شه‌ڕی سارد و پرسه‌ گه‌رمه‌کان (1)

Wednesday, 24/02/2010, 12:00

1600 بینراوە


زۆر به‌داخه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر چاوه‌رێنه‌کراو ئێستا پرسیاره‌ گه‌رمه‌کانی چاره‌نووسی کورد، هی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌، له‌ شه‌ڕی ساردی سه‌هۆله‌که‌دا سڕکراون و رووبه‌ری مه‌ترسیی ئاینده‌کان له‌و مه‌سافه‌ ته‌سکه‌دا که‌ فلیمه‌‌ کۆمیدی-تراجیدییه‌کانی شه‌ره‌په‌رۆی دوای هه‌لبژاردنی 1992 دێنێته‌وه‌ یاد، بچووککراونه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی دیمۆکراتی خۆی، به‌لام گرنگه‌ ئه‌م شه‌ره‌ سارده‌ کاتیی بێ و هێچ کاتێ گه‌رم دانه‌یاو پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ گرنگه‌کان زیانی دوورخا‌یه‌نییان به‌ر نه‌که‌وێ.

پرسه‌ مه‌زنه‌ گه‌رمه‌که‌: دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵپه‌و پێشبركێی خۆهاویشتنه‌ ناو باوه‌شی به‌غداوه‌، چاره‌نووسی هه‌رێم و له‌گه‌لیا تاراده‌یه‌ک کوردو کوردستانیشه‌. گرنگتر و دانه‌بڕاو له‌مه‌ش كێشه‌ی جه‌ماوه‌ری مـلکومال داگیرکراوو، ژیان ره‌هنکراوو که‌رامه‌تژێرپێدراوی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێ ده‌ستوورو سیستمی ئیداری و یاسایی و دادپه‌روه‌رییه‌یه‌. پرسی ژیان و که‌رامه‌ت و چاره‌نووسی نه‌وه‌یه‌کی سه‌رله‌به‌ری گه‌نجه‌کانمانه‌ که‌ له‌ ناوه‌وه‌ وده‌ره‌وه‌ی ولات له‌ سایه‌ی ده‌سه‌لاتی حیزبیی داگیرکاریی کوردییه‌وه‌ تووشی بێکاری و بێهووده‌یی و ده‌یان کاره‌سات و تراژیدیا بوون. پرسی به‌رده‌وامی تاوانی به‌ربه‌رییانه‌ی ژنککوشتن و ژنسوتاندنه‌، پرسی به‌ فێرۆ دان و تالانی بوجه‌و سامانی سه‌ر ئه‌رزو بنئه‌رزی کوردستانه‌، هتد هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌نجامی جیاوازیگه‌ریی و سیستمی حیزبی و نه‌بوونی چه‌مک و مافی یه‌کسانی هاوولاتیبوون و یاسای ده‌رفه‌تی یه‌کسانن‌.

پرۆسه‌ و ئامانج
ئاشکرایه‌ کام حیزب بیبه‌نه‌وه‌ پێگه‌ی کورد له‌ عێراقدا له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌لبژاردنه‌دا لاواز ده‌بێ ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی کورسییه‌کان پێشوه‌خت که‌مکراوه‌ته‌وه‌و له‌ هه‌موو حاله‌تێکدا کورد له‌ رووی تیۆرییه‌وه‌ که‌مینه‌یه‌کی شایانی فرامۆشکردن ده‌بێ. بۆیه‌ له‌ کوردستاندا و به‌تایبه‌تی له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابراوه‌کاندا، پرۆسه‌که‌ خۆی وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی دیمۆکراتی گرنگه‌ و تاراده‌یه‌کیش ئه‌نجامه‌ دووره‌کانیش، واته‌ راده‌ی ده‌سه‌لاتی کورد، له‌ به‌غدا ده‌که‌وێته‌ ژێر کارتێکردنی پرۆسه‌که‌وه‌. واته‌ گه‌ر هێزی ئۆپۆزیسیۆن به‌ تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و یه‌کگرتوو، بتوانن ده‌نگێکی زۆر به‌تایبه‌تی له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابراوه‌کان بێنن، ئه‌وه‌ له‌ دوو رووه‌وه‌ هێزێکی پتر بۆ ئه‌نجامه‌کان زیاد ده‌که‌ن:

1. هیزێکی مه‌عنه‌وی وه‌ک نوێنه‌ری ده‌نگی دیمۆکراتی زۆرینه‌ی خه‌ڵك
2. له‌مه‌وه‌ کاریگه‌ریی سیاسیی زیاتر بۆ سه‌ودای هاوپه‌یمانی بوون له‌ گه‌ڵ هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌ عێراقییه‌کاندا بۆ دروستکردنی حکومه‌ت و کارکردنه‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی نوێی ئاینده‌ی عێراق.

هۆکاره‌کانی دیاریکه‌ری هێزی کورد له‌ عێراقدا
به‌لام ئه‌مه‌شیان له‌ گه‌مه‌ی دیمۆکراتی په‌رله‌مانیدا، که‌ هه‌رچۆنێ بێ، گه‌مه‌ی ژماره‌ی کورسی و ده‌نگی دراو، ده‌مێنێته‌وه‌، تا راده‌یه‌کی سنووردار کار ده‌کا. دیاره‌ به‌کارهێنانی پرۆسه‌که‌ خۆی له‌ خۆیدا، پێش هه‌لبژاردن گرنگی زیاتر بوو له‌ دوای هه‌لبژاردن به‌لام کورد ئه‌و فاکته‌ره‌ی به‌کار نه‌هێنا. واته‌ ده‌کراو ده‌بوو کورد به‌ مه‌رج به‌شداری له‌ هه‌لبژاردندا کردبایه‌: به‌ پێچه‌وانه‌ی سوننیه‌ به‌عسیکانه‌وه‌ که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کییان گۆڕینی ده‌ستوور [به‌ پێی مادده‌ی 142] بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی هێزی سیاسیی کوردو گێرانه‌وه‌ی سیاسه‌تی پانعه‌ره‌بیزمه‌، ده‌بوو مه‌رجی هێزه‌ سیاسییه‌ کورده‌کان ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سکارینه‌کردنی ئه‌و مادده‌ سه‌ره‌کییانه‌ بووان که‌ پێوه‌ندییان به‌ فیدرالیزم و مادده‌ی 140و مافه‌کانی گه‌لی کورد بۆ به‌کارهێنانی ‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانی و هێزی به‌رگری و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو به‌شی دیاریکراوی بوجه‌و پێناسه‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌‌. به‌لام که‌ ئێستا هه‌موو هێزه‌ کوردییه‌کان به‌ ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه‌ به‌بێ سنووردانان و مه‌رج ته‌نیا بۆ کورسی به‌ده‌ستهێنان و نیشاندانی ماسۆلکه‌ی دیمۆکراتی خۆیان به‌شداری هه‌لبژاردن ده‌که‌ن، کاریگه‌ری ده‌وری سیاسی په‌رله‌مانی کورد ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌رچوارهۆکاری تری سه‌ره‌کی:

1. مانه‌وه‌ی شێوه‌یه‌ک له‌ وتاری هاوکۆکیی [توافقی] سیاسیی له‌ به‌غدادا ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ تاچ ئاستێ هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ نێوان خۆیاندا و به‌رامبه‌ر پرس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کوردییه‌کان کۆک یان ناکۆک ده‌بن.

2. مانه‌وه‌ی ده‌وری ئه‌مریکاو به‌ریتانیاو، ئه‌وسا نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان: تا چ راده‌یه‌ک هه‌ول ده‌ده‌ن شێوه‌یه‌کی وتاری هاوکۆکیی بهێڵنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کان بۆ گه‌مه‌ی دیمۆکراتی په‌رله‌مانیی جێنه‌هێڵن. به‌تایبه‌تی مانه‌وه‌ی ده‌وری سه‌ربازیی ئه‌مریکی وه‌ک ناوبژیکه‌رو هاوکاریکه‌ر له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌و سووپای عێراقیی له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بۆ پاراستنی هێمنیی ناوچه‌ ناکۆکیداره‌کان تا دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسیی ده‌ستووری یاسایی به‌ پاڵپشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان.

3. ده‌وری ده‌وله‌ته‌کانی ناوچه‌و تا چ راده‌یه‌ک ده‌ست ده‌خه‌نه‌ ناو کاروباری سیاسیی ناوخۆی عیراقه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ده‌وری تورکیا و ئێران و تا راده‌یه‌ک ولاتانی عه‌ره‌بی. ده‌وری تورکیا سه‌ره‌کی ده‌بێ چونکه‌ تا زیاتر ئه‌مریکا هێزی سه‌ربازی که‌مبکاته‌وه‌و ده‌وری سیاسی ئه‌مریکاو به‌ریتانیا که‌متر بێ، ده‌وری زیاتر به‌ تورکیا ده‌ده‌ن وه‌ک ئه‌ندامی ناتۆ-و هاوکاری رۆژاوا نه‌ک هه‌ر له‌ عیراق به‌لکو له‌ ئه‌فغانستانیش. ده‌وری ئێرانێش تا راده‌یه‌ک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و ده‌وره‌ نوێیه‌ی تورکیا واته‌ تا چ راده‌یه‌ک ئه‌مریکاو به‌ریتنایا تورکیا بۆ ئه‌وه‌ش به‌کار ده‌هێنن که‌ ده‌وری ئێران له‌ عێراقدا پۆزه‌تیڤ بکا به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌لوێستیدا به‌رامبه‌ر تێرۆریزم و رۆژاواو ه‌سه‌له‌ی جه‌کی ئه‌تۆمی. دیاره‌ دیسانه‌وه‌ قوربانیدان به‌ ده‌سکه‌وت وبه‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد کارتێکی گرنگی ئه‌و نزیکبوونه‌وه‌یه‌ش ده‌بێ. ئه‌مه‌ش له‌ پاشه‌کشێێ سیساتی تورکیا به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی دیمۆکراتی سیاسی بۆ کورد له‌ باکووری کوردستانداو نویبوونه‌وه‌ی بۆردومانی ئێرانی بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌کان ئاماژه‌کانی به‌ ئاشکرا ده‌بینرێن.

4. له‌ ئاست هاوكێشه‌ ده‌ره‌کییان دا، ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌وری ستراتیجی یه‌کگرتووی هێزه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاستی ناو په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی کوردستان و به‌رگری هاوبه‌ش دژی هه‌ر نه‌خشه‌یه‌کی دژ به‌ کورد. ئه‌و هاوکارییه‌ گه‌ر به‌راستی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیجی و زانستی بێ ده‌وری ده‌بێ به‌لام راده‌ی توانستی ناوخۆیی کورد بۆ به‌رهه‌لستی گوشارو وتاری دژ به‌ کورد به‌ دوو هۆی گرنگه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌:

1. له‌ ناوبردنی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی ناوخۆیی و ئاشتکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کورد و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ست و حه‌ماس و شانازیی نه‌ته‌وه‌یی

2. یاریکردنی دیپلۆماسی زیره‌کانه‌، له‌ چوارچێوه‌ی بۆچوونیكی ستراتیجی یه‌کرتوودا، له‌ گه‌ڵ ئالوگۆره‌ سیاسییه‌ ده‌ره‌کییه‌کان به‌تایبه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌کان، ئه‌مریکاو به‌ریتانیا، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان و تورکیاو ئێران.

پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تی تازه‌ی عێراقدا کورد ده‌بێته‌ : سوننه‌ی تازه‌ی عێراق، واته‌ به‌ که‌مینه‌یه‌ک که‌ ده‌که‌وێته‌ ژیر قورسایی زۆرداری زۆرینه‌ی دیمۆکراتی په‌رله‌مانییه‌وه‌؟ یان ده‌توانێ قورسایی به‌شه‌ری وجۆگرافی و سیاسی و ئابووری کوردستان و له‌ پێش هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پته‌وکردنی پرۆسه‌ی دیمۆکراتی کوردستان خۆی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌لی ناوخۆیی، وه‌ک هێزێکی سایسیی مه‌عنه‌وی کاریگه‌ر به‌کاربێنێ بۆ دروستکردنی دۆستی ستراتیجی درێژخایه‌ن و پاراستن وپه‌ره‌پێدانی ده‌سکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی؟

ئه‌م پرسیاره‌ هیزه‌کانی کورد به‌ کۆن و نوێوه‌ له‌ چه‌ند سالی داهاتوودا له‌ ناو په‌رله‌مانی عیراق و ده‌ره‌وه‌یدا وه‌لامی ده‌ده‌نه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە