كۆسرەت ڕەسوڵ و كوتلەكەى لەبەردەم ڕەحمەتى چەكە قورسەكەى تاڵەبانیدا

Thursday, 17/12/2009, 12:00

1059 بینراوە


"دیوانى چاودێرى دارایى چەكە قورسەكەى تاڵەبانى دژ بە نەیارەكانى"
سەرەتا
دەستەڵاتى كوردى و سیاسیەكانى زۆر لێزانانە و لێبڕاوانە كار دەكەن بۆ ئەوەى لە ژێر چەترى یاسادا هەرچى خۆیان پێیان خۆشە بیكەن,ئەوەى دەیانەوێت و مەبەستیانە بەدەستى بهێنن ,ئەگەر تا دوێنێ توانیبێتیان لەم هەرێمەى كەناوى كوردستانە بەبێ هیچ یاسایەك هەموو سەروەت و سامانى مییلەتیان بردبێت وخواردبیبَتیان و هیچ كەسێك یەخەى نەگرتبن و پێى نەگوتبن ئەرێ ئەوە خەریكى چین و بۆچى سەروەت و سامانى میللەت دەخۆن؟بەڵام ئەوەى مایەى دڵخۆشیە ئەوەیە كە ئەمڕۆ میلەتێك تێكڕا بە یەكەوە بە یەكجار پرسیارى ئەوە ڕووبەڕوى بەرپرسان دەكاتەوە كە چى لەو دیو پەردەوە ئەگوزەرێت و چۆن ئەگوزەرێت و ئەكتەرەكانى پشت شانۆى ناشرینكردنى كوردستان كێن و چ كارەن؟ئەمەشە واى لێكردوون و تەنگەتاوى كردوون لەمەوداو ناتوانن بە ئارەزووى خۆیان بە بیانووى خەبات و شۆڕشە كەیانەوە درێژە بە ڕاوڕوت و گەندەڵى ودزى كردن بدەن,بۆیە بیریان لەوە كردووەتەوە كە یاسایەك دابنێت كە لە ژێر چەترى ئەو یاسایەدا درێژە بە دزى و گەندەڵیەكانیان بدەن....
دیوانى چاودێرى دارایی شوێنێك بۆ شاردنەوەى دزى و گەندەڵیە گەورەكان
لە ماوەی خولى دووەمى پەرلەمانى كوردستاندا پاش مشتومڕێكى زۆر لەسەر ئەو یاسایە كە بە ڕەزامەندى (نیوەى ئەندامانى پەرلەمان +1) دەنگى لەسەر درا.بە پێى یاسا نوێیەكە,دیوانى چاودێرى دارایی ناتوانێت هەموو مەلەفێك ببینێت,هەروەك لە ماددەى 11 ئەو یاسایەدا هاتووە"دەستەى چاودێرى بۆى هەیە هەموو مەلەفێك و زانیاریەك تەماشا بكات و وردبینى بكات,تەنها ئەو مەلەفانە نەبێت كە سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى پەرلەمان و سەرۆكى حكومەت بە ئیتیفاق ,نایەڵن دەستەى چاودێرى بیبینێت"بەم حسابەش بێت ئەم دەزگایە هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەى زانیارى و مەعلومات لەسەر فەرمانبەرانى خوارەوە مەلەفى ئەو بەرپرس و كارمەندانە دەپشكنێت كە دەزگاى زانیاى و پاراستن پەى پێنابەن و ئاگادارى نین بۆیە ئەوەى دەزگا سیخوڕیەكانى حیزب ناتوانن بە دەستى بهێنن دیوانى چاودێرى دارایی بۆیان ئامادە دەكات و دەیخاتە بەردەستیان وحیزبیش لەم ڕێگەیەوە هەموو ئەو ئەو مەلەفدارانە دەكاتەوە بە كەسێكى گوێڕایەڵى خۆى ئەگەر نا مەلەفەكەى ئاشكرا دەكات,بەم پێیەش ئەوە دەزگاى پاراستن و زانیاریە كە سنورى ئیشكردنى دیوانى چاودێرى دارایی دیارى دەكەن نەك نەهجى كاركردنى ئەم دەزگایە,بەم پێیەش دیوانى چاودێرى دارایی بۆى نییە وردبینى لەسەر مەلەفى دزو گەندەڵیە گەورەكان بكات و ئاشكراى بكات بەڵكو تەنها دەتوانێت ئەو مەلەفانە وردبینى بكات كە فەرمانبەر و بەرپرسە بچوكەكان لە دامودەزگا حكومیەكاندا دەیكەن ... ...
دیوانى چاودێرى دارایى چەكە قورسەكەى تاڵەبانى دژ بە نەیارەكانى
دیوانى چاودێرى دارایی لە ساڵى 1998 بە پێشنیارى جەلال تاڵەبانى سەرۆكى هەرێم"ئیدارەى سلێمانى" دامەزرا,مەبەست لە دامەزراندنى ئەم دەزگایە سنور داركردنى ئەو گەندەڵیەگەورانە بوو كە لە ئیدارەى ئەوكاتى سلێمانى گەشتببوە ترۆپك,ئەم دەزگایە كارى پشكنین و سەیركردنى هەموو ئەو مەلەف و نوسراو بەڵگەنامانەیە كە لە دەزگاو دامەزراوە حكومى و ڕێكخراوە ناحكومیەكان كە نەسریە لە حكومەت وەردەگرن,بۆئەوەى ووردبینى هەموو كارەكانى ئەو دەزگایانە بكەنەوە ڕاپۆرتى خۆیان لەبارەیەوە بەرزبكەنەوە بۆ شوێنى مەبەست,ئەم دەزگایە كە لەسەر پێشنیارى تاڵەبانى پێكهێنراوە و هەر بۆخۆشى سەرۆكێكى بۆ دیارى كرد ئێستا كارى ئەم دەزگایە ڕەهەندێكى سیاسیانەى وەرگرتووە بەرپرسەكان بەگشتى و تاڵەبانى بەتایبەتى هەوڵدەدەن ئەم دەزگایە بەكار بهێنن بۆ تەسفیە حسابانى نێوان خۆیان و بەرپرس و نەیارەكانى دژ بەخۆیان...
2500 ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی شەرعیەتى ئەم دەزگایە دەخاتە ژێر گومانەوە
دیوانى چاودێرى دارایی لە لێدوانێكیاندا بۆ ڕۆژنامە و كەناڵەكانى ڕاگەیاندن ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە لەماوەى دەست بەكار بوونیانەوە لەساڵى 1998 تاساڵى 2008 تەنها لەسنورى ئیدارەى پێشوى سلێمانیدا زیاتر لە 2500 مەلەفى دزى و گەندەڵیان لە دامودەزگاكانى حكومەت و ڕێكخراوەكاندا ئامادە كردووە بەڵام وەك بینراوەلە ماوەى ڕابردوودا ئەم دەزگایە بەجدى كارى لەسەر ئەو مەلەفە زۆرانە نەكردووەبەڵكو ئەوانەى كارى لەسەر كردوون زیاتر بۆ مەبەستێكى سیاسى بوون نەك وەك مەبەستی ئیجرئاتى ئیدارى,چونكە شارەزایانى بوارى ئابوورى پێیان وایە ئەگەر لەماوەى ڕابردوودا كار لەسەر ئەو 2500 مەلەفى گەندەڵییە بكرایەو سەرپێچیكەران سزا بدرانایە ئەوا حاڵى گەندەڵى لە كوردستاندا نەدەگەشتە ئەمڕۆ...

مەلەفەكانى بەعس و مەلەفەكانى دیوانى چاودێرى دارایی
پاش ڕوخانى حكومەتى بەعس لەساڵى 2003 بەدواوە سەردەمێكى نوێ دەستى پێكرد كە دەتوانرێت ناوى لێ بنرێت سەردەمى مەلەفەكان,ئەم سەردەمەش پاش دەست بەسەراگرتنى بارەگاكانى ئەمن و ئیستخبارات لەلایەن هێزو لایەنە سیاسى و عێراقی كوردستانى و ئەمەركیەكانەوە بوو هەرلایەنێك بەشێك لەو مەلەفەكانەى كەوتە بەردەست هەر چەند ڕۆژێك دواتر لە ڕێگەى میدیا ئەهلیەكانەوە دەستكرا بە بڵاوكردنەوەى مەلەفى ئەو كوردانەى بەشێوەیەك لە شێوەكان لە ژێرەوە دەستیان لەگەڵ بەعس تێكەڵكردبوو,یەكێتى و پارتى وەك دوو هێزى سەرەكى و خاوەن دەسەڵات هەر لەسەرەتاى ڕاپەڕینەوە ببوونە پاڵپشت و داڵدەدەرى هەموو جاش و موستەشاو ئەنفالچیەكان كە بەشێوەیەكى ئاشكرا لىماوەى دەسەڵاتى بەعس لە كوردستاندا هاوكارى بەعسیان كردبوو,بەڵام پاش 2003 ئەو كەسانەشى كە بە شێ,ەیەكى نهێ،ى پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدجا هەبوو مەلەفەكانیان كەوتنە بەردەستى میدیا ئەهلیەكان و هەندێكیان بڵاوكرانەوە و هەندێكیشیان تا ئێستا لەلاى حیزب و لایەنە سیاسیەكان ماونەتەوە ئاشكرا نەكراون,ئەوەى دەمانەوێـ لەبارەیەوە بدوێین مەسەلەى مەلەفەكانى بەعس و مەلەفەكانى دیوانى چاودێر دارایی كە لە یەك خاڵى جەوهەریدا یەك دەگرنەوە ئەویش چۆنیەتى كاركردنە لەسەر ئەو مەلەفانەى كە دیوانى چاودێرى دارایی (ئیدارەى سلێمانى)لەلایەتى
ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی چۆن كاریان پێدەكرێت
هەروەك چۆن لەبەرامبەر پیشاندانى وەلائیان ئامادەبوونیان بۆ ئەندام بوون لە حیزبەكانیاندا یەكێتى و پارتى لە زۆرێك لەو بەعسیى و جاشانە خۆش بوون كە پێش ڕاپەڕین بەئاشكرا خزمەتى بەعسیان كردبوو هەروەها لەوانەش خۆش بوون كە دواى ڕاپەڕین و هەتا ڕ,خانى ئەو ڕژێمە لەساڵى 2003 هەر لە خزمەتى بەعسدا بوون,ئێستاش یەكێتى و پارتى بەهەمان شێوە كار لەسەر ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی دەكەن پارتى زۆر بە نهێنى و یەكێتى بەئاشكرا,ئێستا دەبینین مەڵبەندەكانى یەكێتى لە سنورەكانى خۆیدا سەرپشك كراون ڕینمایكردن و بانگهێشتكردنى دیوانى چاودێرى دارایی بۆ سەر ئەو فەرمانگەیەى كە بەرپرسەكەى یان فەرمانبەرەكانى سەر بە نایەنە ژێر ركێفى مەڵبەند و سەر بە باڵەكەى تاڵەبانى نین(باڵى گشتى),پاش پشكنین و ووربینى كردن لە مەلەفى ئەو ئەو دائیرانە جارێكیتر حیزب تەداخول دەكات و ئەگەر توانرا تەستەمۆ بكرێن و سەمعوتاعەیان بۆ باڵێ گشتى دەربڕى یان كورسى بەرپرسیاریىتیان بەجێهێشت ئەوا یەكێتى مەلەفەكەیان دادەخات و لیكۆڵینەوە لەگەڵیاندا كۆتایى پێدەهێنێت نموونەش ئەو 2500 مەلەفەیە كە چەندین ساڵە بە بێ كار كردن لەسەر پشتگوێ خراون...
تاڵەبانى بە دیوانى چاودێرى دارایی كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە دەترسێنێت
پاش ئەوەى كۆمەڵەى قوربانیانى هەڵەبجە لەسەر ئازادكردنى تاریق ڕەمەزانى فرۆكەوان لەلایەن تاڵەبانیەوە هەڵوێستى توندیان نواند بەقسەى ئەندامێكى ئەو كۆمەڵەیە یەكێتى لە ڕێگەى مەڵبەندەوە كێشەو گرفتیان بۆ دروست دەكات و تۆمەتیان دەداتە پاڵ ,ئەندامێكى كۆمەڵەى قوربانى ووتى هاتنى دیوانى چاودێرى دارایی بۆ ووردبینى كردن لە سەر كۆمەڵەكەى ئێمە ئەوەندەى لە لێكۆڵینەوەیەكى سیاسی دەچوو ئەوەندە لە ووردبینى و كارى دیوانى چاودێرى دارایی نەدەچوو چونكە هەڵسوكەوت و پرسیارەكانى لیژنەكە دیاربوو مەبەستێكى سیاسی لە پشت هاتنەوەكەیانەوەیە بۆ كۆمەڵەى قوربانیان ئێمە پێمان وایە دیوانى چاودێرى دارایی ئێستا بۆ مەبەستێكى سیاسى بەكار دەهێنرێت و لە مەهامى ڕاستەقینەى خۆى دوركەوتووەتەوە...
كۆمەڵەى قوربانیانى لە پەرلەمان شكات لە دیوانى چاودێرى دارایى دەكەن
كۆمەڵەى قوربانیانى هەڵەبجە بەمەبەستى دەربڕینى ناڕەزاى و شەكوا لەدەستى دیوانى چاودێرى دارایی پەنا دەبەنە بەر پەرلەمان و كارى دیوانى چاودێرى و دارایی بە ناڕاست دەزانن و ئەو تۆمەتانەش لە لایەن یەكێتیەوە دەدرێتە پاڵیان هیچیان ڕاست نین و داوا لە لیژنە نەزاهەى پەرلەمانى كوردستان دەكەن یەكەم كارى ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوە بێت لە داهات و خەرجیەكانى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاویبارانى هەڵەبجە...
ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی بەهێزترین چەكى كۆنگرەى 3ى یەكێتى
بەپێى ئەو زانیاریانەى لەبەر دەستدان تاڵەبانى دەیەوێت بۆ مسۆگەركردنى كۆنگرەى سێ لە ڕێگەى دیوانى چاودێرى داراییەوە كار لەسەر هەموو ئەو بەرپرسە حیزبى و حكومایانەى یەكێتى بكات كە سەر بەكوتلەى كۆسرەت ڕەسوڵ عەلین ئەوەش بەمەبەستى ئەوەى ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی وەك چەكێك لە دژیان بەكار بهێنێت بەمەبەستى تەسلیم بوونیان و وازهێنانیان لە كوتلەى كۆسرەت ڕەسوڵ عەلى بەم كارەشى دەتوانێت كۆنگرەى سێ مسۆگەر بكات و هیچ بەربەستێك لەبەردەمیدا نەمێنێت
كۆسرەت ڕەسوڵ و كوتلەكەى لەبەردەم ڕەحمەتى چەكە قورسەكەى تاڵەبانیدا
لە پلنیۆمدا لەسەر پێشنیارى تاڵەبانى لەژێر دروشمى(من این لك هژا)لیژنەى لێپرسینەوە لە سەروەت و سامانى بەرپرسانى یەكێتى بڕیارى لەسەردرا,چاودێران پێشبینى ئەوە دەكەن كە ئەم لیپرسینەوەیە بۆ باكتاوكردنى ئەندامانى لیستى گۆڕان بێت لەلایەك و زیاتر ژێربار خستنى هەموو ئەو كەسانە بێت كە بەشێوەیەك لە شێوەكان لە گەندەڵی تێوەگلاون و نایانەوێت بێنە ژێربارى باڵەكەى تاڵەبانى,بۆیە ئێستا یەكێتى لە هەوڵى ئەوەدایە مەلەفى ڕابردووى زۆرێك لەبەرپرسە حیزبى و حكومیەكان هەڵبداتەوە و لیژنەیان لەسەر بگرێت,گەورەترین مەترسى ئەم پرۆسەیە بۆ خودى كۆسرەت ڕەسوڵ و كوتلەكەیەتى چونكە تاڵەبانى پێش هەموو شت پەیماننامەى ئاكارى بە كۆسرەت ڕەسوڵ ئیمزاكردووە كە هیچ كەس كوتلەو كوتلەكارى نەكات بەم پێیەش هەموو ئەوانەى سەر بەكۆسرەتن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت كۆسرەت رەسوڵیش بەهۆى ئیمزاكردنى پەیمانى ئاكارەوە ناتوانێت بەدەنگ بێت و بەرگرى لە باڵەى بكات ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەى ئەوانەى كۆسرەتین تەسلیمى باڵى گشتى ببن و لەم ڕێگەیەشەوە تاڵەبانى گۆنگرەى 3 بە بێ هیچ بەربەستێك بەسەر كەوتنى خۆى و كوتلەكەى كۆتایی پێبهێنێت ....

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە