ئۆپەراسیۆنی (19)ی مایسی پارتی و (9)ی حوزیرانی داعش

Sunday, 22/06/2014, 12:00

1467 بینراوە




دیارە ئۆپەراسیۆنی داعش بۆ سەر موسڵ لە (9)ی مایس ئەنجامگیر بوو، ئیدی مەرامی داعش گەیشتە ئەنجام لە دروستكردنی دەوڵەتی ئیسلامی سوننی كە بەعسی و سەلەفی و جیهادیەكان پشتگیری دەكرێن، مەترسی ئەو ئۆپەراسیۆنەی داعش بۆسەر دیموكراتی و ئازادی و ئێراق بەرەو داڕمانبردن، بۆ كوردیش لەگەڵ ئەوەی دەرفەتێكە بۆ خۆگەیاندنە سنوری گشتی باشوری كوردستانە، بەڵام لە لایەكیتریش بەهێزبوونی داعش مەترسی بۆسەر دەسكەوتەكانی رۆژئاوا و باشورە بەگشتی. لەوانەیە لەلایەك دڵخۆش بین كە دەگەینە سنوری باشور بەگشتی و رژێمی مالیكیش زیاتر بەرەو لاوازی دەچێت، بەڵام دروستبوونی هەرێمی سوننەی جیهادی بە سەرۆكایەتی داعش وەكو ئەوەیە لەناو چاڵێكدا بێت لەگەڵ گیاندارێكی دڕندە.
ئەوەی ئەمەوێ لێرە لەناو ئۆپەراسیۆنی داعش ون نەبێت بێگومان ئۆپەراسیۆنەكەی پارتیە بۆ سەر بنكە و بارەگا راگەیاندنی و مەدەنی و دیموكراتیەكانی نزیك پارتی چارەسەری، لە زاخۆ و دهۆك و دیانا و هەولێر، هەمانكات بەپێویستی ئەزانم رووداوەكە جارێكیتر لەسەری بووەستینەوە؛ چونكە تا ئەم ساتە هیچ شتێك لە هەڵوێستەكانی پارتی نەگۆڕاوە.
ئەوەی روویداوە بارگراوندێكی دوورتری هەیە لەوەی كە لە دوای نیوەڕۆی (19)ی مایسی (2014) هەڵیانكوتایە سەر ئێمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی ئێمە لە بەرانبەر مەسەلە نەتەوەییەكان، بەشێكی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو گردبوونەوەی كە لە (15) مانگی نیسان لە لایەن خوێندكاران و گەنجانی پارتی چارەسەری و یەكێتی نیشتیمانی و بزووتنەوە گۆڕان لە بەردەم پەرلەماندا لە دژی لێدانی ئەو خەنەدەقەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ جیاكردنەوەی رۆژئاوا و باشوور لێیداوە، لەو رۆژەوە دەستكرا بە فشارەكان بۆ سەر ئێمە و بەرپرسیاری كۆمینی گەنجانی ئێمەیان بەناوی مازن یارسانی فڕاند و شەش رۆژ لە زیندان مایەوە، دواتریش بە بێ دادگایی كردن ئازادكرا، دوای ئەوەش دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنەكان بازگەكانی سنووری پارتی ناسنامەی پارتی چارەسەرییان قەبوڵ نەكرد لە هەڤاڵانی ئێمە، هەندێكیان گرتن و هەندێكیشیان گێڕانەوە، دواتریش لە سەرەتای ئەم مانگەش بەرپرسی نوسینگەی رۆژی وڵاتیان لە دهۆك هەڤاڵ "ئەحمەد رێكان"یان دەستگیر كرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی نوسینگەی رۆژی وڵات لە دهۆك هەڕەشەی لێكرا و چاودێری كرا لە لایەن هێزە نەناسراوەكانی پارتی، هەربۆیە ئەو بەرپرسەی ئێمە بەشێوەیەكی یاسایی سكاڵای تۆمار كردبوو، بەڵام پێچەوانەی ئەوان هاتن هەڤاڵ ئەحمەد رێكانیان گرت و ماوەی (8) رۆژ لە زیندانی ئاسایشی دهۆكدا مایەوە و بەبێ بڕیاری دادگا ئازادكرا. دوای ئەوە لە رۆژی (19)ی ئەم مانگە، پارتی ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی لە دژی ئێمە ئەنجامدا لە سنووری دەسەڵاتی خۆی هەر لە زاخۆ هەتا دهۆك و هەولێریشی گرتەوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە لە لایەن هێزێكی چەكداری نەناسراوەوە ئەنجامدراوە كە ژمارەیان لە هەزار چەكدار تێپەڕی دەكرد، بەبێ بڕیاری دادگا، بێ ئەوەی ناسنامەی خۆیان ئاشكرا بكەن، كە هاتنە بارەگای گۆڤاری رۆژی وڵات لە هەولێر خۆشم لەوێ بووم و منیشیان گرت، ئێمە داوامان لێكردن ناسنامەی خۆیان ئاشكرا بكەن، بەڵام كەسیان وەڵامیان نەداینەوە، ئێمەیان راپێچ كردە ناو ئۆتۆمبێلەكانیان بەزمانی هەڕەشە و سوكایەتی پێكردن، لە زاخۆ بێڕێزیی و سوكایەتییان بە هەڤاڵێكی ژن كردبوو و لە زاخۆ دەریانكردبوو بەرەوە دهۆك و نوسینگەكەیان كلۆم داوە، لە هەولێریش هێرش كرایە سەر پێنج شوێنی جیاواز، نوسینگەی (رۆژی وڵات)، نوسینگەی(رێكخراوی ژیانەوەی گەنجان)، نوسینگەی (رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان)، نوسینگەی (ئاژانسی هەواڵی دیجلە)، نوسینگەی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) هەموو ئەو نوسینگانەی هێرشیان كراوەتە سەر شوێنی رەسمین و مۆڵەتی رەسمیان لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە، ئەوا زیاتر لە ساڵێكە. پارتی بیانووی چەند خاڵێك بە ئێمە دەگرێت كە بریتین لە:
1ـ نەبوونی مۆڵەتی رەسمی ئەو دەزگایانە كە بە پێچەوانەوە هەموو ئەو دەزگایانە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێمە وەكو حزب بەشداریی هەڵبژاردنی رابردوومان كردوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر مۆڵەتمان نەبوایە نەماندەتوانی بەشداریی بكەین.
2ـ لەبەرچی لە هەڵبژاردنەكانی (30)ی نیسان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لە دهۆك و هەولێر دەنگمانداوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەنگمانداوە بەیەكێتی، لەو بارەیەشەوە ئەندام و بنكەی جەماوەری ئێمە و وەكو حزبیش ئازادین لەوەی دەنگ بە كێ دەدەن و بە كێ نادەن، ئەوەش مافێكی سروشتی خۆمانە، پارتی ناتوانێ و بۆشی نییە لێپرسینەوەمان لەگەڵ بكات لەسەر ئەو كارە، دواتر هەردوو لایەنی ئێمە دەنگمان پێداون هەردووكیان رێكەوتنی سترایژیان لەگەڵ پارتی هەیە. كەمبوونەوەی دەنگی پارتی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، پەیوەندی بە هەڵوێستەكانی خۆیەوە هەیە، چونكە هەڵوێستەكان نانیشتمانی، نادیموكراتی و نانەتەوەیین و كاری ناڕەوا دەكات، هەر لە لێدانی خەندەقەوە بگرە تا رێگریكردن لە كۆنگرەی نەتەوەیی، ئێمە كە دەنگمان بە كاندیدەكانی یەكێتی داوە، بەهۆی ئەوە بووە كە هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبووە بەتایبەت لە نۆی مانگی رابردوو، هەوڵدەدات هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە، ئەگەر پارتیش هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەبێت و واز لەو پێشێلكاریانەی بێنێت، بێگومان هاوكار و پشتیوانی دەبین.
3ـ بەهۆی ئەوەی كە ئێمە لە (15)ی مایس چووینە بەردەم پەرلەمان داوای ئاشكراكردنی كۆمەڵكوژیەكەی ساڵی (1997)ی هەولێرمان كردووە، ئەویش پشتیوانی بوو لە چالاكیەك كە كۆمەڵەی هێڤی بۆ قوربانیانی جەنگ رێكیخستبوو، داواكاریەكان داواكاری بنەماڵەی قوربانیان بوو، ئێمەش بەكارێكی رەوامان داناوە، بێگومان ئەوە مافێكی رەوای خۆمانە، ئێمە دەبێ رەخنە لەو هەڵوێستانەی پارتی بكەین، كە ئێستا (17) ساڵا بەسەر ئەو كۆمەڵكوژیە تێپەڕیووە، تا ئێستا شوێنی شاردنەوەی ئەو قوربانیانە دیارنییە، بنەماڵەی ئەو قوربانیانە چاوەڕوانی هەڵوێستی ئێمەن، پێویستە پارتیش لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستانەی رەخنە بدات و تاوانبارانی ئاشكرا بكات، ئەگەر ئەوەش راست نییە ئەوا دەتوانێ بەو زمانەی رەخنەمان كردوە بەو زمانە وەڵاممان بداتەوە نەك بە بەیاننامەی هەڕشەئامێز دەرخات و بەهێزی چەكداریی نەناسراوەوە هەڵبكوتنە سەر بارەگاكانمان و تاوانبارمان بكات، ئەوەتا بەدەركەوتن و دركاندنی دلێر مەجید كە ماوەیەكی درێژە لەزیندانە نهێنیەكانی پارتیدا زیندانكراوە، چالاكیە دیموكراتی و هەڵوێستە مافەداریەكانی ئێمەش پشتڕاستكرایەوە. تاوانەكانی شەڕی ناوخۆ كە هەموو كەس دەزانێ ئێمە دوای شەڕی ناوخۆ دامەزراوین، ئێمە باوەڕمان بە چالاكی مەدەنی و رێكخراوەیی هەیە، نەك رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی، ئەوە پارتیە كە بە هێرشكردنە سەر خەڵك و كوشتنی رۆژنامەنووسان و چاوسووركردنەوە لە خەڵك ناوبانگی دەركردوە، هەربۆیە بەو ئۆپەراسیۆنە چەكداریەی كە لە هەولێر كردیە سەر ئێمە پێمانوایە هەولێری لە پایتەختی گشتیاری گۆڕی بۆ پایتەختی چەكداری، بۆیە لە ئێستادا ئەگەر بڵێین هەولێر (پایتەختی چەكداریە نەك گەشتیاری) لەوانەیە راستر بێ.
4ـ پارتی بارودۆخی رۆژئاوا دەكاتە بیانوو گوایە لەوێ ئەندامانی حیزبە پاشكۆكانی دەردەكرێن و بەشداریان پێناكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە دۆزی رەوای گەلەكەمان دەكەین لە رۆژئاوای كوردستان و ئەو هەڵوێستانەی پارتیشمان پێ راستنیە كە دەست دەخاتە ناوكاروبارەكەیان، بەڵام ناكرێ ئێمە و رۆژئاوا تێكەڵ یەكتر بكرێن؛ چونكە ئێمە هەموو یاسا و رەسمیەتەكانی هەرێمان پەسند كردوە و ئەوە ماوەی (12) ساڵیشە بەشدارین لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئێراقدا، ئەوەی چەكدارانی پارتی كردویانە دژایەتی یاسا و رەسمیەتی خۆیانە كە حكومەتەكەی ئەوان سەرۆكایەتی دەكەن، لە لایەكیتر ئەو هێرشانە بە بێ فەرمانی دادگا و حكومەت جوڵەیان پێكراوە، هەمانكات ئەو كاتە جوڵەیان پێكرا كە پارتی بەیاننامە هەڕەشەئامێزەكانی لەدژی ئێمە دەرخست، بۆیە ئەڵێین چەكدارانی پارتی ئەو كارە نایاسای و نائاسایەیان كردووە، پێویستە سنورێك بۆ چەكدارانی پارتی دابنرێ؛ چونكە هێرشكردنە سەر نوسیگەی گۆڤار و بنكەی رێكخراوەكانی مەدەنی مانای چیە و چۆن بەسەر هەرێمدا دەشكێتەوە؟؟. بۆیە دەبێ بزانرێ ئەوەی لەبەرامبەر ئێمە كراوە پێشێلكاری هەموو یاسا و بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی راگەیاندنی و حیساب نەكردنە بۆ دادگاكانی هەرێم.
5ـ لە پێناو ئەوەی ئەو بارودۆخە هێور بكەینەوە ئێمە لە رۆژی دەستپێكردنی پێشێلكاریەكانی پارتیەوە تا ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێ ویستوومانە ئەو بارودۆخە بەشێوەی دیالۆگ چارەسەر كەین بۆ ئەمەش تائێستا تەنها دەستمان بردوە بۆ راگەیاندن و دانوستان، بەڵام هەندێك لە راگەیاندنەكان كە تازە شەریكی حكومەتن قڕوقپ لێی دانیشتوون تاكو پارتی لێیان توڕە نەبێ، زۆرێك لە راگەیاندنەكانیش رۆڵی خۆیان بینیوە، لایەنە سیاسیەكان هێشتا وەك پێویست و بەشێوەی فەرمی نەهاتوونەتە دەنگ، بەڵام كەسیش پشتگیری كارە ناڕەواكانی پارتی نەكردوە. ئێمە كەسی یەكەم كە ویستمان پەنای بۆ ببەین پەرلەمانی كوردستان بوو بۆ ئەوەی دەنگمان بگێنینە پەرلەمان و كەیسەكەمان لای سەرۆك و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان باس بكەین، بەڵام بەداخەوە هێز و ئەمری چەكدرانی پارتی لە ئەمری پەرلەمانتار زیاتربوو، لەبەر ئەوەش بەرپرسانی ئەمنی پەرلەمان ئێمەیان لەبەردەم پەرلەمان گەڕاندەوە و لە شوێنی پێشوازی دەستبەسەریان كردین بۆ ماوەی نزیكەی سەعاتێك، بەبیانوی ئەوەی گوایە فەرمانی دەستگیركردنمان هەیە. لەسەر چی خۆشیان نازانن، ئەگەر وابوو ئێمە خۆ رۆژی پێشوتر لەبەر دەستی ئەواندا بووین بۆچی ئەوكات ئازادیان كردین و رۆژی دووەم فەرمانی گرتنمان بۆ دەردەكەن!! بۆ رۆژی سێیەمیش دیسان پەیوەندیمان بە سەرۆكی پەرلەمان كردۆتەوە، ئەویش بەڵێنیدا و گوتی لەرۆژی دووەمەوە لەسەر ئەو بارودۆخە وەستاوین، بەڵام بۆ دوای نیوەڕۆی هەر ئەو رۆژە هێزێكی چەكداری تر هەڵیانكوتاوەتە سەر چەند كۆمپانیایەك كە كرێكارانی باكوری كار تێدا دەكەن و كەلوپەلەكانیان دەشێوێنن و وێنەكانی رێبەر ئاپۆ دەگرن و دەدڕێنن. تاوەكو ئەو نووسینە ئەنوسم پارتی لە ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، هەموو ئەندامانی ئێمەی بەشێوازی هەڕەشە لێكردن لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردون، دایك و برای شەهیدی بانگ كردون و سوكایەتی پێكردون لە زاخۆ و داوای كردوە دەستبەرداری شەهیدی خۆیان بن، هەموو خاوەن خانوەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە خانوەكانیان لە ئێمە بستێنەوە بەتایبەت لە زاخۆ، دهۆك، دیانا و هەولێر. هەمانكات خەریكی ئەوەن كە دۆسیەی ئەمنی بۆ ئەندامانی ئێمە بكەنەوە و لەژێر هەڕەشەدا جموجۆڵ بكەن، سەرباری ئەوەش ئێمە دیدارمان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامدا، پەیوەندیمان بەسەرۆكی حكومەت كردوە، بەڵام وەڵامی نەداوینەتەوە، كەمپین كۆكردنەوەی سەد رێكخراوی هەولێر بۆ پشتگیری رێكخراوەكانمان، هەمانكات بە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیمان لەبەردەم پەرلەمان رامانگەیاندوە، دواین هەوڵیشمان پەنا بردنە بەر دادگایە، هەرچەندە دادگاكان سەربەخۆ نین و لەژێر فەرمانی پارتیدان، بەڵام ئێمە هێشتاش هەوڵەكانمان لەلایەنی مەدەنی و دیموكراتی و یاساین، دەبێ ئەوەش بزانرێ كە ئێمە هەتا شوێنێك ئەتوانین جەماوەری خۆمان بەو شێوەیە رابگرین، بۆیە دوای ئەوەی دڵنیابووین كە بە رێگای دادگاشەوە هیچ ناكرێ ئەوكات دەستمانكراوە ئەبێ بۆ هەر جۆرە چالاكیەكیتر.
6ـ پارتی ئەو كردەوە قێزەوەن و نابەرپرسیارنە بەقسەی كێ دیكات نازانم، بەڵام ئەوە ئەزانم كە پارتی بەو شێوازەی سوود بەخۆشی ناگێنێ و كارێكە لەدژی هەموو دەسكەوت و نرخ و قوربانیەكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە لە كۆتایدا ئەڵێم تكایە پارتی واز لەو كارە ناڕەوایانە بێنە و رێز لە یاسا و فەرمیەتی هەرێمی كوردستان بگرە، سەردەمی تاكڕەویی و دەسەڵاتی تاك حیزبی بەسەرچووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە