گوڵدۆزی کراوی لە ژێر راخرابوو کە بە دەورانبەری چەرپایەکەدا شۆڕ ببوە. کەمێک ئەو بەرتر،شۆ شۆ بە تاسکڵاوو چارشێوشانەوە لە پەنا سەماوەر، کە جێی هەمیشەیی خۆی بوو، دانیشتبوو. ئیستکان وناڵبەکیەکان پاک وخاوێن لە پەنا سەماوەر، هەڵچندرابوون. دوو سێ کچە جحێڵەی خزم لە هاتوچۆدابون.ماڵ هەڵگیرابو هەموو شت ڕەنگێکی نوێی بە خۆوە گرتبوو. گنجی پەردەکان دەریاندەخست کە تازە شۆراون وئەوڕۆ ئێوارەیەکی درەنگ هەڵاوەسراونەوە. ژنێکی جحێڵ ومنداڵکارە لە گۆشەی بەرامبەری چراتۆڕەکە، دەجێوبانێکی خاوێندا راکشابوو.دۆشەگەڵە وباڵنجێکی بچوکی لە پەنا راخرابوو کە مەلۆتکەیەکی لەسەر درێژ کرابوو.
پیاوەکان هاتنەوە وئاوەدانیەکی تریان خستە ناو ماڵەکە. دوو سێ کەسیشیان لە خزمەکان لە گەڵ بوو.نان خوراو مەجلیسی قسەو باسی خۆش دامەزرا. نوقڵ وشەو چەڵە لە چەقی ژوورێ ریز کران ولەسەر بڕیاری پێشوو نێوی منداڵەکەیان نا (ژیان).
دەست بەدەست دەگەڕێ. هەر کەسە ماچی دەکرد وئاواتی تەمەنی درێژی بۆ دەخواست. گەیشتەوە دەستی باپیری. بە چاوە چکۆلە وردینە سپێکەیەوە تێی ڕاما. دوعایەکی بەسەردا خوێند وماچی کرد ولێی خورد بۆوە. دەتگوت لە سیمای ژیاندا لە ئاواتە بە دی نەهاتوەکانی خۆی دەگەڕێ.دایەوە دەست شۆ شۆ ولەپەنای دایکی دایاننا.
/ ژیان / هەروا کە لەسە ر پشت ڕاکشابوو، بیری لە رۆژانی پێشوو دەکردەوە. لە خانووبەرەی دوو نهومەکەی سەردەمی منداڵی، لە پلیکانە بڵیندەکان، لە حەوشەی گڵ کە ئێواران ئاوپڕژێن دەکرا ودەماڵدرا، لە دارەمێوەکەی پەنا مدبەق، لە کۆڵانی تەنگە بەرو دوورو درێژ.........
بە ئاسپایی راوەستەوە بوو. بەرەو پەنجەرەی ئاوەڵاکەی حەسار رۆیی. گوڵەبەڕۆژەکان هێندێک راست هەڵچوبون و لە پشت شووشەوە سەرەتاسکەیان دەکرد وچاویان بڕیبوو ژوورەکە، هێندیکێش پشتیان چەمابووە وچاونزێر بەرپێی خۆیان دەپشکنی.
/ ژیان /، هەروا کە دەستی بە ڕیسمەی پەنجەرەکەوە بووبە هێزوتوانای خۆی قاقایەکی کێشا ولە گەڵی پشتەوشکێن بووە. بەدەم پێکەنین فرمێسکەکانی دەسڕیەوە وبەرەو پەنجەرە داخراوەکەی ئەوبەر هەنگاوی نا...
باسکەکانی لەسەر سینگی گرێ دابوو ولاجانگی بە شووشەکەوە نووساندبوو. جاڵجاڵوکەیەک کەلێنی دەرەوەی پەنجەرەکەی تەنیبوو ووشکهەڵاتبووی پێوە بوو. هەندێک وردە کاغەزو چەند گەڵای زەردوسوور هەڵگەڕاولە نێوەراستی حەوشە تەنگو بێدەنگەکەی پشتماڵەوە، شایی جندۆکان دەگیرا. پەپوولەپاییزەکانیش لە بن دیوار رێچکەیان بەستبوو وقەراغەوقەراغ دەسوڕانو سەیری ئەم ڕەشبەڵەکەیان دەکرد.
پەپوولەیەکی گڕاوی بە زەینیدا ڕاخوشی وئاسمانی بیری رووشاند " دەنگی قامیش ئەو رۆژە خنکا" کە شمشاڵیان لێ دروست کرد.! ژیان هەستی بە گەرمیی ئەو فرمێسکە کرد کە وەکی ئاوی کوڵیو روومەتی بڕی ولە ژێر چەنەی چلوورەی بەست.
تاسەی بیرەوەرییە نێژراوەکانی هەڵیانگرت. خۆی لە " گومبەزان " دیتەوە. بەداوێنی گردەکەدا هەڵگەڕا وبە ئالی هەر کێلێکدا دەبووری،لە ناوەکەی خورت دەبووە. لە دوندی گردەکە راوەستا. پێشی شاخ بوو وپشتی شار. بە ئارامی وەرچەرخا ولە گۆڕستانە گەورەکەی دووری ڕوانی.
بایەکی تۆزاوی هەڵیکردێ وبڵێسەی قژەکانی وەسەما خست. رۆژ لە / داشامەجید /وە ئاوا بوو !؟ و شۆشۆ فووی بە سەماوەرەکە داکرد. پێچی چرا تۆڕەکەی شل کردەوە وتۆڕەکە هێندێکی کایە بە گڕە ڕەش هەڵگەڕاوەکەی لای چەپی سینگیەوە کرد و کوژاوە.
/ ژیان / لە ئاستی خۆی رۆنیشت. کێلێکی بۆر لە بەر دەمی وردە وردە لە گڵە زەردەکە ڕوا وهەندی گوڵەبەرۆژەیەک هەڵچوو.لەسەری نوسرابوو: چ بەختەوەرم ئەمڕۆ، کە لەشم لە ئامێزی تۆدا ئارامی گرتووە ومێشک ودڵ وخوێن و هەناوم لە تۆدا دەتوێتەوە وپڕوزەڵەکانی جەستەم تێکەڵ بە دارو بەردو تۆزو خۆڵی تۆ دەبنەوە،" ئەی نیشتمانی بێ کەسم !! "
گومبەزان : گۆڕستانی گشتی شاری مهاباد
داشا مەجید: کێوێکە لە رۆژهەڵاتی مهاباد
نوسەر: ع / س/ تاوەگۆزی /
تێبینی بۆ خوێنەر: ئەو چیرۆکە هی من (ج،،کەریمی) نییە . بۆ منیان ناردووە و منیش بۆ کوردوستان پۆستم نارد تا بڵاوی کاتەوە، دووپاتی دەکەمەوە من خاوەنی ئەو ئەو چیرۆکە نیم.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە