بارزانی دەبێتە سەره‌ک وەزیرانی عێراق

Thursday, 08/07/2010, 12:00

1596 بینراوە


لەدوای ڕوخاندنی سەدامەوە کورد ئەو هاوکێشە بو ، کەبناخەی عێراقی نوێی لەسەر بنیاد نرا ، لەهەمان کاتدا بۆتە فاکتەرێک کە بڵانس و بەردو پوشی ئەستێی داگیرسانی ناکۆکییەکان بێت .
سەرانی کوردبه‌ ناو دوو لوتکەی نێو کایەکەن ، سیاسەتی ئەمەریکا بۆ ئەمڕۆی عێراق ، پێویستی بەم شێوە لوتکانەیە . ئەم دوو لوتکەیە قسەکەر نین بەڵکو قسە پێکەرن ، دەست ڕۆیشتونین بەڵکو دەست پێگەیشتون ، بڕیار دەر نین بەڵکو بڕیار پێدەرن ، زۆر بەئاسانی بەکار دەهێنرێن و دەجوڵێن.
لەعێراقدا کورد بۆتە گۆشەیەکی سێ گۆشەکەی باس و کار و پێکهات ، لەهەر خاڵێکدا کاڵ بوونەوە گرفت بوو ، بەکورد تۆخ دەکرێتەوە . ئەم عێراقەی کە کۆسپی هەشتا ساڵانەی خەونەکانمانە ، بەهۆی ئەم دوو لوتکەوە بەخەیاڵ و زۆر بۆتە شادەماری ژیانمان ، مەرجی ئەم ژیانە وەک ڕوانگەو پێداویستی ستارتیژی نەتەوەیمان نییە ، بەڵکو ستارتیژی سیاسەتی ئەمەریکا وا دەخوازێت . قبوڵکردن بەهەر شێوەیەک بێت جۆری قبوڵکردنەکە ڕازی بوون دەست نیشان دەکات ، ئەم قبوڵکردنەی کورد بۆ داخوازی سیاسەتی ئەمەریکا جگە لەبەرژەوەندییە کاتییەکان ، بناخەی بەرژەوەندی دورو تاسەری پێوە دیار نییە .
١٠ / ئۆکتۆبەری / ٦٨٠ زاینی ئیمام حوسەین لەسەر ئەم خاكەی عێراقی ئەمڕۆ لە کەربەلا کوژرا ، چربونەوەی ململانییە خوێناویەکانی شیعەو سونە کەوتە ڕەوشێکی ترسناکەوە . بەپێکهێنانی عێراق لەسەر دەستی ئینگلیز ، دوو ماسیەکەی نێودەریا بوو بە شەڕیان (دوو ماسی ئەگەر لە دەریادا شەڕیان بو ، بێ گومان خەتای ئینگلیزە گاندی) بەهاتنە سەرحوکمی سەدام بۆ عێراق و خومەینی بۆ ئێران ، شەڕی ماسییەکان هاتە سەر زەوی .
عێراقی ئەمڕۆ بەرهەمی تاکتیک و تەکنیکە ، بەکوردیەکەی خۆمان فێڵی ئینگلیزە . 80 ساڵە کورد لەناو ئەم چێوە فێڵاوییەی ئینگلیزدا ، کە ناوی عێراقە ، دەکوژرێت ، ڕوبەڕوی لەناوچون دەبێتەوە ، گەر گیانی بەرەنگاری نەبوایە بونمان نەدەما .
جگە لەبازرگانیانی چەک و نەوت چ هێزێک لەم عێراقەدا سودمەندە ؟. شیعە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەوە کەوتۆتە ژێرپێ . کورد بەهەمان دەردی شیعە . سونە لەململانێی بەرگری دەسەڵات و خۆپارێز و تۆڵەدا هەموو ئالەیەکی دڕندانەی بەکارهێنا. دەکرێت کێ سودمەند بێت؟
لەپێش ٩ /٤ / ٢٠٠٣ ئەمەریکا بەهەزاران میلی بڕی بۆ بنیادنانی پێگەیەکی تری بەرژەوەندییەکانی . سیاسەت و دیبۆماسییەتی زەبەلاحی بەکارهێنا ، پارەیەکی زۆری تیا سەرف کرد ، بەهەزاران سەربازی خۆی لەسەر بەکوشتدا ، سەدر و شیعەکانی ڕزگار کرد . کەچی سەدر و چەند هێزو کەسایەتیەکی تری عێراق ، پێی دەڵێت دەرچۆ ! .
ئەمەریکا ئەو هێزەیە تەنها چین و ڕووس و ئەوروپییەکان لەتواناکانی تێ دەگەن ، وڵاتی تایوان خاكی چینەو چەند میلێک لێوەی دوورە ، ئەمەریکا داگیری کردووە . چین هەرناوێرێت بڕیار لەسەر ڕزگارکردنی بدات ، بەڵکو تەنها لەژێر لێوەوە داوای دەکات .
ئەمڕۆ ئەمەریکا لەعیراقدا بونی هەیە ، وەک بون لە وڵاتانی ژاپۆن و ئەڵمانیاو هتدد . مەرجی دەرچون لەو وڵاتانە ، مانەوەیە . لەعێراقدا بەهەمان مەرج دەمێنێتەوە ، بەڵام دەکرێت تاکتیکێک لە نێوان دەرچون و مانەوەدا بەکاربهێنیت ، ئەویش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی عێراقە لەپێناو مانەوەدا . عیراق لەسەر کورەی شەڕی ناوخۆیە ، کورد تائێستا ماڵی خۆی ڕێک نەخستووە ، ئەمیش بەهەمان شێوە بە بریسکەیەکی پچوک ئاگر لە ماڵی خۆی بەردەدات . گڕ بەربونە ماڵی عێراق لەقازانجی ئەمەریکایە . ئەمەریکا هێندەی نەماوە دوادۆتی بەڵێنی خۆی کە چۆڵکردنە پێی بگات . بەڵام چۆن و بەچ شێوەیەک چۆڵی دەکات ، ئەو نەهاتوە تا چۆڵی بکات ، چۆڵکردن بەهاوتا سیاسیەکەی بۆئەمەریکا دۆڕاندن و خۆبەدەستەوەدانە . لێرە بەدواوە دەبێت چاوەڕێی توانا سیاسییە شاراوەکانی ئەمریکا بکەین لەپێناو مانەوەیەک کە خۆی مەبەستێتی . چ دەبێت و چ لەعێراقدا ڕودەدات ، عێراق چی بەسەردێت و چارەنوسی بەکۆێ دەگات ؟ . چەند مانگێکمان ماوە پێی بگەین .
١ / بارزانی کۆکە لەگەڵ سونەکان بۆ پێکهێنانی حوکمی داهاتوی عێراق ، بۆچونی تاڵەبانی بەپێچەوانەوەیەو کۆکە لەگەڵ شیعەکان ، ئەمە بۆخۆی کێردی لەتکردنی ماڵی کوردە لە پێناو عێراقێکی چارەڕەشدا . دابەش بونی دوو هێزی گەورەی کورد بەسەر دوو پێکهاتەی عێراقیدا ، لەبەرژەوەندی ئەمەریکایە .
٢/ شەڕی نێوان دەسەڵاتی شیعەو سونەکان ، ئەمەریکا زیرەکانە خستییە سەر سکەکەی خۆی و ئەودیو سنورەکانی عێراقی پێتەنی ، ئێرانییەکان تەمسیلی شیعە دەکەن و سعودیەو میسر و وڵاتی تری سونە ، تەمسیلی سونەکان دەکەن .

چۆری بچوک دەبیت بە بارهەڵگری جۆری گەورە . لەبەر ئەمە جۆری بچوک زۆرتر لەجۆری گەورە بەجەوهەر دادەنرێت (ئارستۆ) .

جەوهەری سیاسەتی ئەمەریکا لەدەرەوەی خۆی تەنها لە ساخکردنەوەی کاڵاکان و بەکارهێنای هێز نییە ، بەڵکو لەدابەشکردنی فەرمانەکانیدایە. لێرەدا تواناکان خۆیان دەسەپێنن بەسەر چوارگۆشە بچوکەکاندا و کۆدەبنەوە لەچوارگۆشەیەکی گەورەدا ، کە ئەمەریکایە .
لەخۆرهەڵاتی ناوەندا کۆمەڵێک وڵات ، گەورەیی ئەمەریکا دەپارێزن . مەرج نییە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە لەبەرژەوەندی وڵاتەکانی خۆیان بێت ، بەڵکو وەک ئەرکی ئەکتەر و پاسەوانی چوارچێوە گەورەکە .
کاتێک ئەمەریکا ڕژێمی سەدامی ڕوخانت ، سەرانی کورد کۆمەڵێک دەروازەیان بۆ خرایە سەرپشت ، ئەمەریکا هیچ کارێک ناکات بەبێ بەرامبەر ، مەسعود بارزانی لە ٧٢% دەنگەکانی هێنا لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمدا ، ئەوە بۆ خۆی ئەو کلیلەیە کە ئەمەریکا دەیبەخشێت بە پاسەوانێکی چوارگۆشە پچوکەکان . لەکاتێکدا بێدەنگی ئەمەریکا لەهەوڵدانی بارزانی بۆ ئەو ئامانجە زەرورەتی سەردەمە ، نەک واقیع . ئەمەریکا میتالیەتی کورد باش دەناسێت ، کە هیچ خەیرە پارتییەک دەنگ نادات بە بارزانی ، ئەو ڕێژەیەی کە بارزانی بەدەستی هێناوە دورە لە ڕاستییەوە ، پارتی بەو هەمو سەرەڕۆییەی لە هەڵبژارنەکاندا ئەنجامی دا ، تەنها لە ٢٩% دەنگەکانی هێنا ، چۆن سەرۆکەکەی لە ٧٢% دەنگەکان دێنێت .

بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق
عێراق لەسەرسکەی خۆی دەرچووە ، سیاسەتی (پەرتکەو زاڵ بە) بۆ عێراقێکی بەهێز ، خەونی ئیسرائیلەو بەسودی کوردە . سەرانی کورد کەسایەتیەکی تێکشکاو و ڕاهاتوی ملشۆڕکردنی ئەو دیو سنورەکانی ماڵی کوردن ، ئەمانە یاریزانی ناو گەمە گەورەکە نین ، بەڵکو یاریزانی سێ ڕسکێن و خەتخەتێنی ناوماڵی کوردن ، لەوە دەرچێت دۆڕاو و دەسەتەوەسانی گەمە ناوچەییەکانن .
کاتێک بارزانی دەچێتە تورکیا وەک سەرۆک هۆزێک پێشوازی لێدەکرێت . کە دەگاتە ئەڵمانیا لێپرسراوی دوودەگییەکانی ئەڵمانیا ، کە ئێستا جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیایە پێشوازی لێ دەکات . کەدەگاتە ئەردەن کوڕی پیاوەکەی کە هەمیشە ئەملاوئەولای سەدامی دەلێسایەوە ئەملاو ئەولای ئەمیشی لێسایەوە ، کە گەیشە میسر عەمیلەکەی باکوری ئەفریکا پێشوازی لێکرد . بۆ عێراقی دوای سەدام ئەمەریکا هەموو کایەکانی تاقی کردەوە ، دوا کایەی کەسایەتییەکی خاوەن دەسەڵات و پێگەلی ناوداری ناوخۆیی و کەسێکی خاوەن دەزگای سەرکوتکەر و لێزانێکی چەمکی ناکۆکییەکانی ناوخۆ و خاوەن سەروەتێکی بێشواماری دزراو و لەشکرێکی موتیعی وەک بارزانی پێویستە . ئەم شەڕو ناکۆکییە خوێناوییەی نێوان شیعەو سونەکان دەگەڕێتەوە بۆ قەرن و نیوێک پێش ئێستا ، ئەوان قورئان و دینی ئیسلامی پیرۆز و لێپرسینەوەی ئەو دنیا و وەلای نەتەوەیی کۆتای بەم ناکۆکیانەیانی نەهێنا ، بۆیە ئینگلیزەکان پێش 80ساڵ ئەم حەقیقەتەی باش هەست پێکرد و دەسەڵاتێکی شمولی کردە بناخەی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق . ئەمەریکا لەبەردەم چارەسەری عێراقدا ڕاماوە ، لایەک دەخوازێت دەرچێت ، لەلایەکی تر لەبەر دەم کێشەکاندا دەستەو ئەژنۆ داماوە . زیانێکی زۆر و خەونێکی قوڵی بۆ عێراق مەحاڵە دەستبەرداری بێت ، بە دەسەڵات گرتنە دەستی شیعەو سونەکان کۆتایی کێشەکان نابێت ، لێرە بەدواوە منی داماو وەک هەمو تاکێکی کورد داوادەکەین : چۆن ئەمەریکا گەلانی عێراق و کوردانی باشوری لەدەست سەدامی زاڵم ڕزگار کرد ، بەڵکو خوا بکات ئاوهاش بەبیانوی سپاردنی دەسەڵاتی کاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بارزانی و سەرۆکایەتی کاتی عێراق بە تاڵەبانی پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ، لەم دوو خوێن خۆرو گەورە تیرۆریستە ڕزگارمان بکات و لانیکەم چەند کیلۆمەترێک لێمان دوربخاتەوەو بیخاتە نێوان دوو بەردە ئاشی ناکۆکییەکانی شیعەو سونەو لەشانسی کوردا تیابچن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە