کۆمەڵەى خوێندکاران و مەڵبەندى یەکێتى بە 104پاس 2383 قوتابی دەربەندیخان لە دەوامدەکەن و دەیانبەن بۆ سەیران

Saturday, 02/05/2009, 12:00

1740 بینراوە


کۆمەڵەى خوێندکاران و مەڵبەندى یەکێتى لە دەربەندیخان رۆژێکى دەوامى ئاسایی رادەگرن و بە زیاتر لە 100 پاس، 2383 قوتابی دواناوەندییەکانى ئەو شارە و پەیمانگایەک دەبەن بۆ سەیران و بەرێوەبەرى پەروەردەش رایگەیاندووە هەر مامۆستایەک لە گەڵیان نەچێت غیابی دەدات.
رۆژى شەممە 18/4 کۆمەڵەى خوێندکاران بە هاوکارى مەڵبەندى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە دەربەندیخان، سەیرانێک بۆ نۆ قوتابخانەو پەیمانگایەکى دوو دەوامى رێکدەخەن، ئەو ڕۆژەش لەسەرجەم ئەو قوتابخانانە دەوام رادەگیرێ.
بە پێى بڕیارێکى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رێوەبەرى هیچ قوتابخانەیەک ناتوانێت گەشت بۆ قوتابیانى قوتابخانەکەى ئەنجامبدات جگە لە گەشتى زانستى کە ئەویش رەزامەندى و نووسراوى رەسمى پەروەدەى دەوێت.
گەشتەکەى کۆمەڵەى خوێندکاران و مەڵبەندى یەکێتى گەشتى زانستى نەبووە، بەڵکو گەشتى تەرفیهی بووە، کە ئەمەش پێچەوانەى بڕیارەکانى وەزارەتى پەروەردەیە. هەروەها گەشتەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنەکان و ئەو دەنگۆیانەى کە باس لە نیگەرانى گەنجان و قوتابیان دەکەن و پێیوانوایە ئەمجارە گەنجان هەڵوێست وەردەگرن.
پیشتر چەند قوتابخانەیەکى دەربەندیخان داواى ئەنجامدانى گەشتیان کردووە، بەڵام بەهۆى بڕیارى وەزارەتەوە بەرێوەبەرایەتى پەروەدەى دەربەندیخان نەیتوانیووە رەزامەندى لەمباریەوە دەرببرێت.
لەم بارەییەوە ماۆستا عزیز، بەڕێوەبەرى ئامادەیى دەربەندیخان ئاماژەى بەوەکرد پێشتر وەکو قوتابخانەکەیان داوایانکردووە سەیران ئەنجام بدەن، بەڵام بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەربەندیخان رەزامەندى پیشاننەداوە، وتى "ساڵانى ڕابردوو خۆمان دەمانکرد، بەڵام ئەمسالڕ وەزارەت ڕێگەى نەدا سەیران ئەنجامبدرێ".
لەگەڵ ئەوەى مامۆستا عەزیز ئەم گەشتانە بەباش نازانێ، باوەڕیشى وایە کە فۆرمێکى حزبى وەردەگرێ، لەمبارەیەشەوە وتى "هەقە ئەم گەشتانە زانستى و پەروەردەیى بن و قوتابخانەکان خۆیان پێیهەڵسن".
راگرتنى دەوام و ئەنجامدانى گەشت لە لایەن کۆنەڵەى خوێندکارانەوە، شتێکى تاوە نییە، ئەوان ساڵانە لە زۆربەى شوێنەکان
ئارام، یەکێک بووە لەو خوێندکارانەى کە بەشدارى سەیرانەکەى کردووە، پێیوایە دەبێت سەیرانی قوتابخانە بە تەنها ئەنجام بدرێ و هیچ لایەن و حزبێک دەستى تێوەر نەدات. بەڕاى ئارام، ئەم جۆرە کارانە دەستێوەردانە، لەمبارەیەوە "ڕەنگە ئەمە مەرامێکى حیزبى لە پشتەوە بێت".
مامۆستا عومەر، بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەربەندیخان، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان وەک پەروەردە ناتوانن و ئیمکانیەتى ئەوەیان نییە، کە سەیران بۆ قوتابیان ئەنجام بدەن، وتى هەرلایەنێک بیەوێت هاوکارى دەکەین.
سەبارەت بەوەى کە چۆن ڕێگەیان داوە کۆمەڵەى خوێندکاران سەیران بۆ قوتابخانەکانى دەربەندیخان ئەنجامبدەن، مامۆستا عومەر وتى "لەگەلڕ وەزیر قسەم کرد، وەزیر وتى لە دەسەڵاتى خۆتاندایە، هەرشتێ بکەن، نەیووت بڕۆن یان مەڕۆن".
بەڕێوەبەرى پەروەردە بە پەیامنێرى داهێنانى وت "دەشزانم کام خوێندکار ئەم قسانەى بۆ کردوویت".
سەبارەت بەوەى کە زۆر لە مامۆستا کراوە، مامۆستا عومەر وتى "من وتومە زۆر لە مامۆستا بکەن و هەر مامۆستایەکیش نەڕوات غیاب دەدرێت".
ئەو هۆکارى ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ئەو ڕۆژە پشوو نەبووە، بۆیە دەبێ مامۆستا ئیلتیزامى هەبێت وکو رۆژەکانى دیکە. بەرێوەبەرى پەروەردەى دەربەندیخان ئەم جۆرە سەیرانانە، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە ئەنجام دەدرێ، بەهاوکارى مەڵبەند، بە دەستێوەردان نازانێ و بە ڕۆژنامەى داهێنانیشى وت" دەبوایە پشتگیرى لەم جۆرە کارانە بکەن".
چەند مانگێک لەمەوپێش جلال تاڵەبانی سکرتێرى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پرۆژەیەکى جیاکردنەوى حیزب لە حکومەتى پێشکەش بە مەکتەبی سیاسی پارتەکەى کرد، بەڵام دوابەدواى ئەو پرۆژەیە ئۆرگانەکانى یەکێتى زۆرترین دەستێوەردانیان ئەنجامداوەو ناوەندەکانى خوێندنیش پشکێکى گەورەى ئەو دەستێوەردانانەیان بەرکەوت.
رۆژنامەى داهێنان لە ژمارەکانى پێشوویدا زۆرێک لەو دەستێوەردانانەى بڵاوکردەوە، کە ئۆرگانە حیزبییەکان لە ناوەندەکان خوێندندا ئەنجامیاندابوو.
لەگەڵ ئەوەى پرۆژەکەى تاڵەبانى نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، چاوەرواندەکرێت نەک رێگرى لە دەستێوەردانەکان نەکات بەڵکو قەبارەى ئەو دەستێوەردانانە زیاتر بن، کاتێک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى کوردستان نزیک دەبینەوە.
سەیرانەکەى قوتابخانەکانى دەربەندیخان لە لایەن کۆمەڵەى خوێندکاران و مەڵبەندى یەکتێتییەوە، یەکێکە لەوەدەستێوەرداناناەى کە لەماوەى رابردوودا لە ناوەندەکانى خوێندن ئەنجامدراون.
بۆ ئەم مەبەستە داهێنان پەیوەندى کرد بە محەمەد قاشتى، بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە دەربەندیخان، لەمباریەوە وتى "ئێمە تەنها دەعوەت بوین و میوانى سەیرانەکە بووین".
هاوار کە بەرپرسى کۆمەڵەى خوێندکارانە لە دەربەندیخان، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان سەیرانەکەیان ڕێکخستووە، بە هاوکارى مەڵبەندو بە 104 پاس (نۆ) قوتابخانەو پەیمانگایەکى دوو دەوامیان بردۆتە درەوە بۆ سەیران و مەڵبەندى یەکێتیش پارەکەى بۆ داون.
لەو سەیرانەدا 2383 قوتابی براون بۆ سەیران جگە لە مامۆستاکان کە هەرەشەى غیابدانیان لێکراوە لە کاتى نەرۆشتندا، بەرپرسانى کۆمەڵەى خوێندکاران جەخت لەو دەکەنەوە کە بە بێ مەبەست ئەوەیان نەکردووە مەڵبەندى یەکێتى لە دەربەندیخان هاوکارى کردوون.
هاوار وتیشى "هەر ڕێکخراوێک ئیشێک دەکات ئامانجێکى خۆى هەیە". لە کۆتایدا هاوار دەڵێ " وەزیر ئاگادار بووەو بەڕێوەبەرى پەروەردەش سوپاسى کردوین".
دەربەندیخان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە