بۆزان تەكین :توركیا زۆر لەئیسرائیل خراپترە

Saturday, 28/08/2010, 12:00

1584 بینراوە


بۆزان تەكین لەساڵى 1962 لەباكورى كوردستان لەدایك بووە لتەمەنى 16ساڵى بۆتە گەریلا و لەساڵى 1980 تا2000 زیندانى بووە و دواتر ئازاد بووە و دواى ئازادبوونى گەڕاوەتەوە بۆ شاخ و ئەو زۆر نیگەرانە لەوەى ئەوكاتەى ئۆجەلان دەستگیركراوە ئەو لەزینداندا بووە و دەڵێت بەداخەوە من ئۆجەلانم نەدیتوە ناوبراو ئێستا جێگرى موراد قەرەیلان ئەم دیمانە تایبەتیەى لڤین وەڵامى پرسیارەكان دەداتەوە
قەندیل_دیارى محمد
*ئاگربەستتان شكاند و دەستتان كردووە بەچالاكى دژى سوپا ئایا ئەمە دوا قۆناغە یان ئاگربەستى ترتان لەپێشە؟
بۆزان تەكین_
دیارە ئێمە 17ساڵ تاكلایەنە هەولمان بۆ ئاشتى دا هەم ئێمە هەم ئۆجەلان ئێمە گەریلاكانمان لەباكور لەساڵى 1999 تەواوى گەریلاكانمان لەباكوور كێشایە دەرەوەى سنور لەو كاتەدا توركیا 300 گەریلاى ئێمەى شەهید كرد،
بۆ چارەسەرى كێشەى كورد ئاكەپە سیاسەتێكى بەڕێوەبرد ئەو سیاسەتەش وەكو پێویست لێكنەدرایەوە لەئێستادا وەزیرى ناوخۆى توركیا دەڵێت ئێمە ئەوانە لەناوببەین ئایا ئەمە چۆن چارەسەرى دەكرێت كەباسى لەناوبردن بكرێت ئاكەپە لەژێر ناوى چارەسەریدا ویستى ئێمە لەناوببات بۆ ئەمەش دەیویست سریلانكایەكى تر لەسەر ئێمە دووبارە بكاتەوە ئێمە ئاگربەستى شەشەمین ڕاگەیاند بەڵام لەجیاتى وەڵامدانەوە ئۆپەراسیۆنى سیاسى دەستى پێكرد تائێستا(1600)كەسى ئێمە لەزیندان لەكاتێكدا ئەوان سیاسەتمەدارى یاسایین و هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەریان كەئەوان تاوانێكیان كردبێت ئۆجەلان نەخشەى ڕێگاى ئامادەكرد بۆ چارەسەرى دواتر لەسەر داواى سەرۆكمان دوو گروپى ئاشتیمان ناردنەوە بۆ توركیا بەڵام ئەوانیان گرتن لەیاسایى هیچ ووڵاتێك نیە كەنوێنەرى ئاشتى دەستگیربكرێن بەڵام توركیا ئەم كارەى كرد ئەوان نوێنەرن تۆ داواى ئەوان قبوڵ دەكەیت یان نا ئەوە كارێكى ترە
دواى ئەوە هێرشى سەربازى كرد نزیكەى 100 هەڤاڵى ئێمە شەهید بوون لەدواى ئەم پرۆسەیە ئێمە پێداچونەوەمان بەئاگربەستەكە كرد و داوامان كرد كەئاگربەست دوو لایەنە بێت چونكە ئاگربەست تاكلایەنە نابێت لەبەر ئەوە ئێمە ئاگربەستمان شكاند
*هێرشەكەى ئێوە لەكاتێكدا بوو بارزانى لەتوركیا بوو ئایا ئەمە هیچ پەیوەندیان بەیەكەوە هەبوو؟
بۆزان تەكین_
دیارە ئەم مەسەلەیە زۆر هەڵە لێكدرایەوە وەكو ئەوەى ئێمە بەڕێز بارزانى بێناوەڕۆك بكەین نا ئەوە نیەتى ئێمە نەبوو ئێمە وەكو سەرۆكى هەرێم سەیرى بەڕێز بارزانى دەكەین و بەهیواشین ڕۆڵێكى باش بگێڕێت لەچارەسەرى كێشەى كورد دا و بڕیارەكەى ئێمە هیچ پەیوەندى بەسەردانەكەى بارزانیەوە نەبوو ئەوە بڕیارى خۆمان بوو خۆشمان لێى بەرپرسین،
*لەدواى شكاندنى ئاگربەست لێدوانى تازە دەبیسترێن،وەكو لێدوانەكەى قەرەیلان كەدەڵێت كۆنفیدراڵى دیموكراتى و عوسمان بایدەمیریش دەڵێت هەرێمى كوردستان؟
بۆزان تەكین_
دیارە بەڕێوەبردنى دیموكراتیك بۆ چارەسەركردنى كێشەى كوردە چونكە توركیا هیچ شتێكى ترى قبوڵ نەكردووە دیارە بەڕێز بایدەمیر ڕاستى گوتووە هەرێمى كوردستان پەرلەمانى خۆى هەبێت و ئاڵاى خۆى هەبێت
*ئەمە هەرلەچوارچێوەى سنورى دەوڵەتى توركیادا؟
بەڵێ بەڵێ مستەفا كمال ئەتاتوركیش گوتویەتى لەسەر ئەم خاكە دوو گەل دەژین كێشەى كوردیش بەخۆبەڕێوەبەرى چارەسەر دەكرێت ئەمەشى لەڕێكەوتنامەى ئەرزڕۆم دا گوتووە
دیارە لە1922 ئەم بەڵگانە لەپەرلەمانى توركیا دەخرێنە دەنگدانەوە بە372 دەنگ واباوەڕدەكەم پەسەند دەكرێت ئۆتۆنۆمى بژیت بەڵام دواتر كەپەیمانى لۆزان كوردستان چوارپارچە بوو بەرپرسانى تورك لەبەڵێنى خۆیان پەشیمان بوونەوە لەبەرئەوەشە كەلێدوانى هەرە هەرزان و بێ بایەخ لێدوانى بەرپرسانى توركە و مرۆڤ هیچ قیمەت ناداتێ لێدوانى بەرپرسانى تورك
لەزۆر شوێن گەلانى وەكو ئێمە هەنە لەئیسپانیا لەبەریتانیا و لەكەنەدا كەخۆبەڕێوەبەرى هەتا باشوورى كوردستان لەساڵى 1970بڕیارى ئۆتۆنۆمى بڕیاردرا بۆ باشوورى كوردستان لەبەرئەوە پێویستە بۆ كوردى باكوریش خۆبەڕێوەبەرى ببێت
لەسەر ئەمە لێدوانى بەڕێز قەرەیلان و بەڕێز بایدەمیر ڕاستن بەڵام دەربارەى بەڕێز بایدەمیر ئەوە توركیا هێرشى كردە سەر و تەهدیدى دەكات
*ئایا لێدوانى قەرەیلان و بایدەمیر تەنیا قسەى ڕاگەیاندنەكان یان ئەنجامیان دەبێت؟
بۆزان تەكین_
دیارە هەڵسەنگاندنى بەڕێز قەرەیلان و بایدەمیر لێك جیاوازن چونكە قەرەیلان بەرفراوان بیردەكاتەوە دیارە چارەسەرى بەمشێوەیە توركیا پارچە ناكات لەزۆر ووڵاتان نەتەوە بەم شێوەیە ژیان دەكەن لەكاتێكدا ئێمە هەوڵى چارەسەرى كێشەى كورد دەدەین بەڵام بەڕێز بایدەمیر یەك لێدوانى داوە لەبەرامبەر ئەودا دۆز كراوەتەوە لەدادگا
*بەشیر ئاتەڵایى پڕۆژەى چارەسەرى كێشەى كورد پێسپێردراوە چۆن هەڕەشەى لەناوبردنى كورد دەكات؟
بۆزان تەكین_
دیارە بەشیر ئاتەڵایى ڕوویى ڕاستەقینەى خۆى دەرخست كەماوەیەك پێش ئێستا ووتى پێویستە ساحەى ئەمانوس پاك بكەینەوە ئەمانوس كوێ دەگرێتەوە چەندین ناوچە دەگرێتەوە كەسەدان هەزار كوردى تێدانە ئێستا دەركەوتووە كەئاتەڵایى بەڕێوەبەرى چارەسەرى نیە بەڵكو بەڕێوەبەرى كۆمەڵكوژیە هەتا ئێستا هیچ وەزیرێكى تورك بەمشێوەیە و بەجورئەتەوە نەیتوانیوە بەڵام ئەو دركاندى
*لەكاتێكدا ئۆجەلان باسى لەوە كردووە كەدەست لەچارەسەرى كێشەى كورد دەكێشێتەوە بەڵام تائێستا ئێوە چاوەڕوانى بڕیار و ڕاسپاردەكانى ئەو دەكەن؟
بۆزان تەكین_
دیارە ئۆجەلان ئەم بزوتنەوەیە بەزانایى و لێهاتوویى بەڕێز ئۆجەلان تائێستا بەردەوامە زۆر كەس ڕەوشى بەڕێز ئاپۆ نازانن من دەپرسم كەسێك 11 ساڵ بەتەنیا لەزیندانێك دا بێت دەبێت ڕەوشى چۆن بێت ماوەیەك پێش ئێستا چەند كەسێكیان بردە لاى ئەو
حەزدەكەم ئەوەش بڵێم كەئاكەپە لەژێر ناوى ئیسلامیەت دەیەوێت ئێمە لەناوببات هەتا دەچێتە ئەمریكا ئێران سوریا باشوور تەنیا بۆ ئەوەى ئێمە لەناو ببات دواتر بەڕێزیان ووتى پەكەكە چى دەكات خۆى سەربەستە
*بەپێى قسەى بەڕێزتان ئایا ئەمە گۆڵپى سەوز نەبوو كەئۆجەلان بۆ ئێوەى هەڵكرد بۆ ئەوەى دەست بەشەڕبكەنەوە؟
بۆزان تەكین_
نا ئێمە لەلێدوانى تایبەتى خۆمان ئەوەمان ڕەتكردەوە كەبەرپرسیارى ئەم ڕەوشە ئێمەین نەك سەرۆك ئاپۆ بەڵام ڕاگەیاندنى تورك بۆ ئەوەى زەخت لەسەر سەرۆك دروست بكەن بەڵام شكستیان هێنا،
*لەدواى چالاكی گەریلاكان زەخت لەسەر ئۆجەلان زیادى نەكردووە؟
بۆزان تەكین_
بەڵێ بەڵام بەمشێوەیە نەبوو تەنیا ڕادیۆیان لێسەندەوە بەڵام زەختێكى بەمشێوەیە دروست نەبوو بەڵام تائێستاش ئاپۆ لەسەر ئەوە پێداگرى دەكات كەدەڵێت پێویستە ئاگربەست دوو لایەنە بێت،
*ئێوە لەكاتێكدا زۆر ڕەخنە لەهەرێم دەگرن بەڵام ئۆجەلان دەڵێت هەولێر بۆ ئێمە لەواشنتۆن گرینگترە؟
بۆزان تەكین_
دەزانى هەڤاڵ ئێمە هەموومان یەك نەتەوەین ووڵاتى ئێمە كوردستانە داگیركەران كوردستانیان پارچە كردووە بەڵام نەلاى ئێمە نەلە دڵى هیچ كوردێك كوردستان پارچە نیە ئەگەر ئیمڕۆ كوردیش كۆنگرەیەكى خۆیان دروست نەكەن باوەڕناكەم ئازاد ببم ئەگەرى ئەوە هەیە جارێكى تر كورد ببێتەوە قوربانى سیاسەتى نێونەتەوەیى بۆچى ئێمە لەسەد ساڵى ڕابردوو بەمشێوەیەمان لێهات لەبەر ئەوە هیچ بەرنامە و ستراتیژیەك نەبوو بەبڕواى ئێمە پاراستنى هەولێر لەئامەدەوە دەرباز دەبێت پاراستنى ئامەدیش لەهەولێرەوە دەرباز دەبێت لەبەر ئەوە ئێمە دەڵێین هەولێر بۆ ئێمە لەواشنتۆن و بەریتانیا و هەتا هەموو جیهان گرینگترە ئەگەر ئەوان بەخەیاڵى خۆیان لەسەر نەخشەیەكى سیاسى كوردستانیان پارچە كردووە لەدڵ و ناخى هیچ كوردێك كوردستان پارچە نیە لەبەرئەوە جارێكى تر دەڵێم بە(پێكەنینەوە)هەولێر بۆ ئێمە لەواشنتۆن و لەندەن و هەركوێیەكى ترى جیهان گرینگترە،
*وەفدێكى بەدەپە بۆ بەستنى كۆنفرانسى نەتەوەیى هاتە هەرێمى كوردستان ئەگەر ئێوە لەناو كۆنفرانسەكە نەبن لەجێگاى ئێوە بەدەپە بێت ئایا ئێوە دان بەدەرئەنجامەكانیدا دەنێن؟
بۆزان تەكین_
لەوە زیاتر ئەگەر ئێمە لەوێ بین یان لەوێ نەبین دەبێت ئەوە بزانرێت كەكۆنفرانس بەهێز دروست دەبێت ئەگەر پارتى یان یەكێتى یان گۆڕان یان ئیسلامیەكان لەدەرەوە بهێڵیت نابێت بۆ پەكەكەش ئەوە شتێكى بەڵگە نەویستە كەپەكەكە هێزێكى گەورەى كوردستانە و ساڵەهایە خەبات دەكات،
*مەسەلەى چەكدانانى پەكەكە جارێكى تر كەوتە ڕۆژەڤەوە ئایا ئەگەر ناگەن بەئامانج خەبات درێژەى دەبێت؟
بۆزان تەكین_
ئێمە بۆچى چەكمان هەڵگرت ئەگەر كێشەى كورد چارەسەربكرێت ئێمە هیچ ئاشقى چەك نین بەڵام ئەگەر تۆ هێرش بكرێتە سەرت و پەلامارت بدەن تۆش ناچاریت بەرگرى بكەیت و وەڵام بدەیتەوە ئێمە جارێكى تر بانگەوازێكى تر بەڕێز ئۆجەلانمان ئەرێ كرد كەداوا دەكات ئاگربەست دوو لایەنە بێت و لەدەستورى بنەڕەتى جێگە بدرێـتە كوردان هەركەسێك تاوانى كردووە سزابدرێت دواى ئەوە لەژێر چاودێرى یونامى یان ناتۆ چەك دابنرێت
*بۆچى داوا دەكەن ڕیفراندۆمى دەستور بایكۆت بكرێت؟
بۆزان تەكین_
لەبەرئەوەى هیچ جێگایەكى نەداوەتە كوردان ئێمە ڕەتیدەكەینەوە بایكۆتى دەكەین،
*بەڕێز بۆزان باشە ئێوە بۆچى لەجیاتى سەرباز كوشتن بەرپرسى باڵا دەستگیر ناكەن وەكو بزوتنەوەى حەماس؟
بۆزان تەكین_
گەریلاكانى پەكەكە لە2008 شەش سەربازى توركیامان بەدیل گرت بەڵام دواتر ئازادمان كردن دەوڵەتى توركیا دەیوت چۆن نەمردوون دیارە زهنیەتى توركیا و ئیسرائیل جیاوازە لەسەرەتاى شۆڕشەوە تائێستا سەدان كەسمان گرتووە بەڵام هەر زوو ئازادمان كردوون ئێمە پەیمانێكى نێودەوڵەتیمان لەبارەى دیلى جەنگەوە ئیمزا كردووە بەو پەیمانەوە گرێدراوین بەڵام دەوڵەتى توركیا هەڤاڵى ئێمە دەگرێت دواى ئەوەى دەیانكوژێت جەنازەكانیان پارچە پارچە دەكات ئەوەش ئەوپەڕى وەحشیەتە،
*یانى ئێوە دیلى جەنگ ناكوژن؟
بۆزان تەكین_
نا بەهیچ شێوەیەك حەزدەكەم ئەوە بزانرێت توركیا ئیسرائیل نیە بەڵكو زۆر لەئەو خراپترە،
هەڕەشەتان بۆ سەر بەرژەوەندیە ئابوریەكان بەوە لێكدرایەوە كەهەرێمى كوردستانیش دەكەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە؟
بۆزان تەكین_
نا بەمشێوەیە نیە ئێمە تائێستا بەهیچ شێوەیەك زیانمان نەگەیاندووە بەئابوورى هیچ كەسێك ئێمە تائێستا زیانمان بەبەرژەوەندى فەرەنسا ئەمریكا یان هەرێم نەگەیاندووە،
*پەیوەندى هەرێم و توركیا؟
بۆزان تەكین_
دەبێت ئەوە بڵێم كە بیوكئانت جارێكیان ئاماژەى بۆ ئەوە كرد كەتوركیا بۆ دژایەتى پەكەكە باشوورى كرد بەحكومەت بەڵام نەدەبوایە بەمشێوەیە بێت دەبێت هیچ لایەك قبوڵ نەكەین بەڵام دواتر كەزانییان سەركەوتوو نابن سیاسەتیان گۆڕى هەم بەڕێز تاڵابانى ئەم بەڕێز بارزانیان بانگى توركیا كرد،لەبەرامبەر بەڕێز بارزانى بێ حورمەتیەك دروست بوو ئێمە زۆر پێمان ناخۆش بوو،
*یانى ئێوە پێى نیگەران بوون؟
بۆزان تەكین_ بەڵێ زۆریش نیگەران بووین چونكە بارزانیش كوردە حیزبى جیاوازە ئێمە نەتەوەیى بیردەكەینەوە،
*پەیوەندیتان لەگەڵ تاڵابانى هەیەكە خۆى باسى كردووە؟.
بۆزان تەكین_
بەڵێ پەیوەندی نەتەوەیى و سیاسیمان هەیە   لەگەڵ تاڵابانى،
*هەوڵى دیبلۆماسى و سیاسى بۆ دەرخستنى پەكەكە لەلیستى تیرۆر؟
بۆزان تەكین_
بەڵێ هەوڵ و تێكۆشانى ئێمە لەوبارەیەوە بەردەوامە بەڵێ تێكۆشینى سیاسى و یاسایى و پێویستە بەڵام ئێمە دەزانین پێشتر بەماندێلاشى دەوت تیرۆریست بەڵام دواتر بردیە كۆشكى سپى خەڵاتى پێدا؟
*لەگرتنى بەڕێز ئۆجەلان زۆر دەوڵەتى جیهانى ڕۆڵیان هەبوو زۆرجاریش باس لەوە دەكرێت كوردیش ڕۆڵى هەبوو لەو گرتنەدا؟
بۆزان تەكین_
بەڵێ ڕۆڵیان هەبوو ئەو كاتە لەلایەن باشورەوە ئێمە وەكو تیرۆریست ئیعلان كراین و بەڵام بەهیواین جارێكى تر ئەمە دووبارە نەبێتەوە و جەسارەت نەدەینە دوژمن،چونكە ناوزەندكردنى پەكەكە بەتیرۆریست ڕاست نیە
...........
ئەم دیمانەیە لەگۆڤارى لڤین بڵاوكراوەتەوە




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە