قەدەغەكردنی خەتیب دیجلە بەواتای راگەیاندنی شەڕو هێرشە بۆ سەر ئیرادەی سیاسی گەلی كورد

Wednesday, 22/06/2011, 12:00

1387 بینراوە


دۆینێ 21/6/2011 كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاری دا كە مافی ئەندامێتی پەرلەمان لەخەتیب دیجلەی نوێنەری بەرەی رەنج وئازادی ودیموكراتی لەئامەد بسێنێتەوە. بەو پێیە خەتیب دیجلە كە پێشتریش بەهۆی هەڵوێستی كوردانەیەوە (10)ساڵ لەزینداندا مابووەوە و ئێستاش ماوەی دوو ساڵ ودوو مانگ زیاترە لەزینداندا دەست بەسەرە ولەهەڵبژاردنی 12/6/2011دا بەدەنگی زیاتر لە 85 هەزار كەس لەئامەد هەڵبژێردرا، نابێتە ئەندامی پەرلەمان وكورسیەكەی ئەویش دەچێت بۆ ئاكەپە.
دیارە ئەم بڕیارەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای ئەوە دێت كە رێبەری كەجەكە رێزدار عەبدوڵڵائۆجەلان لە 15ی حوزەیراندا لەرێگەی پارێزەرەكانییەوە داوای لە كەجەكە كرد كە دەرفەتێكی تر بدەنە ئاشتی و داوای لەدەوڵەتی توركیاشی كرد كە نیازباشی(پاكی) خۆیان بۆ چارەسەری دۆزی كورد ئاشكرا بكەن و كەجەكە ش ماوەی هەفتەیەكی دیاری كرد بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی توركیا نیازباشی خۆیان دیاری بكەن، هەتا ئەوانیش قۆناخی بێ چالاكی درێژ بكەنەوە، هەر بۆیە ئەم بڕیارە ناكەوێتە خزمەتی ئاشتی و چارەسەری دۆزی كورد و دیموكراتیزەبوونی توركیاوە.
ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە رەهەندێكی سیاسی هەیەو لەناوەڕۆكی خۆیدا پەسند نەكردنی ئەو ئیرادەیەیە كە گەلی كورد نیشانی دا لە هەڵبژاردنەكاندا وبەدیوێكی تریدا هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەل و بەرتەسككردنەوەی گۆڕەپانی سیاسیە لە كورد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كەدەوڵەت وحكومەتی ئاكەپە ئامادە نیین لەرێگەی سیاسی ودیالۆگەوە دۆزی كورد چارەسەر بكەن و دەخوازن شەڕ وەكو تەنیا بژارێك بەدەستی كوردەوە بێهێڵنەوە بۆ تێكۆشان. ئەمەش خزمەت بەتوركیا و كوردستانیش ناكات. هەر بۆیە گرنگە كە هەرچی زووە بەم بڕیارەدا بچنەوە وهەڵیبوەشێننەوە. ئەگەر نا ئەو كاتە گەلی كورد و جوڵانەوەی كەجەكە سەرپشك دەبن لەوەی كە چی بڕیار دەدەن و كەسیش رەخنەیان ناكات ئەگەر كۆتایی بەقۆناخی بێ چالاكی بهێنن. لەو باوەڕەشداین گەلەكەمان چۆن پێش هەڵمەتی راگەیاندنی هەڵبژاردنەكان توانی بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە قەدەغەكردنی چەند كاندیدێكی بەرەی رەنج و ئازادی ودیموكراتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئێستاش دەتوانێت چۆن خەتیب دیجلەی هەڵبژارد بەهەمان شێوە بیباتە پەرلەمانیشەوە.
22/6/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە