زاوزێی بەچکەسەرکردەکانی کورد

Saturday, 26/06/2010, 12:00

1278 بینراوە


لەکوردستاندا دەم لە دیموکراسی دەدرێت ، لە هەمان کاتدا هەنگاوەکان بەئاراستەی دیکتاتۆریەت و پیرۆزی وەچەکەی هەڵدەنرێت . مەسعود بارزانی بۆ مەسرور ، مام جلال بۆ قوباد ، هەر لەئێستاوە سەرۆکی داهاتو دەناسین و دەبینین .
ئەگەر نادادوەری لەناخی کەسێکی دەسەڵاتداردا بڕوێت ، دەسەڵاتەکەی لەبنیادنانی دووبەرەکیدا ون دەکات . (ئافلاتۆن ) .
لەباشوری کوردستاندا هەموشتەکان بەپێچەوانەوە بەڕێ دەچێت ، لەجێگای خۆی جێگیرنابێت یان لەجێگای خۆی دانانرێت . جێگیریی لەکاری سیاسیدا نرخ دەدات بە سەرکردەو حیزب و دەسەڵات . جێگیریی لەسیاسەتدا لەڕوانگە ستارتیژییەوە ، نەک لە مامەڵەی سیاسی ڕۆژانەدا . یەکێتی بەدروشم ستارتیژی سۆشیال دیموکراسی هەڵبژاردووە ، بەڵام لەبەرنامەی کاری پراکتیکیدا هاوکێشەی ناکات . کارکردن بەپێچەوانەی ستارتیژەوە لەڕێلادان و سەرلێشێواوی و خۆ ناجێگیرکردن دەدات بەدەستەوە .
هۆکاری دامەزراندنی یەکێتی پەرچەکرداری بنەڕەتی ئەفکاری پارتی نەبو ، بەڵکو لە هەرەسی ڕەفتاریدا خۆی بنیاد نا . کاتێک یەکێتی لاسایی ڕەفتاری پارتی دەکاتەوە جیاوازییەکان تەسک دەبنەوە ، نزیک بونەوەو هاوپەیمانی دروست دەبێت و لاوازی لایەک لەئاست لایەکەی تر لاسەنگی بنیاد دەنێت . بۆیە جودایی لە بەرنامەدا هێندەی هەنگاوێک لە ڕەفتار نییە . حیزبە هاوڕەنگ و لێكچووەکان هاوشێوەی پارتی و یەکێتی هەمیشە کێشەیان لە سەرستارتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە ، بەڵکو لەسەر پانتایی دەسەڵات و ڕێژەی داراییە . یەکێتی تا ئەو کاتەی خۆی لەنوێ بوونەوەدا لەبەرامبەر پارتیدا دەبینییەوە ، هەمیشە ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتی ڕووەو بەرزی هەڵدەکشا ، کاتێک ڕەفتاری هاتە هاوشانی پارتی ، ئیتر موڕاڵی سیاسی هەرەسی هێنا .
ساتێک خوالێخۆش بو بارزانی هەنگاوی بۆ بەدەست خستنی تاك ڕەوی دەنا ، هێزی بەرەنگاری لەهەناویدا لەدایک بو ، ململانییەکانی ناو پارتی ، سەرەتا لێک ترزاندن و دوبەرەکی لەخۆگرت . نادادوەری باڵی کێشا بەسەر ئەفکار و ڕەفتاردا ، نادادوەری دابەش بو بەسەر دوو بەرەدا ، لایەک بەناوی بزوتنەوەی کوردایەتی و لایەکەی تر بۆ باوەشی جاشایەتی . ئەم دووبەرەیە ، خاڵی لاوازیان لەبەرامبەر ئاسایشی نەتەوەیی تەنها نەبونی ستارتیژی کوردایەتی بو . ئەم دو هێزە لەستارتیژییە پەنهانیەکانیاندا بۆیەک مەبەست دروست بون و لەیەک مەبەستیشدا خۆیان دەبینیەوە . هەردولایان تەواوکاری یەکترین و مەبەستیان یەک ئامانجە.
ئەگەر کارێکی نادادوەرانەی ئاشکرا بو دەبێت بتوانێت کەسانی تر ڕازی بکات یان هێز بەکار بهێنیت . لەوکاتەشدا دەبێت ئازا بێت و ئەوەندەش سامان و هاوڕێی هەبێت بەکاریان بهێنێت . (ئەفلاتۆن ، کۆمار).
پارتی ئەم شێوەکارەی کەئێستا پیادەی دەکات ، ئەزمونێکە لە دەستپێکی کاریدا لەدایک بوەو بۆتەستارتیژی هەنگاوەکانی . ئەوە یەکێتییە لاسایی دەکاتەوەو ئاخی بۆهەڵدەکێشێت .
بیرۆکەی دەسەڵاتی پشتاوپشت لە داهێنانی بارزانی باوکە ، دەستپێکی کێشەکان و قوربانیەکانی شەڕی ناوخۆ سوتەمەنی ئەم خواستەن ، بە نەوای بێکۆسپی لەئەمڕۆدا بارزانی کوڕ پێمان دەڵێت : داوای لێبوردنتان لێدەکەم لەتاوانەکانی ڕابردوم .
هەر لەئێستاوە سەرۆکی داهاتو دەبینین و دەناسین ، گوێمان لەفەرمانەکانێتی ، دەبینین جارجارە لەسەر کورسییەکەی داهاتوی دادەنیشێت ، بڕیار بەهەر چواردەوردا دەردەکات و ڕۆحی نەیارەکان و ڕەخنەگرەکان هەڵدەکێشێت . وێنەکەی بەرزو وتارەکانی بریقەدارە . جگە لەم بەچکەسەرۆکە ، بەچکەسەرۆکێکی دیارو نەدیاری ترما هەیە . جارجارە لەپشت پەردەوە یان لەدورەوە هاوار دەکات و دەڵێت : منیش هەم !. گرنگ نییە دەسەڵاتەکەم چەند هەزار میلێک لێتانەوە دورە ، بەڵام سێبەری دەسەڵاتم بەرۆکتان بەرنادات . ئەم دوبەچکەسەرۆکە نەک خۆیان ئامادەکردووە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ، بەڵکو هەرلەئێستاوە لە ئامادەباشیدان تا جێگای باوک و باپیریان بگرنەوە بۆ ململانێی نوێ ، لەسەر کورسی داهاتو .
بەکارهێنانی هێزو بەگەرخستنی دارایی گشتی ، وەک ستارتیژ بۆ زاڵ بون و خۆسەپاندن ، لەو ڕێیەوە بنیادنانی جیهانی ترس و تۆقاندن و کەنفتکردن و تێكشکاندنی تاکی کورد ، پرسی ئەم دو بەچکە سەرۆکەیە . هەرلەئێستاوە لەسێبەری باوکیاندا ، ململانییەکانیان خوێنی لێدەتکێت ، هەردولایان ئەوەی خۆشیان ناوێت زمانی دیالۆک و دیموکراسی و مافی مرۆڤە . دو بۆچون و دو ئامانج و دو گیرفان و دو جار من هەم ، لەکۆی دوو دەسەڵاتی ناوچەییدا کۆبۆتەوە ، وەک سەرەتای شەستەکانە کە لایەکیان لاکەی تری خستە نێوباوەشی داگیرکەرو لاکەی تر بەبێ پاساپۆرت جڵەوی بزوتنەوەی کوردی گرتەدەست .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە