هیوا سەید سەلیم ئەندامى مەكتەبى سیاسى زەحمەتكێشان باڵى مەكتەبى سیاسى:بەراى من خاوەنداریەتى حزب بریتی نیە لە پاونكردنى حزب لەلایەن كەس وتاق

Thursday, 24/09/2009, 12:00

2306 بینراوە


پ/ با سەرەتا لەوەوە دەست پێ بكەین كە بەچى ئەسەلمێنن كە ئێوە خاوەنى راستەقینەى زەحمەتكێشانن؟
بەراى من خاوەنداریەتى حزب بریتی نیە لە پاونكردنى حزب لەلایەن كەس وتاقمێك، بەڵكو حزب لەو ئۆرگانانە پێك دێت كە بریتى یەسەركردایەتى هەڵبژێردراو وەیان كادیرو ئەندامانى حزب، ئێمە دواى لێكترازانمان لەگەڵ كاك قادر زۆرینەى رەهاى سەركردایەتى حزب بووین ئەگەر بەرێژەش پێت بڵێم لە كۆى دە سەركردایەتى هەڵبژێردراو نۆ سەركردایەتى لەگەڵ بریارى سزادانى كاك قادر بوون ،وە زۆرینەى كادیران ورێكخستنەكان لەگەڵ ئێمە بوون ، ئەمە وێراى ئەوەى ژمارەیەكى زۆرى كەسوكارى شەهیدانى حزب وكۆنە پێشمەرگەكان لەگەڵ ئێمە دان پێم وایە حزبى سیاسیش هەر لەم پێكهاتانەى سەرەوە پێك دێت وشەرعیەتى حزبیش واتا زۆرینە سەركردایەتى ورێكخستنەكانى كە ئەمە شیان ئێستا لاى ئێمەیە .
پ/ زۆر جار لێرەو لەوێ ئەبیستین كە دەستى دەرەكى لە پشت ئەو لێك ترازانەى ئێوەوە بووە ئەمەیان تا چەندە راستە؟
ئەوەى لە نێو حزبى زەحمەتكێشان روویدا شتێكى زۆر تازە بوو لە نێو ژیانى سیاسى كوردستان بۆیەكەم جار بوو حزبێك سكرتێرەكەى خۆى سزا بدات لەسەر خراپ كار كردن ، بۆیە چونكە ئەم هەنگاوەى ئێمە لە سزادانى سكرتێرەكەمان پێشتر لە كوردستان تاقى نەكرابووەوە تەنانەت لە حزبى خۆشمان هەمیشە كادیر وئەندامانى حزب مەیدانى بۆ سكرتێر چۆل كردوە تا ئەگەر لەسەر حەقیش بووبێت لەو بارەیەوە نموونەمان زۆرە ، بۆیە بڕیارى كۆمیتەى ناوەندى لە سزادانى كاك قادر زۆر قسەى لەسەر كرا یەكێك لەو لێكدانەوانە ئەوە بوو كە گوایە ئەمەیان دەستى دەرەكى لە پشتە ،هەركەسێك ئاشنایەتى لەگەڵ كێشەكانى ناو زەحمەتكێشان هەبێت بە تایبەت كادیرو ئەندامانى ئەو حزبە دەزانێت كە كێشەكانى زەحمەتكێشان هى شەو رۆژێك نەبوون بەڵكو دەرهاوێشتەى چەندین كێشەى كۆنى ئەو حزبەن كە بەداخەوە كاك قادر ئامادەى چارەسەركردنیان نەبوو تا كار گەیشتە ئەوەى بوارى بەیەكەوە كاركردنمان نەمێنێت ، بۆیە كۆمیتەى ناوەندى كاتێك هیچ دەرگاى ترى لەبەردەم نەما بۆ دەربازكردنى حزب لە تاكرەوى كاك قادر بریارى تەجمیدكردنى دا دواى ئەوەى ئیستعابى سزاكەى نەكرد، لە كۆنگرە دوا بڕیار دەرهەق بەكاك قادردرا ئەویش دەركردنى بوو لە ریزەكانى حزب .
پ/ ئاشكرایەكە ئێوە لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ئێوە كورسیتان بەدەست نەهێنا ئایا ئەمەیان لە ئەنجامى ئەوكێشانەى خۆتان نەبوو وەیان با بەروونت تر پێت بلێم كێشەكانى ناوخۆتان چەندە كاریگەرى لەسەر وەدەست نەهێنانى كورسى هەبوو لاى ئێوە؟
پێم خۆشە بزانیت كە حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لە چوارچێوەى لیستى ئازادى وعەدالەتى كۆمەڵایەتى بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانى كردوە وە ئەو لیستەش كورسیەكى بەدەست هێناوە كە نوێنەرایەتى سەرجەم قەوارەكانى ناو لیستەكە دەكات ، راست ئەم نەتیجەیەى هەڵبژاردن لایەق بە خەبات ەتێكۆشانى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان نەبوو بەڵام لەم هەڵبژاردنە زۆربەى زۆرى لیستەكان دەنگى پێشتریان نەهێنایەوە بۆیە ئێمە دەرەنجامى هەڵبژاردن بە شێوەیەكى دیموكراسى وەردەگرین نەوەك بە شكەستى لێكبدەینەوە ، با ئێمەش وەك وڵاتانى پێشكەوتوو فێرى مومارەسەى دیموكراسى بین بزانین كە هەڵبژاردن بردنەوەو دۆرانى تێدایە هەر چاومان لە بردنەوەكە نەبێت .


پ/ لە دواى كێشەكانتان لەگەڵ كاك قادر ئایا ئیستا هیچ كێشەتان ماوە ، وەیان ئایا هەبوونى دوو حزب بە ناوى زەحمەتكێشان كێشە بۆ هەردوو لاتان درووست ناكات؟
بەدڵنیایەوە كاركردنى ئێمەو جەماعەتى كاك قادر بە یەك ناو كێشە درووست دەكات ئەگەرچى لە لایەن كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەوە ئەو ناوە بە رەسمى بە ئێمە درا وە لە كاتى پروپاگەندەى هەڵبژاردن كاك قادر ناچاركرا تابلۆى بارەگاكانى بێنێتە خوارەوە ، بەڵام ئێمە ئێستا چاوەرێى دوا بڕیارى دادگاین بۆ یەكلا بوونەوەى ئەو كێشەیەى لە نێوانمانە.
پ / بۆچى تاكو ئێستاش دادگاییەكە كۆتایی نەهاتوە خۆ قەرار بوو زووتر بە كۆتا بهاتایە ئایا پێتان وانیە دواكەوتنى بڕیارى دادگا شتى سیاسى لە پشت بێت؟
نا ئێمە پێمان وایە كارەكانى دادگا بە شێوەیەكى ئاسایى دەڕوات رۆتیناتى دادگا كاریگەرى هەبوو لەسەر دواكەوتنى بڕیارى دادگا، ئێمە لاى خۆمان پابەند دەبین بە بڕیارى دادگا وئومێد دەكەین دادگا بە شێوەیەكى یاسایى دوا بڕیارى خۆى بدات .


پ/ ئێستاش كاك قادرو برادەرەانى سورن لەسەر ئەوەى حزب هی ئەوانەو ئەو لە راگەیاندنەكان وەكو سكرتێرى گشتى حزبى زەحمەتكێشان لێدوان دەدات ، ئێوە هەڵوێستان چیە؟
تا دوا بڕیارى دادگا دەردەچێت ئێمە ناتوانین ڕاگەیاندنەكان ناچار بكەین كە لێدوان لە كاك قادر وەرنەگرن بە ناوى زەحەمتكێشان ، ئەگەرچى هەندێ راگەیاندن لە ماوەى رابردوو نەیان توانى لە نێوانى ئێمەو كاك قادر بێلایەن بن .
پ / ماوەیەك دەنگۆى ئەوە هەبوو یەكبگرنەوە؟ ئەمە مەسەلەیە چى بەسەر هات . ئەگەر یەك بگرنەوە كاك قادر ئەكەنەوە سكرتێر یان كەسێكى تر سكرتێر دەبێت؟
بابەتى یەكگرتنەوەى ئێمەو كاك قادر لە چوارچێوەى چەند موبادەرەیەك دەرنەچوو ، ئێمە لاى خۆمان زەمینەى ئەو یەكگرتنە لە نێوانى خۆمان وكاك قادر نابینین چونكە متمانە لە نێوانى ئێمەو كاك قادر زۆر لاواز بووە ، جارێكى تر ناتوانین ئەو بەسكرتێرى خۆمان قەبوول بكەین، دەكرێت هەریەكەو بە شێوازى خۆى كار بكات وپەیوەندى دۆستانەشمان هەبێت وەك هەر هێزێكى تر .
پ / هۆكارى تەجمید كردنى كاك قادر لە كاتێكى وا ناسكادا چى بوو بۆ نە تانخستە دواى هەڵبژاردن یاخود زووتر چارسەرتان نەكرد، خۆ خۆتان وتەنى ئەمە كێشەیەكى لە مێژینەبوو؟
وەك لە پێشتر ئاماژەم پێدا كێشەى ئێمە لە گەڵ كاك قادر لە ئەنجامى كەڵكە بوونى چەندین كێشەى رێكخراوەى بوون كە خۆیان لە نەبوونى دیموكراسیەت وغیابى شەفافیەت لە دارایى حزب وفەردیەتى كاك قادر دەدیتەوە ،كێشەكانمان لەگەڵ كاك قادر گەیشتە شوێنێك كە نەدەكرا چیتر دواى بخەین .
پ/ بە پێى زانیارى من كاك قادر ماوەى زیاتر لە ساڵیك بوو هاموشۆى ئەو بارەگایانەى خۆى نەدەكرد كە بەرپرسى یەكەمیان لە خۆى نزیك نەبوون بۆ نموونە لە دواى دامەزراندنى لقى سۆران لەساڵى 2004 بۆ جارێكیش كاك قادر سەردانى ئەو لقەى نەكرد چونكە تۆى لێبووى وەك بەرپرسى لق؟
ئێمە لە نێو حزب هیچ كێشەیەكى شەخسیمان لەگەڵ كاك قادر نەبوو هەرچى هەمانبوو لە كۆبوونەوەكان لەگەلأ خودى خۆى باسمان دەكرد بەڵام بیركردنەوەى ئەو وا بوو هەركەسێك بە ماستى ئەوی نەگوتبا رەشە ئەوە پیاو خراپ بوو وە پشتى تێدەكردو دژایەتى دەكرد.
پ / دەگوترێت لە نێو زەحمەتكێشان لەسەردەمى كاك قادر وئێستاش دەسەڵاتى هەولێریەكان زاڵە ئایا زەحمەتكێشان حزبى هەولێریەكانە ؟
تاكۆنگرەى شەشیشمان بەست زۆربەى زۆرى سەركردایەتى خەلكى هەولێر بوون بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نیە لە نێو زەحمەتكێشان ناوچەگەرێتى زالأ بێت ، لە كۆنگرەى شەشەمینى حزب سەركردایەتى زەحمەتكێشان خەڵكى گشت ناوچەكانى كوردستانى لە خۆ گرت لە بادینانەوە تا خانەقین ، بۆیە ئەوەى جاران دەگوترا ئێستا لەسەر زەحمەتكێشان تەتبیق نابێت .
پ / دواى سەرهەڵدانى كێشەكانى ناوخۆى زەحمەتكێشان هەست ناكەن حزبى زەحمەتكێشان خاوەنى خیتابى سیاسى خۆى نیە ؟
بەهۆى ئەو كێشانەى بۆ زەحمەتكێشان درووست كرا بوون لە لایەن كاك قادر بۆ دووسالأ دەبوو كە زەحمەتكێشان خاوەنى خیتابێكى سیاسى روون نەبوو كە ئەمەیان یەكێك لە گرفتى ئێمە بوو لەگەڵ كاك قادر ئەگەرنا زەحمەتكێشانى عیلمانى چ كارى بە بەرەى ئیسلامى بوو ، ئیستاش دواى رووداوەكانى ناوخۆى حزب خەریكە زەحمەتكێشان دەگەڕێتەوەسەر سكەى خۆى بەڵام هێشتا لە ئاست خواستى ئێمە نیە .
پ / دەڵێن دواى ئەوەى زەحمەتكێشان هاوپەیمانى بەست لەگەلأ حزبى شیوعى ژمارەیەكى زۆرى كادیرەكانتان لەم هاوپەیمانیە نارازى بوو ؟
ئێمە لە چ كاتى بانگەشەى هەڵبژاردن ودواتریش لە كۆبوونەوەكانى خۆمان نەمانبینى تاكە كادیرێكى زەحمەتكێشان گلەى ئەو بكات كە ئایا بۆ چوینە ناو ئەو هاوپەیمانیە لەوانەیە هەبێت گلەى لە ئەنجامى هەڵبژاردن هەبێت كە ئەمەشیان زۆر ئاساییە .
پ / بودجەى حزبتان چەندە ؟ یارمەتى سكرتێر و ئەندامانى م.سیاسى چەندە؟
بودجەى حزبى زەحمەتكێشان بریتى یە لە چوارسەد ملیۆن دینار كە لە حكومەتى هەرێم وەریدەگرین ، سكرتێرى حزب پێشتر ئەندامى پەرلەمان بوو هیچ مووچەى لە حزب نەبوو مووچەى ئەندامانى مەكتەبى سیاسیش 1200000دینارە .
پ / هیچ كێشەیەكتان لەگەڵ ئیسلامیەكان دا نیە كە ئەوان لایەنگیرى كاك قادر ئەكەن ؟ پێتان وا نیە ئەوان هەوڵى ئەوە ئەدەن حزب بگەرێتەوە بۆ كاك قادر؟
پێش هەڵبژاردن پەیوەندیەكى ئاسایمان لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكان هەبوو بەڵام لە كاتى بانگەشەى هەڵبژاردن بە هۆى بە كار هێنانى ناوى زەحمەتكێشان بۆ جەماعەتى كاك قادر جۆرێك لە ساردى كەوتە نێوانمان تا ئێمە لە كۆمسیۆن شكایەتمان لێیان كرد كۆمسیۆن بە غەرامەكردنى لیستەكەیان ئەم كارەیان لێراگرتن.
پ / قسە هەیە كە ئێوە بۆ هەڵبژاردنى بەغدا لەگەڵ لیستى كوردستانى دابەزن ئایا ئەمەیان تا چەندە راستە ؟
ئێمە لە كۆنگرەى شەش بڕیارماندا كە بۆ هەڵبژاردنى بەغدا ئێمە دەبێت كارێك بكەین كە پێگەى كورد لاواز نەكات بۆیە تا ئێستاش بڕیارمان لەسەر شێوازى بەشدارى كرد نەداوە بەڵام لەگەلأ یەكریزى كوردین بەرامبەر بەغدا.
پ / كاك بەڵێن سكرتێرى زەحمتكێشان رەگەزنامەى دانیماركی هەیە بەم دوایە بەهۆى وەرگرتنى دوو موچە لە دانیمارك وكوردستان تووشى كێشە بوو ئایا ئەم كێشەیە بە كوێ گەیشت ؟
ئەوەى لەسەر هاورێ بەلێن بڵاوكرایەوە بەدەستى رۆژنامەیەكى راسیستى دانیماركى بوو كە كار بۆ دژایەتى پەنابەران دەكات بەداخەوە هەندێ لە راگەیاندنى خۆشمان لە نوونەى كوردستان پۆست شتەكەیان زۆر بەچەواشەى بڵاوكردەوە ، ئێستا كاك بەڵێن لە دانیماركە شكایەتى لەو رۆژنامەیە دانیماركیە كردوە ئەنجامى شكاتەكەش بە قازانجى كاك بەڵێن شكاتەوە هەندێ رۆژنامەو كەناڵى راگەیاندنى دانیماركى بە ئیجابى باسى ئەو ئامادەى كاك بەڵێن یان كرد لە بەردەم كۆمۆن وداگاى دانیماركى بەڵام من دەپرسم ئەى بۆ كوردستان پۆست ئەم هەواڵەى دواى بڵاو ناكاتەوە ، تەنیا كارى بە ناشیرین كردنى خەڵكى تێكۆشەرى كوردستانە كە كاك بەڵێن یەكێك لەو كەسە تێكۆشەرانە كە هەمووژیانى خۆى لە پێشمەرگایەتى بەسەر بردوە.
[email protected]

پرۆفایل
- هیوا سەید سەلیم ئەندامى مەكتەبى سیاسى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان
- دەرچووى پەیمانگاى تەندروستى یە
ا- لە سالأى 1967 لە شارى رواند لە دایك بوو .
- چەندین پۆستى حزبى بینیوە وەك بەرپرسى ناوچەى رانیە وبەرپرسى لقى كەركووك وبەرپرسى لقى سۆران .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە